Draw Media

20 كورسی پەرلەمان ساختەكاریی یەكلای دەكاتەوە

20 كورسی پەرلەمان ساختەكاریی یەكلای دەكاتەوە

2018-08-18 07:59:16


راپۆرتی شیكاریی: محەمەد رەئوف- فازل حەمەڕەفعەت
هاوسەنگی هێز لە هەرێمی كوردستان تاوەكو 25ی تەموزی 2009 لەنێوان یەكێتی نیشتمانی كوردستان و پارتی دیموكراتی كوردستان چەقیبەستبوو، لە 1992 تا 2009 حوكمڕانی لە هەرێم بەشێوەی (50+ 50) لەنێوان ئەو دوو هێزەدا بەشكرابوو، هەرچەندە ئەوكاتیش خەڵكانێك هەبوون رەخنەیان هەبوو لەوەی پشكی یەكێتی وردە وردە بەرەو پاشەكشێ دەچێت، بەوپێیەی پارتی زۆربەی پۆستە گرنگ و هەستیارەكانی هەرێمی بەدەستەوە گرتووە، بەڵام ئەوە لە چوارچێوەی رێككەوتنێكی نوسراودا بوو لەنێوان هەردوو حزبەكەدا كە ناوی لێنرابوو "رێككەوتنی ستراتیژی". 
ساڵی 2009 دروستبوون و دەركەوتنی بزوتنەوەی گۆڕان ئەم هاوسەنگییەی لەقكرد، بەجۆرێك كاریگەری كرد، وردە وردە رێككەوتنی ستراتیژی نێوان یەكێتی و پارتی لەسەر پۆستەكان بەرەو كاڵبونەوە و نەمان رۆیشت، ئێستادا ئەو رێككەوتنە هیچ وجودێكی نەماوە و زۆرجار بەرپرسانی هەردوو حزب ئاماژە بە پێویستی نوسینەوەی رێككەوتنێكی نوێ دەكەن.

رێككەوتن لەسەر ساختەكاریی
هەرێمی كوردستان لەبەردەم هەڵبژاردنی خولی پێنجەمی پەرلەمانی كوردستاندایە، ئەم هەڵبژاردنە جارێكی تر نەخشەی سیاسی هێزەكان دائەڕێژێتەوە، بە جۆرێك رەنگە پێگەی سیاسی هەندێك لایەن بەشێوەیەك بەهێز ببێت، كە چاوەڕوانكراو نەبێت، پێگەی هەندێك لایەنی تریش بە شێوەیەك لاواز ببێت، كە چیتر مانایەك بۆ هاوسەنگی هێز نەهێڵێتەوە.
هەڵبژاردن پرۆسەیەكە خۆی لەبنەڕەتەوە بۆ ئەوە دانراوە سەنگ و قورسایی هێزە سیاسییەكان و تێڕوانینەكانیان لەناو كۆمەڵگە پێوانە بكات، بەڵام لە هەرێمی كوردستان ئەم پرۆسە گرنگە بۆشاییەكی قوڵی تێدایە كە بۆشایی "ساختەكاریی"یە، هێزە دەسەڵاتدارەكان بەردەوام بەرلەوەی بیر لە راكێشانی دەنگی خەڵكی بكەنەوە لەڕێگەی پرۆژەكانیانەوە، بیر لە پڕكردنەوەی ئەو بۆشاییە دەكەنەوە لە بەرژەوەندی خۆیان، چونكە دواجار ئەو بۆشاییە كە تەرازووی هێز دەگۆڕێت.
هەمیشە بەر لە بەڕێوەچوونی پرۆسەی هەڵبژاردن دوو لایەنە دەسەڵاتدارەكەی كوردستان لە پشتی پەردەوە جۆرێك لە رێككەوتنی نهێنیان كردووە لەبارەی چۆنیەتی سودوەرگرتن لە دەنگە ساختەكان، بە جۆرێك ئەم رێككەوتنە نهێنییە وایكردووە لە كۆتایی هەموو پرۆسەیەكی هەڵبژاردندا، سەرباری ئەوەی هەردوو لایەنەكە لە كۆبوونەوەكان و بەشێوەی ئاشكراش دانیان بەوەداناوە ساختەكاری كراوە، بەڵام دواجار هەردوولا ئەنجامەكانیان قبوڵكردووەو چاوپۆشیان لە ساختەكاری یەكتر كردووە.
پرسی ساختەكاری پێی ناوەتە قۆناغێكی مەترسیدارترەوە، لەبری بنبڕكردنی، ئێستا لە ناوەندی سیاسیدا هەرێمدا دەنگۆی ئەوە هەیە دوو حزبە دەسەڵاتدارەكە چەند حزبێكی تر كێش بكەنە ناو ئەم رێككەوتنە نهێنییەوە لەبارەی ساختەكاری، بەجۆرێك چەند كورسییەك زیاتر لەوەی بەدەستیدەهێنن، بدەن بەو لایەنانەی تر لەبەرامبەر بێدەنگبوونیان لە كەموكورتییەكانی پرۆسەكە.
دواین هەڵبژاردن كە لە هەرێمی كوردستان بەڕێوەچوو هەڵبژاردنی پەرلەمانی عێراق بوو لە 12ی ئایاری رابردوو، یەكێتی نیشتمانی كوردستان لە زاری وتەبێژەكەیەوە كە سەعدی ئەحمەد پیرەیە، پارتی دیموكراتی كوردستانی تۆمەتباركرد بەوەی كە لە دهۆك ساختەكاری كردووە، پارتی دیموكراتی كوردستانیش لە زاری ئەدهەم بارزانی بەرپرسی ئەنجومەنی سەركردایەتی حزبەكەیەوە لە سلێمانی–هەڵەبجە، بە فەرمی یەكێتی تۆمەتباركرد بەوەی لە سلێمانی ساختەكاری كردووە.
لەكاتێكدا یەكێتی و پارتی یەكترییان بە ساختەكاری تۆمەتباردەكرد، حەوت حزبی تریش (بزوتنەوەی گۆڕان، كۆمەڵ، یەكگرتوو، هاوپەیمانی بۆ دیموكراسی و دادپەوەری، بزوتنەوەی ئیسلامی، شیوعی و نەوەی نوێ) ئەو دوو حزبەیان تۆمەتباركرد بە ساختەكردنی ئەنجامی هەڵبژاردن.
ئەمە سەلمێنەری ئەوەیە هەموو حزبەكان بە جیاوازی بیرو بۆچونیانەوە هاوڕابوون لەسەر بوونی ساختەكاری لە پرۆسەی هەڵبژاردن.

قەبارەی ساختەكاریی 
بەپێی لێدوانی فەرمی كۆمسیۆنی هەڵبژاردن و راپرسی هەرێمی كوردستان، (268 هەزار) ناوی دووبارەو گوماناوی لە تۆماری دەنگدەران دەرهێنراوە، بەڵام ئەمە هێَشتا گومان و ترسی لایەنەكانی لە ساختەكاری نەڕواندوەتەوە، بەتایبەتیش لەكاتێكدا پێشتر ئەندامانی كۆمسیۆن باسیان لەوەكرد (640 هەزار) ناوی دووبارە و مردوو و ئاوارەكان و ساختە لە تۆماری دەنگدەراندا هەیە، بەوپێیە بێت ئەگەر تەنها (268 هەزار) ناوی گوماناوی سڕابێتەوە، ئەوا هێشتا (372 هەزار) ناوی گوماناوی تر لە تۆمارەكەدا ماوە، ئەگەر بەهای هەر كورسییەكی پەرلەمانی كوردستان بە (20 هەزار) دەنگ ئەژماربكرێت، دەتوانرێت لەرێگەی ئەو (372 هەزار) ناوە گوماناوییەی تۆماری دەنگدەران بە ساختەكاریی (19 كورسی) پەرلەمانی داهاتووی هەرێم پێ پڕبكرێتەوە، خۆ ئەگەر ئاستی بەشداری دەنگدەران لە پرۆسەی هەڵبژاردن كەم بێت وەكو ئەوەی پێشبینی دەكرێت، بەهای ئەم دەنگە ساختانە بەرزتریش دەبێتەوە و رەنگە ژمارەیەكی زیاتر لە كورسییەكانی پەرلەمان پڕبكاتەوە.
گومانەكان لەسەر زیاتر لە (600 هەزار) دەنگە، پێشتر سەرۆكی فراكسیۆنی یەكگرتوو لە پەرلەمانی كوردستان دانی بەوەدانا كە (615 هەزار) ناوی ساختە و دووبارە لە تۆماری دەنگدەراندا هەیە، ژووری هەڵبژاردنی بزوتنەوەی گۆڕانیش ئاماژەی بە (600 هەزار) ناوی گوماناوی كرد، ناوەندی هەڵبژاردنی كۆمەڵی ئیسلامیش باسلە (500 هەزار) ناوی ساختەو دووبارە دەكات، واتا كۆی گومانەكان لەسەر نزیكەی (600 هەزار) ناوە كە بەشی پڕكردنەوەی (30 كورسی) پەرلەمان دەكات، ئەو ناوە گوماناوییانەی كە كۆمسیۆن سڕیویەتیەوە بەشی (10 كورسی) دەكات، واتا هێشتا بەشی (20 كورسی) ناوی ساختە و دووبارە و گوماناوی ماوە.
هەندێكی تر زیاتر دەڕۆن و پێیانوایە بەشی (40 كورسی) ناوی ساختەو دووبارە لە تۆماری دەنگدەراندا هەیە، بەگوێرەی زانیاری (ئینستتیوتی پەی بۆ پەروەردە و گەشەپێدان)، (930 هەزار) ناوی ساختە و دووبارە و مردوو لە تۆماری دەنگدەراندا هەیە و ئەو ژمارەیەش بەشی (40 كورسی) پەرلەمان دەكات. 
هەموو ئەم زانیارییە جیاوازانە دەریدەخەن هاوسەنگی هێز لە قۆناغی داهاتووی كوردستان ساختەكاری یەكلای دەكاتەوە، نەك دەنگدان و بەشداری هاوڵاتیان لە پرۆسەی هەڵبژاردن، هەڵبەت ئەگەر بەر لە هەڵبژاردن تۆماری دەنگدەران بەتەواوەتی پاكنەكرێتەوە و هەموو لایەنەكان رەزامەندی لەسەر دەرنەبڕن.
ئەوەی جێگەی سەرەنجە لایەنەكان كە زۆربەیان گلەییان لە ساختەكاری هەیە لە پرۆسەی هەڵبژاردن، تەنیا (245 هەزار) ناوی ساختەیان خستوەتەبەردەم كۆمسیۆنی هەڵبژاردن و راپرسی، ئەو دەنگە ساختانەش بەمشێوەیە دابەشبووە:
•    ناوی مردوو: زیاتر لە (96 هەزار).
•    ناوی دووبارە: (6 هەزار).
•    ناوی ئاوارەكان: (23 هەزار).
•    (42 هەزار) ناوی ئەو كەسانەی كە تەمەنیان لەسەروی (90) ساڵەوەیە.
•    زیاتر لە (78 هەزار) ناوی ئاوارەكانی رۆژهەڵات و باكور و باشووری كوردستان، بەپێی زانیارییەكان (30 هەزار) ناوی ئاوارەی باكوری كوردستان و (35 هەزار) ئاوارەی رۆژئاوای كوردستان هەیە كە فۆرمی خۆراكیان بۆ كراوە، لەگەڵ بوونی ناوی زیاتر لە (50 هەزار) ئاوارەی موسڵ.

كێشەیەكی تری تۆماری دەنگدەران خۆی دەبینێتەوە لە بوونی (96 هەزار و 258) ناو، كە (ناوی سیانی و ساڵی لەدایكبون)یان وەكو یەكە.

گومانەكان لەسەر نزیكەی (600 هەزار) ناوە كە بەشی پڕكردنەوەی (30 كورسی) پەرلەمان دەكات، ئەو ناوە گوماناوییانەی كە كۆمسیۆن سڕیویەتیەوە بەشی (10 كورسی) دەكات، واتا هێشتا بەشی (20 كورسی) ناوی ساختەو دووبارەو گوماناوی ماوە

ژمارەی دەنگدەران
بەپێی ئەو تۆمارە بۆ خولی ئەمجارەی پەرلەمانی كوردستان ئامادەكراوە ئەوانەی كە مافی دەنگدانیان هەیە بۆ هەڵبژاردنی 30ی ئەیلول، ژمارەیان (3 ملیۆن و 88 هەزارو 642) كەسە، كە بۆ هەڵبژاردنی 21ی ئەیلولی 2013 ژمارەی ئەوانەی مافی دەنگدانیان هەبوو (2 ملیۆن و 717 هەزارو 82) كەس بوو، واتا بۆ هەڵبژاردنی ئەمجارە (371 هەزارو 560) كەس زیادی كردووە.
ژمارەی دەنگدەران بۆ هەڵبژاردنی 30 ئەیلول بەمشێوەیە دابەشبووە:
•    هەولێر: (ملیۆنێك و 103 هەزارو 732) كەس مافی دەنگدانیان هەیە
•    سلێمانی: (ملیۆنێك و 193 هەزارو 768) كەس مافی دەنگدانیان هەیە
•    دهۆك: (722 هەزارو 920) كەس مافی دەنگدانیان هەیە
•    هەڵەبجە: (68 هەزارو 234) كەس مافی دەنگدانیان هەیە  

كێ دەنگەكان دەژمێرێت ؟
ئەو كۆمسیۆنەی كە هەڵبژاردنی پەرلەمانی كوردستان بەڕێوەدەبات، بەپێی یاسای ژمارە (4)ی ساڵی 2014ی پەرلەمانی كوردستان دروستكراوە و ناوی (كۆمسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردن و راپرسی لە هەرێمی كوردستان– عێراق)ی لێنراوە.
ئەندامانی كۆمسیۆنەكە لە (9) كەس پێكدێن و بریتین لە نوێنەری (5) حزبی سیاسی سەرەكی، بەمشێوەیە:
•    پارتی دیموكراتی كوردستان: 2 ئەندام و سەرۆكی كۆمسیۆن
•    یەكێتی نیشتمانی كوردستان: یەك ئەندام و جێگری سەرۆكی كۆمسیۆن
•    بزوتنەوەی گۆڕان: 2 ئەندام كە یەكێكیان سەرۆكی فەرمانگەی هەڵبژاردنە
•    یەكگرتوو ئیسلامی كوردستان: یەك ئەندام
•    كۆمەڵی ئیسلامی كوردستان: یەك ئەندام

ئەم كۆمسیۆنە لەدوای دامەزراندنییەوە تەنیا یەك ئەزمونی بەڕێوەبردنی پرۆسەی هەڵبژاردنی هەیە، ئەویش پرۆسەی ریفراندۆم بوو لە رۆژی 25ی ئەیلولی 2017، ریفراندۆم كە ئەم كۆمسیۆنە بەڕێوەی برد، پرۆسەیەكی بێ كەموكورتی نەبوو، بەڵام هەموو لایەنەكان بەهۆی ئەوەی پرسێكی هەستیار بوو لەبارەی چارەنوسی هەرێمی كوردستان لە عێراقدا، بێدەنگیان لە كەموكورتییەكان كرد، هەموو لایەنەكان ئەو راستییە دەزانن لە پرۆسەی ریفراندۆمدا لە ناوچە جێناكۆكەكان ساختەكاری زۆر هەبووە بۆ بەرزكردنەوەی دەنگی "بەڵی"، تەنانەت زانیاری هەیە ئەوكات سەركردایەتی بزوتنەوەی گۆڕان تێبینی لەسەر ئەنجامەكە هەبووەو داوای لە ئەندامەكانی خۆی كردووە لە كۆمسیۆن ئیمزا لەسەر ئەنجامی كۆتایی ریفراندۆم نەكەن، بەڵام دواجار بزوتنەوەی گۆڕانیش كەوتەژێر فشاری هەست و سۆزە نەتەوەییەكەی ئەوكات و بێدەنگی لە كەموكورتییەكان كرد.
بەڵام لە هەڵبژاردنی داهاتووی پەرلەمانی كوردستاندا پێناچێت چیتر لایەنەكان ئەم چاوپۆشییە لە كەموكورتییەكانی كۆمسیۆن بكەن، چونكە ئەمە راستەوخۆ پەیوەندی بە تەرازووی هێزەوە هەیە.

ساختەكاریی.. مۆتەكەی هەڵبژاردنەكان
لە یەكەم پرۆسەی هەڵبژاردنەوە لە هەرێمی كوردستان تاوەكو ئێستا بەردەوام باس لە ساختەكاری لە پرۆسەی هەڵبژاردن دەكرێت، لە هەریەكێك لەو هەڵبژاردنانەی كە لە هەرێم كراون بە قەبارەی جیاواز ساختەكاری كراوە، چەندین بەڵگە و دۆكیۆمێنت هەن كە ئاستی ساختەكاری لەو هەڵبژاردانەدا دیاری دەكەن.
لە یەكەم پرۆسەی هەڵبژاردن كە لە 19ی ئاداری 1992 بەڕێوەچوو، بەپێی ئەنجامی كۆتایی كە لەلایەن ئەنجومەنی باڵای هەڵبژاردنەوە راگەیەندرا، لە پارێزگای دهۆك (178 هەزار) كەس مافی دەنگدانی هەبوو، بەڵام (198 هەزار) كەس دەنگیدابوو، واتە بەرێژەی 111%، ئەویش ئەنجامی هەڵبژاردنی بە قازانجی پارتی یەكلاكردەوە. 
لە دووەم خولی هەڵبژاردن، مەسعود بارزانی سەرۆكی پارتی لەبارەی پرۆسەی ساختەكارییەوە نامەیەكی ئاڕاستەی جەلال تاڵەبانی سكرتێری یەكێتی كردووە و تێدا نوسیویەتی:"هەندێك خروقات یەكجار زۆر زەقن پینە ناكرێن.. ناكرێت ئەو تەزویرە زۆرانەی كراون قبوڵبكرێن". 
لە پرۆسەی هەڵبژاردنی ئەنجومەنی پارێزگا و پەرلەمانی عێراقدا لە 2014 بزوتنەوەی گۆڕان رایگەیاند، لە پرۆسەیەكدا لە "ئەلبیسەكە"ی سلێمانی بەجۆرێك گۆڕانكاری لە دەنگەكاندا كراوە، كە (5) كورسی ئەنجومەنی پارێزگا لە بزوتنەوەی گۆڕانەوە دراوە بە یەكێتی نیشتیمانی.
لە هەڵبژاردنی 12ی ئایاری 2018ی پەرلەمانی عێراقدا، لایەنە ناڕەزاییەكانی چەندجارێك رایانگەیاند، پرۆسەی ساختەكاری گەیشتوەتە ئاستی گۆڕینی ئەنجامی هەڵبژاردن، بەبێ لەبەرچاوگرتنی رێژەی دەنگی لایەنەكان، ئەمە پەرەسەندنێكی مەترسیداربوو لە پرۆسەی ساختەكاری لە هەڵبژاردنەكانی كوردستاندا، رەنگە هۆكارە سەرەكییەكەشی ئەوە بێت یەكەمجار بوو ئامێری ئەلكترۆنی بەكارهێنرا لە پرۆسەی دەنگداندا كە ئەگەری "هاككردنی" چاوەڕوانكراو بوو، بەتایبەتیش دوای ئەوەی ئەم هەڵبژاردنی ئەلكترۆنیە بۆ یەكەمجار لە ویلایەتە یەكگرتووەكانی ئەمریكا روبەرووی گومان گەورە بووەوە.

ساختەكاری چۆن هاوسەنگی هێز دەگۆڕێت؟
بڕیارە رۆژی 30ی ئەیلولی داهاتوو هاوڵاتیانی كوردستان جارێكی تر بچنەوە سەر سندوقەكانی دەنگدان بەمەبەستی هەڵبژاردنی پەرلەمانێكی نوێ (ئەگەر هەڵبژاردن دوانەخرێت)، چەند رۆژێكە لەناو لایەنە سیاسییەكانی هەرێمی كوردستان و لەپشتی پەردەوە گفتوگۆی چڕ دەكرێت لەبارەی پرۆسەی ساختەكاری لە هەڵبژاردنەكاندا، لەمەشدا زیاتر باس لە تۆماری دەنگدەران دەكرێت كە گوماندەكرێت لەو رێگەیەوە ساختەكاری بەشێوەیەكی داپۆشراو بكرێت.
لەناو ناوەندی سیاسی هەرێمی كوردستاندا ئەوە بڵاوبوەتەوە پارتی دیموكراتی كوردستان لە هەڵبژاردنی داهاتوودا نزیكەی (50) كورسی بەدەستدەهێنێت، ئەم زیادبوونە لە ژمارەی كورسییەكانی پارتی لە دوو خاڵەوە سەرچاوە دەگرێت.
یەكەم: ساختەكاریی
دووەم: كەمی ئاستی بەشداری دەنگدەران لە سنوری سلێمانی

پێشبینی پارتی بۆ بردنەوەی (50) كورسی پەرلەمانی داهاتوو، مەترسی لای هێزەكانی تر بەتایبەتیش یەكێتی نشتیمانی دروستكردووە.
بەپێی یاسا، لە هەرێمی كوردستان كابینەی حكومەت بۆ ئەوەی متمانەی پەرلەمان وەرگرێت، لەكۆی (111) ئەندامی پەرلەمان پێویستی بە دەنگی متمانەی ( 50 + 1)واتا (56) ئەندام هەیە، ئەگەر پارتی (50) كورسی لە هەڵبژاردنی داهاتوودا مسۆگەر بكات، بۆ پێكهێنانی كابینەی داهاتووی حكومەت نەك پێویستی بە لایەنەكانی تر نامێنێت، بەڵكو پێویستییەكی ئەوتۆشی بە هێزێكی وەكو یەكێتی نشتیمانی نامێنێت كە لە (26) ساڵی رابردوودا شەریكە حوكمڕانی بووە و ئێستاش لەڕووی دەسەڵاتەوە روبەڕێكی فراوانی خاكی هەرێمی بەدەستەوەیە، ئەمەش ئەو تێكچونەی تەرازووی هێزە كە رەنگە هەڵبژاردنی داهاتوو دروستی بكات.
تێكچوونی تەرازووی هێز لە هەڵبژاردنی داهاتوودا هێندە بۆ یەكێتی مەترسیدارە هێندە بۆ بزوتنەوەی گۆڕان و لایەنەكانی تر مەترسیدار نیە، بەڵام ئەوەی جێگەی سەرنجە یەكێتی سەرباری ئەوەی لە زاری هەندێك لە بەرپرسەكانیەوە بەدیاریكراوی قوباد تاڵەبانی خواستی خۆی نیشانداوە بۆ دواخستنی هەڵبژاردن، بەڵام فازل میرانی سكرتێری مەكتەبی سیاسی پارتی لە چەند رۆژی رابردوودا لە لێدوانێكدا بۆ دەنگی ئەمریكا دەڵێ" پارتی و یەكێتی لەگەڵ ئەوەن هەڵبژاردن لەكاتی دیاریكراوی خۆیدا بكرێت"، ئەمە لەكاتێكدایە پێشتر مەلا بەختیار بەرپرسی دەستەی كارگێڕی مەكتەبی سیاسی یەكێتی وتی:" بەفەرمی خواستی خۆمان بۆ دواخستنی هەڵبژاردن بە مەكتەبی سیاسی پارتی راگەیاندووە"، ئێستا روون نیە هەڵوێستی فەرمی یەكێتی لەبارەی دواخستنی هەڵبژاردنەوە چیە. 
(درەو میدیا) زانیویەتی بێگەرد تاڵەبانی سكرتێری پەرلەمانی كوردستان لەسەر پشكی یەكێتی لە هەوڵدایە پرۆسەی هەڵبژاردن لە پەرلەمانەوە دوابخرێت، لەمەشدا دەیەوێت فراكسیۆنی گۆڕان بكاتە مەقاشەكەو هاوشێوەی یاسای "هەڵپەساردنی سەرۆكایەتی هەرێم"، دواخستنی هەڵبژاردن بە پرۆژە یاسایەكی فراكسیۆنی گۆڕان بڕیاری لەسەر بدرێت. 
 

بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار
مافی به‌رهه‌مه‌كان پارێزراوه‌ بۆ دره‌و
Developed by Smarthand