لە حاكمی مەدەنی عێراقەوە بــۆ راهێنەری وەرزشی

2018-03-29 13:58:43
ئامادەكردن و وەرگێڕانی: نامیق رەسوڵ
ناوی پۆڵ بریمەر ئەو كاتە دەركەوت كە لە دوای 2003 و روخاندنی رژێمی سەدام حسێن لەلایەن هێزەكانی ئەمریكاوە ، وەك یەكەم حاكمی مەدەنی عێراق دەستبەكاربوو، بۆ ماوەی یەك ساڵ ئەركی دامەزراندنی عێراقی نوێی دوای سەدامی پێسپێدرا.
ئێستا بریمەری تەمەن 76 ساڵ دوور لە كاری سیاسی و ئیداری لە سەیرانگای ئۆكیمۆ ماونتن لە ویلایەتی ڤێرمۆنتی باكوری خۆرهەڵاتی ئەمریكا راهێنەری یاری خلیسكانی سەر بەفرە، بە گوێرەی سایتی " Task & Purpose " ئەمریكی.
بریمەر لە چاوپێكەوتنێكدا لەگەڵ ئەو سایتە دەڵێت سەرەراِی ئەوەی كە زۆرێك وا لە رۆڵەكەی لە عێراق دەڕوانن كە ئەو وڵاتەی بەرەو پشێوی بردووە، بەڵام هەست بە پەشیمانی ناكات لەو رۆڵەی كە گێڕاوێتی دوای سەركردایەتیكردنی دەسەڵاتی ئیئیتلافی كاتی لەو وڵاتەدا".
بریمەر دەشڵێت" گەلی عێراق بە بەراورد بە ماوەی حكومڕانی سەدام حسێن ئەمڕۆ زۆر باشترە، هەتا دوای هەموو كێشەكانی كە دەكرێت دانیان پێدا بنێین كە روویانداوە".
بریمەر لەماوەی دەسەڵاتیدا لە عێراق چەند بڕیارێكی دەركرد كە مشتومڕی زۆری بەدوای خۆیدا هێنا، دیارترین بڕیاریشی هەڵوەشاندنەوەی چەند دامەزراوەیەكی سیادی دەوڵەتی عێراق بووە لەوانەش سوپای عێراق و هێزی پۆلیس و ئاسایش و وەزارەتی راگەیاندن.
زۆر كەس بڕوایان وایە كە ئەو بڕیارانەی بریمەر دەرگایەكی فراوانی بۆ شەڕ لە دژی هێزەكانی ئەمریكا كردەوە، دوای ئەوەی بەهۆی هەڵوەشاندنەوەی سوپای و هێزە ئەمنییەكانەوە سەدان هەزار عێراقی سەرچاوی بژێوییان بڕدرا.
بریمەر بەرگری لەو بڕیارانەی ئەو كاتەی دەكات و دەڵێت " زانیم كە چۆن ئەو گەمەیە بكەم، دەمزانی كە روبەڕووی مەترسی دەبمەوە، بەڵام چاوم لەوە نەبوو پارێزگاری لە خۆم بكەم".
دەشڵێت" كاتێك دەگەیتە پۆستێكی لەو شێوەیە، یان ئەو كارە دەكەی كە بڕوات وایە راستە، یان دەستلەكاردەكێشیتەوە و دەرئەنجامەكانی لە ئەستۆدەگریت."
پۆڵ بریمەر ساڵی 1941 لە دایكبووە، شەشی ئایاری 2003 جۆرج بوش سەرۆكی ئەمریكا وەك سەرۆكی دەسەڵاتی مەدەنی عێراق دەستنیشانیكرد بۆ دووبارە بونیادنانەوەی عێراق و ماوەی یەكساڵ لەو ئەركەیدا بەردەوام بوو.
بریمەر بە گەڕانەوەی لە عێراق كۆتایی بە 23 ساڵ كاری دیپلۆماتی هێنا و چووە كۆمپانیای كیسنجەر ئەسۆشیتس كە كۆمپانیایەكی راوێژكارییە و هێنری كیسنجەر وەزیری پێشووتری ئەمریكا ساڵی 1989 دایمەزراندووە ەو ئێستاش راهێنەری یاری خلیسكانی سەر بەفرە لە ویلایەتی ڤێرمۆنت.
بریمەر بەكالۆریۆسی لە زانۆی ییل و بڕوانامەی پەیمانگای لێكۆڵینەوە سیاسییەكانی لە زانكۆی پاریس و ماستەری لە كۆلێژی كارگێڕی كار لە زانكۆی هارڤارد بەدەستهێناوە دوای گەڕانەوەشی بۆ ئەمریكا كتێبێكی بەناوی " My year in IRAQ" چاپ و بڵاوكردەوە.
سەرچاوە: سایتی ئەلحوڕە
