بەئامانجگرتنی ژێرخانی وزە لە هەرێمی کوردستان (2018 - 2025)
2025-12-09 18:17:24
درەو:
ڕاپۆرتی فەرمانگەی میدیاو زانیاری حکومەتی هەرێمی کوردستان
🔻 کەرتی وزە لە هەرێمی کوردستان، ڕووبەڕووی زنجیرەیەک بەئامانجگرتنی سیستماتیکیی بووەتەوە بە بەکارهێنانی تەکنەلۆژیای سەربازیی پێشکەوتوو. سروشتی ئەم ڕووداوانە لە بێزارکردنی سنووردارەوە لە ساڵی 2018، گۆڕدراوە بۆ لێدانی ورد بە بەکارهێنانی مووشەکی بالیستی و فڕۆکەی بێفڕۆکەوان (Drones) تا ساڵی 2025. هێرشەکان بۆ چوار قۆناغی جیاواز دابەش دەکرێن، ئەوانیش گۆڕانکاریی لە جۆری چەک و ئامانجەکان نیشان دەدەن، بە جۆرێک؛
🔹 قۆناغی یەکەم (2018-2021): قۆناغی هێرشی پچڕپچڕ و بە بەکارهێنانی مووشەکی "کاتیۆشا" بۆ سەر دەوروبەری کێڵگەکان و بەئامانج گرتنی پاڵاوگەکان، بەبێ زیان گەیاندن بە ژێرخان.
🔹 قۆناغی دووەم (2022): تێیدا مووشەکی بالیستیی قورس دژی ماڵی وەبەرهێنەرانی کەرتی وزە بەکارهێنرا. وەک بۆردومانکردنی ماڵی وەبەرهێنەر باز کەریم بەرزنجی لە کەرتی وزە (بەڕێوەبەری جێبەجێکاری گرووپی کار) بە 12 مووشەکی بالیستی لە 13ی ئازاری 2022 هەروەها بەئامانجگرتنی پاڵاوگەی "کەڵەک" بە مووشەکی گراد و درۆن، نیسان و ئایاری 2022.
🔹 قۆناغی سێیەم (2023-2024): بەئامانجگرتنی ڕاستەوخۆی ژیان و بەرهەمهێنان، وەک بۆردومانێکی بالیستی بۆ سەر ماڵی بازرگان "پێشڕەو دزەیی" بەرێوەبەری جێبەجێکاری گرووپی فالکۆن، گیانلەدەستدانی ناوبراو لە 15ی کانوونی دووەمی 2024 و یەکەم لێدان بۆ سەر کێڵگەی گازی "کۆرمۆر" بە درۆنی بۆمبڕێژکراو، کە بووە هۆی کوژرانی 4 کارمەندی بیانی و ڕاگرتنی کاتیی کارەکان لە 26ی نیسانی 2024.
🔹 قۆناغی چوارەم (2025): ئامانجی پەکخستنی تەواوەتی کەرتی کارەبا ونەوت و (هێرشی پۆلە-درۆن) بۆ سەر 5 کێڵگەی نەوتی (خورمەڵە، سەرسەنگ، پێشخابوور، تاوکی و شێخان) کە بووە هۆی پەکخستنی بەرهەمهێنانی نزیکەی 220 هەزار بەرمیل نەوتی ڕۆژانە لە تەممووزی 2025. هێرشێکی ورد بۆ سەر کۆگای گازی شلی ماڵان (LPG) لە کێڵگەی کۆرمۆر لە 26ی تشرینی دووەمی 2025.
پێشەکی
کەرتی وزە لە هەرێمی کوردستان، كە بەشێکی دانەبڕاو و گرنگی سیستەمی وزەی نیشتمانیی هەرێم و عێراق تەنانەت جیهانیش، ڕووبەڕووی زنجیرەیەک بەئامانجگرتنی سیستماتیکیی بووەتەوە بە بەکارهێنانی تەکنەلۆژیای سەربازیی پێشکەوتوو. سروشتی ئەم ڕووداوانە لە بێزارکردنی سنووردارەوە لە ساڵی 2018، گۆڕدراوە بۆ لێدانی ورد بە بەکارهێنانی مووشەکی بالیستی و فڕۆکەی بێفڕۆکەوان (Drones) تا ساڵی 2025.
ئامانجی ئەم ڕاپۆرتە، خستنەڕووی قەبارەی زیانە ماددی و مرۆییەکانن، شیکردنەوەی جۆری چەکە بەکارهێنراوەکان و تیشک خستنەسەر ئەو بەربەستانە کە لە سەرانسەری وڵاتدا، ڕووبەڕووی ئاسایشی وزە و ژینگەی وەبەرهێنان دەبنەوە، بە دوور لە هەر خوێندنەوەیەکی سیاسی.
یەکەم: زنجیرەی کات و پەرەسەندنی جۆری بەئامانجگرتن
بە گشتی هێرشەکان بۆ چوار قۆناغی جیاواز دابەش دەکرێن، گۆڕانکاریی لە جۆری چەک و ئامانجەکان نیشان دەدەن:
قۆناغی یەکەم (2018-2021): ئەم قۆناغە بە هێرشی پچڕپچڕ و ناورد بە بەکارهێنانی مووشەکی "کاتیۆشا" دەوروبەری کێڵگەکان و پاڵاوگەکانی دەکردە ئامانج، بەبێ ئەوەی زیان بە ژێرخانەکە بگەیەنێت.
قۆناغی دووەم (2022): ساڵی 2022 خاڵێکی وەرچەرخان بوو، تێیدا مووشەکی بالیستیی قورس دژی ماڵی وەبەرهێنەرانی کەرتی وزە بەکارهێنرا:
• 13ی ئازاری 2022: بۆردومانکردنی ماڵی وەبەرهێنەر باز کەریم بەرزنجی لە کەرتی وزە (بەڕێوەبەری جێبەجێکاری گرووپی کار) بە 12 مووشەکی بالیستی، کە بووە هۆی وێرانبوونی تەواوەتیی ماڵە نیشتەجێبوونەکە، ئەمەش پێشینەیەک بوو بۆ هەڕەشە لە سەرمایەی نیشتمانی.
• نیسان و ئایاری 2022: بەئامانجگرتنی پاڵاوگەی "کەڵەک" بە مووشەکی گراد و درۆن، لە ناوچە نزیکەکانی "دەشتی نەینەوا"وە هەڵدرابوون و زیانیان بە کۆگاکانی سووتەمەنی گەیاند.
قۆناغی سێیەم (2023 -2024): بەئامانجگرتنی ڕاستەوخۆی ژیان و بەرهەمهێنان
• 15ی کانوونی دووەمی 2024: بۆردومانێکی بالیستی بۆ سەر ماڵی بازرگان "پێشڕەو دزەیی" بەرێوەبەری جێبەجێکاری گرووپی فالکۆن، کە بووە هۆی گیانلەدەستدانی ناوبراو و ئەندامانی خێزانەکەی (لە نێویاندا کچە ساواکەی) و میوانە سیڤیلییەکان.
• 26ی نیسانی 2024: یەکەم لێدان بۆ سەر کێڵگەی گازی "کۆرمۆر" بە درۆنی بۆمبڕێژکراو، کە بووە هۆی کوژرانی 4 کارمەندی بیانی و ڕاگرتنی کاتیی کارەکان.
قۆناغی چوارەم (2025): ئامانجی پەکخستنی تەواوەتی کەرتی کارەبا ونەوت
• تەممووزی 2025 (هێرشی پۆلە-درۆن): 5 کێڵگەی نەوتی (خورمەڵە، سەرسەنگ، پێشخابوور، تاوکی و شێخان) ڕووبەڕووی هێرشی هاوکات بوونەوە، کە بووە هۆی پەکخستنی بەرهەمهێنانی نزیکەی 220 هەزار بەرمیل ڕۆژانە.
• 26ی تشرینی دووەمی 2025: هێرشێکی ورد بۆ سەر کۆگای گازی شلی ماڵان (LPG) لە کێڵگەی کۆرمۆر.
دووەم: پاشکۆی داتا
خشتەکان


