بەرهەم ساڵح: نابێت هەرگیز هەرێمی كوردستان ببێت بە هەڕەشە بۆسەر ئێران
2018-08-18 12:32:30
(درەو میدیا):
بەرهەم ساڵح سەرۆكی هاوپەیمانی بۆ دیموكراسی و دادپەروەری لە چاوپێكەوتنێكدا لەگەڵ ئاژانسی (خبرگزاری جمهوری اسلامی- ایرنا) دەڵێت" نابێت هەرگیز هەرێمی كوردستان ببێت بە هەڕەشە بۆسەر دراوسێكانی بەتایبەتیش ئێران".
بەرهەم ساڵح لەبارەی جموجوڵەكانی ئەمدواییەی پێشمەرگەكانی حزبی دیموكراتی كوردستانی ئێران لەناوچە سنورییەكان، بە ئاژانسە ئێرانییەكەی تووە:" ئێمە دژی ئەو هەنگاوانەین و دڵنیاین كە حكومەتی هەرێمی كوردستان بە هاوكاری حكومەتی ناوەند هەنگاوی پێویست دەنێت، چونكە ئەو كارانە تەنیا ئاسایشی دراوسێكان ناخەنە مەترسییەوە، بەڵكو ئاسایشی عێراق و هەرێمی كوردستانیش دەخەنە مەترسییەوە".
لە بەشێكی تری چاوپێكەوتنەكەیدا لەگەڵ ئاژانسی ئیرنا، بەرهەم ساڵح باسی لەوە كردووە كە دەبێت چاكسازی بنەڕەتی لە پەیكەری بەڕێوەبردنی هەرێمی كوردستاندا بكرێت.
لەبارەی پرۆسەی هەڵبژاردنیشەوە ئاماژەبەوەدەكات، یەكێك لە كێشە بنەڕەتییەكان لە عێراق بە گشتی و هەرێمی كوردستان نەبوونی پرۆسەیەكی شەفافی هەڵبژاردنە كە وایكردووە خەڵك باوەڕیان بە دیموكراسی و ئاڵوگۆڕی ئاشتییانەی دەسەڵات نەمێنێ و كەمی ئاستی بەشداریكردنی خەڵكیش لە هەڵبژاردنی 12ی ئایاری عێراق باشترین بەڵگەیە.
سەبارەت بە هەڵبژاردنی پەرلەمانی كوردستان 30ی ئەیلوی داهاتوو بەڕێوەبچێت، بەرهەم ساڵح بەشێوەیەكی ناڕاستەوخۆ خواستی خۆی بۆ دواخستنی هەڵبژاردن نیشان دەدات و دەڵێ:" بەبۆچونی ئێمە دەبێت هەڵبژاردنێكی باش بەڕێوەبچێت و كات و زەمینەسازی گونجاوی بۆ فەراهەم بكرێت، تاوەكو خەڵك بەشداری لە هەڵبژاردنەكەدا بكەن و دڵنیا بن لەوەی رێز لە دەنگەكانیان گیراوە".
بەرهەم ساڵح لە چاوپێكەوتنەكەدا ستایشی مەرجەعیەتی شیعەی عێراق لە نەجەف دەكات و وتویەتی:" مەرجەعیەتی نەجەف لە مێژووی عێراقدا هەمیشە ناوەندی میانڕەویی، لێبوردەیی و پێكەوەژیان بووە، بۆیە خەڵكی كوردستانی عێراق رێزێكی تایبەتییان بۆ مەرجەعیەت هەیە، مەرجەعیەتی نەجەفی ئەشرەف لە ساتێكی سەخت و تاریكی مێژووی كوردستانی عێراقدا بەرگرییەكی مێژوویی لە مافەكانی خەڵكی كورد كرد.
لەبارەی پەیوەندی نێوان هەرێمی كوردستان و حكومەتی ناوەندی عێراق بەرهەم ساڵح رایگەیاندووە، بەرژەوەندی خەڵكی كوردستان لە ئارامی و پەیوەندییەكی بەهێز لەگەڵ حكومەتی ناوەندی و لەچوارچێوەی دەستوری عێراقدا دەكرێت چارەسەربكرێت.
سەبارەت بە كاندیدبونیشی بۆ پۆستی سەرۆك كۆماری داهاتووی عێراق ئاماژە بەوەدەكات" سەرۆك كۆماری داهاتووی عێراق پێویستی بە تەوافوقی سیاسی هەیە و شوێنی متمانەپێدانیش پەرلەمانە.