لەناو جیهانی ئەردۆغاندا ( 5-3): دۆسیەی مراوییەكە
2018-08-18 21:17:31
وەرگێڕانی: نامیق رەسوڵ
24ی نیسان/ ئەپرێلی رابردوو، هێلیكۆپتەرەكەی سوپاسالاری توركیا ژەنەراڵ خوڵوسی ئاكار لە باخچەی ماڵەكەی عەبدوڵا گویل، سەرۆكی پێشووی توركیا نیشتەوە، دوای چوار رۆژ، گویل رایگەیاند كە خۆی بۆ هەڵبژاردنی سەرۆكایەتی توركیا كاندید ناكات، دوای ئەوەی چەند راپۆرتێك باسیان لە نیازی گویل كرد بۆئەوەی ركابەرێتی ئەردۆغان بكات لە هەڵبژاردنی سەرۆكایەتیدا.
گویل، كە سەردانەكەی ژەنەراڵ خوڵوسی ئاكاری پشتڕاستكردەوە و وتی هیچ هەڕەشەیەكی پێ نەبووە تا لە خۆكاندیدكردن پەشیمانی بكاتەوە، بەڵام رەتیكردەوە وردەكاریی سەردانەكە ئاشكرابكات.
سەرەڕای ئەوە، ئۆپۆزسیۆنی توركیا دڵنیایە لەوەی كە ئاكار هەڕەشەی لە گویل كردووە بۆئەوەی لە خۆكاندیدكردنی پاشگەزببێتەوە.
واقیعەكە ئاماژەبەوەدەدات كە ئەردۆغان ناخوازێت هیچ ركابەرێكی هەبێت، بە تایبەتی هاوبەشە دێرینەكەی لە دامەزراندنی پارتی داد و گەشەپێدان، كە ناچاربوو دەستلەكاربكێشێتەوە، كاتێك لەلایەن پەرلەمانەوە بە سەرۆكی وڵات هەڵبژێدرا، كە ئەو كات بە گوێرەی دەستور وا پێویست بوو.
بن عەلی یەڵدرم سەرۆك وەزیرانی توركیا وتی:" پرۆسەی ئۆپۆزسیۆن بۆ كاندیدكردنی عەبدوڵا گویل شكستیهێنا "، ئەوەش نیشانیدەدات كە ئەرددۆغان نایەوێت لە نێو حزبەكەی و ئەوانەشی لەسەر ئەو ئەژماردەكرێن دەنگی ئۆپۆزسیۆن هەبێت.
سایتی " زە بلاك سی" بە هاوكاریی گۆڤاری " دێرشپیگڵ"ی ئەڵمانیی چەند دیدار و چاوپێكەوتنێكی لەگەڵ بەرپرسان و فەرمانبەران و كەسە نزیكەكانی بازنەی بڕیاردان لە توركیا كردوووە و راپۆرتێكی بڵاوكردەوە، كە چەند لایەنێكی شارەوای پەیوەندی ئەردۆغان بە حزبەكەیەوە ئاشكرادەكات.
بە گوێرەی راپۆرتەكەن ئەردۆغان كاریكردووە بۆ پاككردنەوەی حزبەكەی، هەتا رێگەنەدرێت هیچ نەیار و ئۆپۆزسیۆنێك لە ناویدا نەبێت و هیچ كەسێكی تر ئەستێرەی نەدرەوشێتەوە.
گوناهێك كە لێخۆشبوون نیە
لەوانەیە باشترین نمونەش بۆئەوە، ئەوەبێت كە لەگەڵ ئەحمەد داودئۆغڵۆ سەرۆك وەزیرانی پێشوودا هات.
ئەردۆغان ، دوای دەستلەكاركێشانەوەی لە سەرۆكایەتی " ئاكەپە"لەدژی چەند ئەندامێكی حزبەكەی، داودئۆغڵۆی بۆ سەرۆكایەتی حزبەكە بردەپێشەوە ، بەڵام دوای دووساڵ لەو هەنگاوە، ئەردۆغان لە سەرۆك وەزیرانەكەی بێزاربوو.
دادوئۆغڵو زیاتر لەوەی پێویست بوو دەركەوت و بەرزبووە، باشەی ئەنجامدانی رێككەوتنی كۆچی لەگەڵ یەكێتی ئەوروپا بۆ گەڕایەوە، كە بەلای ئەردۆغانەوە گوناهێكە لێخۆشبوونی نیە.
لە توركیا وێبلاگێكی نوێ دەركەوت بەناونیشانی " دۆسیەی مراوییەكە" و دەستیكرد بە رەخنەگرتن لە دادوئۆغڵۆ و بە ناپاك " خائین" وەسفیكرد كە لە هێڵی سەرۆك لایداوە.
داود ئۆغڵو ئایار/ مایۆی 2016 دەستیلەكاركێشایەوە بەهۆی ناكۆكییەوە لەگەڵ ئەردۆغان، بە گوێرەی چەند راپۆرتێك هۆكارەكەی خواستی ئەردۆغان بوو بۆ هەمواركردنی دەستور و پێدانی دەسەڵاتی زیاتر لە سەرۆك كۆمار لەسەر حسابی سەرۆك وەزیران.
ئەردۆغان كەسێكی متمانەپێكراوی بێ خواست و خەونی لەجێگەی داود ئۆغڵۆ دیاریكرد ، وەزیری گواستنەوە " بن عەلی یەڵدرم" كە تا هەڵبژاردنەكەی 24ی حوەزیرانی رابردوو هەڵوەشاندنەوەی پۆستی سەرۆك وەزیران، پۆستەكەی بەڕێوەبرد.
لەگەڵ دەستبەكاربوونی یەڵدرم هێز و دەسەڵات لە سەرۆكایەتی وەزیرانەوە گواسترایەوە بۆ كۆشكی سەرۆكایەتی، و ئەردۆغان بە ئاشكرا بڕیاری پەیوەست بە حكومەتی دەردەكرد و دەستەیەكی راوێژكاریی پێكهێنا كە زۆر لە حكومەتی سێبەر دەچوو.
ململانێی باڵەكان
لە دەرەوە حكومەتی توركیا بە شێوەی یەكگرتوو پەیوەست بە دڵی یەك پیاوەوە دەردەكەوت، بەڵام لە راستیدا وەزیرەكان و راوێژكارەكان كێبركێیان ببوو بۆ بەدەستهێنانی رەزامەندی سەرۆك.
لە پشتی پەردەوە دوو تیم كەوتنە ململانێی یەكتر: تیمێك كە شێوازی سەددامی لاباشە و لە دەوری زاواكەی سەرۆك، وەزیری وزە بەرات ئەڵبایراق كۆبوونەوە و تیمێكی تر كە زیاتر میانڕەون و كەسانی وەك وتبێژی حزب ئیبراهیم كاڵنی لە خۆگرتووە.
ئەردۆغان سیاسەتی زیاتر توندی پەیڕەوكرد و زاواكەشی بەرات ئاڵبایراق بەرەو رێبازی زیاتر توندتر لە دژی ئۆپۆزسیۆن لە ناوەوە و لە دەرەوە رێگەی گرتەبەر.
بە گوێرەی راپۆرتەكەی " زە بلاك سی" ئاڵبایراق لە پشتی دەستپێكردنی لێكۆڵینەوە بوو لە رۆژنامەنووسی توركیی – ئەڵمانیی " دەنیز یوجیل".
باوەڕی ئاڵبایراق بەوە ی كە ئەردۆغان سەلامترین بژاردەیە لە توركیا بەلای یەكێكی ئەوروپاوە, وایكرد بە بوێرییەكی زیاترەوە رەفتاربكات، بەوتەی راپۆرتەكە.
لەبەرئەوە ئاڵبایراق رەخنە لەو كەسانەی ناو حزب دەگرێت كە داوی دانوستان لەگەڵ ئەوروپا دەكەن و بە " بیانیی" وەسفیاندەكات.
ململانێی لە ناو " ئاكەپە" دا دەربارەی هەژمون و دەسەڵات بەردەوامە، رۆژنامەی جمهوریەتی توركیی لە نیشان/ ئەپرێلی رابردوو رایگەیاند ئاڵبایراق فەرمانیداوە بە چاودێریكردنی تەلەفۆنەكانی سولەیمان سۆیلۆ وەزیری ناوخۆ كە لەناو ئاكەپەدا ركابەرێكی بەهێزی زاواكەی سەرۆكە.
سۆیلۆش بە ئامادەكردنی دۆسیەیەك كە زانیاری لەدژی ئاڵبایراق لەخۆدەگرێت وەڵامی دایەوە، ئەوەش بەەوتەی ئەو سەرچاوانەی كە ئاگاداری ئەوەن.
لە كاتێكدا ئەردۆغان هەوڵدەدات لە رێگەی بێدەنگكردنی هەر دەنگێكی نەیار و دژی لە ناو حزبەكەیدا یەكگرتوویی " ئاكەپە" بپارێزێت، كێبركێ و ململانێی جەمسەرەكانی حزبەكەی بۆ بەدەستهێنانی رەزامەندی سەرۆك چەندین كێشەی تری لێبكەوێتەوە كە رەنگە ئەردۆغان هیچ حسابێكی بۆ نەكردبێت.
سەرچاوە: سایتی " الحوڕە"