بێگەرد تاڵەبانی: وتوێژ بۆ دواخستنی هەڵبژاردن دەستیپێكردووە
2018-08-16 12:22:32
(درەو میدیا):
بزوتنەوەی گۆڕان لەڕێگەی فراكسیۆنەكەیەوە لەناو پەرلەمانی كوردستان هەوڵێكی دەستپێكردووە بۆ دواخستنی هەڵبژاردن.
(درەو میدیا) زانیویەتی، سەرۆكی فراكسیۆنی گۆڕان لە پەرلەمانی كوردستان لەگەڵ چەند پەرلەمانتارێكی فراكسیۆنەكە لە سەرۆكایەتی پەرلەمانی كوردستان تاوتوێی بابەتی دواخستنی هەڵبژاردنیان كردووە.
(درەو میدیا) بۆ وەرگرتنی زانیاری زیاتر پەیوەندی بە ژمارەیەك پەرلەمانتاری فراكسیۆنی گۆڕانەوە كرد، بەڵام زۆربەیان تەلەفۆنەكانیان داخستبوو، ئەوانەشی وەڵامی پەیوەندییەكانیان دایەوە ئامادەنەبوون لەوبارەیەوە هیچ قسەیەك بكەن.
عومەر عینایەت ئەندامی فراكسیۆنی گۆڕان لە لێدوانێكدا بۆ (درەو میدیا) رایگەیاند، ئەو ئاگاداری ئەوە نییە فراكسیۆنەكەی گفتوگۆی بۆ دواخستنی هەڵبژاردن لەناو پەرلەمان دەستپێكردبێت، بەڵام ئەندامانی فراكسیۆن ئاگاداركراون لەوەی بزوتنەوەی گۆڕان پشتیوانی ئەوە دەكات هەڵبژاردنی پەرلەمانی كوردستان و ئەنجومەنی پارێزگاكان پێكەوە بكرێن، بەپێی ئەو ئاگاداركردنەوەیەی بزوتنەوەی گۆڕان بێت بۆ ئەندامانی فراكسیۆنەكەی بزووتنەوەی گۆڕان لەگەڵ دواخستنی هەڵبژاردندایە و كاری بۆ دەكات.
بڕیارە رۆژی 30/9 هەڵبژاردنی پەرلەمانی كوردستان بەڕێوەبچێت، ئەو پەرلەمانەی كە ئێستا لەسەركارە، ساڵی رابردوو تەمەنی یاسایی كۆتایی هات، بەڵام بەهۆی دەرئەنجامەكانی ریفراندۆمەوە پرۆسەی هەڵبژاردن دواخرا و پەرلەمان ماوەی ساڵێك بە یاسا تەمەنی خۆی درێژكردەوە، تەمەنی درێژكراوەی پەرلەمانی ئێستا رۆژی 6/11ی داهاتوو كۆتایی دێت، ئەگەر بڕیار بدرێت لەسەر دواخستنی هەڵبژاردن لەو وادەیەی كە دیاریكراوە، دەبێت پەرلەمان بۆ جاری دووەم تەمەنی خۆی درێژبكاتەوە.
لە لێدوانێكی تایبەتدا بۆ (درەو میدیا)، بێگەرد تاڵەبانی سكرتێری پەرلەمان پشتڕاستیكردەوە، لەناو پەرلەمان و لەنێوان فراكسیۆنەكاندا وتوێژ دەستیپێكردووە لەبارەی دواخستی هەڵبژاردنەوە.
بێگەرد تاڵەبانی وتی: كۆدەنگییەك لەناو زۆربەی فراكسیۆنەكاندا هەیە بۆ دواخستی هەڵبژاردن و داوا دەكرێت هەڵبژاردنی پەرلەمانی كوردستان لەگەڵ هەڵبژاردنی ئەنجومەنی پارێزگاكان بەڕێوەبچێت بۆ ئەوەی بودجە لە دوو هەڵبژاردندا خەرج نەكرێت، هەروەها هەندێك لە لایەنەكانیش داوا دەكەن بەر لە بەڕێوەچوونی هەڵبژاردن تۆماری دەنگدەران زیاتر خاوێن بكرێتەوە.
وتی: تائێستا هیچ پرۆژەیاسایەك لەوبارەیەوە پێشكەشی سەرۆكایەتی پەرلەمان نەكراوە، بەڵام بڕیارە بەمنزیكانە فراكسیۆنەكان پرۆژەیاسایەك ئامادەبكەن.
رۆژی 11ی ئەم مانگە لە مەكۆی سەرەكی بزوتنەوەی گۆران لە گردی زەرگەتەی شاری سلێمانی كۆبونەوەیەكی چوارقۆڵی لەنێوان كەسی یەكەمی (بزوتنەوەی گۆڕان، هاوپەیمانی بۆ دیموكراسی و دادپەروەری، یەكگرتووی ئیسلامی و كۆمەڵی ئیسلامی) بەڕێوەچوو، بەپێی زانیارییەكانی (درەو میدیا) لەو كۆبونەوەیەدا چوارلایەنەكە پرسی دواخستنی هەڵبژاردنی پەرلەمانی كوردستانیان تاوتوێ كردووە و بەشێكیان لەگەڵ دواخستنی هەڵبژاردن بوون و بەشێكیشیان لەگەڵ بایكۆت.
ئومێد خۆشناو سەرۆكی فراكسیۆنی پارتی دیموكراتی كوردستان لە پەرلەمانی كوردستان لە لێدوانێكدا بۆ (درەو میدیا) رایگەیاند، ئەوان وەكو فراكسیۆنی پارتی بە هەموو شێوەیەك دواخستنی هەڵبژاردن رەتدەكەنەوە و دەخوازن پرۆسەكە لە وادەی خۆیدا بەڕێوەبچێت.
ئومێد خوشناو رەتیكردەوە هیچ فراكسیۆنێك لەبارەی دواخستنی هەڵبژاردنەوە لەگەڵ فراكسیۆنی پارتی گفتوگۆی كردبێت.
پێشتر فازل میرانی سكرتێری مەكتەبی سیاسی پارتی لە لێدوانێكدا بۆ (دەنگی ئەمریكا) وتی:" هەر لایەنێك داوای دواخستنی هەڵبژاردن دەكات بابێت گفتوگۆ بكات و پاساوەكان و زیانەكانی هەڵبژاردنمان پی بڵێت و بڕوامان پێی هەبێت، بەڵام ئێمە و یەكێتی و توركمان و مەسیحی و سۆسیالیست دەڵێین با لەكاتی خۆیدا بكرێت، ئەگەر حیزبێكیش بیەوێت با بەشداری هەڵبژاردن نەكات".
بزوتنەوەی گۆڕان كە ئەم رۆژانە كێشە ناوخۆییەكانی بەرەو ئاڵۆزی زیاتر دەڕوات، لە هەموو لایەنەكانی تر زیاتر جەخت لەسەر دواخستنی پرۆسەی هەڵبژاردن دەكات، بەڵام هەندێك لەبەرپرسانی بزووتنەوەی گۆڕان لە لێدوانەكانیاندا جەخت لەسەر ئەوە دەكەنەوە كە لەگەڵ بەرێوەچوونی هەڵبژاردنن لەكاتی خۆیدا.
بڕیارە رۆژی 30/12ی داهاتوو هەڵبژاردنی ئەنجومەنی پارێزگاكان لە عێراق بەڕێوەبچێت، ئەگەر هەڵبژاردنی پەرلەمانی كوردستان دواخرێت، وادەی بەڕێوەچوونی پرۆسەكە دەكەوێتە مانگی 12وە.