ئەو فڕۆكەوانەی شەوی كودەتاكە ئەردۆغانی پاراست دەستگیركرا
2018-08-19 22:30:47
(درەو میدیا):
لە شەوێكی پڕ لە ئاڵۆزیی و لە دۆخێكی زۆر دژواری هاوینی 2016 دا، فڕۆكەوان یونس بۆیرس فەرمانێكی جێبەجێكرد و بە فڕۆكە " ئێف 16" ەكەی ئەركی پاراستی فڕۆكەكەی رەجەب تەیب ئەردۆغان سەرۆكی توركیای لە ئەستۆگرت بۆئەوەی بە سەلامەتی لە فڕۆكەخانەی ئەتاتورك لە ئیستانبوڵ بنیشێتەوە، سەرەڕای ئەوەی كە كودەتاچییەكان ئاسمان و بنكە سەربازییەكانیان كۆنترۆڵكردبوو.
بەڵام یونسی فڕۆكەوان كە ئەوكات بە پاڵەوان وەسفكرا، لە چوارچێوەی لێكۆڵینەوەكانی تایبەت بە هەوڵی كودەتاكەی 15 تەمموزی 2016ی توركیا دەستگیركرا.
یونس بۆیرس ( 29 ساڵ) لەگەڵ برا جمكەكەیدا ئیمری بۆیرس دەستگیركرا كە ئەویش فڕۆكەوانە و هەردووكیان لە " پڵنگەكانی هێزی ئاسمانی توركیا" پۆلی 192 لە بنكەی بالیكسیر لە ژێر فەرماندەیی ناتۆدا خزمەتدەكەن.
بە گوێرەی راپۆرتێكی رۆژنامەی " سەباح"ی سەر بە حكومەت، دادگا برا گەورەكەی ئەو دوو فرٍِۆكەوانە " ئیبراهیم بۆیرس" تۆمەتباردەكات بە تێوەگلان لە كودەتا شكستخواردووەكە لە رێگەی بەشداریكردنی لە كۆبوونەوەیەكی كودەتاچییەكاندا لە ئەكادیمیای جەنگی هێزی ئاسمانیی و رۆڵی لە دەستبەسەركردنی ئەفسەرانی سوپا لە شەوی كودەتاكەدا.
لەسەر بنەمای ئەو تۆمەتانە دەسەڵاتدارانی توركیا ئەو دوو برا فڕۆكەوانەیان دەستگیركرد، لە هەنگاوێكی تەواو پێچەوانەی ئەو بیرۆكەیەی كە یەكێكیان دەیتوانی لە جیاتی پاراستنی، موشەكێك ئاراستەی فڕۆكەكەی سەرۆك بكات.
ئەوەی مایەی ئاڵۆزیی و مشتومڕە دەسەڵاتدارانی توركیا لە مۆبایلی ئەو دوو برا فڕۆكەوانەدا ئەپلیكەیشنی " ByLock" یان نەدۆزیوەتەوە كە بە بڕوای دەسەڵاتدارانی توركیا لایەنگرانی بزوتنەوەكەی گولەن بۆ خۆبەدوورگرتن لە چاوی دەزگا ئەمنییەكان بۆ پەیوەندیكردن بەكاریانهێناوە، بەڵام سەرەڕای ئەوەش هەردوو برا فڕۆكەوانەكە یونس و ئیمری بۆیرس گومانی لایەنگریی بزوتنەوەكەی گولەنیان ئاراستەكراوە.
لە دوای كودەتا شكستخواردووەكەی تەمموزی 2016ەوە دەسەڵاتدارانی توركیا دەیان هەزار كەسیان لە دەزگا ئەمنیی و سەربازیی و دادوەرییەكان دەستگیركردووە و سەدان هەزار فەرمانبەریشیان بە گومانی ئەندامێتی و لایەنگری بزوتنەوەی گولەن لەكارەكانیان دوورخستوەتەوە.
عومەر فاروق ئیدنەر بریكاری وەزارەتی داد لە لێدوانێكیدا بۆ میدیاكانی توركیا دەڵێت:" رێوشوێنی یاساییمان بەرامبەر 445 هەزار ئەندامی ئەو بزوتنەوەیە گرتوەتەبەر" لەماوەی دوو ساڵدا.
شەوی 15ی تەمموزی 2016 ژمارەیەك ئەفسەری باڵای سوپای توركیا هەوڵیاندا لە رێگەی كودەتایەكی سەربازییەوە كۆتایی بە دەسەڵاتی ئاكپارتی و رەجەب تەیب ئەردۆغان بهێنن و چەندین بارەگا و بنكەی سەربازیان كۆنترۆڵكرد و نزیك بوو لەوەی ئەردۆغان دەستگیربكەن یان بكوژن، بەڵام هەوڵەكەیان شكستیهێنا و چەند ئەفسەرێكی تری سوپا توانیان ئەردۆغان لە هاوینەهەواری مەرمەریس بپارێزن و رزگاریبكەن.
ئەردۆغان ئەو شەوە بە پاسەوانی ئەو فڕۆكە سەربازییەی كە یونس بۆیرس كاپتنی بوو، بە سەلامەتی گەڕایەوە فڕۆكەخانەی ئەتاتوركی ئیستانبوڵ، لەكاتێكدا فڕۆكە و هێلیكۆپتەری كودەتاچییەكان بۆ كۆنترۆڵكردنی ئاسمانی وڵات لە جموجوڵدا بوون.