Draw Media

یەكێتی و پارتی لەگەڵ مالیكین؛ چوار لایەنەكە یەكلانەبوونەتەوە

یەكێتی و پارتی لەگەڵ مالیكین؛ چوار لایەنەكە یەكلانەبوونەتەوە

2018-08-26 12:39:03


راپۆرتی: (درەو میدیا)

گفتوگۆی لایەنە سیاسییەكان بۆ پێكهێنانی گەورەترین كوتلەی پەرلەمانی تا بتوانن حكومەتی نوێ پێكبهێنن، بەچڕی دەستیپێكردووە، شیعەكان دابەشبوون بەسەر دوو بەرەدا، كوردیش بەسەر سێ بەرەدا.
لەسەر ئاستی بەغداد، لایەنە شیعەكان كە لەدوای ساڵی 2003 و روخانی رژێمی سەدامەوە حكومەتیان لەدەستدایە و یەكهەڵوێست بوون، ئێستا بوونەتە دووبەرە:
بەرەی یەكەم: ئەم بەرەیە نزیكە لە تێڕوانینی سیاسی ئێران و دیارترین سەركردەكانی بریتین لە (نوری مالیكی، هادی عامری و سەركردەكانی حەشدی شەعبی).
بەرەی دووەم: نزیكە لە تێڕوانینی ئەمریكا و دیارترین سەركردەكانی بریتین لە موقتەدا سەدر، حەیدەر عەبادی و ئەیاد عەلاوی).

كورد دابەشبووە بەسەر بەرەكانی شیعەدا
لەسەر ئاستی هەرێمی كوردستان، لایەنە سیاسییەكانی كورد بە سێ بەرەی جیاوازەوە دەچێنە بەغداد:
بەرەی یەكەم: پارتی دیموكراتی كوردستان و یەكێتی نیشتمانی كوردستان كە پێكەوە لە پەرلەمانی نوێی عێراقدا (43) هەیە، ئێستا شكاونەتەوە بەلای بەرە ئێرانییەكەی شیعەی عێراقدا كە نوری مالیكی سەرۆكایەتی دەكات، ئەمە لە كاتێكدایە پێشتر پارتی بەدیاریكراویش مەسعود بارزانی رەخنەی زۆری لە سیاسەتەكانی مالیكی هەبوو، مالیكییان تۆمەتبار دەكرد بە بڕینی بودجەی هەرێمی كوردستان.
بەرەی دووەم: ئەم بەرەیە پێكدێت لە "لایەنە ناڕازییەكان"ی ئەنجامی هەڵبژاردنی 12ی ئایار و پێكدێن لە (بزوتنەوەی گۆڕان، كۆمەڵی ئیسلامی، هاوپەیمانی بۆ دیموكراسی و دادپەروەری، یەكگرتووی ئیسلامی)، ئەم لایەنانە پێكەوە خاوەنی (11) كورسین لە پەرلەمانی نوێی عێراقدا، ئەمانە هێشتا خۆیان یەكلانەكردوەتەوە لەگەڵ چ بەرەیەكی عێراقیدان، پێشتر باسیان لە بایكۆتكردنی پرۆسەی سیاسی عێراق دەكرد، بەڵام ئەمڕۆ ئیئتیلافێكی هاوبەشیان لە پەرلەمانی عێراق راگەیاند، ئەمەش بەواتای ئەوەدێت دەچنە بەغداد و پرۆسەی سیاسی بایكۆت ناكەن.
بەرەی سێیەم: ئەم بەرەیە تەنیا یەك لایەن لەخۆدەگرێت كە بریتییە لە جوڵانەوەی نەوەی نوێ، ئەم جوڵانەوەیە لە پەرلەمانی نوێی عێراقدا خاوەنی (4) كورسییە، جوڵانەوەكەی خۆی یەكلاكردوەتەوە لەسەر موقتەدا سەدری سەرۆكی كوتلەی براوەی یەكەمی هەڵبژاردن واتە بەرەكەی دژ بە سیاسەتی ئێران، بەڵام یەكێك لە سەركردەكانی جوڵانەوەكە دوێنێ رایگەیاند، هەر بەرەیەك پارتی و یەكێتی تێدابێت ئەوان لەبەرامبەر ئەو بەرەیە دەوەستنەوە، واتە لەگەڵ ئەو دوو حزبە ناچنە ناو هیچ رێككەوتنێكی سیاسییەوە لە عێراق.
 
كورد دەتوانێت بە یەكگرتوویی بچێتە بەغداد ؟
پارتی و یەكێتی سەرباری ئەوەی كاری خۆیان تەواوكردووە و بڕیاریانداوە پێكەوە بچنە بەغداد، بەڵام خواستی ئەوەش نیشان دەدەن هەموو لایەنە كوردییەكان پێكەوە بەشداربن و پرۆژەیەكی هاوبەشیان هەبێت بۆ حكومەتی داهاتووی عێراق كە گوزارشت لە خواستەكانی خەڵكی كوردستان بكات. 
كاكەمین نەجاڕ ئەندامی مەكتەبی سیاسیی پارتی بە ماڵپەری فەرمی حزبەكەی راگەیاندووە" ئێمە لە ئەمڕۆ بەدواوە خەریكی خۆئامادەكردنین و پڕۆژەی هاوبەشی پارتی و یەكێتی ئامادەیە بۆ ئەوەی بیكەینە بنەمایەك بۆ دەستپێكردنی دانوستان لەگەڵ لایەنە عێراقییەكان".
سەعدی ئەحمەد پیرە وتەبێژی مەكتەبی سیاسی یەكێتیش دەڵێ" ئێمە پێمان گرنگە دەنگێكی نەشاز لە دەرەوەی یەكڕیزی نیشتمانی نەمێنێت"، واتا لەگەڵ ئەوەن حزبە كوردستانییەكان پێكەوە بچنە بەغداد.
كیفاح مەحمود راوێژكاری راگەیاندنی مەسعود بارزانی سەرۆكی پارتی بە ماڵپەڕی “ئەلمۆنیتۆر”ی راگەیاندووە" پارتی لە گفتوگۆكاندا بۆ پێكهێنانی گەورەترین كوتلە، خۆی بەنزیكتر لە هاوپەیمانییەكەی نوری مالیكی دەبینێت، بەڵام هاوپەیمانییەكەی حەیدەر عەبادیش لای پارتی هێڵی سور نییە". 
یەكێتی و پارتی كە خواستی یەكڕیزی نیشان دەدەن، بەر لەوەی لایەنەكانی تر بانگهێشت بكەن بۆ ئەو یەكڕیزییە، خۆیان پێكەوە رێككەوتنیان كردووە و پرۆژەی هاوبەشی خۆیان ئامادەكردووە، ئەمەش وا دەردەكەوێت ئەوان وەكو "میوان" لایەنەكانی تر بانگهێشتی رێككەوتنەكەی خۆیان دەكەن، بۆیە پێناچێت بانگەشەكانیان بۆ یەكڕیزیی بگاتە ئاكام، بەتایبەتیش لەكاتێكدا دەستەواژەی "یەكڕیزیی لەگەڵ پارتی و یەكێتی" لەماوەی رابردوودا گومانی زۆری كەوتەسەر و ئێستا زیاتر وەكو "پاشكۆیەتیی" تەماشادەكرێت.

خواستی كورد لە عێراقدا
لەدوای روخانی رژێمی پێشووی عێراقەوە لە ساڵی 2003، لایەنە كوردییەكان بەشدارن لە پەرلەمان و حكومەتە یەك لەدوای یەكەكانی عێراق، لە 15 ساڵی رابردودا كە كورد بەشداری سەرەكی بووە لە عێراق، كێشە و گرفتەكانی كورد لە عێراق لەبری چارەسەركردنی زیاتر بوون، ئەمەش هەندێك بۆ خراپی سیاسەتی حكومەتە یەك لەدوای یەكەكانی عێراقی دەگێڕنەوە، هەندێكی تر دەیخەنە ئەستۆی خراپی ئاستی نوێنەرانی كورد.
ئێستا هەرێمی كوردستان و خەڵكەكەی ژمارەیەك كێشە و پرسی هەڵپەسێردراویان لەگەڵ حكومەتی عێراقدا هەیە، كە هەندێكیان نوێن و لەدوای ریفراندۆمەی 25ی ئەیلول سەریانهەڵداوە.
دۆسیەی یەكەم: ماددەی 140ی تایبەت بە یەكلاكردنەوەی چارەنوسی كەركوك و ناوچە "كێشەلەسەرەكان"، كە تائێستا بە چارەسەرنەكراوی ماوەتەوە و لە 16ی ئۆكتۆبەریشەوە دۆخەكە خراپتر بووە و كورد بەتەواوەتی كۆنترۆڵی ئەمنی و ئیداری ئەو ناوچانەی لەدەستداوە، گەڕانەوە بۆ دۆخی پێشوو، پێویستی بە گفتوگۆی چڕ و سەختی لایەنە كوردییەكان دەبێت لە بەغداد.
دۆسیەی دووەم: نەوت و غاز، ئەمەش یەكێكە لە دۆسیە هەڵپەسێردراوەكان، بەهۆی نەبوونی یاسای نەوت و غازەوە لە عێراق، ئەم سامانەی هەرێمی كوردستان كێشەی لەنێوان هەولێر و بەغداد دروستكردووە، پەسەندنەكردنی یاسای تایبەت بە نەوت و غاز وایكردووە هەردوو لایەن لە روانگەی خۆیانەوە لێكدانەوە بۆ دەستور بكەن، ناشەفافبوونی پرۆسەی نەوتیش لە هەرێمی كوردستان هێندەی تر كێشەكەی قورس كردووە، بەوهۆیەوە بەغداد بودجەی هەرێمی لە بودجەی گشتی عێراق راگرتووە، ئەمەش یەكێكە لە پرسە قورسەكان و دیار نییە لە كابینەی حكومەت و پەرلەمانی داهاتووی عێراقدا نوێنەرانی كورد دەتوانن لە بەرژەوەندی خەڵكی كوردستان یەكلایی بكەنەوە یاخود نا.
دۆسیەی سێیەم: كێشەی یارمەتی دارایی و سەربازی پێشمەرگە، بەپێی دەستوری عێراق هێزی پێشمەرگەی كوردستان بەشێكە لە سیستمی بەرگری عێراق، دەبێت لەچوارچێوەی بودجەی سیادی عێراقدا خەرجییەكانی پێشمەرگە دابین بكرێت لەنمونەی چەك و تەقەمەنی و راهێناو موچە، بەڵام تائێستا حكومەتە یەك لەدوای یەكەكانی عێراق ئەم پرسەیان بە هەڵپەسێردراوی هێشتوەتەوە، لەمەشدا هەندێكجار رەخنە لە لایەنە كوردییەكان بە تایبەتی (پارتی و یەكێتی) دەگیرێت  كە لە چەند ساڵی رابردوودا نەیانتوانیوە ئامارێكی ورد لەبارەی ژمارەی پێشمەرگەوە بە حكومەتی عێراق بدەن. 
دۆسیەی چوارەم: پلە و پۆستەكان و بەشداری سیاسی كورد لە عێراق، بەپێی رێژەی نوێنەرانی كورد لە پەرلەمانی عێراق كە نزیكەی 20%ە، دەبوو بە هەمان رێژە كورد ئامادەگی لە هەموو دامەزراوەكانی دەوڵەتی عێراقدا هەبێت، بەڵام ئەم رێژەیە لە هەندێك دامەزراوەی وەكو سوپادا لە خواروو رێژەی 2%وەیە، سەرباری ئەمە چەندین پۆست هەن لە بەغداد كە لە دەستی كورددا بوون و دواتر لابردنی بەرپرسە كوردەكان بە هەر هۆكارێك، خەڵكانی تر لە پێكهاتەی كورد دانەنراون، ئەمەش بەشێكی بەرپرسیارێتییەكەی لە ئەستۆی دەسەڵاتدارانی عێراقدایە و بەشەكەی تری دەكەوێتە ئەستۆی هەموو لایەنە كوردییەكان بەتایبەتیش (پارتی و یەكێتی) وەكو دوو بەشداری سەرەكی.
 

بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار
مافی به‌رهه‌مه‌كان پارێزراوه‌ بۆ دره‌و
Developed by Smarthand