Draw Media

پەرلەمانتارێكی گۆڕان: حكومەتی هەرێم دوژمنی گەلی كوردە

پەرلەمانتارێكی گۆڕان: حكومەتی هەرێم دوژمنی گەلی كوردە

2018-03-29 14:21:37


سروە عەبدولواحید ئەندامی فراكسیۆنی گۆڕان لە ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق لە بەیاننامەیەكدا كە كۆپییەكی بە " درەو" گەیشتووە، داوا لە حەیدەر عەبادی سەرۆك وەزیرانی عێراق دەكات رۆڵی خۆی بگێڕیت لە پاراستی هاوڵاتیانی هەرێمی كوردستان و مامەڵە لەگەڵ سەرۆكی حكومەتی هەرێم و جێگرەكەی نەكات تا كاتی هەڵبژاردنی پەرلەمانی نوێی هەرێمی كوردستان و  لە بری ئەوە مامەڵە لەگەڵ پارێزگاكان بكات چونكە حكومەتی هەرێمی ئێستا شەرعییەتی نەماوە و دوژمنی گەلی كوردە.
ئەمەش دەقی بەیاننامەكەیە: 
بەناوی خوای گەورە و میهرەبان
" لە ئێستادا هاوڵاتیانی هەرێمی كوردستان بە سەختترین بارودۆخی ژیان و بژێویاندا تێپەڕدەبن بەهۆی ئەو مافیایانەی دەستیانگرتووە بەسەر دەسەڵات و داهاتی هەرێمدا. ماوەی چەند ڕۆژێكیشە هەزاران فەرمانبەر و مامۆستا لەهەرێمی كوردستان خۆپیشاندان دەكەن و داوای موچە و مافەكانیان دەكەن كە لەلایەن دەسەڵاتەوە لێیان زەوتكراوە. بەڵام حكومەتی هەرێم و سەرۆكەكەی بێ ئەوەی هەست بە شەرمەزاری بكات بەدوور لە گرنگییەوە باس لە مافی فەرمانبەران و مامۆستایان و داواكانیان دەكات و لەبری ئەوەی باس لە هێرش و هەڵمەتی دەستگیركردنی مامۆستایان و فەرمانبەران و ڕۆژنامەنوسان و ئافەرەتان و پیر و گەنجان دەكات و وەك كارێكی ئاسایی سەیریی دەكات.
جەنابی برازاكەی بارزانی، ئەڵێی بیرتان چووەتەوە كە زەین ئەلعابدین سەرۆكی تونس یەكەم پریشكی شۆرشی ئیهمالكرد و بە سوكییەوە سەیریكرد كە بوعزێزی بوو، بەڵام  دواتر ناچار بوو بە پەلە ڕابكات و وڵات بەجێبهێڵێت. ئەی قەزافیت بیرچووەوە كە بە میللەتەكەی دەوت زەنگە زەنگە دواتان دەكەوین بەڵام بە قۆندەرەی میللەتەكەی كوژرا و لەناوبرا. بەسە خۆبەزلزانینتان بەسەر میللەتەوە، ئەو میللەتەی كە لە كەرەج بوون لە ئێران خزمەتیدەكرن و كە گەڕانەوە  لەدوای ڕاپەڕین خزمەتی دەكردن، بێڕێزی بەرامبەر كەرامەتی میللەت و تواناكانیان مەكەن بۆ قڵپكردنەوەی مێزەكە بەسەرتاندا. 
لێرەوە داوا لەسەرۆك وەزیرانی فیدراڵ دەكەم كە رۆڵی خۆی بگێڕیت لە پاراستی هاوڵاتیانی هەرێمی كوردستان و مامەڵە لەگەڵ سەرۆكی حكومەتی هەرێم و جێگرەكەی نەكات تا كاتی هەڵبژاردنی پەرلەمانی نوێی هەرێمی كوردستان، وە لە بری ئەوە مامەڵە لەگەڵ پارێزگاكان بكات چونكە حكومەتی هەرێمی كوردستان ئێستا شەرعییەتی نەماوەو دوژمنی گەلی كوردە".
سروە عەبدولواحید- ئەندامی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق

 

بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار
مافی به‌رهه‌مه‌كان پارێزراوه‌ بۆ دره‌و
Developed by Smarthand