ئەمریكا مەرجەكانی توركیا بۆ ئازادكردنی قەشەكە رەتدەكاتەوە
2018-08-20 13:11:37
(درەو میدیا):
واشنتۆن پێشنیازێكی ئەنكەرەی بۆ ئازادكردنی مەرجداری قەشە برانسۆن ڕەتكردەوە.
ڕۆژنامەی (وۆڵ ستریت ژۆڕناڵ)ی ئەمریكی لە ژمارەی ئەمڕۆیدا ئاشكرایكرد" حكومەتی توركیا ئامادەیی نیشانداوە بۆ پوچەڵكردنەوەی ئەو تۆمەتانەی ئاڕاستەی قەشە ئەندرۆ برانسۆنی كردووە و ئامادەیە ئازادی بكات".
بەپێی قسەی رۆژنامەكە، بەڵام لەبەرامبەر ئازادكردنی قەشەكەدا توركیا داوا لە ویلایەتە یەكگرتووەكانی ئەمریكا لێكۆڵینەوەكانی لە دۆسیەی (هاڵك بانكی) توركی بوەستێنێت و سزای ئەو ملیارد دۆلارەی لەسەر هەڵوەشنێتەوە كە بەتۆمەتی تێوەگلان لەشتنەوەی پارە لە بەرژەوەندی ئێران، ئەگەری زۆرە بەسەریدا بسەپێنێت.
رۆژنامەكە باسی لەوەكردووە، وەفدەكەی توركیا كە ڕۆژی 8 ئەم مانگە بە سەرۆكایەتی سیدات ئۆنال لە واشنتۆن دانوستانیان لەگەڵ بەرپرسانی ئەمریكا كردووە، داوایان كردووە سزای دارایی بەسەر (هاڵك بانك)دا نەسەپێنێت، لەبەرامبەردا وەفدە ئەمریكییەكە هەڕەشەی گرتنبەری ڕێوشوێنی توندتریان لە ئەنكەرە كردووە.
(هاڵك بانك) كە توركیا دەیەوێت بیگۆڕێتەوە بە قەشە ئەمریكییەكە، یەكێك لەو بانكانەی توركیا كە پارەی فرۆشی نەوتی هەرێمی كوردستانی تێدا هەڵدەگیرا.
بڵاوبونەوەی ئەو زانیارییانە ئاماژەیە بۆ ئەوەی بەرپرسانی توركیا قەشە (برانسۆن) یان، دەستبەسەركردووە بۆ ئەوەی لەگەڵ ئەمریكییەكان مامەڵەی پێبكەن لە پرسی سەپاندنی سزا بەسەر ئەو بانكە توركییەدا، كە تۆمەتی ئەنجامدانی تاوانێكی گەورەی ئاڕاستەی كراوەو و پەیوەستە بەشتنەوەی پارە لە بەرژوەندی كۆماری ئیسلامی ئێران و پێشێلكردنی سزا ئەمریكییەكان.
ئەوە لەكاتێكدایە، محەمەد هاكان جێگری سەرۆكی (هاڵك بانك)ی توركی، سزای 42 مانگ زیندانی لە ویلایەتە یەكگرتووەكانی ئەمریكا بەسەردا سەپێنراوە، بەتۆمەتی شتنەوەی پارەو ڕەوانەكردنی سەدان ملیۆن دۆلار لەڕێی سیستمی بانكیی ئەمریكاوە بۆ ئێران، لەنیوان ساڵانی 2010 بۆ 2015دا.