پوتن لە ئاهەنگی هاوسەرگیریی وەزیری دەرەوەی نەمسادا سەمای كرد
2018-08-18 22:12:36
(درەو میدیا):
كارین كنایسڵ ، وەزیری دەرەوەی نەمسا هاوسەرگیرییكرد و بەهۆی بانگهێشتكردنی ڤلادیمێر پوتن سەرۆكی روسیاوە بۆ ئاهەنگەكەی رووبەڕووی رەخنە بووەوە.
لە ئاهەنگی هاوسەرگیری وەزیری دەرەوەی نەمسادا كە رۆژی شەممە 19ی ئاب لە هەرێمی ستیریای نەمسا بەڕێوەچوو، پوتن ئامادەبوو، پاش پێشكەشكردنی دیاریی، لەگەڵ بوكەخان " وەزیری دەرەوەی نەمسا" سەمای كرد.
ئەم هەنگاوەی وەزیری دەرەوەی نەمسای رووبەڕووی رەخنە كردەوە و سیاسییە نەیارەكانی كنایسڵ تۆمەتباریان كرد بە كاركردن دژی سیاسەتەكانی یەكێتی ئەوروپا.
پوتن لە رێگایدا بەرەو ئەڵمانیا بۆ كۆبوونەوە لەگەڵ ئەنگێلا مێركڵ، لە نەمسا وچانێكی دا و بەشداری ئاهەنگی هاوسەرگیری وەزیری دەرەوەی نەمسای كرد.
كارین كنایسڵ " 53 ساڵ" لەگەڵ سەرمایەدارێك بەناوی " ڤۆڵڤگانك میلینگەر" هاوسەرگیری كرد و ئاهەنگەكەشیان لە شارۆچكەی " گاملیتس"ی بچوكی نزیك سنوری سلۆڤینیا بەڕێوەچوو.
پوتن بە چەپێك گوڵ و بە هاوڕێتی دوو گۆرانیبێژی قۆقازی خۆی كرد بە ئاهەنگەكەی وەزیری دەرەوەی نەمسادا و گۆرانیبێژەكانیش چەند گۆرانییەكیان پێشكەشی میوانەكان كرد.
میدیاكانی روسیاش لەسەر زاری دیمیتری پیسكۆڤ وتەبێی پوتنەوە رایانگەیاند سەرۆكی روسیا، سەماوەرێكی چالێنان و عەساریەكی رۆن دروستكردنی كۆن و تابلۆیەكی بە دیاری پێشكەشی وەزیری دەرەوەی نەمسا كردووە كە ژیانی گوندنیشینەكان نیشاندەدات.
پیسكۆڤ راشیگەیاند پوتن لە ئاهەنگەكەدا بە ئەڵمانیی وتارێكی پێشكەشكردووە و لەسەر شەرەفی بوكەخان و كاكی زاواش پێكێك شەرابی نۆشیوە.
كارین كنایسڵ كە كەسایەتییەكی ئەكادیمی سەربەخۆیە، لەلایەن پارتی ئازادی راستڕەوی توندڕەوەوە كە هاوبەشە لە حكومەتی ئیئتیلافی وڵاتدا وەك وەزیری دەرەوە دیاریكراوە.
ماوەی زیاتر لە هەفتەیەكە بانگهێشتكردنی پوتن بۆ ئەو ئاهەنگی هاوسەرگیرییە لە نێو میدیاكانی نەمسادا مشتومڕی دروستكردووە و ئەندامانی پارتی سەوزی نەمسا لەوانە بوون كە رەخنەیان لەو هەنگاوەی وەزیری دەرەوە گرت و داوایان لێكرد دەستلەكاربكێشێتەوە.
هەندێك كەسایەتی سیاسیش سكاڵایان لەو خەرجییە هەبوو كە بەهۆی سەردانەكەی پوتن و گرتنبەری رێوشوێنی ئەمنیی توندەوە لەسەر شانی هاوڵاتیانی نەمسا دەكەوێت كە باج بە حكومەت دەدەن.
دوای بەشداری لە ئاهەنگەكەی وەزیری دەرەوەی نەمسا، سەرۆكی روسیا گەیشتە بەرلینی پایتەخی ئەڵمانیا و لەگەڵ ئەنگێلا مێركڵ راوێژكاری ئەڵمانیا چەند پرسێكی جێی بایەخی هەردوولایان تاوتوێكرد.ز
سەردانەكەی پوتن بۆ ئەڵمانیا لە كاتێكدایە بەرلین لەلایەن ئەمریكاوە گوشاری زۆری خراوەتەسەر بۆئەوەی پرۆسەی راكێشانی بۆری غاز " نۆرد ستریم 2" رابگرێت كە غاز لە روسیا بۆ ئەڵمانیا دەگوازێتەوە.