Draw Media

بڕیارە هەسەدەو دیمەشق بە نێوەندگیری ئەمریكا كۆببنەوە

بڕیارە هەسەدەو دیمەشق بە نێوەندگیری ئەمریكا كۆببنەوە

2025-12-23 07:38:22


 سەرتیپ جەوهەر
لەگەڵ هەر سەردانێكی لێپرسراوانی توركیا بۆ دیمەشق، پێكدادانی سەربازیی یان گرژی لەنێوان هێزەكانی سوریای دیموكرات و دەسەڵاتدارانی دیمەشق دروستدەبێت. دوێنێ لەگەڵ هاتنی هاكان فیدان و وەزیرو بەرپرسانی دیكەی توركیا بۆ دیمەشق، دوای چەند كاتژمێرێك راستەوخۆ هێزەكانی نزیك ئەحمەد شەرع لەبازگە هاوبەشەكانی گەڕەكە كوردنشینەكانی حەلەب كشانەوەو شەڕو پێكدادان دروستبوو.
بەپێی هەموو لێكدانەوەكان ئەو گرژیەی لەحەلەب دروستبوو، لەژێر كاریگەری توركیاو بۆ دروستكردنی فشاربووە لەسەر هێزەكانی سوریای دیموكرات. چونكە چەند رۆژێك ماوە بۆ سەری ساڵ و رێككەوتنی 10ی ئادار لەنێوان مەزلوم عەبدێ و ئەحمەد شەرع جێبەجێنەكراوە. ماوەیەكیشە نزیكبوونەوەو گفتوگۆ دوور لەچاوی كامێرا لەنێوان دیمەشق و كورد هەبووە، تاوەكو بەر لەكۆتایی ئەمساڵ كەچەند رۆژێكمان كاوە، بتوانن رێككەوتنەكەی ئادار جێبەجێبكەن، بەڵام توركیا ناڕازیە لەو گفتوگۆیەو فشاردەكات شكستی پێ بینێت. كاتێكیش پەلاماری گەڕەكە كوردنشینەكانی حەلەب دەدەن، بۆ دروستكردنی فشارە لەسەر هەسەدە، چونكە ئەو دوو گەڕەكە دەكەونە دەرەوەی قەڵەمڕەوی هێزەكانی سوریای دیموكرات و ئاسانە پەلاماردانیان، چ لەلایەن گروپە چەكدارەكانی نزیك توركیا، یاخود ئەو گروپە چەكدارانەی ئیدلب كە گوێڕایەڵی ئەحمەد شەرع نین. دوێنێش لەژێر فشاری ئەمریكا پەلاماردانی گەڕەكە كوردنشینەكان لەلایەن چەكدارەكان راگیرا.
ئەم پشێوی و ئاژاوەیەی لەحەلەب یان ناوچەی دیكە دروستدەكرێت، دژی هەوڵی ئەمریكایە بۆ نزیككردنەوەی هەسەدەو دیمەشق. ئەمریكا لەم قۆناغە نایەوێ هێزەكانی هەسەدە تێكەڵ بە هێز یان دامەزراوەی سەربازیی سوریا ببێتەوە، یان لایەنیكەم لەگەڵ ئەوشێوە تێكەڵبونەوەیە نییە، بۆیە دەیەوێت دۆخی نەشەڕ نەئاشتی بەردەوام بێت تا ئەوكاتەی دڵنیادەبێت لەچەسپینی بەرژەوەندی و خواستەكانی خۆی. 
پێشبینی دەكرێت ماوە ماوە ئەو پشێوەیە دروست ببێت، چونكە توركیا ترسی زۆری لەپێشكەوتنەكانی سوریا هەیە بۆیە هەوڵی نانەوەی پشێوی دەدات. بێگومان ئەم دۆخە نوێیەی سوریا راستەوخۆ كاریگەری لەسەر پرسی ئاشتی باكوری كوردستانیش هەیە چونكە لەبنەڕەتدا توركیا دەیەوێت پرسی ئاشتی باكور بۆ دروستكردنی كاریگەریی لەسەر رۆژئاوای كوردستان بەكاربهێنێت.
هەردوو گەڕەكی كوردنشین (ئەشرەفیەو شێخ مەقسود) لەحەلەب نزیكەی 5 مانگە ئابلوقەیەكی توندیان لەلایەن دەسەڵاتدارانی سوریا خراوەتەسەر! نرخی كاڵاو پێداویستیە سەرەكییەكان بەتایبەتیش خواردن و سوتەمەنی زۆر گرانترە لەناوچەكانی دیكە.
هەردوو گەڕەك دەكەونە باكوری حەلەب لەرۆژئاوای فورات و لەژێر قەڵەمڕەوی حكومەتی سوریادان، نزیكترین خاڵی سەربازیی هێزەكانی هەسەدە لە(دێر حافر)ەوەیە كە نزیكەی 45 كیلۆمەترێك دوورە لێیانەوە. ژمارەی دانیشتوانی هەردوو گەڕەك دوای ئاوارەبوونی دانیشتوانی شەهبا، ئێستا لە 200 هەزار كەس زیاترە. جاران كۆریدۆر یان رێگەیەكی هاتووچۆ لەنێوان هێزەكانی سوریای دیموكرات لەنزیك منبەج بەرەو باكوری حەلەب هەبوو، بەڵام دوای رووخانی ئەسەد ئەو كۆریدۆرە، یان رێگای پەیوەندیە نەما.
بەپێی دوایین زانیاریی، بۆ جۆشدانەوە بەگفتوگۆی نێوان هەسەدەو دەسەڵاتدارانی دیمەشق، بڕیارە لەماوەی چەند رۆژی داهاتوو، واتە بەر لەسەری ساڵ بەنێوانگری ئەمریكا جارێكی دیكە لەسەر ئاستێكی باڵا هێزەكانی سوریای دیموكرات و دەسەڵاتدارانی دیمەشق گەڕێكی دیكەی دانوستان دەستپێبكەنەوە، بەڵام توركیا دەیەوێت ئەم دانوستانە تێكبدات.
ناكۆكی و جیاوازییەكانی نێوان كوردو دیمەشق زیاترن لەجاران. ئێستا كورد داوای هەمواركردنەوەی دەستورو روونتر چەسپاندنی مافە دەستورییەكانی كوردو فیدرالیەتی ئیداریی سیاسی دەكات. هاوكات ئامادە نییە هێزەكەی (هەسەدە) تێكەڵ بەسوپای سوریای بكات كە ئێستا بوونی نییە. بۆ هەر هەنگاوێكیش سەبارەت بەپرسی هەسەدە، كورد داوای گرەنتی نێودەوڵەتی دەكات لەئەمریكاو وڵاتانی ئەوروپا بەتایبەتیش فرەنسا.
یەكێك لەگرفتەكانی ئەحمەد شەرع و دەسەڵاتدارانی نوێی سوریا نەبوونی متمانەیە بەئەمریكا، هەروەكچۆن ئەمریكاش متمانە بەشەرع ناكات. لەبەرامبەردا توركیا هەژموونێكی گەورەی لەسوریا دروستكردووە بەتایبەتیش لەناوچەكانی ژێر قەڵەمڕەوی ئەحمەد شەرع. لەلایەك ناوچەیەكی بەرفراوانی لەباكوری حەلەبی داگیركردووەو لەڕێی ژمارەیەك گروپی چەكدار، هاوكات چەند گروپێكی دیكەی ئیسلامیی لەناوچەی ئیدلب لەژێر كاریگەری توركیادان. هەروەك باس لەوەدەكرێت كە لە سەرۆكایەتی و بەشێك لە وەزارەتەكانی دەسەڵاتی نوێی دیمەشق، راوێژكاری تورك داندراون و لەنزیكەوە چاودێری بەڕێوەچوونی بارودخ دەكەن. 
.

بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار
مافی به‌رهه‌مه‌كان پارێزراوه‌ بۆ دره‌و
Developed by Smarthand