زەردو سەوزو سور.. جۆرەكانی سكاڵای هەڵبژاردن
2025-11-08 14:18:14
(درەو):
سبەینێ دەنگدانی تایبەت بۆ هەڵبژاردنی خولی شەشەمی پەرلەمانی عێراق بەڕێوەدەچێت، رۆژی دواتر (11/11) دەنگدانی گشتییە، كۆمسیۆنی هەڵبژاردنەكان بۆ بەرچاوڕوونی، زانیاری لەبارەی تۆماركردنی سكاڵا لەسەر پرۆسەكە بڵاوكردەوە.
بەگوێرەی رێنماییەكانی كۆمسیۆن، بەمشێوەیە دەنگدەرو كاندید یاخود بریكاری حزب و هاوپەیمانێتییە سیاسییەكان مافیان هەیە سكاڵا پێشكەش بكەن؛ سەبارەت بە پرۆسەی دەنگدان و جیاكردنەوەو ژماردنی دەستیی دەنگەكان:
مەرجەكانی سكاڵا:
یەكەم: پێشكەشكردنی سكاڵا لەماوەی دوو رۆژدا، لە كاتژمێری دەستپێكردنی دەنگدانەوە دەستپێدەكات تا كۆتایی دەوامی فەرمی رۆژی دواتری دەنگدان، ئەمە بەگوێرەی فۆرمێك كە بەتایبەت بۆ ئەو مەبەستە ئامادەكراوە لە بنكەكانی دەنگدانی گشتیی و تایبەتی، ئۆفێسی پارێزگاكان، ئۆفێسی دەستەی هەرێم، فەرمانگەی نیشتمانی و بنكەكانی وردبینی.
دووەم: دەبێت سكاڵاكان نوسراو بن و ئیمزای سكاڵاكاری لەسەر بێت و ئەم زانیارییانەی خوارەوە لەخۆبگرن:
1- ناوی سكاڵاكارو ئیمزاكەی، لەگەڵ ناونیشان و زانیاری پێویست بۆ پەیوەندیكردن.
2- سكاڵاكار دەبێت شایەتحاڵی رووداوەكە بێت و ئەمە لەلایەن بەڕێوەبەری وێستگە یاخود رێكخەری بنكەكەوە لە رۆژی دەنگداندا پشتڕاستبكرێتەوە. خۆ ئەگەر سكاڵاكە پشتیوانی بەڕێوەبەری وێستگە یاخود رێكخەری لەسەر نەبوو، ئەكاتە ئەنجومەن دەسەڵاتی بڕیاردانی هەیە.
پۆلێنكردن و لێكۆڵینەوە
یەكەم: ئەنجومەنی كۆمسیارانی كۆمسیۆنی هەڵبژاردنەكان لیژنەكانی پۆلێنكردن پێكدەهێنێت، كە هەریەكەیان تایبەتمەندن بە كۆمەڵێك پارێزگاو یەكێك لە ئەندامانی ئەنجومەنی كۆمسیاران سەرۆكایەتییان دەكەن، بە ئەندامێتیی فەرمانبەرێكی یاسایی لە بەشی سكاڵاو تانەكان و، فەرمانبەرێكی پسپۆر لە كاروباری تەكنیكی بەمەبەستی تەواوكردنی پرۆسەی پۆلێنكردنی سكاڵاكان بەشێوەیەكی وردو خێرا، بەگوێرەی مەترسییان بەمشێوەیە:
ا- سكاڵای زەرد
ئەوەیە كە مەرجە شكڵی و بابەتییەكانی تێدا نییەو دەبێت دەستبەجێ رەتبكرێتەوە.
ب- سكاڵای سەوز
ئەو سكاڵایەیە كە تێیدا بانگەشەی ئەوە كراوە سەرپێچی كراوە لەلایەن كارمەندانی كۆمسیۆن یان بانگەشەی ئەوە كراوە لە رۆژی دەنگداندا بانگەشەی هەڵبژاردن هەبووە یاخود سەرپێچی رێنماییەكان كراوە لەلایەن یەكێك لەو هێزە ئەمنییانەی كە راسپێردراون بە پاراستنی بنكەكە، بەبێ ئەوەی كاریگەریی لەسەر ئەنجامی هەڵبژاردن هەبێت، ئەمە پێویستی بەوە هەیە لێكۆڵینەوەی لێ بكرێت.
ج- سكاڵای سور
ئەو سكاڵایەیە كە بابەتی سەرپێچی مەترسیدار لە خۆدەگرێت، كە رەنگە كاریگەریی لەسەر ئەنجامی هەڵبژاردن هەبێت ئەگەر هاتوو راستییەكی بسەلمێندرێت، ئەم جۆرە سكاڵایانە، لە مامەڵەكردن و بەدواداچووندا ئەولەویەتیان پێدەدرێت.
