سەرۆکی کۆمار، دەسەڵاتی تەشریفاتیە؟
2026-01-10 18:30:04
هاوڕێ تۆفیق.
بۆ بەرچاوروونی هەموو لایەک، دەسەڵاتی سەرۆکی کۆمار لە سیستەمی دەستوریی عێراقدا ،دەسەڵاتی تەشریفاتی نیە، بەڵکو کۆمەڵێک دەسەڵاتی دەستوریی و جێبەجێکاری گرنگی هەیە، مادەی (١) ی دەستوری عێراق، پێناسەی شێوەی سیستەمی دەستوری وڵاتی کردوەو دەڵێت(کۆماری عێراق یەک دەوڵەتی فیدراڵی سەربەخۆیە، خاوەنی سەروەریی تەواوە،سیستەمی حوکم تیایدا کۆماریی ،پەرلەمانیی ،دیموکراسیە،ئەم دەستورە دەستەبەری یەکپارچەیی عێراقە) بە گوێرەی ئەم مادەیە، کۆتایی بە سیستەمی سەرۆکایەتی پێشوو هاتوەو سیستەمی حوکم گۆردراوە بۆ پەرلەمانی، لەم سیستەمەدا دەسەڵاتی سەرەکی و فراوان بۆ ئەنجومەنی وەزیران و سەرۆکی ئەنجومەنە، ئەوانەی دەڵێن لەم سیستەمەدا سەرۆکی کۆمار ، دەسەڵاتی رەمزیی و تەشریفاتیە لێکدانەوەیەکی دروست نیە. بە گوێرەی مادەی(٦٦) ی دەستور ، دەسەڵاتی جێبەجێکردنی فیدراڵ لە سەرۆکی کۆمار و ئەنجومەنی وەزیران پێکهاتووە و دەسەڵاتەکانیان بە پێی دەستوور و یاسا جێبەجێ دەکەن.ئەم مادەیە بەروونی ئەو راستیە روون دەکاتەوە کەسیستەمی پەرلەمانی رەهامان نیە، بەڵکو سیستەمێکی تێکەڵاوی پەرلەمانی نیمچە سەرۆکایەتیە، هەڵەیەکی تری باو کە دەکرێت دەڵێن سەرۆک وەزیران !هەمان مادە روونی دەکاتەوە، کە لە عێراقدا سەرۆکی وەزیران بونی نیە( رەئیسی وزەرا_بە کوردی نوسیومە بە ئەنقەست) بەڵکو سەرۆکی ئەنجومەنی وەزیران هەیە(رەئیسی مەجلیسی وزەرا) هەیە، ئەمە جیاوازی دەستەواژەو زمانەوانی نیە، بەڵکو جیاوازی ئەرک و رۆڵی دەستورییە. لە سەردەمی دەستوریی پاشایەتیدا، سەرۆک وەزیران هەبوو، بەڵام لەدەستوری ئێستایا بەهیچ شێوەیەک سەرۆک وەزیران، وەکو دەسەڵاتی رەها بوونی نیە، بەڵکو سەرۆکی ئەنجومەنی وەزیران هەیە. ئەمەش مانای وایە دەسەڵاتی جێبەجێکردن بۆ ئەنجومەنەو بریاردان بە کۆمەڵە و سەرۆکی ئەنجومەن یەکێکەلە ئەندامانی ئەنجومەنی وەزیران، بێگومان بە کردوە سەرۆکی ئەنجومەنی وەزیران هەژموونی بەسەر ئەنجومەندا کردوەو خۆی سەپاندوە، ئەمەیان پەیوەندی بەئاکاری سیاسیەوە هەیە ،بەڵام لەرووی دەستورییەوە دەسەڵاتی جێبەجێکردن بۆ ئەنجومەنی وەزیرانە، نەک سەرۆک ئەنجومەن! لەلایەکی تر ،ئەم مادەیە بەروونی و بە ئاشکرایی دەسەڵاتی جێبەجێکردنی فیدراڵی روون کردۆتەوە کە لەسەرۆکی کۆمارو ئەنجومەنی وەزیران پێک هاتوە، واتە دەسەڵاتی جێبەجێکردن دوو بەشە، سەرۆکی کۆمار خۆی بە تەنها، نەک سەرۆکایەتی کۆمار !ئەو وەختە جێگرەکانیشی دەگرتەوە .بەڵام دەستور یەکلایی کردۆتەوە تەنها سەرۆکی کۆمار، بەشی دووەمی دەسەڵات پێکهاتوە لە ئەنجومەنی وەزیران، نەک خودی سەرۆک وەزیران! ئەمەش بنەمانی دەستوریی دوانەیی جێبەجکردن بەرجەستە دەکات. لەسیستەمی پەرلەمانی رەهادا ،دەسەڵاتی جێبەجکردنی دوانەیی نیە، تەنها دەسەڵات بۆ ئەنجومەنی وەزیران، یان سەرۆک وەزیرانە و هاوبەشی تری نیە، بە کوردیی و کورتی پوختەی کۆمەڵێک دەسەڵاتی گرنگی دەستوریی سەرۆک کۆمار دەخەینەروو:
١: بە گوێرەی مادەی(٦٠)سەرۆکی کۆمار بەتەنها خودی خۆی دەسەڵاتی ئامادەکردنی پرۆژەی قانونی هەیە، ئەمە لە کاتێکدا سەرۆک وەزیران ئەو دەسەڵاتەی نیە، بەڵکو ئەنجومەنی وەزیران پێکەوە بە کۆمەڵ دەسەڵاتی ناردنی پرۆژەی قانونیان بۆ پەرلەمان هەیە، بەداخەوە لەرێگای بریاری شیکردنەوەی دادگای فیدراڵیەوە( قەراری تەفسیریی) دەروازەیەکی نادەستورییان داتاشیوە کە نابێ هیچ پرۆژەیەکی قانون کە رەهەندی دارایی هەبوو ئامادەبکرێ، جگە لە ئەنجومەنی وەزیران خۆی، بەو بیانوەی لێکەوتەیی دارایی لە پسپۆریی حکومەتە .تەنانەت پەرلەمان کە دەسەڵاتی یاسادانانە ،ئەم مافەی لێسەندراوەتە! بەڵام ئەمە مادەیەکی دەستوریی نیەو بریاری دادگای فیدراڵیەو ئەکرێ لە داهاتوودا، دادگا هاوشێوەی زۆر بریاری تر لە قەرارەکەی پەشیمان بێتەوە.
٢: بە گوێرەی مادەی(٥٤) سەرۆکی کۆمار بانگهێشتکردنی ئەنجومەنی نوێنەران دەکات بۆ کۆبوونەوەی یەکەم دوای پەسەندکردنی ئەنجامی هەڵبژاردنەکان.
٣: بە گوێرەی مادەی(٥٨) سەرۆک کۆمار دەسەڵاتی هەیە وەرزی دانیشتنی پەرلەمان درێژ بکاتەوە. گرنگتر لەمە دەسەڵاتی هەیە، داوای کۆبونەوەی تایبەت و کوتوپری پەرلەمان بکات بۆ بابەتێکی دیاریکراو هەروەها دەسەڵاتی درێژکردنەوەی وەرزی یاسادانی هەیە.
٤: داوای لێسەندەنەوەی متمانە لە سەرۆکی ئەنجومەنی وەزیران بکات
ماددە (61 / هەشتەم – ب):دەڵێت؛
سەرۆکی کۆمار دەتوانێت داواکاری بۆ لێسەندنەوە متمانە لە سەرۆکی ئەنجومەنی وەزیران پێشکەش بە ئەنجومەنی نوێنەران بکات) ئەم دەسەڵاتە لە هیچ سیستەمێکی پەرلەمانیدا بونی نیە، بەڵکو دەسەڵاتێکی گرنگی سەرۆکی کۆمارە کە دەتوانێت داوای لێسەندنەوەی متمانە لە سەرۆکی ئەنجومەنی وەزیران بکات و پەرلەمان ناچارو پابەندە کە داواکەی سەرۆک کۆمار بخاتە دەنگدانەوە، بریار بۆ ئەندامانی پەرلەمانە ،کە بە زۆرینەی رەهای دەنگ، داواکەی پەسەند بکەن ،یان رەتی بکەنەوە. متمانەی لێ وەربگرنەوە، یان بیهێڵنەوە، بەڵام لەرووی سیاسیەوە بۆ رای گشتی ،ئەمە چەکێکی دەستوریی بەهێزی سەرۆکی کۆمارە، لەدژی سەرۆکی ئەنجومەنی وەزیران.
بەپێچەوانەوە بۆ لابردنی سەرۆکی کۆمار
کۆمەڵێک مەرجی قورس و سەخت هەیە و سەرۆکی کۆمار پارێزبەندی گەورەو فراوانی هەیە، بۆ لابردنی سەرۆکی کۆمار ،ئەبێت بریار لە دادگای فیدراڵی لە دژی دەربچێت، بەمەش تەواو نابێت و دەبێت پاش بریارەکە بخرێتە دەنگدانی پەرلەمانەوە بەگوێرەی مادەی(٦١) ی برگەی شەشەم (ئەلیف و با)
سەرۆکی کۆمار تەنها بە زۆربەی ڕەها (٥٠ + 1)ی ئەندامانی ئەنجومەنی نوێنەران و دوای بڕی دادگای فیدراڵی باڵا، لە یەکێک لەم حاڵەتانەدا لادەبرێت:
1. شکاندنی سوێندی دەستووری
2. پێشلکردنی دەستوور
3. خیانەتی گەورە
٥: ڕاگەیاندنی جەنگ و دۆخی لەناکاو
ماددە (61 / نۆیەم):
پەسەندکردنی ڕاگەیاندنی جەنگ و دۆخی فریاکەوتن بە زۆربەی دوو سێیەک (2/3)ی ئەنجومەنی نوێنەران ئەنجام دەدرێت، بە داواکاری هاوبەش لە سەرۆکی کۆمار و سەرۆکی ئەنجومەنی وەزیران.
٦: هەڵوەشاندنەوەی ئەنجومەنی نوێنەران
ماددە (64):
ئەنجومەنی نوێنەران بە زۆربەی ڕەها هەڵدەوەشێتەوە، یان بە داواکاری سێیەکی ئەندامان، یان بە داواکاری سەرۆکی ئەنجومەنی وەزیران و پەسەندکردنی سەرۆکی کۆمار.
لە کاتی هەڵوەشاندنەوەدا، سەرۆکی کۆمار بانگهێشت بۆ هەڵبژاردنە گشتییەکان دەکات لە ماوەیەکدا کە لە شەست (60) ڕۆژ زیاتر نەبێت، و ئەنجومەنی وەزیران بە مستەعفی دادەنرێت و تەنها کاروباری ڕۆژانە بەڕێوە دەبا
٧؛ سەرۆکی کۆمار وەک هێمای دەوڵەت و پارێزەری دەستورە، بە گوێرەی مادەی (67): دەڵێت (سەرۆکی کۆمار سەرۆکی دەوڵەتە و هێمای یەکێتی وڵاتە، نوێنەرایەتی سەروەری وڵات دەکات و شەونخونی دەکات بۆ پابەندبوون بە دەستوور، پارێزگاری دەکات لە سەربەخۆیی عێراق ، سەروەرییەکەی، یەکپارچەیی سەلامەتی خاکەکەی بە گوێرەی حوکمەکانی دەستور و پارێزگاری خاکی عێراق دەکات).
ئەم مادەیە دەرگایەکی فراوانی کردۆتەوە بۆ دەستێوەردانی دەستوریی لەو روانگەی پارێزەری دەستورە. ئەتوانێت دەستێوەردان لە بریاری جێبەجێکردن و زۆر شتی تر بکات
٨: دامەزراندن و دەرکردنی مەرسومی کۆماریی
بە گوێرەی مادەی (٧٣) برگەی نۆیەم. دەسەڵاتی دەرکردنی مەرسومی کۆماری هەیە بۆ دامەزراندنی (سەرۆک و ئەندامانی دادگای فیدراڵی، داواکاری گشتی، سەرپەرشتیاری دادوەریی)ئەمەش ئەو مانایە هەڵدەگرێت کە دەتوانیت مەرسومەکەی بکێشێتەوە، کاتێک هەست دەکات دەستور پێشێلکراوە لەروانگەی پارێزەری
دەستورە.
٩: دامەزراندنی پارێزگارەکان پێویستی بە مەرسومی سەرۆک کۆمارە. ئەمە ئەزمونکراوە لەگەڵ ئەوەی ئەنجومەنی پارێزگا ،پارێزگاری هەڵبژراردوە، سەرۆکی کۆمار مەرسومی دەرنەکردوەو بەو هۆیەوە نەبوو بە پارێزگار.
١٠: بە گوێرەی مادەی (٧٣) برگەی هەشتەم هیچ کەسێک لە سێدارە نادرێت بە ئیمزای مەرسومی کۆماریی سەرۆک کۆمار نەبێت.
١١: بە گوێرەی مادەی (٧٣) برگەی
یەکەم ، مافی دەرکردنی لێبوردنی تایبەتی هەیە بۆ مەحکومدراوان، جگە لە چەند جۆرێکی تاوان کە مافی لێبوردنی تایبەتی نایگرێتەوە.
١٢: بە گوێرەی مادەی (٧٣) برگەی شەشەم، کاغەزی متمانەی نوێنەرایەتی دبلۆماسی وڵاتان پەسەند دەکات. واتە هیچ باڵێوزێک ناتوانێت لێرە کاربکات ،بەبێ مەرسومی سەرۆک کۆمار.
