شارەزایەك: پەیوەندییەكانی توركیا و ئەمریكا بەرەو كۆتایی دەچێت
2018-08-19 09:05:58
(درەو میدیا):
شارەزایەكی كاروباری توركیا دەڵێت توركیا دوو قەیرانی جیاوازی هەیە و پەیوەندییەكانی نێوان ئەمریكا و توركیاش بەرەو كۆتایی دەچێت.
ستیڤ كوك، شارەزا لە كاروباری توركیا لە میانی بەشداریكردنیدا لە بەرنامەی " GPS" ی كەناڵی " CNN" وتی:" لە ژمارەیەكی زۆر پرس و دۆسییەدا دەردەكەوێت كە پەیوەندییەكانی ئەمریكا و توركیا لەسەر لێواری كۆتاییدان، هەردوو دەوڵەت بەرژەوەندیی ستراتیژی جیاوازی و ئامانجی لە پێشینەی جیاوازیان هەیە، توركەكان پەرەیان بە پەیوەندییەكانیانداوەلەگەڵ روسیا و ئەو شەڕەیان ئاڵۆزكرد كە واشنتۆن دژی رێكخراوی داعش لە سوریا بەرپایكردووە، هەروەها لە راستیشدا هاوكاریی ئێرانیان كردووە لە خۆبەدوورگرتن لەو سزایانەی كە بە ئامانجی وەستاندنی هەوڵەكانی ئێران بۆ پەرەپێدانی پرۆگرامە ئەتۆمییەكەی سەپێندراون".
كوك وتیشی:" ئێستا لە توركیا دوو قەیرانی جیاواز هەیە، قەیرانی لیرە و دۆخی خراپی ئابوری كە وڵات پێیدا تێدەپەڕێت، لەگەڵ قەیرانی پەیوەندییە دیپلۆماتییەكان لەگەڵ ویلایەتە یەكگرتووەكانی ئەمریكا، تویتەكەی دۆناڵد ترەمپ هەلی دایە سەرۆكی توركیا رەجەب تەیب ئەردۆغان بۆئەوەی لۆمەی ئەمریكا بكات و بەرپرسیارێتی ئەو دۆخەی بخاتە سەرشان كە ئابوری توركیا پێیدا تێدەپەڕێت.