کورد لە ئەنجومەنی حوکم 2003 – 2004

2025-10-01 16:45:21
راپۆرتی: درەو
بەشی یەکەم
🔹 برێمەر لە یاداشتەکانیدا نوسیویەتی؛ ئامانجم ئەوە بوو ئەو دوانە ڕازی بکەم _تاڵەبانی و بارزانی_ بێنە ناو ئەنجومەنی حوکمەوە. لە وتوێژەکانی پێشووماندا لە بەغدا، کوردەکان دوو دڵیان نواند لەوەی جارێکی تر ملکەچی حوکمی بەغدا ببەنەوە.
🔹 نەوشیروان مستەفا؛ بریمه‌ر، له كوردستان به جیا سه‌ردانی تاڵه‌بانی و بارزانی كرد بوو بۆ ئه‌وه‌ی قانعیان بكا به‌وه‌ی: به‌شی كورد له ئەنجومەنی حوکمدا (5) ئه‌ندام بێت، واته پێنجیه‌ك، به‌ر له جه‌نگ موعاره‌زه‌ی عێراقی له هه‌موو دام‌وده‌زگاكاندا چواریه‌كیان بۆ كورد سه‌لماند بوو!
🔹 مەسعود بارزانی؛ بریمەر داکۆکی و پێداگرییەکی زۆری کرد، کە منیش بەشدار بم لە ئەنجومەنی حکوم، بەڵام ڕەتم کردەوە بەشداری بکەم، مام جەلالیش بە بریمەری ڕاگەیاند؛ ئەگەر (مەسعود بارزانی) بەشداری نەکات، منیش لە ئەنجومەندا بەشداری ناکەم و هەردووکمان نوێنەرەکانمان دەنێرین.
🔹 لە سەردەمی ئەنجومەنی حوكمدا كورد بە (5 وەزیر) بەشداری لە وەزارەتەكانی ئەنجومەنی حوكمدا كرد ئەوانیش؛ هۆشیار زێباری - وە‌زیری كاروباری دە‌رە‌وە، نە‌سرین بە‌رواری - وە‌زیری شارە‌وانییە‌كان، د. لە‌تیف رە‌شید - وە‌زیری سە‌رچاوە‌كانی ئاو محە‌مە‌د تۆفیق رە‌حیم - وە‌زیری پیشە‌سازی و عە‌بدوڕە‌حمان سدیق كە‌ریم - وە‌زیری ژینگە.
🔹 لە کابینەی یەکەمی حكومەتی كاتی عێراق بە سەرۆكایەتی (ئەیاد عەلاوی) لە حوزەیرانی 2004 پێكهات، كورد بەشداری له‌م کابینەیەدا کرد‌و تێیدا؛ (د.فوئاد مە‌عسوم، بووە سە‌رۆكی كۆمە‌ڵە‌ی نیشتمانیی عێراق و لەگەڵ (75) ئەندامی كورد لەو ئەنجومەنە جگە لە (2) کورسی کۆمەڵی ئیسلامی لە كۆی (275) ئەندامی كۆمە‌ڵە‌ی نیشتمانی عێراق بەشداربوو، د. رۆژ نوری شاوە‌یس کرا به جێگری سە‌ركۆماری عێراق. لەگەڵ جێگری سه‌رۆک وه‌زیران (د. بە‌رهە‌م ئه‌حمه‌د ساڵح) و (5) وە‌زیری كورد له‌م کابینه‌یه‌دا به‌شداربوون ئه‌وانیش؛ (هۆشیار زێباری، د. لە‌تیف رە‌شید، نە‌سرین بە‌رواری، نه‌رمین عوسمان و بە‌ختیار).
یەکەم: پێکهێنانی ئەنجومەنی حوکم
دوای ڕوخاندنی ڕژێمی بەعسی عێراقی لە 9ی 4ی 2003 لەلایەن ئەمریكا و هاوپەیمانەكانییەوە، دەسەڵاتێكی مەدەنیان بەسەرۆكایەتی پۆڵ بریمەر حاكمی مەدەنی ئەمریكا لەعێراق پێكهێنا.
له پشتی په‌رده‌وه گفتوگۆ ده‌ستیپێكرد. بۆ پشتیوانی و هاوكاری ھاوپەیمانی دەسەڵاتی کاتی لە عێراق "سلطة الائتلاف المؤقتة" پۆڵ بریمه‌ر پێشنیازی كرد ده‌زگایه‌ك له عێراقييه‌كان پێكبهێنن به ناوی ئەنجومەنی ڕاوێژکاری "المجلس الاستشاري"ه‌وه. چه‌ند رۆژێ باسی ئه‌م مه‌جلیسه و ئیشه‌كانی و ده‌سه‌ڵاته‌كانی كرا. گروپی 5 _له یاسای رزگاركردنی عێراقدا، كه كۆنگرێسی ئه‌مه‌ریكی ده‌ری كردبوو، ناوی 5 له رێكخراوه‌كانی ئۆپۆزسیۆنی عێراقی هاتبوو، كه ئه‌مه‌ریكا ڕه‌فتاریان له‌گه‌ڵ بكا، ئه‌و 5 رێكخراوه‌ش: (المؤتمر الوطني العراقي، حركة الوفاق الوطني، المجلس الاعلی للثورة الاسلامیة في العراق، پارتی دیموكراتی كوردستان، یه‌كێتی نیشتمانی كوردستان) بون. ئه‌م 5 رێکخراوه دواتر به گروپی 5 ناسران_ قبوڵیان نه‌كرد و ئاماده نه‌بوون به‌شداری تێدا بكه‌ن. بریمه‌ر ناوه‌كه‌ی گۆڕی به ئەنجومەنی سیاسی "المجلس السیاسی" چه‌ند رۆژێكیش باسی ئه‌م ئەنجومەنەو و ئیش و کار‌و ده‌سه‌ڵاته‌كانی كرا. گروپی 5 ئه‌وه‌شیان قبوڵ نه‌كرد.
پاش گفتوگۆ‌و هێنان و بردنێكی زۆر له سه‌ر پێكهێنانی ده‌زگایه‌ك ڕێککەوتن به ناوی ئەنجومەنی حوکم "مجلس الحكم"، ئەنجومەنەکە ده‌سه‌ڵاته‌كانی زۆری نه‌بوو. له سه‌ره‌تاوه باس له "ڤیتۆ"ی بریمه‌ر ئه‌كرا.
بریمه‌ر خۆی و ئه‌ندامانی ئەنجومەنی حوکم ئه‌یانوت "ڤیتۆ" له گۆڕێ نيیه، به‌ڵام راستييه‌كه‌ی ئه‌وه‌بوو بریمه‌ر ده‌سه‌ڵاتی په‌كخستنی هه‌موو بڕیاره‌كانی ئەنجومەنی حوکمی هەبوو، چونكه هه‌ر بڕیارێكی ئەنجومەنی حوکم ئه‌گه‌ر بریمه‌ر ڕەزامەندی له سه‌ر نەدایا و ئیمزای نه‌كردایه جێبه‌جێ نه‌ئه‌كرا. ئەمە نەوشیروان مستەفا لە "یاداشته‌کانم له مه‌جلیسی حوکمدا" ئاماژەی پێداوەو یاداشتی کردووە.
ئەنجومەنی حوكم لە (25) ئەندام پێكهاتبوو وەک لە خشتەی (1)دا هاتووە، لە ئەنجومەنی حوکمدا سەرۆکایەتی ئەنجومەنەکە بەشێوەی خولی و هەر مانگەی یەکێکیان دەبوو بە سەرۆک بەپێی پیتی ئەبجەدی، کە (12)یان بۆ سەرۆکایەتی دیاریکران لە نێویاندا (جەلال تاڵەبانی و مەسعود بارزانی) تێدابوو، وەک لە خشتەی (2) دا هاتووە، یەكەم كۆبونەوەی ئەنجومەنەكە لە (13ی 7ی 2003) بەڕێوەچوو، ڕۆژی 29/7/2003 ئەنجومەنی حوكم پەیرەوی ناوخۆی پەسەند كرد كە یارمەتیدەر بوو بۆ جێبەجێكردنی كارەكانیان و دەسەڵاتەكانی ئەنجومەنەكە و ئەركەكانیان لەو پەیرەوەدا یەكلایی كرایەوە.
خشتەی (1 و 2)
دووەم: بەشداری کورد و پێگەی لە ئەنجومەنی حوکمدا
"کوردەکان لەدوای جەنگی کەنداوەوە بۆ ماوەی دوانزە ساڵ خاوەن جۆرێک لە فەرمانڕەوایی خۆیی بوون، کە هێزی ئاسمانی ئەمریکا لە هێزەکانی سەدامی دەپاراستن، لە کۆبونەوەی یەکەمدا، هەردوو سەکردە کوردییەکە جەلال تاڵەبانی و مسعود بارزانی بۆیان ڕونکردمەوە کوردەکان بەهیچ شێوەیەک ڕازی نابن بەوەی لە سوپای پێشووی عێراق یەکە سەربازییەکان پێکبهێنرێنەوەو پڕچەک بکرێنەوە". ئەمە لە یاداشتەکانی حاکمی مەدەنی ئەمریکا لە عێراق پۆڵ بریمەردا هاتووە، ئاماژەیەکە بۆ ئەوەی کورد خواستی ئەوەی هەیە بەشداربێت لە پرۆسەی بونیادنانەوەی عێراقی نوێ.
بریمەر لە یاداشتەکەیدا دەبارەی هەوڵەکانی لەگەڵ کورد ئاماژەی بەوە کردووە؛ سەردانی مەسعود بارزانیم کرد لە ماڵە شاخاوییەکەی لە نزیک سەڵاحەدین لە کوردستان کە خاوەن فەرمانڕەوایەتییەکی خۆییە... بارزانی دەستی گرتم و ووتی "پیرۆزبایت لێدەکەم سەبارەت بە قەدەغەکردنی فەرمی سوپای سەدام، ئەوەی ئەنجامتداوە کارێکی نایابە، ئەوە دەیسەلمێنێت هاوپەیمانان سورن لەسەر بونیادنانی عێراقێکی نوێ و یەکگرتوو" وتم؛ "تۆ دەزانیت هەندێک کەس هانیان دەداین بۆ ئەوەی نوسخەیەکی بچوککراوەی سوپاکەی سەدام پێکبهێنینەوە" بارزانی ووتی؛ "دەکرا ئەوە ببێتە هەڵەیەکی گەورە، ئێمە وەک کوردەکان جیابوینەوە، هەر لە سەرەتاوە دژی سوپای بەعسی جەنگاین، ئێستا ئێمە دوانزە ساڵە فەرمانڕەوایی خۆمان هەیە، ئەگەر جارێکی تر بگەڕێنەوە ئەوا جەنگێکی ناوخۆیی هەڵدەگیرسێت"...
لە یاداشتەکانیدا حاکمە مەدەنییە ئەمریکییەکەی عێراق نوسیویەتی؛ کوردەکان میللەتێکی شاخاوین، سەرسەخت و سەربەخۆن. زۆربەی سەدەکان لە فەرمانڕەواییەکانی بەغداد یاخی بوون، ئیدی بەریتانیاییەکان بوو بن یان عێراقییەکان. هەردوو سەرکردەش، جەلال تاڵەبانی و ناوچەکەی باکوری خۆرئاوا، مەسعود بارزانی لە خۆرئاوا، لەحاڵەتی جەنگدا بوون لەگەڵ سەدام، بۆ ماوەی چەند دەیەیەکیش لە نێوان خۆیاندا جەنگاون.
ئامانجم ئەوە بوو ئەو دوانە ڕازی بکەم، بێنە ناو ئەنجومەنی حوکمەوە. لە وتوێژەکانی پێشووماندا لە بەغدا، کوردەکان دوو دڵیان نواند لەوەی جارێکی تر ملکەچی حوکمی بەغدا ببەنەوە. پێش ساڵی 1991 بە چەند ساڵێک، کوردەکان سوربوون لەسەر ئەوەی عێراقی ئازاد بونیادێکی فیدراڵی هەبێت و ڕێز لە گەلی کوردی تەنهاو وەلانراو بگرێت. ئەو سەربەخۆییەش کە لە دوای جەنگی کەنداوەوە بەدەستیان هێنابوو، ئاماژەیەکە بۆ ئەو خواست و حەزەی کە بۆ دەوڵەتێکی سەربەخۆ هەیانە.
لە سەردانەکەی پێشوومەوە ئەوەم دەزانی کە هەردوو سەرکردە کوردییەکە خۆشحاڵ بوون بە ئازادبوونی عێراق و هەڵوەشاندنەوەی حزبی بەعس و هێزە ئەمنییەکان، بەڵام هیچ کامێکیان نەیاندەویست لە ئەنجومەنی حوکمدا بن. بەڵکو لای تاڵەبانی بیرۆکەیەکی پەلە هەبوو بۆ چوون بۆ ئاسیا‌و ئەوروپا لە هەمان ئەو کاتەدا کە ئێمە سەرقاڵی پێکەوە کۆکردنەوەی ئەنجومەنی حوکم بوین.
لە بارەگاکەی خۆی لە سلێمانی، پێم ڕاگەیاند "ئێمە سورین لەسەر پشتیوانی کردن لە بونیادنانی عێراقی فیدراڵی". تاڵەبانی خۆشحاڵ بوو، چونکە هاوپەیمانان ئێستا ڕەزامەندن لەسەر ئەو ئامانجە کوردییە کۆنە، بەڵام هێشتا دوو دڵ بوو لەوەی بەشداری بکات لە ئەنجومەنەکەدا.
بە پێداگرییەوە وتم؛ "ئەنجومەنی حوکم دەسەڵاتێکی سیاسی ڕاستەقینەی دەبێت".
پاش چەند کاتژمێرێک لە مشت‌ومڕ، دواتریش لەسەر خوانێکی ئێوارەی بەخشندەی کوردییانە، تاڵەبانی ڕازی بوو لەسەر ئەوەی سەردانەکەی بۆ ئاسیا دوابخات، سەرەڕای ئەوەی هێشتا سور بوو لەسەر ئەوەی سەردانی ئەوروپا بکات.
دواجاریش کاتێک کە پەرداخێک مێوژی بەتاممان دەخواد تاڵەبانی ووتی؛ "جەنابی باڵیۆز، من لەسەر داوای شەخسی تۆ ڕازیم لە ئەنجومەنی حکومدا کار بکەم". یەکێکیان ڕازی بوو، ئەوی تریان ماوە.
لە ڕۆژی دواتردا، لەگەڵ بارزانی قسەم کرد. ئەو لە تاڵەبانی کەمتر نەرم و شلگیربوو، نزیک تر بوو لە سەرکردەیەکی کوردی خێڵەکی تەقلیدییەوە. بارزانی بە جلە کوردییە تەقلیدییەکانیەوە بە شێوەیەک ووشە دەستەوسان دەبێت لە وەسفکردنی شەیدا بوو بە ژیان، لە ماڵە جوانەکەیدا لە بەرزترین چیاکانی سەڵاحەدین، کە پیاوەکانی و درەختی سێوەکان دەوریان لێدابوو، ناتوانم باسی لێوە بکەم، بەتایبەتیش کاتێک پلەکانی گەرما لە بەغدا دەگاتە 49 پلە، بەڵام لە سەڵاحەدین لای بارزانی پلەی گەرما 32 پلەیە.
بارزانی پێی ڕاگەیاندم؛ "من حەزم لە بەغدا نیە، نامەوێت لەوێ بژیم هەتا گەشتیش بکەم بۆی، بەڵام ئەگەر هەر پێداگری بکەیت، ئەوا بە ناچاری ڕازی دەبم لە ئەنجومەنەکەدا کاربکەم".
"من سورم"
"کەواتە منیش ڕازیم".
بریمەر لە یاداشتەکەی ئاماژەی بەوە کردووە، گروپی سیاسی بەردەوام بوو لەسەر کارەکەی سەبارەت بە ناوەکان و پێکهاتەی ئەنجومەنەکە، هەتا شەوێکی درەنگی 9ی تەمموز، دوو گرفتی تری دەستنیشان کرد. هەتا ئێستا تەنها سێ ئافرەتمان هەیە لە لیستی ناکۆتایی ئەنجومەنەکەدا. بەڵام ئێمە هیواداربووین بەلانی کەمەوە چوار کەسمان هەبێت، بۆ ماوەی دوو هەفتە جەختم لە کوردەکان کردەوە، بۆ ئەوەی هەندێک پاڵێوراوی ئافرەتمان بۆ بهێنن، بەو ئیعتبارەی کە ژنان هەڵسوڕاوی سیاسی نەبوون لە کوردستان لە دەیەیەی ڕابردوودا، لە 10ی تەمموز هەردوو پارتەکە پێیان ڕاگەیاندین نەیانتوانیوە بگەنە ڕێککەوتنێک لە نێوان خۆیاندا بۆ ئەوەی هەر ئەندامێکی تری ژن پێشنیار بکەن بۆ ئەنجومەنەکە.
بیست و چوار کاتژمێری تر مۆڵەتمان پێدان، بە درێژایی تەواو گفتوگۆ و مشتومڕیان کرد، بەڵام نەگەیشتنە هیچ ئاکامێک.
هەر لە بارەی بەشداری کورد لە ئەنجومەنی حوکم، مەسعود بارزانی سەرۆکی پارتی دیموکراتی کوردستان لە یاداشتەکانی دەربارەی هەوڵەکانی پێکهێنانی ئەنجومەنی حوکم نوسیویەتی؛ بریمەر داکۆکی و پێداگرییەکی زۆری کرد، کە منیش بەشدار بم لە ئەنجومەنی حکوم، بەڵام ڕەتم کردەوە بەشداری بکەم، مام جەلالیش بە بریمەری ڕاگەیاند: ئەگەر (مەسعود بارزانی) بەشداری نەکات، منیش لە ئەنجومەندا بەشداری ناکەم و هەردووکمان نوێنەرەکانمان دەنێرین.
دوای داوایەکی زۆری ئەمریکاو سەرکردایەتی هەموو هێزە سیاسییەکان، وەک ڕێزگرتن لە داوا و پێشنیارەکانیان قبوڵم کرد...
نەوشیروان مستەفا لە "یاداشته‌کانم له مه‌جلیسی حوکمدا" لە بارەی بەشداری کورد لە ئەنجومەنی حوکم نوسیوویەتی؛ بریمه‌ر، له كوردستان به جیا سه‌ردانی تاڵه‌بانی و بارزانی كرد بوو بۆ ئه‌وه‌ی قانعیان بكا به‌وه‌ی:
یه‌كه‌م: به‌شی كورد له ئەنجومەنی حوکمدا (5) ئه‌ندام، واته پێنجیه‌ك بێ، به‌ر له جه‌نگ موعاره‌زه‌ی عێراقی له هه‌موو داووده‌زگاكاندا چواریه‌كیان بۆ كورد سه‌لماند بوو. ئه‌مه به‌شی كوردی كه‌م كردبوه‌وه.
دووه‌م: هه‌ردووكیان، تاڵه‌بانی و بارزانی وه‌كو دوو كه‌سایه‌تی سیاسی، نه‌ك وه‌كو نوێنه‌ری دوو حیزب به‌شداری بكه‌ن. ئه‌مه‌ش ده‌وری سیاسی یه‌كێتی و پارتی له ده‌زگاكه‌دا كه‌م كردبوه‌وه.
سێیه‌م: 3 ئه‌ندامه كورده‌كه‌ی تر له دوو حیزبه‌كه نه‌بن، به‌ڵكو له كه‌سایه‌تی سه‌ربه‌خۆ و له حیزبه كوردييه‌كانی تر بن.
هه‌ردوكیان داواكانی بریمه‌ریان قەبوڵ كردبوو.
تاڵه‌بانی، د. مه‌حمود عوسمان و سه‌لاحه‌دین به‌هائەدینی له (یه‌كگرتووی ئیسلامی) پێشنیار كرد بوو. پارتی ئیعتیرازیان نه‌گرت بوو. "سلطة الأتلاف المؤقتة – سام" موقابه‌له‌ی كردبوون و قبوڵی كردبون. سه‌فیر جۆن ساوه‌رز بۆ یاریده‌ده‌ری بریمه‌ر د.مه‌حمودی به دڵ نه‌بوو، به‌ڵام كه ئێمه پێمان داگرت، له سه‌ری نه‌رۆیشت.
بارزانی، عه‌زیز محه‌مه‌دی پێشنیار كرد بوو. دوای ئه‌وه‌ی "سلطة الأتلاف المؤقتة – سام" بينيبوویان پێيان وابوو هه‌م پیر بووه‌و هه‌م جۆری بیركردنه‌وه‌ی سیاسی و ئابوری به كه‌ڵكی ئه‌م سه‌رده‌مه‌ی عیراق نایه‌ت. موافه‌قه‌تیان له‌سه‌ر نه‌كرد بوو.
وه‌زیرێكی ژنی بەریتانی، ئاڵا تاڵه‌بانی ئه‌ناسی، داوای له ساوه‌رز كردبوو، بۆ ئه‌ندامێتی ئەنجومەنی حوکم پێشنیاری بكا. پارتی موافه‌قه‌تیان نه‌كرد. من و به‌رهه‌م له‌گه‌ڵ هۆشیار زێباری خه‌ریك بوین بۆ ئەوەی ئیعتیراز نه‌گرن رازی نه‌بوو، به بریمه‌ر و ساوه‌رزی وت؛ كه ئه‌وان رازی نابن ئاڵای تێدابێ، له‌به‌ر ئه‌وه‌ی یه‌كه‌م تاڵه‌بانييە‌و دووه‌م یه‌كێتیيه. بریمه‌ر و ساوه‌رز داوایان كرد یه‌كێكی دیكه پێشنیار بكه‌ین. له‌گه‌ڵ هۆشیار راوێژمان كرد ئافره‌تێكی بێلایه‌ن بدۆزینه‌وه. كه‌سمان بۆ نه‌دۆزرایه‌وه. پێشنیارمان كرد یان د.كه‌مال مه‌زهه‌ر یان دارا نوره‌دین بێت. پارتی، دارای پێ باش بوو. دارامان پێشنیار كرد قبوڵیان كرد.
رێككه‌وتبوون له سه‌ر ئه‌وه‌ی ژماره‌ی ئه‌ندامانی ئەنجومەنی حوکم لە 25 كه‌س پێكبێت؛
- 13 ئه‌ندام له شیعه‌ی عه‌ره‌ب
- 5 ئه‌ندام له سوننه‌ی عه‌ره‌ب
- 5 ئه‌ندام له كورد
- 1 ئه‌ندام توركمانی سوننه
- 1 ئه‌ندام مه‌سیحی.
گرافیکی یەکەم
"سلطة الأتلاف المؤقتة – سام" ڕۆژی 13 ی 7 ی 2003 ى دیاری كردبوو كه ڕۆژی یه‌كه‌مین كۆبونه‌وه‌ی ئەنجومەنی حوکم و ڕۆژی راگه‌یاندنی پێكهێنانی بێ. به‌لایانه‌وه زۆر گرنگ بو كه هه‌موو ئه‌ندامه‌كان، به تایبه‌تی مام جه‌لال و كاك مه‌سعود، له یه‌كه‌م كۆبونه‌وه‌دا به‌شداربن و له به‌رده‌م كامێرای ده‌زگاكانی راگه‌یاندنی جیهانييدا ده‌ربكه‌ون. هه‌وڵێكی زۆریان له گه‌ڵ مام جه‌لال دا كه له‌و رۆژه‌دا ئاماده بێ، سه‌ره‌نجام رازی بوو بێته‌وه به‌غداد بۆ ئاماده‌بوون له كردنه‌وه‌ی كۆبوونه‌وه‌كانی ئەنجومەنی حوکمدا، به‌و مه‌رجه‌ی رۆژی دواتر به فڕۆكه بیبه‌نه‌وه ده‌ره‌وه‌ی عێراق بۆ ئه‌وه‌ی فریای مه‌وعیده دانراوه‌كانی بكه‌وێ.
نەوشیروان مستەفا ئەوەشی یاداشت کردووە، کە له ناو ئه‌مانه‌دا (ئەندامانی ئەنجومەنی حوکم) هه‌ندێكیان له ده‌ره‌وه هاتونه‌ته‌وه، هه‌ندێكیان له ناو عیراقدا بوون. بیروڕاكانیان و ته‌جروبه‌ی سیاسی و پشتیوانی جه‌ماوه‌رييان جیاوازه. هه‌ندێكیان نوێنه‌ری حیزب و جوڵانه‌وه‌ی سیاسی فراوانن و هه‌ندێكیان، جگه له خۆیان، نوێنه‌رایه‌تی كه‌س ناكه‌ن، ته‌نانه‌ت له ناوچه‌كانی خۆیشیاندا نه‌ناسراو و نه‌بیستراون. ئه‌م هه‌مو هێز و بیر و كه‌سه ناكۆكانه مه‌گه‌ر هه‌ر به ئه‌مه‌ریكا له ژێر یه‌ك بنمیچدا كۆ بكرێنه‌وه. ئه‌مه نواندنه‌وه‌ی ره‌نگاوڕە‌نگی پێکهاته‌ی دانیشتوانی عێراقه.
ئه‌حمه‌د چه‌له‌بی پێشنیاری كرد به‌حرلعلوم، به هۆی گه‌وره‌یی ته‌مه‌نیه‌وه، سه‌رۆكایه‌تی كۆبونه‌وه‌كان بكا تا سه‌رۆكی ئەنجومەنی حوکم هه‌ڵئه‌بژێردرێ. كه‌س ئیعتیرازی پیشان نه‌دا. به‌حرلعلوم سه‌رۆكایه‌تی كرد.
باس له جۆری كاری ئەنجومەنی حوکم و كاتی كۆبونه‌وه‌كانی و جۆری سه‌رۆكایه‌تی كرا.
به‌یانێك ئاماده‌كرا بۆ ئه‌وه‌ی بۆ ده‌زگاكانی راگه‌یاندن بخوێنرێته‌وه. به‌یانه‌كه له دوا بڕگه‌يدا ده‌ڵێ: "...من اجل اعاده بنا‌ء العراق جدید یتمتع شعبه بكامل حقوقه في ظل نظام دیمقراطي فیدرالي موحد..."
هه‌مان رۆژ كۆنفرانسی رۆژنامه‌وانيی به ئاماده‌بوونی هه‌موو ئه‌ندامانی ئەنجومەن به‌سترا. ژماره‌یه‌كی زۆر له نوێنه‌رانی ده‌زگاكانی راگه‌یاندنی عه‌ره‌بی و جیهانی هاتبوون. ئه‌و به‌یانه‌ی ئاماده‌كرا بوو ده‌رباره‌ی پێكهێنانی‌ئەنجومەنی حوکم له لایه‌ن به‌حر‌لعلومه‌وه خوێنرایه‌وه‌و هه‌ر یه‌كێ له ئه‌ندامانی ئەنجومەنی حوکم، به پێی بۆچوونی خۆی، وه‌ڵامی پرسیاری رۆژنامه‌وانه‌كانی دایه‌وه. سه‌یر ئه‌وه بوو كه تاڵه‌بانی ووتی: "ئەنجومەنی حوکم ده‌سه‌ڵاتی زۆره، ئه‌توانێ وه‌زیر دابنێ و وه‌زیر لاببا ..." د. مه‌حمود، به پێچه‌وانه‌ی ئه‌مه‌وه، وتی: ئەنجومەنی حوکم ده‌سه‌ڵاتی نیيه..."
رۆژی 29/7/2003 ئەنجومەنی حوكم پەیرەوی ناوخۆی پەسەند كرد، كە یارمەتیدەر بوو بۆ جێبەجێكردنی كارەكانیان و دەسەڵاتەكانی ئەنجومەنەكە و ئەركەكانیان لەو پەیرەوەدا یەكلایی كرایەوە.
مەسعود بارزانی سەرۆکی پارتی دیموکراتی کوردستان لە یاداشتەکانیدا لە بارەی ئەنجومەنی حوکمەوە دەگێڕێتەوە؛
سەرەڕای هەموو ئەو کەموکورتییانەی هەبوو، بەڵام ئەگەر قۆناغی سەرۆکایەتی ئەنجومەنی حوکم لەگەڵ ماوەی دواتر بەراورد بکرێت، لە هەموو ڕوویەکەوە دەسەڵاتەکان باشتر و ڕێک و پێکتر بوون. چونکە کەسانی بەرێز و شارەزاو پسپۆڕ ئەنجومەنی حوکمیان بەڕێوەدەبرد و هەستیان بە بەرپرسیارێتی دەکرد، سەرەڕای بوونی جیاوازی و ناکۆکی ڕاو بۆچوونەکانیش ڕێز و لێکتێگەیشتنی باش لە نێوان ئەندامانی ئەنجومەنی حوکمدا هەبوو.
کاتێکیش باس لە ئەزموونی سەرۆکایەتییەکەی لە ئەنجومەنی حوکم دەکات، دەڵێت؛ ڕۆژی 1ی نیسان گەیشمە بەغدا، بەمەبەستی بەخێرهاتن بریمەر سەردانی کردین... پێم ڕاگەیاند؛
1. پاسەوانانی ئەنجومەنی حوکم پاسەوانی خۆم دەبن، نەک پاسەوانانی کۆمپانیای سکیوریتی.
2. هەر بڕیارێکی ئەنجومەنی حوکم من ئیمزای بکەم، تۆ ڕەتی بکەیتەوە، یەک ڕۆژ لە بارەگای ئەنجومەنی حوکم دەوام ناکەم و دەگەڕێمەوە کوردستان.
مەسعود بارزانی ئەوەش دەڵێت کە جارێکیان لە (محێ خەتیب – سکرتێری ئەنجومەنی حوکم)م پرسی؛ برادەرانی بەر لە من لە سەرۆکایەتیی ئەنجومەن چەند بڕیاریان ئیمزا کردووە؟ گوتی؛ (113) بڕیاریان ئیمزا کردووە. گوتم بریمەر چەند بڕیاری هەڵوەشاندووەتەوە، یان پێشێلی کردووە؟ وەڵامی دایەوە کە بریمەر (97) بڕیاری پێشێل کردووە.
هەر لە سەردەمی ئەنجومەنی حوكمدا كورد بە (5 وەزیر) بەشداری لە وەزارەتەكانی ئەنجومەنی حوكمدا كرد ئەوانیش؛
- هۆشیار زێباری - وە‌زیری كاروباری دە‌رە‌وە
- نە‌سرین بە‌رواری - وە‌زیری شارە‌وانییە‌كان
- د. لە‌تیف رە‌شید - وە‌زیری سە‌رچاوە‌كانی ئاو
- محە‌مە‌د تۆفیق رە‌حیم - وە‌زیری پیشە‌سازی
- عە‌بدوڕە‌حمان سدیق كە‌ریم - وە‌زیری ژینگە
گرافیکی دووەم
لە سەردەمی ئەنجومەنی حوكمدا بڕیاری نوسینەوەی دەستورو دارشتنەوەی سیستمی نوێی عێراق درا، بە وتەی بەرپرسێكی باڵای كورد كاتێك گفتوگۆكرا بۆ داواكاری كورد، بەرپرسانی كورد نەیاندەزانی لەكوێوە دەست پێبكەن، هیچ نوسین و دۆكییۆمێنتێكی رەسمیان بەردەست نەبوو، ناچار گەڕانەوە بۆ رێكەوتننامەی 11ی ئازاری 1970، بەتایبەتیش ئەو ماددانەی لە دەستوری كاتی و هەمیشەیی عێراقدا چەسپێنران هەمان ماددەی رێكەوتنی 11ی ئازاری 1970 بوو، بۆ نمونە:
كورد زمانی كوردی كردە زمانی رەسمی لە پاڵ زمانی عەرەبی، لە ماددەی یەكی رێكکەوتنی 11ی ئازاردا هاتووە "زمانی كوردی لە پاڵ زمانی عەرەبی رەسمی دەبێت"، بەهەمان شێوە لە دەستوری عێراقیشدا 2005 هاتووە.
لەماددەی 2ی رێککەوتنی 11ی ئازاردا نوسراوە "كوردەكان بەشداری تەواوی حوكم دەكەن بە سوپاشەوە"
لە ماددەی 6ی رێککەوتنی 11ی ئازاردا هاتووە بودجەیەكی پێویست بۆ ئاوەدانكردنەوەی كوردستان تەرخان دەكرێت، بە هەمان شێوەی بودجەی هەرێم بەرێژەی 17% دیاریكرا.
لە ماددەی 8ی بەیانی 11ی ئازاردا هاتووە "كوردەكان و عەرەبەكان دەگەرێندرێنەوە شوێنی نیشتەجێبوونی خۆیان"، بەهەمان شێوە لە مادەی 58ی دەستوری كاتی و لە مادده‌ی 140ی دەستوری هەمیشەییدا واهاتووە، لەدوای ئاساییكردنەوەی ئینجا بریاری لێدەدرێت.
واتا ئەوەی لە دەستوری كاتی و هەمیشەیی عێراقدا جێگەی کرایەوە، بە دەستكاریەكی كەمەوە لە رێكکەوتننامەی 11ی ئازاردا وەرگیراوە.
دوای کەمتر لە (11) مانگ و لە لە 1ی حوزەیرانی 2004 ئەنجومەنی حوكم هەڵوەشایەوە و حكومەتی كاتی عێراق بەسەرۆكایەتی ئەیاد عەلاوی ڕاگەیەندرا و غازی عەجیل یاوەری بووە سەرۆككۆمار، ئەم پرسەش تەوەرەی دواترمان دەبێت.
سێیەم: کورد لەکابینەی یەکەمی حكومەتی كاتی عێراق 2004-2005
کابینەی یەکەمی حكومەتی كاتی عێراق بە سەرۆكایەتی (ئەیاد عەلاوی) لە حوزەیرانی 2004 پێكهات، (وەک لە خشتەی (3)دا ڕونکراوەتەوە) كورد بەشداری له‌م کابینەیەدا کرد‌و تێیدا؛ (د.فوئاد مە‌عسوم، بووە سە‌رۆكی كۆمە‌ڵە‌ی نیشتمانیی عێراق (پەرلەمان) و لەگەڵ (75) ئەندامی كورد لەو ئەنجومەنە جگە لە (2) کورسی کۆمەڵی ئیسلامی لە كۆی (275) ئەندامی كۆمە‌ڵە‌ی نیشتمانی عێراق (کە بە ڕێککەوتن لە نێوان لایەنە سیاسییەکان و بە ڕاوێژی ئەنجومەنی حوکم کورسییەکانی دابەشکرا)، د. رۆژ نوری شاوە‌یس کرا به جێگری سە‌ركۆماری عێراق. لەگەڵ جێگری سه‌رۆک وه‌زیران و (5) وە‌زیری كورد له‌م کابینه‌یه‌دا به‌شداربوون ئه‌وانیش؛
- د. بە‌رهە‌م ئه‌حمه‌د ساڵح - جێگری سە‌رۆك وە‌زیرانی عێراق
- هۆشیار زێباری - وە‌زیری كاروباری دە‌رە‌وە
- د. لە‌تیف رە‌شید - وە‌زیری سە‌رچاوە‌ی ئاو
- نە‌سرین بە‌رواری - وە‌زیری شارە‌وانی
- نه‌رمین عوسمان – وه‌زیری ده‌وڵه‌ت بۆ کاروباری ژنان
- بە‌ختیار ئە‌مین کرا به وە‌زیری مافی مرۆڤ.
خشتەی (3)
گرافیکی سێیەم
سەرچاوە؛
- دامەزراوەی میدیایی درەو، هەڵبژاردنەکانی پەرلەمانی عێراق... کورد لە پرۆسەی حوکمڕانیدا، چاپخانەی پاندا، سلێمانی، چاپی یەکەم 2025.
https://www.kurdipedia.org/default.aspx?q=20250918193348656697&lng=1
