Draw Media

كۆمپانی بەڕێز وەڵامی ئەندازیارەكەی چەمچەماڵ دەداتەوە

كۆمپانی بەڕێز وەڵامی ئەندازیارەكەی چەمچەماڵ دەداتەوە

2025-12-13 19:13:41



درەو:
دوای ئەوەی ئەندازیار ووریا عەبدولخالق لە گروپی را لە چەمچەماڵ بابەتێكی بەناوی (هۆكاری زانستی لافاوەكەی چەمچەماڵ) بڵاوكردەوەو لە چەند بڕگەیەكدا ئاماژەی بەوەكردووە" چەند شیوێك پڕكراونەتەوە كە بە ئاراستەی پرۆژەی چەۆمۆ سیتی كۆمپانیای بەڕێز بوونەو ساتریخۆڵ لێدراوە لە قازانجی كۆمپانیای بەڕێز و یەكێك لە هۆكارەكانی لافاوەكەی چەمچەماڵبوون"
بۆیە كۆمپانیای بەڕێز لە روونكردنەوەیەكدا دەڵێت" بە هیچ شێوەیەک ئاراستە و ڕێڕەوی شیوی ژمارە (٢) بەرەو پڕۆژەی چەرموو سیتی نییە و دوورە لە راستیەوە، تۆمەتی دروستکردنی ساتر و پڕکردنەوەی شیوەکان و لێدانی خەندەقی داوەتە پاڵ کۆمپانیاکەمان.

لێرە دەقی نوسینەكەی ئەندازیار ووریا عەبدولخالق و كۆمپانیا بەڕێز بڵاو دەكەینەوە.


وەڵامێک لە گرووپی کۆمپانیاکانی بەڕێزەوە بۆ چەواشەکارییەکانی (وریا عەبدولخالق)
لەکاتێکدا هاوڵاتییانی هەرێمی کوردستان بەگشتی خەمبار و دڵگرانن بەهۆی ئەو کارەساتە سروشتییەی کە لە قەزای چەمچەماڵی خۆشەویست لە چەند ڕۆژی ڕابردوودا ڕوویدا، دەستبەجێ کەسانێک بەبێ زانیاری و بەتایبەت پێش ئەوەی کە لایەنە پەیوەندیدارەکان و ئەو لیژنانەی کە پێکهێنراون بۆ لێکۆڵینەوە لە هۆکارەکان هیچ ڕاپۆرت و دەرەنجامێک بڵاو بکەنەوە، جارێکی تر (وریا عەبدولخالق) پەنجەی تۆمەتی بۆ کۆمپانیاکەمان و پڕۆژەی (چەرموو سیتی) لە چەمچەماڵ درێژ کرد، و ئێمەی دەستنیشان کردووە بە یەکێک لە هۆکارەکانی ڕوودانی لافاوەکە.
لەکاتێکدا واقیعی حاڵ و زانستی تۆپۆگرافی زەویی ناوچەکە و بارانبارینی ساڵانی ڕابردوو بەتەواوەتی وتەکانی ناوبراو بەدرۆ دەخاتەوە. پڕۆژەی چەرموو سیتی -کە خۆی دەبینێتەوە لە نزیکی ١٤٠٠ یەکەی نیشتەجێبوون بەسەرجەم خزمەتگوزارییەکانیەوە و سوپاس بۆ خودا لەم کارەساتەدا خۆی و دانیشتووانەکەی سەلامەت بوون، لەسەر بنەمای توێژینەوەی ورد و بەگوێرەی پێوەرە ئەندازیارییەکان جێبەجێ کراوە، هەموو ڕێوشوێنێکی پێویست گیراوەتەبەر بۆ دڵنیابوون لەوەی کە پڕۆژەکە هیچ کاریگەرییەکی نەرێنی لەسەر ژینگە و سیستەمی ئاوەڕۆ و سروشتی ناوچەکە نەبێت، هەموو قۆناغەکانی پڕۆژەکە لەژێر چاودێریی وردی ئەندازیارانی شارەزا و لایەنە پەیوەندیدارەکاندا بووە.
کۆمپانیاکەمان زۆر باش دەزانێت کە پاڵنەری بڵاوکردنەوەی ئەو ڕاپۆرتە و وتەکانی ناوبراو لەم کاتەدا لە کوێوە سەرچاوەی گرتووە و مەبەستی چییە!
ئەمە یەکەمجار نییە کە ئەم بەڕێزە بانگەشەی خراپ و تۆمەتی ناڕەوا و تەشهیر ئاراستەی کۆمپانیاکەمان و پڕۆژەی چەرموو سیتی دەکات، لێرەوە بە پێویستی دەزانین کە خوێنەری ئەم ڕوونکردنەوەیە بزانێت کە لە ڕابردوودا هەستاوین بە تۆمارکردنی داوایەکی یاسایی بە ژمارە (٧٩٩/ب/٢٠٢٥) لە دادگای بەرایی سلێمانی/٣ لەسەر ناوبراو و چەند کەسێکی تر لە (گرووپی ڕا)، چونکە ناوبراوان لەو کەیسەدا بە هەمان شێوە کۆمەڵێک بانگەشە و تۆمەتی ناڕەوایان ئاراستەی کۆمپانیاکەمان و پڕۆژەی چەرموو سیتی کردووە.
بۆیە هەر زوو لە مەرام و مەبەستی ناوبراو تێگەیشتین، و لە ڕووی لۆژیک و ژیرییەوە ئاشکرایە کاتێک کەسێک کێشەیەکی هەبێت لەگەڵ لایەنێکی تردا و داوای لەسەر تۆمار کرابێت، بەدڵنیاییەوە بەدوای دەرفەتێکدا دەگەڕێت تاوەکو بە هەر شێوازێک بێت تۆمەتی ناڕاستی بداتەپاڵ و تۆڵەی لێ بکاتەوە.
بەدڵنیاییەوە هەرچۆن لە ماوەی ڕابردوودا بە بەڵگە و یاسا ڕووبەڕوویان بووینەتەوە، بۆ ئەم بابەتەش پشت بە خودای گەورە هەروا دەکەین و ئەمڕۆ یان سبەی ڕاستییە زانستی و واقیعییەکان بۆ کۆمەڵانی خەڵکی کوردستان و قەزای (چەمچەماڵ)ی کارەساتبار یەکلادەبنەوە، ئەوانەش کە چاویان بە ئێمە و پڕۆژەکانمان هەڵنایەت و هەڵگری کۆنەقینن لەگەڵماندا، هیچیان بۆ نامێنێتەوە.
لە خوارەوە بە چەند خاڵێک ڕوونی دەکەینەوە کە ئەوەی (وریا عەبدولخالق) وتوویەتی و باسی کردووە ڕاست نییە و نازانستییە و پێچەوانەی واقیعی حاڵ و تۆپۆگرافی زەویی ناوچەکەیە:
١/ زەویی تۆپۆگرافی ناوچەکە:
ناوبراو لە ڕاپۆرتەکەیدا باسی "شیوی ژمارە ٣" دەکات، لەکاتێکدا بەپێی وێنەی مانگی دەستکرد و واقیعی حاڵی شوێنەکە، شیوێک نییە بە ناوی شیوی ژمارە ٣، بەڵکو ئەوەی ئەو بە شیوی ژمارە ٣ دیاری کردووە بریتییە لە بەرزی. لێرەدا ئەو پرسیارە دروست دەبێت: لە کوێی دونیادا هەبووە شوێنێک گرد بێت و بە شیو ناوی بهێنێت؟؟؟ و بۆ بەڵگەش هەر کەس بیەوێت دەتوانێت لە ڕێگەی وێنەی مانگی دەستکردەوە ئەو وێنانە تەماشا بکات کە پێش ڕووداوەکە بوون.
لەگەڵ ئەم خاڵەدا و بۆ پشتڕاستکردنەوەی وتەکانمان وێنەی ژمارە (١)مان داناوە.
(وێنەی ١: شوێنی چەمی ژمارە ٣ کە بریتییە لە بەرزی).
٢/ شیوی ژمارە (٢):
یەکێکی دیکە لەو شیوانەی کە ناوبراو لە ڕاپۆرتەکەیدا ئاماژەی پێداوە کە گوایە بە ئاراستەی چەرموو سیتییە و پڕکراوەتەوە، ئەمەش بەهەمان شێوە لە ڕووی واقیعی حاڵ و وێنەی مانگی دەستکردەوە دەردەکەوێت کە وتەکانی ناوبراو ناڕاستن بەم بەڵگانەی خوارەوە:
• أ- بە هیچ شێوەیەک ئاراستە و ڕێڕەوی شیوی ژمارە (٢) بەرەو پڕۆژەی چەرموو سیتی نییە، بەڵکو ئەو شیوە بە تەنیشت پڕۆژەکەدا تێدەپەڕێت، و بە دیاریکراوی شیوی ٢ دەکەوێتە نێوان پڕۆژەی چەرموو سیتی و گەڕەکی شۆڕش. وێنەکانی مانگی دەستکرد و واقیعی حاڵ ئەمە پشتڕاست دەکەنەوە و دەریدەخەن کە وریا عەبدولخالق بەمەبەست ئەم چەواشەکارییانەی باس کردووە. ئەگەر نا، دانیشتووانی چەمچەماڵ بەگشتی و بەدیاریکراوی نیشتەجێبووانی پڕۆژەکە باش دەزانن کە ئاراستەی ئەو شیوی (٢)ە بەرەو پڕۆژەی چەرموو سیتی نییە و ئەم قسەیە دوورە لە ڕاستییەوە. بۆ زانیاری زیاتر دەکرێت سەرنجی وێنەی ژمارە (٢) بدرێت.
• ب- شیوی ژمارە ٢ پڕ نەکراوەتەوە و لە کاتی کارەساتی لافاوەکەدا ئاوی باراناو پێیدا تێپەڕ بووە.
(وێنەی ٢: شوێنی چەمی ژمارە ٢ کە ئاراستەکەی بە تەنیشت چەرموو سیتییە).
٣/ دروستکردنی ساتر و لێدانی خەندەق:
ئەم برادەرە تۆمەتی دروستکردنی ساتر و پڕکردنەوەی شیوەکان و لێدانی خەندەقی داوەتە پاڵ کۆمپانیاکەمان. لەگەڵ ئەوەی کە کۆمپانیاکەمان لە کۆنەقینی ناوبراو تێدەگات، بەڵام بە دڵنیاییەوە بانگی دەکەینە بەردەم دادگا و دەبێت بیسەلمێنێت بە دیاریکراوی کە کۆمپانیای بەڕێز ساتر و خەندەقی لێداوە و شیوەکەی پڕکردووەتەوە، و ئەگەر نا دەبێت سزای یاسایی خۆی لەو بارەیەوە وەربگرێت، چونکە کۆمپانیاکەمان دوور و نزیک ئەو بابەتە ڕەت دەکاتەوە.
وە بەپێی یاساش ئەو کەسەی کە بانگەشەی شتێک دەکات پێویستە بەڵگە بۆ بانگەشەکەی بهێنێتەوە، ئەگەر نا قسە و بانگەشەکانی بە پووچەڵ و بێبەها سەیر دەکرێت.
لە کۆتاییدا بۆ ڕای گشتی ڕووندەکەینەوە کە کۆمپانیاکەمان پڕۆژەی چەرموو سیتی جێبەجێ کردووە بەپێی "سایت پلان"ی پەسەندکراو لەلایەن لایەنە پەیوەندیدارەکانەوە، کە تێیدا ڕەچاوی لایەنی ئەندازیاری و هونەری و ئاو و ئاوەڕۆ بەگشتی کراوە لە هەموو ڕوویەکەوە.
وە کۆمپانیاکەمان هیچ بڕگەیەکی جێبەجێ نەکردووە بەبێ وەرگرتنی ڕەزامەندی لایەنە پەیوەندیدارەکانی ناوچەکە.

 


 

 

هۆکاری زانستی لافاوەکەی چەمچەماڵ

وریا عەبدولخالق


خەندەق و بەربەست  بەڕووی ڕێڕەوی سروشتی ئاودا دروستکراوە 
وەبەرهێنەرێک ۹۰۰ مەتر خەندەق و بەربەستی دروست کردوە
لەکۆی چوار شیوی سروشتی کۆتای بە سێ شیو هێنراوە 
  زیادەڕۆی و پڕکردنەوەی ڕێڕەوی ئاو کارەساتەکەی گەورەتر کرد
 لافاوەکەی ڕۆژی ۹ی ئەم مانگەی چەمچەماڵ هۆکارەکەی شێواندنی سروشت و تێکدانی ڕێڕەوی سروشتی ئاو بوو و بۆ یەکەمجار لافاو پێچەوانەی واقیع و  سروشت سێ بەرزترین گەڕەکی چەمچەماڵی گرتەوە و ئاوی هاتوو بۆ ئەو گەڕەکانە لە سەرەوە نەهاتووە بەڵکو لەلاوە هاتوە .
لە کۆنەوە لەبناری مەقان چوار شیو و ڕێڕەوی ئاوی هەبووە شیوی یەکەم سەرڕێژی بەنداوەکەی مەقانی خراوەتە سەر لە سەروی ناحیەی شۆڕشەوە بۆ نزیک گۆڕستانی وەسمان غەزال ڕۆیشتووە.
شیوی دووەم و سێیەم بە ئاڕاستەی کۆمپانیای بەڕێز هاتووە 
شیوی چوارەم ئەو ڕێڕەوەیە بەنداوەکەی لەسەر دروستکراوە و لە پشتی مۆنۆمێنتی ئەنفال هاتووە و لە لێواری ڕێگای کەرکوک سلێمانی درێژ دەبێتەوە تا پردی نێوان چەمچەماڵ شۆڕش .
بڕوانە وێنەی (1)


ماوەی چەند ساڵێکە  شیوی یەکەم زیادە ڕۆی دەکرێتە سەری و لە چەند شوێنێک قەنتەرەو ڕێگای لەسەر دروستکراوەو ڕێگای ئاو گیراوە و لە ڕۆژی لافاوەکە لە شوێنێکدا بەهۆی حەسر بوونی ڕێڕەوەکە ئاڕاستەکەی بۆ ناو شیوی چوارەم گۆڕاوە .
بڕوانە وێنەی (2)


شیوی دووەم و سێیەم چەند ساڵێکە هەوڵی پڕکردنەوەیان دەدرێ و تاڕادەیەک کۆتاییان پێ هێنراوە لە پێناو پڕۆژەیەکی نیشتەجێبوون و بەردەوام هەوڵی پڕکردنەوەیان دەدرێت و ساتر لەسەروی ماڵەکانی کۆمپانیای بەڕێز دروستکراوە و قورسای ئاو بۆ شیوی یەکەم گۆڕدراوە .
بڕوانە وێنەی (3) و(4)


شیوی دووەم جگە لە بەربەست کردنی بەساتری خۆڵ بەردەوام پڕ دەکرێتەوە و لە ئێستادا بە ئاشکرا هەست بەوە دەکرێت و بە سەدان گەڵابە خۆڵ پڕ کراوەتەوە.
 بڕوانە وێنەی (5) و (6)

 


ئاڕاستەی شیوی دووەم وابووە بۆ نێوان کۆمپانیای بەڕێز و ناحیەی شۆڕش چووە و دوای پڕ کردنەوەی ساتری خۆڵ لە پشت و سەروی کۆمپانیای بەڕێز دروست کراوە .
 وێنەی (7)و(8

شیوی سێیەم  کە ڕووی لە خانوەکانی کۆمپانیای بەڕێز دەکردبەهەمان شێوەی شیوی دووەم پڕ کراوەتەوەو ساتر دروست کراوە .
وێنەی (9)

 

شیوی چوارەم درێژکراوەی ئەو دۆڵە سەرەکیەیە کە بەنداوی مەقانی لەسەر دروستکراوە و ماوەی چەندین ساڵە بەهۆی دەرهێنانی تێکەڵە لە سەروی بەنداوەکە و دروستکردنی باخ و خانو لە تەنیشت و خوار بەنداوەکە پڕ دەکرێتەوە بەجۆرێک هەر خۆڵ و کۆنکرێت و پاشماوەی ڕوخاندنی هەر بینایەک لە چەمچەماڵ هەبێت دەبرێت بۆ ئەو دۆڵەو ڕێڕەوی دۆڵەکەی پێ پڕ دەکرێتەوە و دەکرێتە زەوی و دەکرێتە باخ و خانوو .
وێنەی (10) و (11) و (12)

 


لە نێوان خانوەکانی کۆمپانیای بەڕێز و گەڕەکی مۆفەریەکانی ناحیەی شۆڕش بەدرێژای ۹۰۰ مەتر خەندەق و ساتر لێدراوە بەهێڵی ڕاست و بووەتە بەربەست و شێواندنی ڕێڕەوی سروشتی و خەندەقەکە جیاکردنەوەی زەویەکە بۆ وەبەر هێنەرێک بەناوی مەلایاسین و بۆڕی ئاوی دوکان چەمچەماڵ دەداتە ناو زەویەکەدا و لە پێناو سەرمایەدارێک کە پڕۆژەیەکی نیشتەجێبوونی پڕ کەم وکوڕی هەیە بە درێژای نزیکەی کیلۆمەترێک ڕێگای سروشتی ئاو شێوێنراوە بۆ پڕۆژەی دووەمی.
وێنەی (13) و(14)و (15)

 


شیوی چوارەم کە بەو هۆکارانەی سەرەوە  ئاوی  سێ شیوەکەی تری بۆ زیاد بووە لە  خوار مۆنۆمێنتی ئەنفال تا پردی  شۆڕش دوو بەنزینخانەو سێ ڕێگا بۆ خانوەکانی کۆمپانیای بەڕێز ڕێڕەوەیەکەیان تەسک کردوەتەوە 
وێنەی (16) و (17)

 

 


دەرئەنجام زۆرینەی ئەو ئاوەی ڕووی لە گەڕەکەکانی چەمچەماڵ کردوە لە ڕێگای سلێمانی کەرکوک سەرکەوتووە و لە مۆنۆمێنتی ئەنفال بۆ گەڕەکی ئاسودە و ڕووی لە ئاسایشی ڕۆژئاوا کردوەو دیواری  گەراجەکەی ئاسایشی لە هەردوو دیو ڕوخاندوە و ئاو بۆ لای مزگەوتی سالار فەقێ لەگەڕەکی ئاسودە و دواتر بۆ گەڕەکی ٤٨ مامۆستایان ڕۆیشتووە.
وێنەی (18)


لەخوار مۆنۆمێنت و لە بەرامبەر خانوەکانی کۆمپانیای بەڕێز ئاو بەسەر ڕێگای کەرکوک سلێمانیدا پەڕیوەتەوە و بەرەو کۆگای ئامەد لەگەڕەکی سێگۆسەکە و دواتر هاتوەتە سەر دووسایدی پشتی دادگا و ڕوو لە کتێبخانە و ناوبازاڕ .
وێنەی (19)


لە دووسایدی ڕۆیشتوو بۆ کۆمپانیای بەڕێز جارێکی تر ئاو سەر ڕێگای کەرکوک سلێمانی کەوتووە و لای نەخۆشخانەی جەمالی حاجی عەلی و مەکۆی گۆڕان ڕووەو گەڕەکی ڕاپەڕین ڕۆیشتووە .
وێنەی (20)


شیوی یەکەم لە چەند شوێنێک بەهۆی ڕێگا گرتنەوە ئاوەکەی ڕوەو گەڕەکی مۆفەریەکان ڕۆیشتووە و بەردەوام بووە تا گەڕەکی پیریادیەکان .
وێنەی (21)


بەنداوی مەقان و شیوی سەرەکی مۆفەر توشی کارەساتی گەورە بوون و دەریاچەی بەنداوەکە ئەوەندە بەرتەسک بوەتەوە بەشی ئەوەندە ئاو ناگرێت هەموی بەردەیتەوە بگاتە ناو چەمچەماڵ و لە پشتی بەنداو بەدوری ۷۰ مەتر خانو هەیە .
وێنەی (22)و(23)


ئەگەر بەپەلە ڕێڕەوی ئاوەکان چاک نەکرێنەوە  هەمان کارەسات لە زستان و بەهار ڕوودەداتەوە و پێویستە بەزوویی لێپرسینەوە بکرێت و ڕێڕەوی ئاوەکان چاک بکرێنەوەو ئاو بەسروشتی خۆی بڕوات .
تێبینی:
ئەم نوسینە لەسەر بنەمای ئەندازیاری و زانستی نوسراوە و هەرکەس و لایەنێک ویستی دەتوانرێت مەیدانی ڕاستیەکانی پیشان بدەین.
بەهیوام ڕاستیەکان نەشێوێنرێن و لێکۆڵینەوەیەکی هەمە لایەن بکرێت و بەپەلە چارەسەری ئەو دۆخە بکرێت و سزای ئەوانە بدرێت کە هۆکارن و مانەوەی دۆخی ئێستا مەترسیەکی گەورەیە لە زستان و بەهاری ئەمساڵ

 

بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار
مافی به‌رهه‌مه‌كان پارێزراوه‌ بۆ دره‌و
Developed by Smarthand