Draw Media

دیمەشق بۆتە دیلی توركیا و سیاسەت و مەرجی ئەنقەرە جێبەجێدەكات

دیمەشق بۆتە دیلی توركیا و سیاسەت و مەرجی ئەنقەرە جێبەجێدەكات

2026-01-16 15:23:55


✍️ سەرتیپ جەوهەر
چەند رۆژێكە بەنێوانگری ئەمریكا و وڵاتانی ئەوروپا، هێزەكانی سوریای دیموكرات و دیمەشق لەگفتوگۆدان بۆ گەیشتنە رێككەوتن لەبارەی ئەو گرژی و ئاڵۆزییە سەربازیانەی چەند رۆژە، بەڵام تائێستا نەگەیشتوونەتە رێككەوتن.
جگە هێزە میلیشیاكانی ئەحمەد شەرع، هێزێكی زۆری میلیشیاكانی سەربە توركیاش هێنراونەتە دەوروبەری دێر حافر لەبەری رۆژئاوای فورات لەناوەڕاستی سوریا بۆ پەلاماردانی هێزەكانی سوریای دیموكرات، بەڵام ئەمریكا تائێستا رێگربووە لەهەڵگیرسانی شەڕ.
لەدوای كۆتایی هاتنی ماوەی جێبەجێكردنی رێككەوتنی 10 ئادار كە تا كۆتایی 2025 بوو، ئەو ئاڵۆزیی و پشێویەی ئێستای سوریا پێشبینیكراوبوو. گرفتی گەورەی كورد لەپرسی جێبەجێكردنی رێككەوتنەكە لەگەڵ توركیابوو نەك دیمەشق، چونكە توركیا پێداگری دەكرد رێككەوتنەكە بەوشێوەیە جێبەجێبكرێت كە ئەو دەیەوێت بەتایبەت داوای دەكرد هێزەكانی سوریا چەكبكرێن و تێكەڵ بەسوپای سوریا ببن لەكاتێكدا دیمەشق خاوەنی سوپایەكی نیشتیمانیی نییە، بەڵكو ئەو هێزەی هەیەتی ژمارەیەك گروپی چەكدارن و رێكنەخراون.
بەپێی زانیارییەكان لەدوای رووداوەكانی حەلەب، توركیا پلانی هەیە چەند بنكەیەكی سەربازیی و چاودێریی لەناوچەكانی دێر حافرو دێرزۆر دابنێت. هاوكات فشار لەدیمەشق دەكات هەرچۆنێك بێت كورد ناچار بكات لەشارە عەرەبنشینەكانی بەری رۆژهەڵاتی فورات بكشێتەوە بەرەو ناوچەكانی دیكەی رۆژئاوای كوردستان، توركیاش لەوناوچانە بنكەی سەربازیی دابمەزرێنێت هەروەكچۆن لەناوچەكانی هەرێمی كوردستان دایمەزراندوون. بۆئەم مەبەستە هەزاران چەكداری گروپە توندڕەوە ئیسلامییەكانی ناردۆتە حەلەب بۆ پشتیوانیی ئەحمەد شەرع بۆ كۆنترۆڵكردنی ناوچەكانی ئێستا دەیانەوێ‌ پەلاماری بدەن. لەم شەڕو گرژیانەشدا وڵاتانی كەنداو پشتیوانی ئەحمەد شەرع دەكەن و ماوەیەكە هەڵمەتێكی راگەیاندنی گەورەیان دژ بەكورد دەستپێكردووە، بەتایبەت سعودیەو قەتەرو ئیمارات، بەڵام هاتنی ئەمڕۆی تیمێكی سەربازیی ئەمریكا بۆ دێر حافر ئاماژەیەكی ئیجابییە بۆ رێگریكردن لەشەڕو پێكدادان.
گرفتی كورد هەسەدە لەسوریا جگە لەحكومەتی دیمەشق، لەگەڵ توركیاو ئەمریكایە، چونكە لەلایەك توركیا بەهەموو شێوەیەك فشار لەدیمەشق دەكات هێزەكانی هەسەدە چەك دابنێن و هیچ تایبەتمەندێتیان نەبێت، یاخود لایەنیكەم بەم قۆناغە لەشارو ناوچەكانی دەكەونە باشوری رۆژئاوای رێڤەبەری بكشێنەوە، دیمەشقیش بۆتە دیلی سیاسەت و داخوازیەكانی توركیا. لەلایەكی دیكە ئەمریكا هەڵوێستی روون نییە، بەتایبەت تۆم باراك نوێنەری نوێی ئەمریكا بۆ سوریا، رۆڵێكی خراپ دەگێڕێت لەبارەی هەڵوێستی ئەمریكا لەناوچەكە، بەوپێیەی پەیوەندی تایبەت و گوماناوی لەگەڵ بەرپرسانی توركیا هەیە.
بەپێی دوایین زانیاریی، پێناچێت كورد ئەوەندە گرفتی لەگەڵ چۆڵكردنی دێرحافر هەبێت كەدەكەوێتە بەری رۆژئاوای فورات، بەڵام داوایكردووە ئەمریكا گرەنتی وەستاندنی شەڕ بۆ یەكجارەكی بكات، هەروەك پێدەچێت پێشنیارێك هەبێت لایەنیكەم سەرەتا ئەمریكا خاڵی چاودێریی لەچەند شوێنێك دابنێت بۆ رێگری لەهەر گرژییەك لەناوچەكە، چونكە هێزەكانی هەسەدە پێیانوایە هۆكاری سەرەكیی گرژیەكانی نێوان هەسەدەو دیمەشق توركیایە كە فشارێكی زۆر دەكات، بۆیە پیویستە سەرەتا رێگری لەتوركیاو لەو گروپە میلیشیایانە بكرێت كەنزیك توركیان و هێنرانەتە ناوچەكە، بەڵام هێشتا دیار نییە دانوستانەكان بەكوێ دەگات.
بەپێی مەنتقی گۆڕانكارییەكانی دوای رووخانی رژێمی ئەسەد بێت، پێناچێت ئەمریكا رێبدات لەم قۆناغە گرژییەكان پەرەبستێنێت، هەروەك پێناچێت ئیسرائیل رێبدات توركیا بنكەی چاودێریی یان سەربازیی لەناوچەكە دابمەزرێنێت.
.

بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار
مافی به‌رهه‌مه‌كان پارێزراوه‌ بۆ دره‌و
Developed by Smarthand