Draw Media

پێگەی کورد لە حوکمڕانی عێراق 2014-2018

پێگەی کورد لە حوکمڕانی عێراق  2014-2018

2025-10-07 09:11:29


شیكاری: درەو 

بەشی پێنجەم
🔹 هەڵبژاردنی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق لە 30/4/2014، لە كۆی بازنەكاندا (20,243,283) هاوڵاتی مافی دەنگدانیان هەبوو، زیاتر لە (13) ملیۆنیان بەشداری پرۆسەكەیان كرد. ڕكابەرییەكان لە نێوان (277) لیست و قەوارەی سیاسی و (36) هاوپەیمانی بوو بە شێویەك سەرجەمیان (9,043) كاندیدیان هەبوو بۆ كێربڕكێ‌ كردن لەسەر بەدەستهێنانی (320) كورسی گشتی و (8) كورسی كەمینەكان لە هەر (18) بازنەكەدا.
🔹 لە پارێزگاكانی هەرێمی كوردستان (2 ملیۆن و 717 هەزار و 82) كەس مافی دەنگدانیان هەبووە و (2 ملیۆن و 128 هەزار و 167) دەنگیانداوە، بەرێژەی (78.3%)، تەنها (5) لیست دەنگی كورسی مسۆگەركرد، پارتی دیموكراتی كوردستان لەسەر ئاستی هەرێمی كوردستان (753 هەزار و 14) دەنگی بەدەستهێنا بەڕێژەی (35%) و بزووتنەوەی گۆڕان (472 هەزار و 503) بەدەستهێناوە بەڕێژەی (22%)، یەكێتی نیشتمانی كوردستان (496 هەزار و 536) دەنگی بەدەستهێناوە بەڕێژەی (23%)، یەكگرتووی ئیسلامی كوردستان (192 هەزار و 179) دەنگ بەڕێژەی (9%)و كۆمەڵی ئیسلامی كوردستان (140 هەزار و 771) دەنگ بەڕێژەی (7%).
🔹 كابینەی حەیدەر عەبادی لە 8/9/2014 لە پەرلەمانی عێراق متمانەی پێدرا، لەو كابینەیەدا پۆستی سەرۆككۆمار لەلایەن د. فوئاد مەعسوم و جێگری سەرۆكی ئەنجومەنی نوێنەران، ئارام شێخ محەمەد، لەگەل 62 پارلەمانتاری كورد، هەریەك لە د.رۆژ شاوە‌یس، جێگری سەرۆك وەزیران. هۆشیار زێباری، د.دەرباز محەمەد، فریاد رەواندوزی، بەیان نوری  و سامان عەبدوڵا بە وەزیر دانران.

یەکەم: هەڵبژاردنی خولی سێیەمی ئەنجومەنی نوێنەران لە 30/4/2014 و پێگەی کورد 
ئەنجامی هەڵبژاردنی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق لە 30/4/2014 لە هەژدە پارێزگاكەی وڵات بەڕێوەچوو، بۆ ئەم مەبەستەش عێراق بەپێی سنوری ئیداری پارێزگا كرابوو بە هەژدە بازنەی هەڵبژاردن، لە كۆی بازنەكاندا (20,243,283) هاوڵاتی مافی دەنگدانیان هەبوو، زیاتر لە (13) ملیۆنیان بەشداری پرۆسەكەیان كرد.
ڕكابەرییەكان لە نێوان (277) لیست و قەوارەی سیاسی و (36) هاوپەیمانی بوو بە شێویەك سەرجەمیان (9,043) كاندیدیان هەبوو بۆ كێربڕكێ‌ كردن لەسەر بەدەستهێنانی (320) كورسی گشتی و (8) كورسی كەمینەكان لە هەر (18) بازنەكەدا.
بەپێی یاسای هەڵبژاردنی ئەنجومەنی نوێنەران ژمارە (16)ی ساڵی 2005 هەمواركراوی ساڵی 2013، عێراق دابەشكرا بۆ (18) بازنەی هەڵبژاردن، هەر پارێزگایەك بەسنورە كارگێڕییەكەیەوە، بازنەیەكی هەڵبژاردنی پێكهێناو ژمارەیەك كورسی بۆ تەرخان كرا كە كۆی كورسی هەر هەژدە بازنەكە (320) كورسی و (8) كورسی تەرخانكرا بەسیستەمی (كۆتا) بۆ كەمینەكان، ئەوانیش (5) كورسی بۆ مەسیحییەكان، لە پارێزگاكانی (بەغدا، كەركوك، نەینەوا، دهۆك و هەولێر) و هەروەها (1) كورسی بۆ هەریەك لە ئێزیدی و شەبەك لە پارێزگای نەینەوا، (1) كورسی بۆ سابیئە لە پارێزگای بەغدا، تەرخانكرا.  بەڵام عێراق بەیەك بازنەی هەڵبژاردن ئەژماركرا بۆ ئەو (8) كورسییەو ڕێژەی بەشداری كەمینەكانیش كاریگەری لەسەر ژمارەی كورسییەكانیان نەبوو بەپێی هەمان یاسا. 
ئەگەر چی لە هەڵبژاردنەكانی پێشوی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق لە ساڵی 2005 كار بە سیستمی ماوەی گەورە (باقی الاقوی) و، لە 2010 كار بە سیستمی براوەی گەورە (فائز الاكبر) كرا بۆ بەدەستهێنانی كورسییەكانی ئەنجومەنی نوێنەران.
لەم هەڵبژاردنەدا بەپێی یاسای هەڵبژاردن (هەمواركراو) كار بە سیستمی سانت لیگۆ كرا بۆ بەدەستهێنانی كورسی لەسەر ئاستی بازنەی هەڵبژاردن بەشێوەیەك دەنگی لایەنە ڕكابەرەكانی هەر بازنەیەكی هەڵبژاردن دابەشكرا بەسەر (1.6، 3، 5، 7، 9،....) خاوەنی زۆرترین دەنگ كورسی یەكەم دەبات و تا دێتە سەر كورسی دووەم و سێیەم ... هتد.
لیستە براوەكانی هەڵبژاردن لەسەر ئاستی عێراق و پارێزگاكانیش، لە كۆی (364) لیست و قەوارەی سیاسی لەسەر ئاستی عێراق تەنها (31) قەوارەو لایەنی سیاسی توانیان كورسی پەرلەمانی بۆخۆیان مسۆگەر بكەن.
لە هەڵبژاردنی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراقدا، كە لە 30/4/2014 بەڕێوەچوو، لە پارێزگاكانی هەرێمی كوردستان (2 ملیۆن و 717 هەزار و 82) كەس مافی دەنگدانیان هەبووە و (2 ملیۆن و 128 هەزار و 167) دەنگیانداوە، بەرێژەی (78.3%)، بەجۆرێك لە هەولێر (936 هەزار و 557) مافی دەنگدانیان هەبووە و (744 هەزار و 489) دەنگیداوە، بە رێژەی (79%)، لە سلێمانی (ملیۆنێک و 168 هەزار و 459) كەس مافی دەنگیدانیان هەبووە و (893 هەزار و 226) دەنگیانداوە، بەڕێژەی (76%) و لە دهۆكیش كە (612 هەزار و 66) مافی دەنگدانیان هەبووە، (490 هەزار و 452) كەس دەنگیانداوە بەڕێژەی (80%). 
كۆی كورسییەكانی پارێزگاكانی هەرێم بەبێ ناوچە كوردستانیەكانی دەرەوەی هەرێم (44) كورسی بووە، بە جۆرێك هەولێر (15) كورسی، سلێمانی (18) كورسی و دهۆك (11) كورسی.
ئەگەرچی ژمارەیەكی زۆری لیست و قەوارە بەشداری هەڵبژاردنی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراقیان كرد لەو پارێزگایانە، بەڵام تەنها تەنها (5) لیست دەنگی كورسی مسۆگەركرد، بۆیە كۆمسیۆنی باڵای هەڵبژاردن تەنها دەنگی ئەوانی ئەژماركردووە، كە كورسیان هێناوە، لە تێكڕای ئەوانەی دەنگیاندا هەبوو لە سێ پارێزگاكەی هەرێمی كوردستان (2 ملیۆن و 128 هەزار و 167) كەس دەنگیداوە، بەڵام (2 ملیۆن و 55 هەزار و 3) دەنگی گشتیی ئەو هێزانەیە کە كورسییان بەدەستهێناوە، بەو پێیە پارتی دیموكراتی كوردستان لەسەر ئاستی هەرێمی كوردستان (753 هەزار و 14) دەنگی بەدەستهێنا بەڕێژەی (35%) و بزووتنەوەی گۆڕان (472 هەزار و 503) بەدەستهێناوە بەڕێژەی (22%)، یەكێتی نیشتمانی كوردستان (496 هەزار و 536) دەنگی بەدەستهێناوە بەڕێژەی (23%)، یەكگرتووی ئیسلامی كوردستان (192 هەزار و 179) دەنگ بەڕێژەی (9%)و كۆمەڵی ئیسلامی كوردستان (140 هەزار و 771) دەنگ بەڕێژەی (7%).
1.    پارێزگای هەولێر لە هەڵبژاردنی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق 2014
لە هەڵبژاردنی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق 30/4/2014، كە هەر پارێزگایە و ژمارەی كورسی دیاریكراوی خۆی هەبوو، لە پارێزگای هەولێر كە (15) كورسی لە ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق بۆ دیاریكرابوو (936 هەزار و 557) هاوڵاتی مافی دەنگدانیان هەبووە و (744 هەزار و 489) هاوڵاتیش دەنگیانداوە، لیستی پارتی دیموكراتی كوردستان  توانی (354 هەزار و 735) دەنگ بەدەست بهێنێت بەرێژەی (48%) و (7) كورسی پەرلەمانی مسۆگەر بكات، یەكێتی نیشتمانی كوردستان (168 هەزار و 688) دەنگی بەدەستهێناوە بەڕێژەی (23%) كە (4) كورسی بەدەستێنا، لیستی گۆڕان توانی (104 هەزار و 59) دەنگ بەدەستبهێنێت بەڕێژەی (14%) و (2) كورسی پەرلەمانی بەدەستهێنا، لیستی كۆمەڵی ئیسلامی (80 هەزار و 492) دەنگ بەڕێژەی (11%) و توانی (2) كورسی بەدەستبهێنێت، لیستی یەكگرتووی ئیسلامی (26 هەزار و 323) دەنگ و بەڕێژەی (4%)، بەڵام هیچ كورسییەكی لە پارێزگای هەولێر مسۆگەر نەكرد.
2.    پارێزگای سلێمانی لە هەڵبژاردنی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق 2014
لە پارێزگای سلێمانی، كە (ملیۆنێک و 168 هەزار و 459) كەس مافی دەنگدانی هەبووە و لە هەڵبژاردنی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق 30/4/2014 كە (893 هەزار و 226) كەس دەنگیانداوە، بەرێژەی (76%) و (18) كورسی لە ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراقی بۆ دیاریكرابوو، لیستی گۆڕان توانی (347 هەزار و 799) دەنگ بەدەستبهێنێت بەڕێژەی (39%) و (7) كورسی پەرلەمانی بەدەستهێنا، یەكێتی نیشتمانی كوردستان (294 هەزار و 265) دەنگی بەدەستهێناوە بەڕێژەی (33%) كە (6) كورسی بەدەستهێنا، لیستی پارتی دیموكراتی كوردستان  توانی (93 هەزار و 410) دەنگ بەدەستبهێنێت، بەرێژەی (10%) و (2) كورسی پەرلەمانی مسۆگەر بكات، لیستی یەكگرتووی ئیسلامی (81 هەزار و 392) دەنگ و بەڕێژەی (9%) و (2) كورسی مسۆگەركرد، لیستی كۆمەڵی ئیسلامی (57 هەزار و 102) دەنگ بەڕێژەی (6%) توانی (1) كورسی بەدەستبهێنێت.
3.    پارێزگای دهۆك لە هەڵبژاردنی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق 2014
لە پارێزگای دهۆك، كە (11) كورسی پەرلەمانی بەركەوت و (612 هەزار و 66)کەس  مافی دەنگدانی هەبوو، (490 هەزار و 452) هاوڵاتی دەنگیاندا، بەرێژەی (80%)، لیستی پارتی دیموكراتی كوردستان (304 هەزار و 869) دەنگی بەدەستهێنا، بەرێژەی (62%) توانی (8) كورسی پەرلەمانی مسۆگەر بكات، یەكگرتووی ئیسلامی كوردستان (84 هەزار و 464) دەنگی بەدەستهێنا، بەڕێژەی (17%) و بەدەستهێنانی (2) كورسی، یەكێتی نیشتمانی كوردستان (33 هەزار و 583) دەنگی بەدەستهێنا، بەرێژی (7) و (1) كورسی بەدەستهێنا، بەڵام بز‌ووتنەوەی گۆڕان (20 هەزار و 645) دەنگ و بەرێژەی (4%) هیچ كورسییەكی بەدەستنەهێنا و كۆمەڵی ئیسلامی (3 هەزار و 177) دەنگی بەدەستهێنا، بەرێژەی (1%) و هیچ كورسییەكی بەدەست نەهێنا. 
بەکورتی لەم خولەی هەڵبژاردن لەسەر ئاستی عێراق (35) هاوپەیمانی و لایەنی سیاسی گەیشتنە ئەنجومەنی نوێنەران و (دەوڵەتی یاسا بە سەرۆکایەتی نوری مالیکی) بە بردنەوەی (92) کورسی بە جیاوازییەکی گەورە پلەی یەکەمی هێنا.
لایەنە کوردستانییەکانیش (64) کورسییان بردەوە بە جۆرێک پارتی دیموکراتی کورستان (27) کورسی و  یەکێتی نیشتمانی کوردستان (21) کورسی و بزوتنەوەی گۆڕان (9) کورسی و یەکگرتووی ئیسلامی (4) کورسی و کۆمەڵی ئیسلامیش (3) کورسی بەدەستهێنابوو.

دووەم: پێگەی کورد لە كابینەی حەیدەر عەبادی  2014 - 2018
كابینەی حەیدەر عەبادی لە 8/9/2014 لە پەرلەمانی عێراق متمانەی پێدرا كە لە ئەنجامی هەڵبژاردنی 30ی نیسانی 2014ی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق هات، لەو كابینەیەدا سەرەڕای پۆستی سەرۆككۆمار لەلایەن د. فوئاد مەعسوم و جێگری سەرۆكی ئەنجومەنی نوێنەران، ئارام شێخ محەمەد، لەگەل 62 پارلەمانتاری كورد، هەریەك لە د.رۆژ شاوە‌یس، جێگری سەرۆك وەزیران؛
-    هۆشیار زێباری - وە‌زیری دارایی‌
-    د.دەرباز محەمەد - وەزیری كۆچ و كۆچبەران
-    فریاد رەواندوزی - وەزیری رۆشنبیری
-    بەیان نوری - وەزیری كاروباری ژنان 
-    سامان عەبدوڵا به‌ وەزیری دەوڵەت، دانران.
بەڵام بەبیانوی چاكسازی و بچوکردنه‌وه‌ی حکومه‌ته‌وه‌، حەیدەر عەبادی هەریەك لە د.رۆژ شاوە‌یس، جێگری سەرۆك وەزیران و بەیان نوری وەزیری كاروباری ژنان، سامان عەبدوڵا وەزیری دەوڵەتی ئیزندا و هۆشیار زێباری وەزیری دارایش لە پەرلەمان متمانەی لێسەندراوە. 

سێیەم: پێگەی کورد لە حوکمڕانی عێراق  2014-2018 بە داتاو گرافیک

 

خشتەکان

 

 

سەرچاوە؛ 
-    دامەزراوەی میدیایی درەو، هەڵبژاردنەکانی پەرلەمانی عێراق... کورد لە پرۆسەی حوکمڕانیدا، چاپخانەی پاندا، سلێمانی، چاپی یەکەم 2025. 
https://www.kurdipedia.org/default.aspx?q=20250918193348656697&lng=1

 

بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار
مافی به‌رهه‌مه‌كان پارێزراوه‌ بۆ دره‌و
Developed by Smarthand