لە هەڵبژاردنەکانی ئەنجومەنی نوێنەران عێڕاق 2010 - 2025

2025-09-11 19:05:42
راپۆرتی: درەو
🔻 لە بازنەی پارێزگای سلێمانی؛
🔹 لە خولی دووەمی هەڵبژاردنی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق لە ساڵی (2010)ەوە بۆ خولی پێنجەم لە ساڵی (2021)، تەنها (5) لیست و قەوارەی سیاسی توانیویانە کورسی ئەنجومەنی نوێنەران مسۆگەر بکەن، جگە لە خولی چوارەمی ساڵی (2018) نەبێت (7) لیست و قەوارە کورسییان بەدەستهێناوە.
🔹 لە (7ی3ی2010)ەوە کە (ملیۆنێک و 98 هەزار و 451) هاوڵاتی مافی دەنگدانی هەبوو، بۆ هەڵبژاردنی خولی شەشەمی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق، کە بڕیارە لە 11/11/2025 بەڕێوەبچێت و (ملیۆنێک و 532 هەزار و 893) مافی بەشداری هەیە، بەو مانایەی ژمارەی گەشەی دەنگدەران لە بازنەی پارێزگای سلێمانی گەیشتووە بە (434 هەزار و 442) هاوڵاتی و ڕێژەی گەشەی (39.6%).
🔹 ژمارەی بەشداری هاوڵاتیانی پارێزگای سلێمانی لە هەڵبژاردنی خولی دووەمی ئەنجومەنی نوێنەران لە (833 هەزار و 631) بەشداربووەوە بۆ (393 هەزار و 194) بەشداربوو لە خولی پێنجەمی ئەنجومەنی نوێنەران دابەزیوە، واتا بە بڕی (440 هەزار و 437) بەشدابوو بە ڕێژەی (53%) کەمی کردووە.
سەرەتا
لەگەڵ ئەوەی چەندین هەڵبژاردنی گشتی بۆ (پەرلەمانی کوردستان و ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق) لە سەر ئاستی عێراق و هەرێمی کوردستان و لە نێویشیدا لە پارێزگای سلێمانی لە دوو دەیەی ڕابردوودا بەڕێوەچووە، بەڵام سەرجەم خولەکانی هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان بەپێی یاسا بە سیستمی یەک بازنەیی بەڕێوەچووە، جگە لە دواین خولی هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان کە لە 20/10/2024 ئەنجام درا و پارێزگای سلێمانی جگە لە پارێزگای هەڵەبجە بازنەیەکی هەڵبژاردن بوو.
ئەوەشی پەیوەندی بە هەڵبژاردنەکانی ئەنجومەنی نوێنەرانەوە هەیە، هەمیشە هەڵبژاردن بەشێوەی فرە بازنەیی بەڕێوەچووە، پارێزگای سلێمانیش بازنەیەکی سەربەخۆ بووە تا دواین خولی هەڵبژاردنی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق لە 10/10/2021 کە تێدا پارێزگای سلێمانی کرا بە (5) بازنەی هەڵبژاردن.
لەم ڕاپۆرتەدا تیشک دەخەینە سەر هەڵبژاردنەکانی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق کە تێیدا پارێزگای سلێمانی وەک بازنەیەکی سەربەخۆ مامەڵەی لەگەڵدا کراوە، وەردەکاری و ئەنجامی کۆتایی هەڵبژاردنەکان لەو بازنەیە ڕووندەکەینەوە، لەڕووی ژمارەی دەنگدەر، ڕێژەی بەشداری، ڕکابەری لایەنەکان و بەشداربووە سەرکەوتووەکان.
یەكەم/ بازنەی پارێزگای سلێمانی لە هەڵبژاردنی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق 7/3/2010
خولی دووەمی هەڵبژادنی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق کە لە (7/3/2010)دا بەڕێوەچووە، بەپێی راگەیەنراوی كۆمسیۆنی باڵای ، لە پارێزگای سلێمانی (ملیۆنێک و 98 هەزار و 451) كەس مافی دەنگیدانیان هەبووە و (833 هەزار و 631) دەنگیانداوە، بەڕێژەی (75.9%). پارێزگاكە (17) كورسی لە پەرلەمانی عێراق بەردەكەوت، ئەنجامی هەڵبژاردنەکەش بەم جۆرە بوو؛
- لیستی گۆڕان (298 هەزار 621) دەنگی بەدەستهێنا و (6) كورسی پەرلەمانی عێراقی بردەوە.
- لیستی هاوپەیمانی كوردستانی (350 هەزار و 283) دەنگی بەدەستهێنا و (8) كورسی پەرلەمانی بردەوە، بە شێوەیەک؛ یەكێتی نیشتیمانی كوردستان (237 هەزار و 379) دەنگ و (5) كورسی و پارتی دیموكراتی كوردستان (82 هەزار و 121) دەنگی بەدەستهێناوە (3) كورسی بردەوە.
- یەكگرتووی ئیسلامی كوردستان (103 هەزار و 188) دەنگی بەدەستهێناوە (2) كورسی مسۆگەر کرد.
- كۆمەڵی ئیسلامیی كوردستان (79 هەزار و 140) دەنگ و (1) كورسی پەرلەمانی بردەوە.
تایبەت بە دەنگی و کورسی لایەنە بەشداربووەکانی بازنەی پارێزگای سلێمانی (بڕوانە خشتە و چارتی ژمارە 1)
خشتەو چارتی ژمارە (1)
دووەم/ بازنەی پارێزگای سلێمانی لە هەڵبژاردنی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق 30/4/2014
لە هەڵبژاردنی خولی سێیەمی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراقدا کە لە (30/4/2014) بەڕێوەچوو، لە بازنەی پارێزگای سلێمانی (ملیۆنێک و 168 هەزار و 459) كەس مافی دەنگیدانیان هەبووە و (893 هەزار و 226) دەنگیانداوە، بەڕێژەی (76%)، بازنەی پارێزگای سلێمانی (18) كورسی بەرکەتبوو. ئەنجامەکەش بەجۆرێک (5) لیست توانیان کورسییەکانی پارێزگاکە ببەنەوە لەو هەڵبژاردنەدا، بەجۆرێک؛
- لیستی گۆڕان توانی (347 هەزار و 799) دەنگ بەدەستبهێنێت بەڕێژەی (39%) و (7) كورسی پەرلەمانی بەدەستهێنا.
- یەكێتی نیشتیمانی كوردستان (294 هەزار و 265) دەنگی بەدەستهێناوە بەڕێژەی (33%) كە (6) كورسی بەدەستهێنا.
- لیستی پارتی دیموكراتی كوردستان توانی (93 هەزار و 410) دەنگ بەدەستبهێنێت، بەرێژەی (10%) و توانی (2) كورسی پەرلەمانی مسۆگەر بكات.
- لیستی یەكگرتووی ئیسلامی (81 هەزار و 392) دەنگ و بەڕێژەی (9%) و (2) كورسی مسۆگەركرد.
- لیستی كۆمەڵی ئیسلامیی (57 هەزار و 102) دەنگ بەڕێژەی (6%) توانی (1) كورسی بەدەستبهێنێت.
تایبەت بە دەنگی و کورسی لایەنە بەشداربووەکانی بازنەی پارێزگای سلێمانی (بڕوانە خشتە و چارتی ژمارە 2)
خشتە و چارتی ژمارە (2)
سێیەم/ بازنەی پارێزگای سلێمانی لە هەڵبژاردنی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق 12/5/2018
هەڵبژاردنی خولی چوارەمی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراقدا، لە 12/5/2018 بەڕێوەچوو، لە سلێمانی (ملیۆنێک و 305 هەزار و 211) كەس مافی دەنگیدانیان هەبووە و (668 هەزار و 146) كەس بە دروستی دەنگیانداوە، بەڕێژەی (47.9%) و (18) كورسی لە ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق بۆ دیاریكرابووە، حەوت لیست و قەوارەی سیاسی توانیان کورسی مسۆگەر بکەن، بەجۆرێک؛
- یەكێتی نیشتیمانی كوردستان (259 هەزار و 378) دەنگی بەدەستهێناوە بەڕێژەی (39%)ی دەنگە دروستەكان و (8) كورسی بەدەستهێنا.
- لیستی گۆڕان توانی (154 هەزار و 947) دەنگ بەدەستبهێنێت بەڕێژەی (23%) و (4) كورسی پەرلەمانی بەدەستهێنا.
- نەوەی نوێ توانی (63 هەزار و 760) دەنگ بەدەستبهێنێت بەڕێژەی (10%) و (2) كورسی پەرلەمانی بەدەستهێنا.
- لیستی كۆمەڵی ئیسلامیی (51 هەزار و 563) دەنگ بەڕێژەی (8%) توانی (1) كورسی بەدەستبهێنێت.
- لیستی پارتی دیموكراتی كوردستان توانی (48 هەزار و 706) دەنگ بەدەستبهێنێت، بەرێژەی (7%) و (1) كورسی پەرلەمانی مسۆگەر بكات.
- لیستی یەكگرتووی ئیسلامیی (30 هەزار و 19) دەنگ و بەڕێژەی (4%) و (1) كورسی مسۆگەركرد
- هاوپەیمانی لەپێناو دیموكراتی و دادپەروەری (46 هەزار و 552) دەنگ بەڕێژەی (7%) توانی (1) كورسی بەدەستبهێنێت.
تایبەت بە دەنگی و کورسی لایەنە بەشداربووەکانی بازنەی پارێزگای سلێمانی (بڕوانە خشتە و چارتی ژمارە 3)
خشتە و چارتی ژمارە (3)
چوارەم/ بازنەی پارێزگای سلێمانی لە هەڵبژاردنی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق 10/10/2021
رۆژی 10ی تشرینی یەكەمی 2021، خولی پێنجەمی هەڵبژاردنی ئەنجومەنی نوێنەران لە عێراق بەڕێوەچوو، بەپێ یاسای نوێی هەڵبژاردنی ئەنجومەنی نوێنەران ژمارە (9)ی ساڵی 2020، هەڵبژاردنەكە تەواو جیاواز بوو بەراورد بە خولەكانی پێش خۆی یەکێک لەو جیاوازییانەش دابەشكردنی عێراق بوو لە (18) بازنەی هەڵبژاردنەوە بۆ (83) بازنەی هەڵبژاردن، هەر پارێزگایەك بۆ چەند بازنەیەكی هەڵبژاردن دابەش دەبێت.
لەسەر ئەو بنەمایەش پارێزگای سلێمانی كرا بە (5) بازنەی هەڵبژاردن، لەسەر ئاستی هەر پێنج بازنەکەی هەڵبژاردن، بەپێی داتاكانی كۆمسیۆنی عێراق لە پارێزگای سلێمانی (ملیۆنێک و 389 هەزار و 691) كەس مافی دەنگدانی هەبووە و (393 هەزار و 194) كەس دەنگی دروستیانداوە، بەرێژەی (28.29%) و (18) كورسی لە ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق بۆ دیاریكراوە، بەجۆرێک؛
- یەكێتی نیشتیمانی كوردستان یەكێتی نیشتیمانی كوردستان هەرچەندە هاوپەیمان بوو لەگەڵ گۆڕان بەڵام بەتەنها (124 هەزار و 414) دەنگی بەدەستهێناوە بەڕێژەی (31.6%) كە (8) كورسی بەدەستێنا.
- نەوەی نوێ توانی (106 هەزار و 318) دەنگ بەدەستبهێنێت بەڕێژەی (27%) و (5) كورسی پەرلەمانی بەدەستهێنا.
- لیستی پارتی دیموكراتی كوردستان توانی (54 هەزار و891) دەنگ بەدەست بهێنێت بەرێژەی (14%)ی دەنگە دروستەكان و توانی (2) كورسی پەرلەمانی مسۆگەر بكات.
- لیستی كۆمەڵی دادگەری (44 هەزار و 639) دەنگ بەڕێژەی (11.4%) و (1) كورسی بەدەستهێنا.
- كاندیدەكانی یەكگرتووی ئیسلامیی (22 هەزار و 876) دەنگ و بەڕێژەی (5.8%) و (2) كورسی لە پارێزگای سلێمانی مسۆگەركرد.
- بزوتنەوەی گۆڕان كە هاوپەیمانی یەكێتی بوو بەڵام كاندیدەكانی (17 هەزار و 846) دەنگیان بەدەستهێنا بە ڕێژەی (4.5%) و هیچیان سەرنەكەوتن.
- پارتی سۆسیالست دیموكراتی كوردستانیش (2 هەزار و 517) دەنگی بەدەستهێنا بە ڕێژەی (0.6%) و هیچ كاندیدێکی سەرنەكەوت.
- سەرجەم لایەن و كەسایەتییە سەربەخۆكانیش لەو پارێزگایە (19 هەزار و 693) دەنگیان بەدەستهێنا بە ڕێژەی (5%) و هیچیان سەرنەكەوتن بۆ ئەنجومەنی نوێنەران.
تایبەت بە دەنگی و کورسی لایەنە بەشداربووەکانی بازنەی پارێزگای سلێمانی (بڕوانە خشتە و چارتی ژمارە 4)
خشتە و چارتی ژمارە (4)
پێنجەم/ ژمارەی دەنگدەر و ڕێژەی بەشداری بازنەی پارێزگای سلێمانی لە هەڵبژاردنەکانی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق 2010 – 2025
لەگەڵ ئەوەی بەردەوام لەسەر بنەمای گەشەی دانیشتوان، ژمارەی دەنگدەریش ڕوو لە هەڵکشان دەکات، بەجۆرێک لە پارێزگای سلێمانی، لە خولی دووەمی هەڵبژاردنی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراقەوە کە لە 7/3/2010 بەڕێوەچوو (ملیۆنێک و 98 هەزار و 451) هاوڵاتی مافی دەنگدانی هەبوو، بەڵام بەپێی دواین ئامارەکانی کۆمسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکانی عێراق بۆ هەڵبژاردنی خولی شەشەم، کەوا بڕیارە لە 11/11/2025 بەڕێوەبچێت (ملیۆنێک و 532 هەزار و 893) هاوڵاتی لە پارێزگای سلێمانی مافی بەشداری پرۆسەکەیان هەیە، بەم پێیە ژمارەی گەشەی دەنگدەران لە بازنەی پارێزگای سلێمانی گەیشتووە بە (434 هەزار و 442) هاوڵاتی و ڕێژەی گەشەی (39.6%) لە ماوەی نێوان (2010 – 2025).
هاوکات ژمارەی بەشداری هاوڵاتیانی پارێزگای سلێمانی لە هەڵبژاردنی خولی دووەمی ئەنجومەنی نوێنەران لە (833 هەزار و 631) دەنگدەرەوە بۆ (393 هەزار و 194) بەشداربوو لە خولی پێنجەمی ئەنجومەنی نوێنەران دابەزیوە، واتا بڕی (440 هەزار و 437) بەشدابوو بە ڕێژەی (53%) کەمی کردووە.
بۆ بەرچاوڕوونی دەربارەی گەشەی ژمارەو ڕێژەی دەنگدەر و قەبارەی بەشداری هەڵبژاردنی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق لە خولەکانی ڕابردوودا لە بازنەی پارێزگای سلێمانی (بڕوانە خشتە و چارتی ژمارە 5)
خشتە و چارتی ژمارە (5)
