هاوپەیمانێتییەكانی ناو پەرلەمان لە كۆمسیۆن تۆماردەكرێن
2018-08-27 12:18:13
( درەو میدیا)
ئەوحزب و فراكسیۆنانەی دەیانەوێت لە پەرلەمانی عێراقدا هاوپەیمانێتی پەرلەمانیی پێكبهێنن، دەبێت لە كۆمسیۆن فۆرمی تایبەت وەربگرن و بە رەسمی تۆماریبكەن.
كۆمسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەكانی عێراق لە بەیاننامەیەكدا داوا لەو حزب و فراكسیۆن و كاندیدە براوەكانی هەڵبژاردنی عێراق دەكات لە سبەی سێشەممەوە بۆ تۆماركردنی هاوپەیمانێتییەكانیان سەردانی كۆمسیۆن بكەن.
ئەمەش دەقی بەیاننامەكەی كۆمسیۆنە:
بەیاننامەیەكی ئەنجومەنی كۆمسایارنی كۆمسیۆنی هەڵبژاردنەكان
( هاوپەیمانێتی پەرلەمانیی)
دوای پەسەندكردنی ئەنجامی هەڵبژاردنی پەرلەمانی عێراق/ خولی چوارەم لە 12ی ئایاری 2018، و بۆ جێبەجێكردنی یاسای حزبەكانی ژمارە ( 36) ی ساڵی 2015 مادەی ( 29) ی تایبەت بە رێكخستنی ژیانی سیاسی و حزبیی لە عێراقدا، ئەنجومەنی كۆمسیاران ئەمڕۆ رێوشوێنەكان و فۆرمەكانی تایبەت بە پرۆسەی پێگهێنانی هاوپەیەمانێتی سیاسی ( پەرلەمانیی) پەسەندكرد.
لەبەرئەوە كۆمسیۆن داوا لە هەموو ئەو حزب و ئیئتیلاف و كاندیدە سەركەوتووانە دەكات كە دەیانەوێت هاوپەیمانێتی پەرلەمانیی پێبكهێنن، سەردانی بارەگای فەرمانگەی حزبەكان و رێكخراوی سیاسییەكان بكات لە كۆمسیۆنی هەڵبژاردنەكان لە رۆژی سبەی سێشەممە 28ی ئابی 2018بە ئامانجی تۆماركردنی بە گوێرەی یاسا و بۆ زانیاریش رۆژی هەینی و شەممەی داهاتوو دەوامی رەسمی دەبێت لەو فەرمانگەیەی سەرەوە.
ئەنجومەنی كۆمسیاران
27ی ئابی 2018