Draw Media

موچەو بەرزە موچە لە 11 ساڵی ڕابردوودا

موچەو بەرزە موچە لە 11 ساڵی ڕابردوودا

2025-12-31 11:14:51



شیكاری: درەو 

🔻 لە (11) ساڵی ڕابردووی هەردوو کابیەنەی هەشتەم و نۆیەمی حکومەتی هەرێمی کوردستاندا؛
🔹 موچەخۆران لە (132) مانگی ڕابردودا (70) موچەی تەواوو (44)یشیان بە چارەک و لێبڕینەوە وەرگرتووەو (18) موچەشیان پێ نەدراوە، بە ڕاگرتنی بەرزە موچە (ترفیع)ەوە نزیکەی (30 ترلیۆن و 802 ملیار) دیناریان لای حکومەتی هەرێم ماوەتەوە. بەجۆرێک؛
🔹 کابینەی هەشتەم لە ماوەی (54) مانگدا، تەنها (15) موچەی تەواو و (34) مانگیشی بە کەم و کوڕی و پاشەکەوتەوە خەرجکرد، (5) مانگیشی خەرج نەکردو ناوینا پاشەکەوت. کۆی شایستەی موچەی موچەخۆران لەم کابینەیەدا مایەوە بە نزیەکەی (10 ترلیۆن و 598 ملیار) دینار خەمڵێندرا.
🔹 کابینەی نۆیەم لە (78) مانگی رابردوودا، تەنها (55) مانگیان موچەی تەواوەتی و (10) مانگیشی بە لێبڕینەوە خەرج کردووە، (11) مانگیشی خەرج نەکرد، (2) مانگی کۆتایی (2025)یش چارەنوسی نادیارە، بە خەرجنەکردنی ئەو دوو موچەیە، کۆی شایستەی موچەی موچەخۆران لای کابینەی نۆ بە (13 ترلیۆن و 814 ملیار) دینار دەخەمڵێندرێت.
🔹 بە بڕیارێک لە (1/1/2016)ەوە بەرزە موچە ڕاوەستاوە، لە ئێستادا تەواوی فەرمانبەرنی هەرێمی کوردستان (2) بەرزە مووچەیان ڕاگیراوە، کۆی ئەو بڕە پارەیەی لە (10) ساڵی ڕابردوودا بەهۆی ڕاگرتنی بەرزە موچەوە خەرج نەکراوە بە (6 ترلیۆن و 390 ملیار) دینار دەخەمڵێندرێت.
🔹 ئەگەر فەرمانبەرێک موچەکەی (1 ملیۆن) دینار بێت، ئەوا بەهۆی خەرج نەکردن، پاشەکەوت، چارەکە موچە، لێبڕین و ڕاگرتنی بەرزە موچەوە سەروو (49 ملیۆن) دیناری لای حکومەتی هەرێمە.

قەبارەی پاشەکەوتی موچەی موچەخۆرانی هەرێم لە کابینەی هەشتەم و نۆیەمی حکومەتی هەرێم
جگە لە ڕاگرتنی بەرزە موچە (ترفیع)، موچەخۆران لە ماوەی (11) ساڵدا، واتا لە (132) مانگدا، لە هەردوو کابینەی هەشتەم و نۆیەمی حکومەتی هەرێمی کوردستان، تەنها (70) موچەی تەواویان وەگرتووە، (18) موچەیان پێ نەدراوەو (44) موچەشیان بە چارەک و لێبڕین و بەشێک لە پاشەکەوتەوە بۆ خەرج کراوە.
کۆی ئەو بڕە پارەیەی وەک شایستەی دارایی موچەی موچەخۆران خەرج نەکراوە، قەبارەکەی گەیشتووە بە (24 ترلیۆن و 411 ملیار و 997 ملیۆن) دینار.
بەجۆرێک کابینەی هەشتەمی حکومەتی هەرێم لە ماوەی (54) مانگدا، تەنها (15) مانگیان موچەی تەواوەتی موچە خۆرانی هەرێمی خەرجکردووە، (34) مانگیشی بە کەم و کوڕی و پاشەکەوتەوە خەرجکردووە، (5) مانگیشی خەرج نەکردو ناوینا پاشەکەوت. کۆی شایستەی موچەی موچەخۆران لە سەردەمی کابینەی هەشتەم لای حکومەت مایەوە بە (10 ترلیۆن و 597 ملیار و 997 ملیۆن) دینار خەمڵێندرا.
هاوکات لە کابینەی نۆیەمی حکومەتی هەرێمی کوردستان لە (78) مانگی رابردوودا، تەنها (55) مانگیان موچەی تەواوەتی موچە خۆرانی هەرێمی خەرجکردووە، (10) مانگیشی بە کەم و کوڕی و لێبڕین خەرج کردووە، (11) مانگیشی خەرج نەکردووە، موچەی (2) مانگی کۆتایی ساڵی (2025)یش چارەنوسی نادیارە. کۆی شایستەی موچەی موچەخۆران لە سەردەمی کابینەی نۆیەم لای حکومەت دەمێنێتەوە بە (13 ترلیۆن و 820 ملیار) دینار دەخەمڵێندێت.
ئەوەشی پەیوەندی بە بەرزە موچەوەیە کە لە 1/1/2016ەوە بەرزە موچەی نزیکەی (710 هەزار فەرمانبەر و مامۆستا و موچەخۆر ڕاگیراوە، بەتێکڕا هەر فەرمانبەرێک لە ماوەی (10) ساڵی ڕابردوودا (2) دوو بەرزە موچەی ڕاگیراوە، ئەگەر فەرمانبەرێک (5) ساڵی یەکەم بۆ هەر مانگێک تەنها (50 هەزار) دیناری بۆ خەرج نەکرابێت ئەوا لە ماوەی (60) مانگی یەکەم بەرزە موچە خەرج نەکراوەکانی سەرجەم فەرمانبەرانی هەرێم = (2 ترلیۆن و 130 ملیار) دینار.
کاتێک لە (5) ساڵی دووەم بەرزە موچەی دووەمیشی دێتەسەر و لە (5) ساڵی دووەمدا هەر فەرمانبەرێک جارێکی دیکە شایستەی بەرزە موچەیەکی نوێ دەبێت بۆیە لەگەڵ ڕاگرتنی بەرزە موچەی دووەم بۆ هەر مانگێک تەنها (100 هەزار) دیناری بۆ خەرج نەکرابێت ئەوا لە ماوەی (60) مانگی دووەمدا بەرزە موچە خەرج نەکراوەکانی سەرجەم فەرمانبەرانی هەرێمی کوردستان بە (4 ترلیۆن و 260 ملیار) دینار دەخەملێندرێت.
واتە بڕی (2 ترلیۆن و 130 ملیار) دینار، وەک شایستەی بەرزە موچەی یەکەم لە (5) ساڵی سەرەتا + (4 ترلیۆن و 260 ملیار) دینار وەک شایستەی بەرزە موچەی دووەم لە (5) ساڵی کۆتاییدا = (6 ترلیۆن و 390 ملیار) دینار 

بڕوانە خشتەکانی یەکەم و دووەم تایبەت بە شێوازی خەرجکردنی موچە و بڕو قەبارەی قەرزی کەڵەکەبوی موچەخۆران لە سەر حکومەت.

 

پاشەکەوت و لێبڕین و خەرج نەکردنی موچەی موچەخۆرانی هەرێم لە کابینەی هەشتەم 
قۆناغی پاشەکەوتی مووچە لە سەردەمی کابینەی هەشتەمی حکومەتی هەرێمی کوردستان بە سەرۆکایەتی نێچیرڤان بارزانی بەڕێوەچوو، لەماوەی نێوان ساڵانی (2015 - 2018) مووچەخۆران (5) موچەی تەواویان پێنەدراوە (23) مانگیش چارەکە مووچەو (11) مانگیش بەشێک لە موچەی موچەخۆران پاشەکەوت کرا. جگە لە ڕاگرتنی بەرزە موچەی فەرمانبەران. بە جۆرێک لە ماوەی (1/1/2015 – 9/7/2019)؛
•    (4) موچەی مانگەکانی (9، 10، 11، 12)ی ساڵی (2015)ەو یەک موچەی مانگی (12ی 2017) بە رێژەی (100%) پاشەکەوت کران.
•    تەواوی ساڵی (2016)ەو (2017) جگە لە مانگی (12)ی ساڵی (2017) چارەکە موچە و (11) مانگی ساڵی (2018) بە پاشەکەوتکردنی بەشێک لە موچە ئەم کابینەیە تەمەنی خۆی بەڕێکرد.
•    کۆی شایستەی موچەی موچەخۆران لە سەردەمی کابینەی هەشتەم لای حکومەت مایەوە بە (10 ترلیۆن و 597 ملیار و 997 ملیۆن) دینار خەمڵێندرا.
بە مانایەکی دیکە، لە کابینەی هەشتەمی حکومەتی هەرێمی کوردستان لە ماوەی (54) مانگدا، تەنها (15) مانگیان موچەی تەواوەتی موچە خۆرانی هەرێمی خەرجکردووە، (34) مانگیشی بە کەم و کوڕی و لێبڕین خەرج کردووە، (5) مانگیشی خەرج نەکرد.

پاشەکەوت و لێبڕین و خەرج نەکردنی موچەی موچەخۆرانی هەرێم لە کابینەی نۆیەم 
لەگەڵ دەستبەکاربوونی کابینەی نۆیەم لە (10/7/2019)ەوە تا وا لە کۆتاییەکانی ساڵی (2025) نزیک دەبینەوە، سەبارەت بەو شایستە داراییانەی موچەخۆران کە لە ئەستۆی حکومەتی هەرێمە، تەنها لە کابینەی نۆیەمدا بە (13 ترلیۆن و 320 ملیار) دینار دەخەمڵێنرێت، جگە لە ڕاگرتنی بەرزە موچەی فەرمانبەران.
لەم کابینەیەدا موچەی مانگەکانی (4، 5، 6، 7، 8، 11،12ی ساڵی 2020) خەرج نەکرا (9) موچەش بە لێبڕینی (21%) و موچەیەکیش بە لێبڕینی (18%)ەوە لە ساڵانی (2021 - 2022)ی بۆ فەرمانبەرانی هەرێمی کوردستان خەرجکراوەو هاوکات لە ساڵی (2023) موچەی مانگەکانی (10، 11، 12) خەرج نەکرا و موچەی مانگی (12)ی ساڵی (2024) خەرجنەکرا، ئێستاش موچەی (2) مانگی کۆتایی (2025) بە چارەنوسێکی نادیار ماوەتەوەو پێناچێت خەرج بکرێت.
کەواتە ئەگەر کۆی خەرجی موچە بە (900 ملیار) دیناری مانگانە بخەمڵێنین _لە دەستپێکی دەستبەکاربوونی کابینەی نۆیەمەوە قەبارەی خەرجی موچە (895 ملیار)بووە، بەڵام بەردەوام خەرجی موچە رووی لە زیادبوون کردووەو بەپێی دواین ئاماری فەرمی وەزارەتی دارایی کە خەرجییەکانی خۆی بۆ شەش مانگی یەکەمی (2023) بڵاوکردەوە بە تێکڕا کۆی خەرجی مانگێکی موچەی موچەخۆران سەرو (941 ملیار) دینابووە_، ئەوا کۆی ئەو شایستە داراییەی موچە خۆران لە کابینەی نۆیەمدا لێیان بڕاوەو بۆیان خەرج نەکراوە بریتیە لە؛
•    (7) مانگ موچەی بڕاو X (900 ملیار) دینار = (6 ترلیۆن 300 ملیار) دینار
•    (9) مانگ بە لێبڕینی (21%)  X (189 ملیار) دینار = (1 ترلیۆن 701 ملیار) دینار
•    (1) مانگ بە لێبڕینی (18%)  X (162 ملیار) دینار = (162 ملیار) دینار
•    موچەی مانگەکانی (10و 11و 12) ساڵی (2023)ی موچەخۆران خەرج نەکرا کە بەرامبەرە بە؛
(3) مانگ X (941 ملیار) دینار = (2 ترلیۆن 823 ملیار) دینار.
•    (1) موچەی مانگی (12)ی ساڵی (2024)ی کە بەرامبەرە بە؛ (944 ملیار) دینار.
•    (2) موچەی مانگەکانی (11 و 12)ی ساڵی (2025)ی کە بەرامبەرە بە؛ 
(944 ملیار) دینار
(2) مانگ X (942 ملیار) دینار = (ترلیۆنێک و 884 ملیار) دینار.

کەواتە کۆی ئەو موچانەی لەکابینەی نۆیەمدا خەرج نەکراوە دەکاتە؛ (6 ترلیۆن 300 ملیار) دینار "7 موچەی تەواو"+ (1 ترلیۆن 701 ملیار) دینار "9 موچە بە لێبڕینی 21%" + (162 ملیار) دینار "1 موچە بە لێبڕینی 18%" + (2 ترلیۆن 823 ملیار) دینار "موچەی (3) مانگی کۆتایی 2023" + (944 ملیار) دینار "موچەی (1) مانگی کۆتایی 2024" + (ترلیۆنێک و 884 ملیار) دینار "موچەی (2) مانگی کۆتایی 2025" = (13 ترلیۆن 814 ملیار) دینار.
بە مانایەکی دیکە، کابینەی نۆیەمی حکومەتی هەرێمی کوردستان لە (78) مانگی رابردوودا، تەنها (55) مانگیان موچەی تەواوەتی موچە خۆرانی هەرێمی خەرجکردووە، (10) مانگیشی بە کەم و کوڕی و لێبڕین خەرج کردووە، (13) مانگیشی خەرج نەکردووە.

قەرزە کەڵەکەبووەکانی موچەخۆرێک لای حکومەتی هەرێم لەماوەی ساڵانی 2015 – 1/1/2016
بە گریمانەی ئەوەی ئەگەر موچەخۆر یاخود مامۆستایەک، موچەکەی تەنها (1 ملیۆن) دینار بێت، ئەوا لە ماوەی نێوان 1/1/2015 بۆ 1/1/2026، واتە لە (132) مانگی ڕابردوودا، لە هەردوو کابیەنی هەشتەم و نۆیەمی حکومەتی هەرێم بەهۆی پاشەکەوت، خەرجنەکردن، لێبڕین و ڕاگرتنی بەرزەمووچەوە بڕی (49 ملیۆن و 70 هەزار) دیناری لای حکومەتی هەرێمە، بە جۆرێک؛
•    (18) موچەی تەواوی پاشەکەوتکراوو خەرجنەکراو = (18 ملیۆن) دینار.
•    (23) مانگ چارەکە موچەی بۆ خەرج نەکراوە بۆیە ئەو بڕەی خەرج نەکراوە بۆ هەر مانگێک (750 هەزار) دینارەو بۆ (23) مانگ = (17 ملیۆن 750 هەزار) دینار.
•    (11) مانگ بەشێک موچەی بۆ خەرج نەکراوە بۆیە ئەو بڕەی خەرج نەکراوە بۆ هەر مانگێک (250 هەزار) دینارەو بۆ (11) مانگ = (2 ملیۆن 750 هەزار) دینار.
•    (9) مانگ (21%)ی موچەی بۆ خەرج نەکراوە بۆیە ئەو بڕەی خەرج نەکراوە بۆ هەر مانگێک (210 هەزار) دینارەو بۆ (9) مانگ = (ملیۆنێک و  890 هەزار) دینار.
•    (1) مانگ (18%)ی موچەی بۆ خەرج نەکراوە بۆیە ئەو بڕەی خەرج نەکراوە = (180 هەزار) دینار.
•    بەرزە موچە لە 1/1/2016ەوە ڕاگیراوە، بۆیە بەتێکڕا هەر فەرمانبەرێک لە ماوەی (10) ساڵی ڕابردوودا (2) دوو بەرزە موچەی ڕاگیراوە، ئەگەر (5) ساڵی یەکەم بۆ هەر مانگێک تەنها (50 هەزار) دیناری بۆ خەرج نەکرابێت ئەوا لە ماوەی (60) مانگی یەکەم بەرزە موچە خەرج نەکراوەکانی = (3 ملیۆن) دینار بۆ (5) ساڵی یەکەم.
•    لە (5) ساڵی دووەمدا هەر فەرمانبەرێک جارێکی دیکە شایستەی بەرزە موچەیەکی نوێ دەبێت بۆیە لەگەڵ ڕاگرتنی بەرزە موچەی دووەم بۆ هەر مانگێک تەنها (100 هەزار) دیناری بۆ خەرج نەکرابێت ئەوا لە ماوەی (60) مانگی دووەمدا بەرزە موچە خەرج نەکراوەکانی = (6 ملیۆن) دینار بۆ (5) ساڵی دووەم.
بۆ بەرچاوڕوونی بڕوانە خشتەی سێیەم

خشتەی سێیەم

بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار
مافی به‌رهه‌مه‌كان پارێزراوه‌ بۆ دره‌و
Developed by Smarthand