بە تۆمەتی سیخوڕییکردن، دوو ئێرانی لە واشنتۆن دەستگیركران
2018-08-22 11:47:55
(درەو میدیا):
دەسەڵاتدارانی ویلایەتە یەكگرتووەكانی ئەمریكا دوو كەسی ئێرانییان دەستگیركرد كە یەكێكیان رەگەزنامەی ئەمریكای هەیە و تۆمەتی سیخوڕیكردن بۆ حكومەتی ئێرانیان ئاراستەكرا، بەهۆی ئەوەی ئەو دوو كەسە زانیارییان دەربارەی ئۆپۆزسیۆنی ئێران كۆكردوەتەوە بە نهێنیش وێنەی دامەزراوەی جولەكەكانیان گرتووە.
بە گوێرەی چەند بەڵگەنامەیەكی دادگا كە وەزارەتی دادی ئەمریكا رۆژی دووشەممە بڵاویكردەوە، تۆمەتی سیخوڕیكردن ئاراستەی هاوڵاتی ئەمریكی- ئێرانی " ئەحمەد رەزا محەمەدی دۆستدار" " 38 ساڵ كە لە ئێران نیشەجێیە كراوە ، لەگەڵ هاوڵاتی ئێرانی مەجید قوربانی " 59 ساڵ" كە لە كالیفۆرنیا دادەنیشێت، هەردوو كەسەش چاودێری دامەزراوە كانی جووەكانیان كردووە و هەوڵیانداوە لە دەرەوە دزە بكەنە نێو ریزەكانی رێكخراوی موجاهدینی خەلقەوە.
ئەو دوو كەسەش نۆی ئەم مانگە دەستگیركراونن بەڵام ئەو تۆمەتانەی كە ئاراستەیانكراوو ئاشكرانەكرا تا رۆژی دووشەممە دادگایەكی واشنتۆن بڵاویكردەوە.
بە گوێرەی پەڕاوی تۆمەتباركردن، دۆستدار تەمموزی 2017 چووەتە شیكاگۆ و كارمەندانی نوسینگەی لێكۆڵینەوەی فیدراڵی " FBI" چاودێریان كردووە كە سەرقاڵی وێنەگرتنی هەردوو ناوەندی " هێلیل سەنتەر " و " رۆر شاباد هاوس"ی جووەكان بووە لە نزیك زانكۆی شیكاگۆ. پاشان دۆستدار روویكردوەتە كالیفۆرنیا و لەگەڵ قوربانیدا كۆبووەتەوە كە پێدەچێت یەكەمین دیداریان بووبێت.
دوای دوو مانگ قوربانی چوەتە نیویۆرك و بەشداری گردبووەنەوەەیەكی لایەنگرانی موجاهدینی خەلقی كردووە و وێنەی ئامادەبووانی گرتووە.
هەروەها لە كانوونی یەكەمدا دۆستدار جارێكی تر گەڕاوەتەوە بۆ كالیفۆرنیا، بۆئەوەی ئەو زانیاریانەی دەستبكەوێت كە قوربانی لەسەر موجاهدینی خەلق كۆیكردونەتەوە.
بە گوێرەی پەڕاوی تۆمەتەكانن نوسینگەی لێكۆلێنەوەی فیدراڵی گفتوگۆی نێوان ئەو دوو ئێرانییەی تۆماركردووە و دەركەوتووە كە دۆستدار، قوربانیی ئاگاداركردوەتەوە لەوەی فەرمانی لە تارانەوە پێگەیشتووە بۆ ئەوەی ئەو زانیارییانە كۆبكاتەوە و قوربانیش چۆنێتی هەوڵی خۆی بۆ دزەكردنە نێو ریزەكانی ئۆپۆزسیۆنەوە بۆ گێڕاوەتەوە.
لە مانگی ئازار و نیساندا، قوربانیی دەگەڕێتەوە بۆ ئێران، بۆئەوەی بەرپرسانی رژێمەكەی لەو زانیاریانە ئاگاداربكاتەوە لەو زانیارییانەی لەسەر موجاهدینی خەلق كۆیكردوونەتەوە و پاشان لیستێك ئەركی نوێی پێسپێردراوە.
لە مانگی ئایاریشدا قوربانی ئامادەی كۆنگرەیەكی بوو كە موجاهدینی خەلق لە واشنتۆن سازیكردووە و وەك ئەندامێكی وەفدی كالیفۆرنیا بەشداریكردووە و وێنەی ئامادەبووانی گرتووە.
ئەو تۆمەتانەی ئاراستەی دۆستدار و قوربانی كراون بریتین لە سیخوڕیكردن بۆ حكومەتی ئێران لەگەڵ پێشكەشكردنی خزمەتگوزاریی كە سزا سەپێندراوەكانی سەر تاران پێشێلدەكەن.
سەرچاوە: فرانس پرێس