ئەشواق.. ئەو كچە ئێزدییەی لە ئەڵمانیاش لە داعش رزگای نەبوو
2018-08-18 13:05:00
ئامادەكردنی: نامیق رەسوڵ
ئەشواق حاجی حەمید، یەكێكە لەو هەزاران كچە ئێزدییانەی لە كاتی هێرشی تیرۆریستانی "داعش" بۆسەر شەنگال، دەستگیركراوە، ئەوەی چیرۆكی ئەم كچە لەوانەی تر جیادەكاتەوە ئەوەیە، دوای رزگاربوونی لە دەستی "داعش" و كۆچكردنی بۆ ئەڵمانیا، روبەڕووی یەكێك لەو كەسانە دەبینێتەوە كە لە بازاڕی كڕین و فرۆشتنی كچانی ئێزدییدا ئەوی بە (100 دۆلار) كڕیوە.
ئەشواق تەمەنی (14 ساڵ) دەبێت كاتێك ناوچەكەیان روبەڕووی دڕەندترین هێرش دەبێتەوە لە مێژوودا، ئەو هاوشێوەی هەزاران كچ و ژنی ئێزدیی دەكرێتە كۆیلە و لە بازاڕی " نەخاسە" بە تیرۆریستێكی "داعش" دەفرۆشرێت كە بە " ئەبو هەمام" ناودەبرێت.
ئەشواق لە چاوپێكەوتنێكدا لەگەڵ تۆڕی "بی بی سی" دەڵێ" دوای دەستگیركردن، روبەڕووی دەستدرێژی سێكسی و ئەشكەنجە و لێدان بووەتەوە و دوای سێ مانگ توانیویەتی هەڵبێت و پاشان لەگەڵ دایكی و برایەكیدا رووبكاتە ئەڵمانیا".
پاش چەند مانگێك مانەوە لە ئەڵمانیا، رۆژێك لە شەقامێكی ئەڵمانیا، گوێی لە پیاوێك دەبێت كە بەناوی خۆیەوە بانگی دەكات، ئەو پیاوە "ئەبو هومام"ە و شوێنی نیشتەجێبوونی دەزانێت.
ئەشواق دەربارەی ئەوە دەڵێ:" هەرگیز باوەڕم نەدەكرد لە ئەڵمانیا روبەڕووی رووداوێكی لەو جۆرە ببمەوە.. وڵاتەكەم و خێزانەكەم بەجێهێشت و چووم بۆ ئەڵمانیا بۆئەوەی ئەو ئازار و ئەشكەنجەیە لەبیربكەم كە روبەڕووی بومەوە، دوا شت كە چاوەڕوانم نەدەكرد، كۆبوونەوەیەكی نهێنی بوو لەگەڵ رێكخراوی داعش، ببینم هەموو شتێك دەربارەی من دەزانێت".
"ناگەڕێمەوە بۆ ئەڵمانیا"
دوای ئەو رووداوە ئەشواق دەگەڕێتەوە هەرێمی كوردستان، لە كەمپێكی ئاوارە ئێزدییەكان نیشتەجێ دەبێت، ئەو هێشتا دەیەوێت خوێندن تەواو بكات و لە هەمان كاتیشدا خۆی و خێزانەكەی خوازیارن هەرێمی كوردستان جێبهێڵن، باوكی ئەشواق دەڵێ:" ئێمە لە چەكدارەكانی رێكخراوی دەوڵەتی ئیسلامیی دەترسین".
ئەشواق باسلەوە دەكات " هەرگیز جارێكی تر ناگەڕێتەوە بۆ ئەڵمانیا" و ئێستا خێزانەكەی هاوشێوەی ژمارەیەكی زۆر لە خێزان ئێزدییەكان داواكاری ژیانیان لە ئوسترالیا پێشكەشكردووە لە چوارچێوەی پرۆگراوێكی تایبەت بەو ژنانەی كە لەلایەن "داعش"ەوە رفێندراون.
ئەڵمانیا چی دەڵێت؟
چیرۆكەكەی ئەشواق و بینینی یەكێك لە رفێنەرەكانی لە یەكێك لە بازاڕەكانی ئەڵمانیا لە شوباتی رابردوودا و بەجێهێشتنی ئەڵمانیا، كاردانەوەی زۆری لێكەوتەوە.
نوسینگەی لێكۆڵینەوەی تاوانەكان لە ویلایەتی (بادن فۆرتمبێرگ) لە تویتێكدا لە تۆڕی كۆمەڵایەتی تویتەر رایگەیاند، لە ئازاری رابردووەوە ئاگاداری ئەو پرسەیە و لێكۆڵینەوەی لە رووداوەكە دەستپێكردووە و ئێستا بەچاودێری نوسینگەی داواكاری گشتی فیدراڵی بەردەوامن لە لێكۆڵینەوە.
كانوونی دووەمی رابردوو ئەشواق لە ناوچەی (شڤبیش گمۆند) پۆلیس ئاگاداردەكاتەوە لەوەی پیاوێكی بینیوە كە پێدەچێت یەكێك بێت لەو چەكدارانەی "داعش" بەناوی " ئەبو هومام" كە بەشداربوون لە رفاندنیدا و دوای پێنج رۆژ پۆلیس بە گوێرەی وەسفی ئەشواق وێنەی ئەو كەسە دەكێشن، بەڵام تائێستا پۆلیس نەیتوانیوە ئەو كەسە بدۆزێتەوە و ئەشواقیش لە ئەڵمانیا نەماوە و ئەوەش بەوتەی لێكۆڵەران پرۆسەكەی قورسكردووە و دەزگا ئەمنییەكان ناتوانن زانیاری پێویستیان دەستبكەوێت.
لایخۆیەوە وتەبێژی داواكاری گشتی ئەڵمانیا لە لێدوانێكیدا بۆ ئاژانسی " فرانس پرێس" وتی:" سەیری كەیسەكەم كردووە، بەڵام تائێستا و لەبەر رۆشنایی ئەو بەڵگانەی لەبەردەستدان، نەمانتوانیوە بە دروستی ناسنامەی تاوانبارەكە دیاریی بكەین".