(درەو میدیا) ڤیدیۆیەكی دەگمەنی جەلال تاڵەبانی بڵاودەكاتەوە
2018-08-19 18:39:43
( درەو میدیا) :
"حكومەتی ناوەندی ئێران لە پرەنسیپەكانی شۆڕشگێڕیی لای داوە و، هەڵدەستێت هەندێ گروپی شەڕفرۆش لە دژی كوردە ئازادیخوازەكانی ئێران هاندەدات و، حكومەتی ناوەندی ئێران هەستاوە بە پشتیوانیی و پڕچەككردنی پارتیی دیموكراتی كوردستان عێراق بۆ ئەوەی پێكەوە هێرش بكەنەسەر كوردە شۆڕشگێڕە ئازادیخوازەكانی كوردستانی ئێران" ئەمە وتەی جەلال تاڵەبانی سكرتێری گشتی یەكێتی نیشتیمانی كوردستانە لە 1979.
ماموستا شەریف هەژاری كە كاری ساغكردنەوەی بەڵگەنامە مێژوییەكانی كورد دەكات لەناو ئەرشیفی بەریتانیدا ئەم ڤیدیۆیەی ناردووە بۆ (درەو میدیا) و وردەكاری زانیارییەكانیشی لەبارەی ڤیدیۆكەوە بەمجۆرە نوسیوە:
......................
ڤیدیۆیەكی بەڵگەنامەیی بڵاونەكراوەی ئەرشیفی بەریتانیا لەسەر مام جەلال.
پوختەی زانیاری بەڵگەنامە نهێنییەكانی ئینگلیز دەقاودەق لە بارەی ئەم ڤیدیۆ بەڵگەنامەییەوە، بەمشێوەیە خراوەتەڕوو:-
-
((ڕۆژی شەممە (بەرواری: 20-10-1979) ڕێكخراوی مافی مرۆڤ لە ئێران، دەسەڵاتدارانی ئێرانی تاوانباركرد بە لێدان و كوشتوبڕی خەڵكی سڤیلی نەتەوەی كورد، بەجۆرێك بەبێ دادگایی كردنیان بە كۆمەڵ لەسێدارەیان داوون. ئەمەش بۆ فتواكەی ڕۆژی (18-8) دەگەڕێتەوە، كە تێیدا ئایەتوڵا خومەینی (فتوای جیهادی پیرۆز)ی بۆ لەناوبردنی گشتیی نەتەوەی كورد، دەركرد، كە بە (نەتەوەی شەیتان و هێزە كافرەكان) ناوی بردن و، فتوای جیهادی پیرۆزی بۆ سڕینەوەیان دەركرد.
لەو ساتەوە، هێزە ئاسمانیی و زەمینییەكانی حكومەتە ئاینییەكەی ئایەتوڵا خومەینی بە پشتیوانی (فڕۆكە جێت و فانتۆمە شەڕكەرەكان و، هەلی كۆپتێرە ئاگرپژێنەكان و، مووشەكەكان و تانكەكان) بۆ پاكتاوی كوردەكان كە دەكەونە خۆراوای ولاتی ئێرانەوە، خراونەتە كار.
ڕێكخراوی مافی مرۆڤی ئێران ئەوەشی ئاشكراكردووە، كه: پێنج سەد كوردی مەدەنی دیلكراو، بە بێ دادگایی كردن، لەلایەن ئایەتوڵا خاڵخاڵی سەرۆكی دادگاكانی شۆڕش (پیاوەكەی دادگاكانی لەسێدارەدانی ئازادیخوازان)، فەرمانی لەسێدارەدان بەسەریاندا جێ بەجێ كراوە.
كوردەكان لەناو خۆیاندا ناكۆكن و، هێزەكانی پارتیی دیموكراتی كوردی عێراق و چەند گروپێكی تری كوردە ئیسلامییەكان و هەندێ ڕێكخراوی ماركسیش پشتیوانی لە هەڵمەتەكانی پاسەوانانی شۆڕشی ئایەتوڵا خومەینی دەكەن.
كوردەكان نەتەوەیەكن كە كلتوریان زۆر دەوڵەمەندە، هەزاران ساڵە بە درێژایی زنجیرە شاخەكانی زاگرۆس نیشتەجێن و خانە خوێی ئەو ناوچەیەن. چەندانجاریش له لایەن هۆزە كۆچەرەكان و دەسەلاتدارەكانی دەوروبەریانەوە تووشی پاكتاوكردنی نەتەوەیی و ئاینیی، بوونەتەوە.
دوێنێ كە ڕۆژی هەینیی بوو (بەرواری: 19-10-1979)، كوردەكان لە شاری سنە خۆپیشاندانیان بۆ داواكردنی مافی نەتەوەییان بە خواستی (ئۆتۆنۆمی) ئەنجام دا. بەڵام لەلایەن پاسەوانانی شۆڕش و پاسدارانەوە، خەڵتانی خوێن كران و، چەندان كەسیان لێ كووژرا و بریندار كران و، بەشێكیشیان گیران و نێردران بۆ لای (پیاوەكەی دادگاكانی لەسێدارەدانی ئازادیخوازان).
بەگوێرەی تۆماركراوەكانی بەردەستمان، كوردستان لە ڕووی جوگرافییەوە بەو خاكە دەناسرێت كە هەڵكەوتەكەی لە (باشوری خۆرهەلاتی توركیاوە) بۆ (باكوری عێراق) و (زۆرینەی خۆراوای ئێران) دەگرێتەوە.
بەڵام هەندێكی تری بەڵگەنامەی مێژوویی تۆماركراو و نەخشەی مێژووییشمان لایە كە دەیسەلمێنن خاكی كوردەكان لە ڕابردوودا، لە ڕووی جوگرافییەوە لە (شاخی تۆرۆس لە توركیا)وە بۆ (ئەرمینیای یەكێتیی سۆڤیەت) درێژ دەبێتەوە و، لە (كێوی عەرەفاتی وڵاتی ئێستای عەرەبستانی سعودیه)شەوە ڕووەو (خۆرهەلاتی سوریا) و (باكوری عێراق) و بەدرێژایی زنجیرە چیاكانی زاگرۆس لە (باكوری خۆراوای ئێرانەوە بۆ باشوری خۆراوای وڵاتی ئێستای ئێران) درێژ دەبێتەوە. ئەم ڕووبەرەش گەورەترە لە ڕووبەری ئێستای وڵاتی فەرەنسا.
لە ئێستادا، ژمارەی گشتی كورد، شانزە ملیۆن كەسن.
لە پاش شۆڕشی گەلانی ئێرانیشەوە، ناسیۆنالیزمی كوردی بەشێوەیەكەی دراماتیكی گەشەی كرد و، بەزوویی قاسملووی ڕێبەری كوردەكان ناوچەكانی خۆراوای ئێران كە كوردی تێدا نیشتەجێن، كۆنترۆڵ كرد. تموحی قاسملوو بریتیی بوو لە (خودموختاری نەتەوەیی) بۆ كوردەكان.
لە پاش فتوای جیهادی پیرۆزی خومەینی بۆ لەناوبردنی نەتەوەی كورد كە بە (نەتەوەی شەیتان) فەرمانی پیرۆزی لە دژیان دەركرد، هێزەكانی پاسەوانانی شۆڕش و پاسداران چەندین سەركەوتنیان تۆماركردو، دەستیان لە هیچ شتێك نەپاراست.
بەڵام ئێستا دۆخەكە وەختە پێچەوانە ببێتەوە، لە بەرواری (13-10-1979) هێزە پارتیزانە شۆڕشگێڕەكانی قاسملوو، هێرشیان كردە سەر بنكەی سەرەكی پۆلیس و پاسەوانانی شۆڕشی دەولەتی ناوەند لە شارۆچكەی مەهاباد. پارتیزانە كوردەكان توانیان بەرپرسی پاسەوانانی شۆڕش لە شارۆچكەكەدا بكووژن و، سێ بەرپرسی تریش بریندار بكەن.
لەوەوە، دژە هێرشی پارتیزانەكان بۆ سەر پاسداران و پاسەوانانی شۆڕش چڕتر بوویەوەو، جارێكی دیكە چەندین شارۆچكەی وەك مەهابادیان كۆنترۆڵ كردەوە و، ئێستا بەدەستیانەوەیە، بەڵام دۆخی شارەكانی وەك سنە، هەر ئاڵۆزە.
پاش ئەو زنجیرە سەركەوتنانەی پارتیزانە شۆڕشگێڕەكانی كورد، دەوڵەتی ناوەندی داوای ئاگربەستی كرد و، داریۆشی فروهەری وەزیری كاروباری دەرەوەی حكومەتی ناوەندی بۆ لای قاسملوو ڕێبەری كورد نارد، هەتاوەكوو دانوستاندن لەبارەی خواستەكانی كوردەوە بكەن.
جەلال تاڵەبانی كە كوردێكی عێراقیە و سكرتێری گشتیی یەكێتیی نیشتیمانی كوردستانی عێراقە، پێی وتین: (ئاگاداری دانوستاندنەكانی ئاشتی نێوان كورد و حكومەتی ناوەندی ئێرانه).
جەلال تاڵەبانی ئەوەشی وت: (حكومەتی ناوەندی ئێران لە پرەنسیپەكانی شۆڕشگێڕیی لای داوە و، هەڵدەستێت هەندێ گروپی شەڕفرۆش لە دژی كوردە ئازادیخوازەكانی ئێران هاندەدات و، حكومەتی ناوەندی ئێران هەستاوە بە پشتیوانیی و پڕ-چەككردنی حیزبی پارتیی دیموكراتی كوردستان عێراق بۆ ئەوەی پێكەوە هێرش بكەنەسەر كوردە شۆڕشگێڕە ئازادیخوازەكانی كوردستانی ئێران).
جەلال تاڵەبانی پێشی وتین: (سەدان خەڵكی سڤیلی كوردی ئێران لەلایەن سوپای ئێران و پارتی دیموكراتی كوردستانی عێراقەوە كووژراون و، ماڵەكانیان سوتێنراوە و، پێموایە: پرسی كورد لە ئێراندا بە هێز و هێرشكردن چارەسەر ناكرێت، بەڵكوو دەبێت لە ڕێی سیاسییەوە چارەسەر بكرێت).
-
بەرواری تۆماركردنی ڤیدیۆ بەڵگەنامەییەكە: 20-10-1979 یە.
---------------------------------------------------
ئامادەكردن و ساغكردنەوەی لە ئەرشیفی بەریتانیی: شەریف هەژاری.
وەرگێڕانی پوختەی بەڵگەنامە ئینگلیزییەكان بۆ كوردی: شەریف هەژاری.