"حزبە كوردیيەكان دەستبەرداری گوتاری نەتەوەیی دەبن دژی بەغداد"

2025-10-22 16:39:08
درەو:
رۆژنامەی"العالم الجدید" راپۆرتێكی بە ناونیشانی " بەغداد قوڵاییمانە.. نهێنی گۆڕانی بێوێنەی گوتاری سیاسی کوردی چییە؟" بڵاوكردووەتەوەو تیایدا دەڵێت:
لە گۆڕانێكی سەرنح راكێش لە دیمەنی کورددا، گوتاری توندی ناسیۆنالیستی بەرامبەر بە بەغداد پاشەكشێی كردووە، لە بەرژەوەندی تۆنێکی واقیعیتر کە داوای ئاشتەوایی و گەشەپێدانی هاوبەش دەکات، دوای هەڵمەتەكانی دنەدان و سكاڵا دووربارەكان، سەرکردە کوردەکان دەستیان کردووە بە قسەکردن لەسەر بەهێزی بەغداد وەک بەهێزی هەرێم، ئەمەش ئاماژەیە بۆ خواستێکی راستەقینە بۆ گەڕاندنەوەی هاوبەشی لەگەڵ دەوڵەتی عێراق.
ئەم گۆڕانکارییە کە لەلایەن شرۆڤەکارانەوە بە وەرچەرخانێکی ستراتیژی وەسف دەکرێت، رەنگدانەوەی پاشەكشێی متمانەی جەماوەری کوردە بە دروشمی ناسیۆنالیستی و پەرەسەندنی داخوازییەکانی خەڵک بۆ چارەسەری بەرجەستە بۆ قەیرانەکانی موچەو بژێوی، هاوکات لەگەڵ فشارە نێودەوڵەتییەکان کە پاڵ بەرەو ئارامی و یەکڕیزیەوە دەنێت.
نەوزاد لەتیف، لێکۆڵەر لە کاروباری سیاسی کورد، دەڵێت: دوورکەوتنەوەی سەرکردەکانی کورد لە گوتارێكی گرژی کوردی و هەوڵدان بۆ نزیكبونەوە لەگەڵ بەغداد بۆ چەند هۆکارێک دەگەڕێتەوە، یەکەمیان، خوێندنەوەیان بۆ شەقامی کوردییە، کە بێهیوا بووە لە گوتاری توندڕەوی ناسیۆنالیستی، کە هیچ سودێکیان لێ نەبینیوەو وەك كۆمەڵێك دروشمی دەرخ كراو تەماشا دەكرێن و چیتر كاریگەری لەسەر دەنگدەر نەماوە.
ئاماژە بەوەش دەکات، هۆکارەکەی تر خواستی جەماوەری کوردە بۆ گەڕانەوە بۆ بەغداد، بەو پێیەی هاوڵاتیان پێیان وایە حکومەتی هەرێم بەرپرسیارێتی نەدانی موچە و بەرزبونەوەی باج و نرخی سوتەمەنی لە ئەستۆ دەگرێت، ئەمەش وایکردووە حزبەكان هاوتەریب بن لەگەڵ خواستی خەڵک و لە ڕێگەی هەڵمەتى پڕوپاگەندەییەکانیانەوە، بەو پێیەی گوتار و دروشمی توندڕەوی ئیتر کاریگەری نەماوە.
هۆکاری سێیەمیش بۆ ئەوە دەگەڕێنێتەوە، گەشەسەندنی ئاشتەوایی کۆمەڵایەتی نێوان کورد و عەرەب و مەزهەبەکانی تر و پێکەوەژیان و تێکەڵبوون بووەتە هۆی پاشەكشێی گوتاری رەگەزپەرستی لای هاوڵاتیان، بەوەش لایەنەکان هەستیان بەم شتە کردووەو لەگەڵ جەماوەرەكەیان بە تۆنێکی هێوتر بەرامبەر بەغداد قسە دەكەن، بەڵكو هەوڵی نزیكبونەوە دەدەن لەگەڵ بەغدادو قسە لەبارەی دیدگایەک دەكەن بۆ چارەسەرکردنی کێشەکان.
ئاماژەش بە هۆکارێکی چوارەم و کۆتایی دەکات و دەڵێت: بوونی خواستێکی نێودەوڵەتی بەتایبەت لە ئەمریکاوە بۆ گەڕانەوەی کورد بۆ بەغداد، ئەمە ئەوەیە کە سەرکردەکانی کورد درکیان پێکردووەو پرسی جیابونەوەی سیاسی یان ئابوری سودی نیە، ئەوانەشی زەرەرمەند دەبن هاوڵاتیانن، وەک ئەوەی لە پرسی موچەدا روویدا.
حیزبە کوردییەکان بە گوتاری نەتەوەیی تایبەت بە هەرێمی کوردستانی عێراق ناسراون، گوێ بەوە نادەن لە بەغداد و پارێزگاکانی دیکە روودەدات، بەڵام دروشم و گوتاری ئەمجارەیان بەشێوەیەك جیاوازه، که له دوای یەکەم پرۆسەی هەڵبژاردنی دوو دەیه لەمەوبەرەوە بە بێوێنە دادەنرێت.
مەسعود بارزانی، سەرۆکی پارتی دیموکراتی کوردستان، نوێنەر و کاندیدەکانی حزبەکەی ئاڕاستە کردووە، خزمەت پێشکەش بە هەموو پارێزگاکانی عێراق بکەن بەبێ جیاوازی، باسی لە ئاستەنگەكان كردووە لە سەرانسەری عێراق و داوای لێکردون بەشداری بکەن لە چارەسەرکردنیان لە قۆناغی داهاتوودا، كە سەرکردەکانی حزبەکەی بە ناردنی پەیام بۆ بەغداد پێشوازیان لێكرد، بەوەی قوڵایی ستراتیژییانە، لە پاشەكشێیەكی سەرنج راكێشدا لە گوتاری نەریتی کوردی کە بەردەوام هێرشی کردووەتە سەر پایتەخت.
یەکێتی نیشتمانی کوردستان دەستەواژەی "هێزی تۆین لە بەغداد"ی وەک دروشمی بانگەشەی هەڵبژاردن دیاریكردووە، هاوکات بافڵ تاڵەبانی سەرۆکی یەکێتی دووپاتی کردەوە، حزبەکەی هەوڵی چارەسەرکردنی کێشەکانی عێراق دەدات، جەختیشی لەوە کردووەتەوە پرۆگرامی هەڵبژاردنەکانیان تەنها لە هەرێم و ناوچە کوردستانییەکاندا سنوردار نییە.
لای خۆیەوە، رێبین سەلام ئەندامی پارتی دیموکراتی کوردستان وتویەتی: ئەو پەیامانەی ئەم دواییە لەلایەن مەسعود بارزانی، سەرۆکی حزبەکەیەوە نێردراوە ئەرێنین و نمایندەی دوا دەرفەت دەکەن بۆ دامەزراندنی دەوڵەتێکی راستەقینە، کە بتوانێت لە قەیرانەکان دەربچێت و هەڵەکانی رابردوو تێپەڕێنێت.
ئەو پێی وایە هێزی بەغداد هێزی هەرێمی کوردستانە، بە پێچەوانەشەوە، لەگەڵ ئەوەشدا ئێمە دەمانەوێت پابەندبوون بە دەستورو رێزگرتن لە شەراکەت و گەڕانەوەی کورد وەک هاوبەشێک لە حوکمڕانی دەوڵەتدا هەبێت.
ئاماژەی بەوەشکردووە، لە ساڵی 1991، سەربەخۆیی تەواومان هەبوو، لە ساڵی 2003، دوای روخانی رژێمی سەدام حوسێن، گەڕانەوەمان بۆ دەوڵەتی فیدراڵی و بوونە بەشێکی سەرەکیی هەڵبژارد، ئەمەش لەبەر باوەڕمان بوو کە داهاتوومان لەگەڵ بەغد دەبێت.
وتیشی: رێز لە دەستور نەگیرا، نزیکەی 50 ماددەی تایبەت بە هەرێمی کوردستان جێبەجێ نەکرا، لە ئیدارەی دەوڵەتدا رێز لە هاوبەشی و هاوسەنگی و سازان نەگیرا، لە ساڵی 2014 بودجەی هەرێم بڕدرا، بڕیاری ستەمكارانە دژی کورد دەرچوو، ناچار بووین بڕۆین بەرەو ریفراندۆم بەهۆی مامەڵەكانیان لە دژی ئێمە.
لای خۆیەوە، غازی کاکەیی، ئەندامی یەکێتی نیشتمانی کوردستان پێی وایە، پرسی میانڕەوی لە گوتاری کورد بەرامبەر بەغداد بۆ حزبەکەی تازە نییە، یەکێتی لە مێژە بانگەشە بۆ ئەوە دەکات، هەروەها بۆ پێویستی چارەسەرکردنی هەموو کێشە هەڵپەسێردراوەکانی نێوان براو هاوبەشەكان لە وڵاتدا نەک لە ڕێگەی ناوبژیوانێکی دەرەکییەوە.
کاکەیی رونیکردووەتەوە، یەکێتی لە سەرەتای قەیرانی ئەم دواییەی نێوان حکومەتی هەرێم و حکومەتی فیدراڵیەوە کاری کردووە بۆ باشترکردنی دۆخەکە و لێکنزیککردنەوەی دیدگاکان، هەر ئەمەش بووە هۆی ئەوەی کە رێککەوتنی نەوتی لێکەوتەوە.
ئاماژەی بەوەشکردووە، یەکێتی نیشتمانی کوردستان درك بەوە دەكات کە هێزی کوردو چارەسەری کێشەکانی لە بەغدادەو هەر پەرەسەندنێک یان گرژییەک لە بەرژەوەندی ئێمەدا نییە، دەبێت بوونی خۆمان لە پایتەخت بەهێزتر بکەین، هەروەک چۆن لە سەردەمی دامەزرێنەری حزب جەلال تاڵەبانی کردمان، کاتێک لە یەکەم کەسەکان بووین کە دەوڵەتی مۆدێرنمان لە دوای ٢٠٠٣ دامەزراند.
