2019 ساڵی جەنگە گەورەكەیە لە خۆرهەڵاتی ناوەڕاست
2018-08-27 12:58:15
(درەو میدیا):
دوو شارەزایی بواری سەربازی ئیسرائیلی، لە ڕاپۆرتێكدا پێشبینی هەڵگیرسانی جەنگێكی گەورە دەكەن لە خۆرهەڵاتی ناوەڕاست، كە لایەنە سەرەكییەكانی ئیسرائیل و ئێران و حزبوڵای لوبنانین.
(نەداف بین حور) كە فەرماندەیەكی سوپای ئیسرائیلە، لەگەڵ (مایكل ئایزنشتات) پسپۆڕی بواری سەربازیی، ڕاپۆرتەكەیان ئامادەكردووە، ئاماژە بەوەدەكەن، "پەرەسەندنی ئاڵۆزییەكان لە سنورەكانی باكوری ئیسرائیل" مەترسی ڕودانی ڕوبەڕوبونەوەی نێوان ئیسرائیل و حزبوڵا یاخود هەڵگیرسانی شەڕی لەنێوان ئیسرائیل و ئێران لە سوریا زیاتر كردووە.
ئەو دوو شارەزا سەربازییە، هۆكاری سەرهەڵدانی ئەو ئاڵۆزییانەیان گەڕاندوەتەوە بۆ هەوڵەكانی حزبوڵا و سوریا بۆ بەرهەمهێنانی موشەكی پێشكەوتوو لە لوبنان و سوریا، كە ڕەنگە ژێرخانی ئابوری ئیسرائیل پەكبخات و وابكات ژیان تێیدا سەخت بێت، هاوكات هەوڵەكانی ئێران بۆ كردنی سوریا بەخاڵی دەستپێكردنی پرۆسەی سەربازی دژی ئیسرائیل و سەكۆیەك بۆ نمایشكردنی هێز لە خۆرهەڵاتی ناوەڕاست.
لە ڕاپۆرتەكەدا ئەوە ئاشكراكراوە، ئیسرائیل لە ساڵی 2013دا زیاتر لە 130 گورزی دژی ئەو بارە چەكانە ئاڕاستەكردووە كە ڕەوانەی حزبوڵا دەكران، لە كۆتایی ساڵی 2017دا هێرشەكان فراوانتر بوون بۆ بۆردومانكردنی پێگە سەربازییەكانی ئێران لە سوریا.
ئەو دوو پسپۆڕە هۆشداریان داوە لە ئەگەری هەڵگیرسانی شەڕ لە زیاتر لە بەرەیەك لەناوچە دورەكان، لە زەوی و ئاسمان و ئاودا و بەشداریكردنی جەنگاوەرانی حزبوڵاو ئێران و سوریا و عێراق و ئەفغانستان و پاكستان و تەنانەت یەمەنیش لەو شەڕەدا.
باسیان لە كۆمەڵێك گریمانەش كردووە بۆ هەڵگیرساندنی ئەو جەنگە، ئەوەش لە ئەنجامی ئاڵۆزبونی دۆخەكە بەشێوەكی بێمەبەست، ئەویش لەئاكامی ڕێوشوێنەكانی ئێران دژی ئیسرائیل لە سوریا یاخود بەهۆی وەشاندنی گورزێكی سەربازی ئیسرائیل لە لوبنان و سوریا (بۆنمونە، دژی دامەزراوەكانی بەرهەمهێنانی موشەك)، ڕەنگە لەئاكامی گورزێگی ئەمریكی یان ئیسرائیلی بۆ سەر بەرنامەی ئەتۆمییەكەی ئێران ئەو جەنگە دەستپێبكات.
ڕاپۆرتەكەی ئەو دوو پسپۆڕە باسی لە ئەگەرێكی تر كردووە، كە ئەویش هەڵگیرساندنی جەنگێكە لەخۆرهەڵاتی ناوەڕاست لەكامی ململانێكانی وڵاتانی كەنداوی و كە دەگاتە سنوری ئیسرائیل.
چەند سیناریۆیەكیشیان بۆ جەنگە پێشبینكراوە دیاریكراوە كە ساڵی 2019 یان وەك كاتی دەستپێكردنی دەستنیشانكردوە:
یەكەم: جەنگی نێوان ئیسرائیل و حزبوڵا لە لوبنان و جەنگاوەرە ئێرانی و بیانییەكانیش بەشداری دەكەن تێیدا.
دووەم: هەڵگیرسانی جەنگ لەسەر خاكی سوریا لەنێوان سوپای ئێران و ئیسرائیل و چەكدارەكانی نزیك لە ئێران و ئەندامانی سوپای سوریا.
سێییەم: جەنگێك لەسەر ئاستی دوو بەرە، لە لوبنان و سوریا لە نێوان سوپای ئێران و سوپای ئیسرائیلدا.
چوارەم: هەڵگیرساندنی جەنگێكی ئیقلیمی كە بە ئەگەرێكی لاواز وەسفكراوە و گریمانەی بەشداری سعودیە و ئیماراتی عەرەبی تێدا كراوە.
ئەو دوو پسپۆرە ئیسرائیلییە لەم سیناریۆیەدا پێشبینیانكردووە، ئیسرائیل لەوەڵامی هێرش بۆ سەر ژێرخانی ئابورییەكەی، گورزی ئاسمانی یان هێرشی ئەلیكترۆنی بۆ سەر كەرتی نەوتی ئێران و تەنانەت دامەزراوە ئەتۆمییەكانی ئێران ئەنجامدات، لەگەڵ هاندانی وڵاتانی كەنداو و پشتیوانیكردنی لۆجستیان، ئێرانیش وەڵامی ئیسرائیل بداتەوە و هاوكات هێرشی موشەكی یان كاری تێكدەرانە یاخود هێرشی ئەلیكترۆنی بۆ سەر دامەزراوە نەوتییەكانی وڵاتانی كەنداو ئەنجامبدات، ئەوەش ببێتە هۆی ئاڵۆزبونی زیاتری دۆخەكە و تا ئاستی دەستوەردانی سەربازی ویلایەتە یەكگرتوەكانی ئەمریكا.
ڕاپۆرتەكە لەم سیناریۆیەدا پێشبینی ئەوەشی كردووە، نەیارەكانی ئیسرائیل هێزی پیادە بەكاربهێنن لەناو هێڵەكانی ئیسرائیل و بتوانن هەندێك گوندی ئیسرائیل داگیربكەن یاخود پێگەی سەربازی بچوك و ئەگەری بەدەستهێنانی هەندێك دەستكەوتی سەربازی لەلایەن نەیارەكانی ئیسرائیلەوە لەمجۆرە جەنگانەدا، بەڵام وەك لە ڕاپۆرتەكەدا هاتووە "ئیسرائیل دەرفەتی زیاتری سەركەوتنی هەیە بەبەراورد بەنەیارەكانی".