Draw Media

پێگەی کورد لە حوکمڕانی عێراق 2010-2014

پێگەی کورد لە حوکمڕانی عێراق  2010-2014

2025-10-06 06:42:52


درەو: 

داتاو گرافیک
بەشی چوارەم
🔹 ڕۆژی 7 ی ئازاری 2010 هەڵبژاردنی گشتی بۆ دەستنیشانكردنی (325) كورسی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق ئەنجام درا، پارتی دیموكراتی كوردستان لەسەر ئاستی هەرێمی كوردستان (670 هەزار و 965) دەنگی بەدەستهێنا، بەڕێژەی (34.6%) و بزووتنەوەی گۆڕان (425 هەزار و 793) بەدەستهێناوە، بەڕێژەی (22%)، یەكێتی نیشتمانی كوردستان (397 هەزار و 929) دەنگی بەدەستهێناوە، بەڕێژەی (20.52%)، یەكگرتووی ئیسلامی كوردستان (214 هەزار و 222) دەنگ، بەڕێژەی (11.5%) و كۆمەڵی ئیسلامی كوردستان (144 هەزار و 987) دەنگ، بەڕێژەی (7.47%)، حیزبی سۆسیالیست (10 هەزار و 620) بەڕێژەی (0.54%) و بزووتنەوەی ئیسلامی (7 هەزار و 481) بەڕێژەی (0.38%)، حیزبی شیوعی (10 هەزار و 782) دەنگی بەدەستهێناوە، بەڕێژەی (0.55%). 
🔹 لەم هەڵبژاردنەدا هاوپەیمانیی كوردستان (43) كورسی، گۆڕان (8) كورسی، یەكگرتووی ئیسلامیی كوردستان (4) كورسی و كۆمەڵی ئیسلامی (2) كورسییان بردەوە.
🔹 كابینەی دووەمی نوری مالیكی كە لە 25/11/2010 دروستكرا، حکومه‌ته‌که‌ لە شاری هەولێر پێكهات. لەو كابینەیەدا سەرەرای پۆستی سەرۆككۆمار بۆ جەلال تاڵەبانی بوو، جێگری سەرۆكی ئەنجومەنی نوێنەران لەلایەن عارف تەیفور لەگەل 57 پەرلەمانتاری كورد و د.رۆژ شاوە‌یس، جێگری سەرۆك وەزیران و هۆشیار زێباری، دیندار دۆسكی، خەیروڵا عەبدولكەریم  و عەبدولمەجید حەمە ئەمین به‌ وەزیر دیاری کران.

یەکەم: هەڵبژاردنی خولی دووەمی ئەنجومەنی نوێنەران لە 7/3/2010 و پێگەی کورد 
ڕۆژی 7 ی ئازاری 2010 هەڵبژاردنی گشتی بۆ دەستنیشانكردنی (325) كورسی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق ئەنجام درا، كە سێیەم پڕۆسەی هەڵبژاردن بوو، لە سەر ئاستی عێراق، پاش ئەوەی لە 30/1/2005 یەكەم هەڵبژاردنی گشتی بۆ كۆمەڵەی نیشتمانی ئەنجام درا، پاشان لە 15/12/2005 هەڵبژاردن بۆ یەكەم پەرلەمان، بەناوی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق، لە سایەی دەستووری هەمیشەییدا، ئەنجامدرا. لە هەر دوو هەڵبژاردنەكەدا ژمارەی كورسییەكان (275) كورسی بوو، بەڵام بۆ ئەم هەڵبژاردنە ژمارەی كورسییەكان زیاد كرا بۆ (325) كورسی، بەو پێیەی ژمارەی دانیشتوانی عێراق بە (32.5) ملیۆن كەس ئەژماركرا.
بۆ بەشداریكردن لەم هەڵبژاردنەدا (297) قەوارەی سیاسی لە لایەن كۆمیسیۆنەوە تۆماركراون، بۆ كێبركێی سەرجەم كورسییەكانی پەرلەمان بەوانەی كۆتای كەمینەكانیشەوە. پاشان (164) قەوارە لە چوارچێوەی (12) هاوپەیمانیدا كۆبوونەوە، كە یەك هاوپەیمانیان مەسیحی بوو. 
شەش هاوپەیمانی سەركەوتنی بە دەست هێنا، لەگەڵ (3) پارتی سیاسیدا، كە هەرسێكیان لە هەرێمی كوردستاندا بوون.
نەخشەی هەڵبژاردنی ئەمجارە جیاوازییەكی زۆری لەگەڵ ئەوانەی پێشتر هەیە، لە ڕووی هاوپەیمانییەكانی هەر سێ پێكهاتە سەرەكییەكەی عێراق. شیعە بە گشتی دابەش بوون بۆ دوو هێزی سەرەكی، دەوڵەتی یاسا و ئیئتیلافی نیشتمانی، لە بەرامبەردا زۆربەی باڵەكانی سوننە لە سایەی لیستی عێراقییەدا یەكیان گرت، كوردیش لەناوخۆیدا دابەش بوو بۆ چوار هێز، بەڵام بە قەبارەی جیاواز.
هەڵبژاردنی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق بە پێی سیستەمی نوێنەرایەتیی ڕێژەیی ئەنجام درا، عێراق دابەش كرا بۆ (18) بازنەی هەڵبژاردن، هەر پارێزگایەك بەسنوورە كارگێڕییەكەیەوە، بازنەیەكی هەڵبژاردن بوو، ژمارەیەك كورسی بۆ تەرخان كرابوو، بەگوێرەی ژمارەی دانیشتوان.
هەروەها (8) كورسیی تەرخان كرا بە سیستەمی (كۆتا) بۆ كەمینەكان، پێنج كورسی بۆ مەسیحییەكان، لە پارێزگاكانی (نەینەوا، دهۆك، هەولێر، كەركووك و بەغدا) بەڵام عێراق بە یەك بازنەی هەڵبژاردن ئەژمار كرا بۆ ئەو (5) كورسییەی مەسیحییەكان. هەروەها كورسییەك بۆ هەر یەك لە ئیزیدی و شەبەك لە پارێزگای نەینەوا، (1) كورسیی بۆ سابیئە لە پارێزگای بەغدا، تەرخان كرا. 
لە دابەش كردنی كورسییەكانی پارێزگاكان بە ئاشكرا، كەموكوڕی و دەستكاریی پێوە دیار بوو، بەرزكردنەوەی ژمارەی دانیشتوانی عێراق بۆ (32.5) ملیۆن كەس بۆ خۆی ساختەكاری و هەڵە بوو، چونكە بە هەموو پێوەرە دیمۆگرافییە باوەكانی جیهان، لە باشترین بارودۆخی گەشەكردنی دانیشتواندا، ڕێژەی زیادبوونی ساڵانەی دانیشتوانی وڵاتێك لە (3.3%) تێ ناپەڕێت، بەڵام لە نێوان ساڵانی (2005 - 2009) لە عێراقدا ئەم ڕێژەیە گەیەنرایە زیاتر لە (4%)، ئەمە لە كاتێكدایە بارودۆخی ئەو ساڵانە، خوێناویترین ساڵانی مێژووی عێراق بووە. واتە بە لانی كەم، دوو ملیۆن كەس بە زیادە بۆ دانیشتوانی عێراق زیاد كراوە، لە بەرژەوەندیی چەند پارێزگایەكی دیاریكراو.
پاشان لە دابەشكردنی كورسییەكان بە سەر پارێزگاكاندا، ناهەقی و دەستكاریی زۆری پێوە دیاربوو، بۆ نموونە پارێزگای بەسرە لە (16) كورسییەوە زیادكرا بۆ (24) كورسی، واتە ڕێژەی كورسییەكانی (33.3%) زیادی كرد، بەڵام پارێزگای سلێمانی لە (15)ەوە زیاد كرا بۆ (17) كورسی، واتە (11.7%) زیادی كرد، هەروەها پارێزگای نەینەوا بە ڕێژەی (41%) زیادی كرد.
بە گشتی لە بەشی هەرێمی كوردستان كەم كرایەوە بۆ پارێزگاكانی تر، بەڵام لە ناوخۆی هەرێمیشدا پارێزگای دهۆك زیاد لە مافی خۆی كورسی بۆ زیاد كرا، لە (7) ەوە بۆ (11) كورسی، واتە بە ڕێژەی (36.3%) لە كاتێكدا ڕێژەی زیادكردنەكەی پارێزگای هەولێر (13.3%)و سلێمانی (11.7%)بووە.
لێرەدا تیشک دەخەینە سەر ئەوە هەڵبژاردنە لە هەرێمی كوردستان لە هەڵبژادنی 7/3/2010دا لە هەرسێ پارێزگای هەرێمی كوردستان (2 ملیۆن و 590 هەزار و 274) مافی دەنگدانیان هەبووە، بەپێی راگەیەنراوی كۆمسیۆنی باڵای هەڵبژاردنەكان (ملیۆنێک و 938 هەزار و 754) كەسیش دەنگیانداوە، واتا رێژەی دەنگدان (74.8%)، بەجۆرێك لە هەولێر (917 هەزار و 685) مافی دەنگدانیان هەبووە و (680 هەزار و 408) دەنگیداوە بە رێژەی (74.1%)، لە سلێمانی (109 هەزار و 8451) كەس مافی دەنگیدانیان هەبووە و (833 هەزار و 631) دەنگیانداوە، بەڕێژەی (75.9%) و لە دهۆكیش كە (574 هەزار و 138) مافی دەنگدانیان هەبووەو (424 هەزار و 715) كەس دەنگیانداوە بەڕێژەی (73.97%).
لەسەرجەم ئەو لیستانەی كە بەشدارییانكرد، لە سێ پارێزگاكە، تەنها (5) لیست كورسی بۆخۆی مسۆگەركرد، بۆیە كۆمسیۆن تەنها دەنگی ئەوانی ئەژماركرد، بۆ نمو‌ونە لە تێكڕای ئەوانەی دەنگیاندا هەبوو لە سێ پارێزگاكەی هەرێم (ملیۆنێک و 938 هەزار و 754) كەس بوو، بەڵام ئەو لایەنانەی كە سەركەوتنیان بەدەستهێنا (ملیۆنێک و 853 هەزار و 905) دەنگیان هێنا، بەڵام ژمارەیەك لیست سەركەوتنیان بەدەست نەهێنا، هەرچەندە ژمارەیەك دەنگیان هێنا، بۆیە (رێژەی دەنگی لیستەكان بەپێی دەنگدانی گشتی هەرێم وەردەگرین، كە ( ملیۆنێک و 938 هەزار و 754) كەسە نەك دەنگی گشتیی ئەو هێزانەی سەركەوتنیان بەدەستهێناوە، كە (ملیۆنێک و 853 هەزار و 905) کەسە بەو پێیەی پارتی دیموكراتی كوردستان لەسەر ئاستی هەرێمی كوردستان (670 هەزار و 965) دەنگی بەدەستهێنا، بەڕێژەی (34.6%) و بزووتنەوەی گۆڕان (425 هەزار و 793) بەدەستهێناوە، بەڕێژەی (22%)، یەكێتی نیشتمانی كوردستان (397 هەزار و 929) دەنگی بەدەستهێناوە، بەڕێژەی (20.52%)، یەكگرتووی ئیسلامی كوردستان (214 هەزار و 222) دەنگ، بەڕێژەی (11.5%) و كۆمەڵی ئیسلامی كوردستان (144 هەزار و 987) دەنگ، بەڕێژەی (7.47%)، حیزبی سۆسیالیست (10 هەزار و 620) بەڕێژەی (0.54%) و بزووتنەوەی ئیسلامی (7 هەزار و 481) بەڕێژەی (0.38%)، حیزبی شیوعی (10 هەزار و 782) دەنگی بەدەستهێناوە، بەڕێژەی (0.55%). 

1.    پارێزگای هەولێر لە هەڵبژاردنی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق 2010
بۆ هەڵبژاردنی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق، كە هەر پارێزگایە و ژمارەی كورسی تایبەتی خۆی هەبوو، لە پارێزگای هەولێر، كە 14 كورسی لە ئەنجومەنی نوێنەرانی بەردەكەوێت (917 هەزار و 685)، هاوڵاتی مافی دەنگدانیان هەبووە و (680 هەزار و 408) هاوڵاتیش دەنگیانداوە، لیستی هاوپەیمانی كوردستان (كە لە یەكێتی و پارتی و ژمارەیەك حیزبی دیكە پێكهاتبوو) توانی (458 هەزار و 403) دەنگ بەدەستبهێنێت (10) كورسی پەرلەمانی بۆ خۆی مسۆگەر بكات، كە ئەو دەنگانە دەنگی زیادەی لایەنەكانی تریشی چووەتەسەر، بەڵام دەنگی راستەقینەی پارتی دیموكراتی كوردستان (306 هەزار و 775) دەنگ بەڕێژەی (45.08%)ی دەنگەكان، یەكێتی نیشتمانی كوردستان (124 هەزار و 632) دەنگی بەدەستهێناوە، بەڕێژەی (18.3%) كە بە هەردووكیان دەكاتە (431 هەزار و 407)، ئەو دەنگەی تریش هی لایەنەكانی تری ناو لیستەكە و دەنگی ئەو لیستانەیە كورسیان نەهێناوە، كە بۆ لیستی زۆرینە دەچوو، لیستی گۆڕان توانی (103 هەزار و 397) دەنگ بەدەستبهێنێت، بەڕێژەی (15.19%) و (2) كورسی پەرلەمانی، لیستی كۆمەڵی ئیسلامیی (70 هەزار و 662) دەنگ و توانی (1) كورسی بەدەستبهێنێت بەڕێژەی (9.2%)، لیستی یەكگرتووی ئیسلامی (51 هەزار و 65) دەنگ (1) كورسی بەدەستهێنا، بەڕێژەی (7.5%)، بەڵام هیچ یەكێك لە لیستەكانی تر نەیانتوانی دەنگی پێویست بۆ خۆیان مسۆگەر بكەن.
بەڵام لەسەر ئاستی دەنگی حیزبەكان بەو پێیەی ئەگەر حیزبەكان لە چوارچێوەی هاوپەیمانێتیشدا بووبن دەنگدەری هەر حیزبە و دەنگی بەكاندیدی خۆیداوە، بۆیە لێرەدا دەنگی راستەقینەی سەرجەم حیزبە بەشداربووەكان دەخەینەڕوو، بەو پێیەی لەم شیكاریەدا ئێمە كار لەسەر دەنگی حیزبەكان دەكەین لەگەڵ ئەوەی لە خشتەكەدا رێژەی دەنگی حیزبەكان (100%) دەرناچێت، بەو پێیەی دەنگی كۆتا و هەندێك حیزبی بچووكی ناو هاوپەیمانێتییەكانی تیانییە. 
  
2.    پارێزگای سلێمانی لە هەڵبژاردنی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق 2010
لە پارێزگای سلێمانی، كە ( ملیۆنێک و 98 هەزار و 451) كەس مافی دەنگدانی هەبووە و بەپێی راگەیەندراوی كۆمسیۆنی باڵای هەڵبژاردنەكان، لە پارێزگای سلێمانی (833 هەزار و 631) کەس دەنگیداوە، كە 17 كورسی لە پەرلەمانی عێراق بەردەكەوێت، لیستی گۆڕان (298 هەزار و 621) دەنگی مسۆگەركرد، بە (6) كورسی پەرلەمانی عێراق بەڕێژەی (35.8%)، لیستی هاوپەیمانی كوردستانی (350 هەزار و 283) دەنگی بەدەستهێنا (8) كورسی پەرلەمان، بەڵام یەكێتی نیشتمانی كوردستان (237 هەزار و 379) دەنگ و (5) كورسی بەڕێژەی (28.47%) و پارتی دیموكراتی كوردستان (82 هەزار و 121) دەنگی بەدەستهێناوە (3) كورسی بەڕێژەی (9.85%)، هاوكات یەكگرتووی ئیسلامی كوردستان (103 هەزار و 188) دەنگی بەدەستهێناوە (2) كورسی بەڕێژەی (12.37%)، كۆمەڵی ئیسلامی كوردستان (79 هەزار و 140) و (1) كورسی پەرلەمانی بەدەستهێناوە بەڕێژەی (9.49%). 
3.    پارێزگای دهۆك لە هەڵبژاردنی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق  2010
لە پارێزگای دهۆك، كە 10 كورسی پەرلەمانی بەردەكەوت و (574 هەزار و 138) مافی دەنگدانی هەبووە، (424 هەزار و 715) هاوڵاتی دەنگیانداوە، لیستی هاوپەیمانی كوردستانی (332 هەزار و 951) دەنگی بەدەستهێناوە توانی (9) كورسی پەرلەمانی مسۆگەر بكات، كە سەرجەمیان بۆ كاندیداكانی پارتی بوون، كە (283 هەزار و 69) دەنگی بەدەستهێنا بەڕێژەی (66.64%)، هاوكات یەكگرتووی ئیسلامی كوردستان (59 هەزار و 969) دەنگی بەدەستهێنا بەڕێژەی (14.12%) و بەدەستهێنانی (1) كورسی، یەكێتی نیشتمانی كوردستان (34 هەزار و 226) دەنگی بەدەستهێنابوو، بەڵام هیچ كورسییەكی نەبرد (بەڕێژەی (8.06%) بز‌وتنەوەی گۆڕانیش (23 هەزار و 775) دەنگی بەدەستهێنا. 
بەکورتی لەم هەڵبژاردنەدا لەسەر ئاستی عێراق نۆ لیست توانی سەر بكەوێت لە بە دەست هێنانی كورسیی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق، لیستی العراقیە (91) كورسی، دەوڵەتی قانون (89) كورسی، ئیئتیلافی نیشتمانی (70) كورسی، هاوپەیمانیی كوردستان(43) كورسی، گۆڕان (8) كورسی، التوافق العراقی (6) كورسی، یەكگرتووی ئیسلامیی كوردستان و ئیئتیلافی وەحدەی عێراق، هەر یەكەیان (4) كورسی و كۆمەڵی ئیسلامی (2) كورسی.
بۆ (5) كورسیی مەسیحییەكانیش، لیستی ڕافیدەین بە سەرۆكایەتیی یونادم یوسف كەنا (3) سێ كورسیی بردەوە، لە هەولێر، بەغدا و كەركووك، ئەنجومەنی گەلی كلدانی سریانی ئاشووری (2) كورسییەكەی تری دهۆك و نەینەوای بردەوە.
 بزووتنەوەی ئێزیدی بۆ ڕیفۆڕم و پێشكەوتن (الحركە الیزیدیە من اجل الاصلاح والتقدم) كورسیی ئێزیدییەكانی بردەوە، چونكە هەوڵی پارتی و یەكێتی ئەوە بوو كوردی یەزیدی دەنگ بۆ لیستی هاوپەیمانی بدەن، نەك بۆ كۆتای یەزیدییەكان.
هەروەها ئەندازیار (محەمەد جەمشید عەبدولڵا شەبەكی) كورسیی شەبەكی لە پارێزگای نەینەوا بردەوە، كە پاڵێوراوی نزیك لە پارتی دیموكراتی كوردستان بوو. خالد ئەمین ڕومی بە تەنها (742) دەنگ كورسیی سابیئەی لە پارێزگای بەغدا بردەوە. 

دووەم: پێگەی کورد لە كابینەی دووەمی نوری مالیكی  2010 - 2014
كابینەی دووەمی نوری مالیكی كە لە 25/11/2010 دروستكرا، كورد بەچەند پۆستێك بەشدار بوو، هاوكات جارێكی تر رازی بوو بە دووبارە كاندیدكردنەوەی نوری مالیكی بۆ سەرۆكی حكومەتی عێراق و حکومه‌ته‌که‌ لە شاری هەولێریشەوە پێكهات. سەرەرای جێبەجێنەكردنی هیچ ماف و داواكاریەكی كورد بە مادەی (140)یشەوە، لەو كابینەیەدا سەرەرای پۆستی سەرۆككۆمار لەلایەن جەلال تاڵەبانی و جێگری سەرۆكی ئەنجومەنی نوێنەران لەلایەن عارف تەیفور لەگەل 57 پەرلەمانتاری كورد و د.رۆژ شاوە‌یس، جێگری سەرۆك وەزیران هەریەك له‌؛ 
-    هۆشیار زێباری - وە‌زیری دە‌رە‌وە
-    دیندار دۆسكی - وەزیری كۆچ و كۆچبەران
-    خەیروڵا عەبدولكەریم - وەزیری بازرگانی 
-    عەبدولمەجید حەمە ئەمین به‌ وەزیری تەندروستی، دیاری کران.
پێکهاتەی کابینە حکومیەکەی نووری مالیکی بۆ خولی دووەمی سەرۆکایەتییەکەی لە (42) وەزارەت پێکهاتبوو، کە هەندێکیان پۆستی فەخری بوون. نووری مالیکی سەرکردایەتی وەزارەتەکانی بەرگری و ناوخۆ و هەروەها دەزگای ئاسایشی نیشتمانی گرتە ئەستۆ، بەمەش پێگەی ئەمنی سەروەری وڵاتەکەی کۆنترۆڵ کرد.
هاوپەیمانی نیشتمانی کە هێزە سیاسییە شیعەکانی لەخۆدەگرێت، توانی لە کۆی 42 وەزارەت 20 وەزارەت بەدەستبهێنێت، کە بریتین لە وەزارەتەکانی نەوت، خوێندنی باڵا، ئاشتەوایی نیشتمانی، داد، گواستنەوە، کار و کاروباری کۆمەڵایەتی، پلاندانان، وەرزش و لاوان، خانووبەرە و بیناسازی، دەوڵەت بۆ کاروباری پەرلەمان، گەشتیاری و شوێنەوا و مافی مرۆڤ. جگە لەوەش وتەبێژی حکومەت و وەزارەتەکانی بەرگری و ناوخۆ، کە پێشتر لە دەستی مالیکیدا بوو، لەگەڵ ژمارەیەک وەزیری دەوڵەتیش دەستنیشانکران.
لیستی عێراقی 9 وەزارەتی مسۆگەر کرد، لەوانە وەزارەتی دارایی، وەزارەتی پەیوەندییەکان، وەزارەتی پەروەردە، وەزارەتی زانست و تەکنەلۆجیا، وەزارەتی کشتوکاڵ، وەزارەتی پیشەسازی و چەند وەزارەتێکی دیکەی دەوڵەت.
لە کاتێکدا هاوپەیمانی کوردستانی 7 وەزارەتی بەدەستهێنا: کۆچ و کۆچبەران، ڕۆشنبیری، ژینگە، بازرگانی، تەندروستی و کاروباری دەرەوە.
هاوکات کەمینەکان و کەسایەتییە کۆدەنگیەکان 5 پۆستیان وەک وەزیری دەوڵەت بەدەستهێنا.

سێیەم: پێگەی کورد لە حوکمڕانی عێراق  2010-2014 بە داتاو گرافیک

 

خشتەکان


سەرچاوە؛ 
-    دامەزراوەی میدیایی درەو، هەڵبژاردنەکانی پەرلەمانی عێراق... کورد لە پرۆسەی حوکمڕانیدا، چاپخانەی پاندا، سلێمانی، چاپی یەکەم 2025. 
https://www.kurdipedia.org/default.aspx?q=20250918193348656697&lng=1

 

بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار
مافی به‌رهه‌مه‌كان پارێزراوه‌ بۆ دره‌و
Developed by Smarthand