مەككەین مرد، وەسێتەكەی جێبەجێدەكرێت؟
2018-08-26 12:29:39
ئامادەكردنی: نامیق رەسول
جۆن مەككەین، سیناتۆر و پاڵەوانەی جەنگی ڤێتنام و كاندیدیی پێشووی سەرۆكایەتی ئەمریكا لە تەمەنی 81 ساڵیدا بە نەخۆشی شێرپەنجەی مێشك كۆچی دواییكرد.
بە گوێرەی كورتە بەیاننامەیەكی نوسینگەكەی مەككەین رۆژی شەممە بە ئامادەبوونی ئەندامانی خێزانەكەی دواهەناسەی داوە و كۆچی دواییكردووە.
پزیشكەكانی ئەمریكا تەمموزی رابردوو ئاشكرایانكرد كە مەككەین دووچاری نەخۆشی شێرپەنجەی مێشك بووە و نەخۆشییەكەشی زۆر بە خێرایی تەشەنەدەكات و لەو كاتەشەوە تا رۆژی هەینی رابردوو چارەسەری وەردەگرت و بڕیاریدا چیتر چارەسەر وەرنەگرێت.
مەككەین و ترەمپ
جۆن مەككەین هەرچەندە یەكێك بوو لە سیناتۆرەی كۆمارییەكان بۆ چەند خولێك لە ئەنجومەنی پیرانی ئەمریكا و جارێكیش كاندیدی ئەو پارتە بوو بۆ هەڵبژاردنی سەرۆكایەتی، بەڵام نەیارێكی ئاشكرای سیاسەتەكانی دۆناڵد ترەمپ سەرۆكە كۆمارییەكەی ئێستای ئەمریكا بوو.
"خوازیارم كە مردم، ترەمپ بەشداری مەراسیمی ناشتنەكەم نەكات" ئەمە نامەیەكی جۆن مەككەین سیناتۆری كۆمارییەكان و سەرۆكی لیژنەی هێزە چەكدارەكانە لە ئەنجومەنی پیران بۆ كۆشكی سپی ئەمریكا.
رۆژنامەی (نیویۆرك تایمز)ی ئەمریكی مانگی ئایاری رابردوو لەسەر زاری چەند سەرچاوەیەكی خێزانی مەككەینەوە بڵاویكردەوە، مەككەین خوازیارە مایك پێنس جێگری سەرۆك وەك نوێنەرایەتی كۆشكی سپی بەشداری مەراسیمی ناشتنی بكات ئەگەر كۆچی دواییكرد.
مەككەین لە وتەیەكیدا كە میدیاكانی ئەمریكا بڵاویانكردەوە دەڵێت:" ترەمپ نوێنەرایەتی بەهاكانی ئەمریكا ناكات كاتێك ستەمكاران بە باشە وەسفدەكات و گومان لە دەزگاكانی راگەیاندن دەكات و پشت لە پرسی مافەكانی مرۆڤ دەكات و رقی لە پەنابەرانە".
" شەپۆلی دڵەڕاوكێ"
مەككەین لە بیرەوەرییەكانیدا كە بەناونیشانی " شەپۆلی دڵەڕاوكێ" ، ترەمپی بەمشێوەیە وەسفكردووە:" دۆستی ستایش و دوژمنی رەخنەیە".
هەروەها مەككەین گاڵتەی بە دوو راوێژكاری پێشووی ترەمپ كردووە كە بریتین لە (ستڤن بانۆن) و (سیباستیان گۆركا) و دەڵێت: " زۆر لە ترەمپ نامۆترن" و خۆشحاڵی خۆشی بە دووركەوتنەوەیان لە كۆشكی سپی دەربڕیوە كە بەوتەی ئەو لەدوای " گیرخواردنی ویلیام تافت لە گەرماو" كۆشكی سپی رووداوی نامۆی وەهای بەخۆیەوە نەبینوە، ئەوەش ئاماژەیە بۆ چیرۆكی سەرۆكی ئەمریكا ویلیام تافت لە سەرەتای سەدەی بیستەمەدا كە لەكاتی خۆشۆردنیدا لە كۆشكی سپی لە ناو حەوزی گەرماوەكەیدا گیری خواردبوو.
ترەمپ لەكاتی هەڵمەتی بانگەشەی هەڵبژاردنی سەرۆكایەتیدا ساڵی 2016 مەككەینی بەوە وەسفكردبوو كە " پاڵەوانێكی راستەقینە " نیە، مەككەین یەكێكە لەو كەسانەی بە توندی پشتیوانی لەو لێكۆڵینەوەیە دەكات، كە مۆلەر لەسەر پرسی دەستوەردانی روسیا لە هەڵبژاردنی سەرۆكایەتی ئەمریكا لە بەرژەوەندی ترەمپ، ئەنجامیدەدات.
پاڵەوانی جەنگ و رێوی سیاسەت
مەككەین كە بە پاڵەوانی جەنگ و رێوی سیاسەت و قسەلەڕوو وەسفدەكرێت، لە 29ی ئابی 1936 لەدایكبووە، لەسەرمتای لاوێتیدا پەیوەندی بە ریزەكانی سوپای ئەمریكا كردووە و بووەتە فڕۆكەوانی جەنگی لە هێزی دەریایی لە میانی جەنگی ڤێتنام[ه، پێنج ساڵ لە ڤێتنامی باكور دیل بووە.
مەككەین لە سیاسەتی دەرەوەی ئەمریكا لە باڵی هەڵۆكانە و یەكی`ك بوو لە بەهێزترین ئەو كەسانەی پشتگیری لە شەڕی عێراق و زیادكردنی هێزەكانی ئەمریكای كرد لە عێراق بە فەرماندەیی ژەنەراڵ دەیڤد پێترایۆس، بەڵام لە شەڕی داگیركردنی عێراقدا دۆناڵد رامسفیڵدی وەزیری پێشووتری بەرگری ئەمریكای بە " یەكێك لە خراپترین وەزیرەكانی بەرگری لە مێژوودا" وەسفكرد، هەروەها رەخنەشی لە ئیدارەی بۆش گرت لە مامەڵەی لەگەڵ ململانێكانی عێراقدا.
مەككەین بە توندی رەخنەی لە گواستنەوەی دەستگیركراون بە تۆمەتی تیرۆر گرت بۆ زیندانیی نهێنی لە وڵاتانێك كە شێوازی لێكۆڵینەوەی نایاسایی تێدا پەیڕەودەكرێت هەروەها دژی بەكارهێنانی ئەشكەنجەدانیش بوو، سەركەوتوو بوو لە داڕشتنی یاسایەك كە بەكارهێنانی شێوازی توند و نامرۆیی و ناپیشەیی بۆ مامەڵەكردن لەگەڵ گومانلێكراواندا قەدەغەدەكات.
تێپەڕاندنی حزبایەتی
مەككەین هەرگیز دوودڵ نەبووە لە هەماهەنگیكردن لەگەڵ سیناتۆرە دیموكراتەكاندا لە كۆنگرێس بۆ بەدیهێنانی ئامانجەكانی، لەگەڵ (جۆ لیبەرمان) سیناتۆری دیموكراتی لە ئەنجومەنی پیران یاساییەكیان بۆ سنوداركردنی بڵاوبوونەوەی گازی كاربۆن داڕشت، هەروەها ساڵی 2007 پرۆژە یاسایەكی بۆ كۆچ بۆ هەردوو حزبەكە داڕشت و ئەگەر پەسەندبكرایە رێگەی بە لێخۆشبوون لە كۆچبەرە نایاساییەكان دەدا، بەڵام كۆتوبەندی توندی بەسەر سنورەكاندا دەسەپاند.
مەككەین بۆچوونی وابوو ئەوانەی لە ئەمریكا بەبێ مۆڵەت كاردەكەن، پێویستە مافی بەدەستهێنانی هاوڵاتیبوونیان پێببەخشرێت، ئەو بۆچوونەشی لەگەڵ بۆچوونی بەشێكی زۆر لە سیناتۆرە كۆمارییەكاندا یەكناگرێتەوە.
ئەوەی مەككەینی بە دەنگدەرانی ئەمریكا زیاتر ناساند ، ئەو كەسایەتیەی بوو كە لە چەند ساڵی خزمەتكردنیدا لە هێزی دەریایی ئەمریكا بونیادیناف،،، هەروەها ئەو كوڕی ئەدیمراڵێكی گەورەی هێزی دەریاییە و ساڵی 1958 ئەكادیمایی دەریایی ئەمریكی تەواوكردووە و دواتر 22 ساڵ وەك فڕۆكەوان لە هێزی دەریاییدا كاریكردووە.
مەككەین لە شەڕی ڤێتنام بەشداری كردووە ساڵی 1967 بە شێوەیەكی سەرنجڕاكێش لە مردن رزگاریبوو كاتێك مووشەكێك تەنكی سوتەمەنی فڕۆكەكەی پێكا، لە كاتێكدا دەیویست بە فڕۆكەكەی لەسەر كەشتی فڕۆكەهەڵگری "فۆریستاڵ" بەرەو ئەركێك بفڕێت و بەهۆی گڕگرتنی ئەو سوتەمەنییەوە (135) سەربازی هێزەكانی ئەمریكا مردن و دوای سێ مانگیش فڕۆكەكەی لەسەر ئاسمانی باكوری ڤێتنام خرایە خوارەوە و لەلایەن ڤێتنامییەكانەوە بەدیلگیرا و هەتا ساڵی 1973 لایان مایەوە، وەكو خۆی باسی دەكات لەو ماوەیەدا مەككەین رووبەرووی لێدان بوەتەوە، بەهۆیەوە جوڵەی یەكێك لە قۆڵەكانی كەمبوەتەوە" مەككەین تاوەكو ساڵی 1981 لە سوپادا ماوەتەوە و پاشان خانەنشینكرا.
ژیانی سیاسیی
دوای خانەنیشبوون مەككەین چووە ویلایەتی ئەریزۆنا و لەوێ سیاسەتی دەستپێكرد و ساڵی 1982 كورسییەكی ئەنجومەنی نوێنەرانی بەدەستهێنا و دوای چوار ساڵ كورسییەكی ئەنجومەنی پیرانی بردەوە و لە نەوەدەكانیشەوە رۆڵێكی گرنگی گێڕاوە لە ئاساییكردنەوەی پەیوەندییەكانی ئەمریكا لەگەڵ ڤێتنامدا.
لە هەڵبژاردنی سەرۆكایەتی 2000 ركابەری جۆرج بۆشی كوڕی كرد و كەسایەتییەكەی پشتیوانییەكی زۆری لێكرد و لە هەڵبژاردنی بەراییدا لە ولایەتی نیوهامپشیێر سەركەوتنی بەدەستهێنا، بەڵام رووبەڕووی زنجیرەیەك لە هێرش بووەوە، كە ركابەرێتییەكەی بووە ناكۆكیی و ململانێیەكی توند، ئەوەش وایكرد ئەندامە راستڕەوەكانی پارتی كۆماریی ناكۆك بن لەسەری.
لە سیاسەتی دەرەوەدا، مەككەین پشتگیری لە هەڵوێستەكانی بۆش كرد سەبارەت بە خۆرهەڵاتی ناوەڕاست و عێراق و چەندینجار جەختیكردووەتەوە لەسەر زیادكردنی هێزەكانی ئەمریكا لە عێراق بۆ نەهێشتنی توندوتیژی.
ساڵی 2008 مەككەین بووە كاندیدی كۆمارییەكان بۆ هەڵبژاردنی سەرۆكایەتی، بەڵام لەبەرامبەر باراك ئۆباما كاندیدی دیموكراتەكان شكستیهێنا بە رێژەی 365 بەرامبەر بە 173 نوێنەر لە كۆمەڵگەی هەڵبژاردن و 53% بەرامبەر بە 46% لە ژمارەی دەنگەكاندا. دوای ئەوە مەككەین هەڵوێستی زیاتر پارێزگارانەی وەرگرت و دژی زۆرینەی سیاسەتەكانی ئیدارەی ئۆباما وەستایەوە لەسەر ئاستی دەرەوە، لە ساڵی 2015 بووە سەرۆكی لیژنەی هێزە چەكدارەكان لە ئەنجومەنی پیران و هەروەها یەكێكیش بوو لەوانەی كە زۆر جەختیان لە گرتنبەری هەڵوێستی توند لەدژی ئێران دەكردەوە.
كاتێك "بەهاری عەرەبی" ساڵی 2011 دەستیپێكرد، مەككەین حوسنی موبارەك سەرۆكی ئەو كاتەی میسری هاندا دەستبەرداری پۆستەكەی بێت و داواشی لە ئەمریكا كرد هەڵوێستی پشتیوانی لە دیموكراتیەت بگرێتەبەر لە ناوچەكە، سەرەڕای مەترسی ئەوەی كە ئیسلامییەكان لە وڵاتانی ئەو ناوچەیە دەسەڵات بگرنەدەست.