Draw Media

دەقی رێککەوتنی دیمەشق و هەسەدە

 دەقی  رێککەوتنی دیمەشق و هەسەدە

2026-01-18 16:23:37


بەگوێرەی دەقی ئەو  رێككەوتنە (14) خاڵییەی لەنێوان ئەحمەد شەرع، سەرۆكی سوریاو مەزڵوم عەبدی، فەرماندەی گشتی هێزەكانی سوریای دیموكرات واژوكراوە، كە بە رێككەوتنی ئاگربەست و تێكەڵاوكردنی تەواوەتی ناسراوە، هێزەكانی سوریای دیموكرات بەشێوەی تاكەكەسی تێكەڵاوی سوپای سوریا دەكرێن، لەگەڵ رەچاوکردنی بارودۆخی تایبەتی ناوچە کوردییەکان، پارێزگارێكی كورد بۆ شاری حەسەكە دادەنرێت و ئەو لیستە كاری پێدەكرێت كە سەركردایەتی هەسەدە رادەستی دیمەشقی كردووە بۆ وەرگرتنی پۆستە سەربازی، ئەمنی و مەدەنیە باڵاكان لە ناو پێکهاتەی دەوڵەتی ناوەندیدا.
دەقی رێككەوتنەكە:
یەکەم: ئاگربەستێکی دەستبەجێ و گشتگیر لە هەموو بەرەکان و هێڵەکانی بەریەککەوتن لە نێوان هێزەکانی حکومەتی سوریا و هێزەکانی سوریای دیموکرات، لەگەڵ کشانەوەی هەموو یەكە سەربازییەکانی هەسەدە بۆ رۆژهەڵاتی رووباری فورات وەک هەنگاوێکی سەرەتایی بۆ دووبارە بڵاوبوونەوە.
دووەم: رادەستکردنی تەواوەتی و دەستبەجێی ئیداری و سەربازیی پارێزگاکانی دەیرەزورو رەققە بە حکومەتی سوریا، كە گواستنەوەی سەرجەم دامەزراوەو بنکە مەدەنییەکان دەگرێتەوە، لەگەڵ دەرکردنی بڕیاری دەستبەجێی جێگیرکردنی فەرمانبەرانی ئێستا لە ناو وەزارەتە پسپۆڕەکانی دەوڵەتی سوریادا.
سێیەم: تێکەڵکردنی سەرجەم دامەزراوە مەدەنییەکان لە پارێزگای حەسەکە لە ناو دامەزراوەکانی دەوڵەتی سوریا و یەكە کارگێڕییەکانی.
چوارەم: رادەستكردنی تەواوی دەروازە سنورییەکان، کێڵگە نەوتییەکان و کێڵگەکانی غاز لە ناوچەکە بە حكومەتی سوریا، کە پاراستنیان لەلایەن هێزەكانی حكومەتەوە دابین دەکرێت بۆ دڵنیابوون لە گەڕانەوەی سەرچاوەکان بۆ دەوڵەتی سوریا. 
پێنجەم: تێکەڵکردنی تەواوەتی هەموو کارمەندانی سەربازی و ئەمنیی هەسەدە لە ناو پێکهاتەکانی وەزارەتەکانی بەرگری و ناوخۆی سوریا بەشێوەی "تاکەکەسی" لە دوای وردبینیی ئەمنیی پێویست، لەگەڵ پێدانی پلەی سەربازی، شایستە داراییەکان و پێداویستییە لۆجستییەکان، لەگەڵ رەچاوکردنی بارودۆخی تایبەتی ناوچە کوردییەکان.
شەشەم: سەرکردایەتیی هەسەدە پابەند دەبێت بەوەی پاشماوەکانی رژێمی پێشوو لە ناو ریزەکانیدا لەخۆنەگرێت، لەگەڵ رادەستكردنی لیستی ناوی ئەو ئەفسەرانەی لە پاشماوەکانی رژێمی پێشوون و لە ناوچەکانی باکوری روژهەڵاتی سوریادان.
حەوتەم: دەرکردنی مەرسومێکی سەرۆکایەتی بۆ دامەزراندنی بەربژێرێک بۆ وەرگرتنی پۆستی پارێزگاری حەسەکە، وەک دڵنیاییەک بۆ بەشداریی سیاسی و نوێنەرایەتی خۆجێی.
هەشتەم: چۆڵكردنی دیاردەی سەربازیی قورس لە شاری کۆبانی و، پێکهێنانی هێزێکی ئەمنی کە لە دانیشتوانی شارەکە، لەگەڵ هێشتنەوەی هێزێکی پۆلیسی ناوخۆیی کە لە رووی کارگێڕییەوە سەر بە وەزارەتی ناوخۆی سوریا بێت.
نۆیەم: تێکەڵکردنی ئەو ئیدارەیەی بەرپرسە لە دۆسیەی زیندانیانی داعش و کەمپەکان، لەگەڵ ئەو هێزانەی بەرپرسن لە پاراستنی ئەم شوێنانە لەگەڵ حکومەتی سوریا، بە جۆرێک حکومەتی سوریا بەرپرسیارێتیی تەواوەتیی یاسایی و ئەمنی بگرێتە ئەستۆ.
دەیەم: پەسندکردنی لیستی ئەو بەربژێرانەی لەلایەن سەرکردایەتی هەسەدەوە پێشكەش كراون بۆ وەرگرتنی پۆستە سەربازی، ئەمنی و مەدەنیە باڵاكان لە ناو پێکهاتەی دەوڵەتی ناوەندیدا بۆ زامنكردنی هاوبەشی نیشتمانی.
یازدەیەم: پێشوازیکردن لە مەرسومی سەرۆکایەتی ژمارە 13ی ساڵی 2026، کە دان بە مافی کولتور و زمانی کورد دا دەنێت بۆ چارەسەرکردنی کێشە یاسایی و مەدەنییەكانی کەسانی تۆمارنەکراو وبێناسنامەو مافی خاوەندارێتی کەڵەکەبووی دەیەکانی رابردوو.
دوازدەیەم: هەسەدە پابەند دەبێت بە دەرکردنی هەموو سەرکردەو ئەندامە ناسوریاییەکانی پارتی کرێکارانی کوردستان بۆ دەرەوەی سنورەکانی کۆماری عەرەبی سوریا بۆ دڵنیابونەوە لە سەروەری و سەقامگیریی دراوسێ.
سێزدەیەم: دەوڵەتی سوریا پابەند دەبێت بە بەردەوامبوون لە جەنگی دژی تیرۆر (داعش) وەک ئەندامێکی کارای هاوپەیمانیی نێودەوڵەتی، بە هاوئاهەنگی لەگەڵ ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا، بۆ دڵنیابوونەوە لە ئاسایش و سەقامگیریی ناوچەکە.
چواردەیەم: کارکردن بۆ لێکتێگەیشتنەکان سەبارەت بە گەڕانەوەی سەلامەتی شکۆمەندانەی دانیشتووانی ناوچەکانی عەفرین و شێخ مەقسود بۆ سەر ماڵ و حاڵیان.

 

 

 

بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار
مافی به‌رهه‌مه‌كان پارێزراوه‌ بۆ دره‌و
Developed by Smarthand