2025-12-18 14:21:29
پارتی، پاكێجی هەرێم و بەغدادی جیاكردەوە
درەو:
پارتی بە دوو پاكێجی جیا گفتوگۆ لەسەر پێكهێنانی حكومەتی هەرێم و حكومەتی عێراق دەكات و دوو وەفدی جیای بۆ درووستكردووە، فازڵ میرانی بۆ عێراق و هۆشیار زێباری بۆ هەرێمی كوردستان.
كۆمیتەی ناوەندی پارتی دیموكراتی كوردستان ئەمڕۆ لە پیرمام كۆبووەوە، پرسی سەرەكی گفتوگۆكانی تایبەت بە پێكهێنانی حكومەتی هەرێم و حكومەتی عێراقی بوو، كە بڕیاریدا بە دوو پاكێجی جیا مامەڵەی لەگەڵدا بكات و بۆ هەر لایەك وەفدێكی پێكهێنا:
یەكەم: وەفدێك بۆ گفتوگۆكردن لەگەڵ لایەنە عێراقییەكان بۆ پێكهێنانی حكومەتی عێراق پێكهێنا، وەفدەكە بەسەرۆكایەتی فازڵ میرانی بەرپرسی دەستەی كارگێڕی مەكتەبی سیاسی پارتی و فوئاد حسێن ئەندامی مەكتەبی سیاسی پارتی و وەزیری دەرەوەی عێراق، ئومێد سەباح ئەندامی سەركردایەتی و سەرۆكی دیوانی ئەنجومەنی وەزیران، فارس عیسا نوێنەری حكومەتیه ەرێمی كوردستان لە بەغداد، وەفدەكە بۆ گفتوگۆكردن سەردانی بەغداد دەكەن.
دووەم: سەبارەت بە پێكهێنانی حكومەتی هەرێمی كوردستان هەمان وەفدی پێشوو دانوستانەكان دەكەن بۆ پێكهێنانی حكومەتی هەرێمی كوردستان تەنیا كەسێك دەخرێتە شوێنی د. ئومێد سەباح، واتا وەفدەكەی پێكهێنانی حكومەتی هەرێم پێكهاتووە كە سەرۆكی وەفدەكە هۆشیار زێباری ئەندامی مەكتەبی سیاسی پارتی و پشتیوان سادق ئەندامی مەكتەبی سیاسی و دڵشاد شەهاب ئەندامی سەركردایەتی و كەسێكی دیكە لە شوێنی ئومێد سەباح دادەنرێت.
پێكهێنانی دوو وەفد لەلایەن پارتی دیموكراتی كوردستانەوە بۆ پرسی پێكهێنانی حكومەتی هەرێم و حكومەتی عێراق، بەواتا پارتی وەك دوو پرسی جیا مامەڵە لەگەڵ پێكهێنانی حكومەتی هەرێم و حكومەتی عێراق دەكات و لای پارتی دوو فایلی جیایە.
لە كۆبوونەوەی دوو رۆژی رابردووی نێوان وەفدی پارتی و یەكێتی سەبارەت بە پێكهێنانی حكومەتی هەرێم، وەفدی پارتی رایان گەیاندبوو كە جارێ گفتوگۆ لەسەر پرسی پێكهێنانی حكومەتی هەرێم بكەین پاشان فایلی عێراق، بەڵام وەفدی یەكێتی رایانگەیاندبوو پێویستە بەیەك پاكێج گفتوگۆ لەسەر پرسی پێكهێنانی حكومەتی هەرێم و حكومەتی عێراق بكرێت.
بەپێی بەدواداچوونەكانی (درەو) لە كۆبوونەوەكەدا پارتی بەڕوونی رایانگەیاندووە كە لە هەڵبژاردنی پەرلەمانی عێراقدا كورسی یەكەم و دەنگی یەكەمی لایەنە كوردستانیەكانی هەرێمی كوردستانن و سازش لەسەر هیچ پۆستێك ناكەن بۆ لایەنەكانی ترو پۆستی سەرۆككۆمار مافی كوردەو بۆ هیچ لایەنێكی دیاریكراو یەكلا نەكراوەتەوە، بۆیە وەك پاكێجی جیا مامەڵەیان لەگەڵ دەكات.
سەبارەت بە پاكێجی هەرێم و پێكهێنانی حكومەتی هەرێمی كوردستان پارتی بەروونی ئەوەیان وتووە، گفتوگۆكردن لەگەڵ وەفدی یەكێتی بۆ پێكهێنانی حكومەتی هەرێم جیاواز دەبێت وەك لە پێش هەڵبژاردنی عێراق، شێوازی گفتوگۆكردن لەگەڵ وەفدی یەكێتی جیاواز دەبێت و سازش لەسەر هیچ پۆست و بەركەوتەیەكی پارتی ناكات لەبەرامبەر بە یەكێتی.
