قەیرانی پەککەوتنی پەرلەمان و پێکنەهێنانی کابینەی نوێ

2025-09-10 20:43:36
راپۆرت: رێكخراوی ستۆپ بۆ چاودێری و پهرهپێدان
🔻 پاڵپشت بە ڕاپۆرتێکی ڕێکخراوی ستۆپ
🔹 پێکهێنانی کابینەی دەیەم دواکەوتووترین کابینەیە کە تا ئێستا پێکنەهێنراوە، بەجۆرێك ماوەی دواکەوتنەکەی سێ هێندە پێکهێنانی کابینەی یەکەمە.
🔹 هەرچەندە دەسەڵاتەکانی حکومەتی کاربەڕێکەر سنووردارە، بەڵام حکومەتی هەرێم لە (9ی تشرینی یەکەمی 2022)ەوە، کەپێناسەی حکومەتی کاربەڕێکەری بەسەردا جێبەجێ دەبێت، بەردەوام بووە لە (دەرکردنی بڕیار، پرۆژەو گرێبەستی ستراتیژی...هتد).
🔹 دەستەی دەستپاکی و دیوانی چاودێری دارایی، کە ئەرکیان بنبڕکردنی گەندەڵی و ڕێگری لە بەهەدەردان و ئەنجامدانی ووردبینی لەخەرجییەکانە، تووشی کێشەی یاسایی بوون. سەرۆکی دەستەی دەستپاکی ماوە یاساییەکەی بەسەرچووە، دیوانی چاودیریی دارایش ئیستا بەبێ سەرۆکە.
🔹 لەدوای سوێند خواردنی پەرلەمانتارانی خولی شەشەم لە(مانگی 12)ی ساڵی رابردوودا، مووچەیان بۆ بڕاوەتەوە، بەڵام بە هیچ کارێک هەڵنەستاون. ئەمەش دەچێتە خانەی بەهەدەردانی سامانی گشتی، چونکە مووچە پێویستە لەبەرامبەر ئەنجامدانی ئەرک بدرێت.
ئامادەکردنی ڕێکخراوی ستۆپ
پیشەکی
لەکاتێکدا دیموکراسیی پەرلەمانی و حوکمڕانیی باش پێویستییان بەدامەزراوەی کارا و شەفاف هەیە، دوخی ئێستای هەرێمی کوردستان کە تێیدا پەرلەمان پەکخراوەو حکومەت وەک کاربەڕێکەر بەردەوامه، پرسیاری جیدی لەسەر شەرعییەت و کاریگەریی دەسەڵاتەکان دروست کردووه. ئەم راپورتە بەمیتۆدێکی چاودێری و هەڵسەنگاندن، شیکاری بۆ ئەو پێشێلکارییە دەستووری و یاسایی و پەیرەوییانە دەکات و کاریگەرییە نەرێنییەکانی لەسەر حوکمڕانی و متمانەی گشتی دەخاتەروو، لەگەڵ پیشنیار بۆ چارەسەرکردنی دۆخەکه.
نەم ڕاپۆرتە بەدواداچونێکی یاساییە بۆ پرسی دواکەوتنی پێکهێنانی کابینەی [۱۰] یەمی حکومەتی هەرێمی کوردستان، کە بەپێی پەیرەوی ناوخۆی پەرلەمانی کوردستان پێویست بوو لەسەرەتای ئەمسال لەپەرلەمانی کوردستان متمانەو وەبگرێت، بەڵام بەهۆی پێکنەهاتنی هەردوو فراکسیونی سەرەکی پەرلەمانی کوردستان (پارتی دیموکراتی کوردستان) و (یەکێتی نیشتمانی کوردستان) پرۆسەکە بە رێککارە پەیڕەویەکانی خۆیدا تێنەپەڕيوە، لەكاتێكدا لەکاتی بانگەشەی هەڵبژاردن ئەم دوو لایەنە جەختیان لە بەهێزکردنی ڕۆڵی دامەزراوە شەرعیەکانی هەرێمی کوردستان کردوتەوە، ئەم ڕاپۆرتە ماوەی خێراترین و دواکەوتووترین پێکهێنانی کابینەی حکومەتی هەرێم دەردەخات، لەهەمووشیان دواکەوتوو تر پێکهێنانی کابینەی [۱۰] یەمە تا ئێستا پێکنەهێنراوە، بەجۆرێك ماوەکەی دواکەوتووە، سێ بەقەدەر پێکهێنانی کابینەی یەکەمە، ئەم دواکەوتنە لێکەوتەی زۆری لە پەکخستن و لاوازکردنی ڕۆلی دامەزراوەکانی چاودێری و پرسی شەفافییەت هەیە، کە لەم ڕاپۆرتە ڕوون کراوەتەوه.
لەكۆتاييشدا كۆمەڵێك ڕاسپاردە بۆ خێراکردنی هەنگاوەکان بۆ پێکهێنانی حکومەت و جێبەجێکردنی بنەما یاسایی و پەیڕەویەکان خراونەتەڕوو، بە ئامانجی ئەوەی پێکهێنانی کابینەی دەیەم زیاتر دوانەکەوێت، جارێکی تر روح بەبەر دامەزراوە شەرعیەكان بكرێتەوه.
ئەم راپورتەریکخراوی ستۆپ لەچوارچێوەی (پروژەی بەهێزکردنی لێپرسینەوەو دەسەڵاتی یاسا) ئامادەی کردووه، پرۆژەکە بەپالپشتی سندوقی نیشتمانی بۆ دیموکراسی NED ئەمریکی جێبەجێ دەکرێت.
کاتی هەڵبژاردن و دانیشتنی یەکەمی پەرلەمان
هەڵبژاردنی خولی شەشەمی پەرلەمانی کوردستان لەکۆتایی ساڵی 2024 ئەنجامدرا، بەوشێوەیەی خوارەوه:
پیشیلکاریی پەیرەویی
بەپێی پەیرەوی ناوخۆی پەرلەمانی کوردستان، لەدانیشتنی یەکەمی خولی نوێی پەرلەمانی کوردستان پێویستە سەرۆك و جێگر و سکرتێر هەڵبژێردرێن، لەم چوارچێوەیە لایەنەکان کاندیدەکانیان بۆ پۆستەکان بەبژێر کرد، بەمشێوەیەی خوارەوه؛
کاندیدەکان بۆ پۆستی سەرۆکی پەرلەمان (هەڵگورد نەجیب عوسمان د.ڤالا فەرید ئیبراهیم، شاڵاو كۆسرەت ڕەسول عەلی، د.میران محەمەد عەباس، کوردەوان جەمال محەمەد).
کاندیدەکان بۆ پۆستی جێگری سەرۆکی پەرلەمان (بەهجەت عەلی ئیبراهیم، مەرد عەلی رەسول، ئازاد محەمەدئەمین حەسەن، ئومێد عەلی حەمەسالح، عەدنان حوسێن حەسەن).
کاندیدەکان بۆ پۆستی سکرتیری پەرلەمان (د.هاڤین سەعید خزر، شیرین یونس عەبدوڵا، شلێر غەفوور ساڵح، سەوسەن کاکەمەم محەمەد، ڕامی نوری عۆدیش، نەجدەت نوری محەمەد)
بەهۆی ئامادەنەبوونی ڕێژەی یاسایی ئەندامانی پەرلەمانی کوردستان دانیشتنەکە هەڵگیرا و تا ئیستاش بەنادیاری ماوەتەوە. ئەمەش یەکەمین پێشێلکاریی ڕوونی پەیرەویی ناوخۆی پەرلەمانی کوردستان بوو. پێویست بوو لەم دانیشتنە سەرۆکایەتی پەرلەمانی کوردستان هەڵبژێردرێن، بۆ ئەوەی دواتر سەرۆکی هەرێم و پاشانیش سەرۆکی حکومەت و کابینەی نوێ دەنگیان پێبدرێت.
شیکاریی و بەراوردکاری ماوەی پێکهێنانی گشت کابینەکانی حکومەتی هەرێمی کوردستان
لەدوای ساڵی 1992 هەرێمی کوردستان سەرباری هەموو ئاڵنگارییەکان (۹) کابینەی حکومەتی پێکهیناوە، بەهۆی پتەو ڕێچکەنەگرتنی بنەماکانی حکومڕانی، ئەمە یەکەمجار نیە هەڵبژاردنی دەستەی سەرۆکایەتی پەرلەمان و پێکهێنانی کابینەی نوێ لەهەرێمی کوردستان دوادەکەوێت، بۆيە لێرە شيكاريەك بۆ دواکەوتنی ماوەی پێکهێنانی کابینەکانی رابردوو دەکەین. لەو خشتەیەی خوارەوە بەراوردکاریی کاتی پێکهێنانی کابینەکانی حکومەتی هەرێمی کوردستان نیشان دەدات و نیشانەیەک لە "نەریتی" دواکەوتن دەخاتەروو.
لەو خشتەیەدا بەڕوونی ماوەی دواکەوتنی پێکهێنانی حکومەت لەهەرێمی کوردستان دەردەکەوێت، نەک تەنها دیاردەیەکی نوێ نییە، بەڵکو بەپێی تێپەڕبوونی ژمارەی کابینەوە ساڵەکان لە زیادبووندایە، بەتایبەت لەدوو خولی رابردوودا، کە ماوەکە نزیکەی سێ هێندەی کابینەکانی پێشوو بووه.
ئەمەش نیشانەیەکە لە نەبوونی پابەندبوونێکی ڕاستەقینە بە بنەما پەیرەویی و یاساییەکان و شەرعییەتی هەڵبژاردن، کە دەبێتەهۆی لاوازکردنی متمانەی گشتی بە پرۆسەی دیموکراسی و هەڵبژاردن.
لێکەوتە نەرێنیەکانی دواکەوتنی پێکهێنانی حکومەت
هەڵپەساردنی پرۆسەی هەڵبژاردنی سەرۆکایەتی پەرلەمان بەپێی پەیرەوی ناوخۆ، پێویستە لەیەکەم دانیشتندا پرۆسەی دەنگدان بۆ دەستەی سەرۆکایەتی لە (سەرۆک و جێگر و سکرتێر) بەرێوەبچێت. بەڵام ڕێکارەکان دوای ڕاگەیاندنی بەربژێرەکان ڕاگیران و دانیشتنەکە بەکراوەیی مایەوه.
هیشتنەوەی دانیشتن بەکراوەیی: بەپێی بڕیاری دادگای فیدراڵی ژمارە55/2010)، هێشتنەوەی یەکەم دانیشتن بەکراوەیی پێچەوانەی (ماددەی 55)ی دەستووره.
بەردەوامیی حکومەتی کاربەڕێکەر: بەهۆی تەواونەبوونی ڕێکارەکانی هەڵبژاردنی سەرۆکایەتی پەرلەمان، ڕاسپاردنی گەورەترین فراکسیۆن بۆ پێکهێنانی حکومەت دواکەوتووە، بەمەش حکومەت لە هەرێمی کوردستان بەشێوەی کاربەرێکەر ماوەتەوە، کەبەپێی دەستوور دەسەڵاتەکانی سنوورداره.
دەسەڵاتەکانی حکومەتی کاربەڕێکەر بەپێی دەستوور (كۆماری عێراقی فیدڕاڵ): لەنەبوونی دەستوورێکی تایبەت بە هەرێمی کوردستان و دادگای دەستووری ناچارین پشت بەدەستووری عێراق و بریارەکانی دادگای فیدڕاڵی ببەستین بەپێی بنەمای دەستووری لە (ماددەی 64 ی برگەی 2)ی دەستووری عیراق لەکاتی هەڵوەشاندنەوەی ئەنجومەنی نوێنەران، حکومەت تەنها کاری ڕۆژانەی خۆی بەردەوام دەکات تا هەڵبژاردنی داهاتوو، (کە پێویستە لەماوەی 60 ڕۆژدا بکرێت).
زیانەکانی بەردەوامیی حکومەتی کاربەڕێکەر و کارانەبوونی پەرلەمانی کوردستان
• کارکردنی نایاسایی حکومەتی کار بەڕێکەر: هەرچەندە دەسەڵاتەکانی حکومەتی کاربەڕێکەر سنووردارە، بەڵام حکومەتی هەرێم لە (9ی تشرینی یەکەمی 2022)ەوە، کەپێناسەی حکومەتی کاربەڕێکەری بەسەردا جێبەجێ دەبێت، بەردەوام بووە لە (دەرکردنی بڕیار، پرۆژەو گرێبەستی ستراتیژی...هتد).
• ڕاگرتنی کاری تەشریعی و چاودێری پەرلەمانی: پەرلەمانی کوردستان وەک باڵاترین دامەزراوەی یاسادانان و چاودێریی کاری دەسەڵاتی جێبەجێ کردن، ئێستا پەکخراوە، ناتوانێت بەڕۆڵی دەرکردنی یاسای بودجەو یاسا پەیوەندیدارەکان و پێدانی متمانه بەحکومەتی نوێ هەستێت، ئەمەش دەبێتە هۆی نەمان و لاوازبوونی شەفافییەت و لێپرسینەوەو بەدواداچوونی کارەکانی حکومەت، لەكاتێكدا بنەمای حوکمرانیی باش بوونی حکومەت و پەرلەمانیکی شەرعییە کە لەسەر بنەمای هەڵبژاردن دەستبەکاربن.
• لاوازبوونی ڕۆڵی دامەزراوە چاودیرییەکانی دیکه: دامەزراوەکانی وەک دەستەی دەستپاکی و دیوانی چاودێری دارایی، کە ئەرکیان بنبڕکردنی گەندەڵی و ڕێگری لە بەهەدەردان و ئەنجامدانی ووردبینی لەخەرجییەکانە، تووشی کێشەی یاسایی بوون. سەرۆکی دەستەی دەستپاکی ماوە یاساییەکەی بەسەرچووە، کە بەپێی یاسا پێویستە نوێ بکرێتەوە یان بگۆڕدرێت. دیوانی چاودیریی دارایش ئیستا بەبێ سەرۆکە بەهۆی خانەنشینبوونی سەرۆکی پێشوو. بۆ چالاککردنەوەی ڕۆڵی ئەم دامەزراوانە پێویستە پەرلەمانی کوردستان بە ئەرکی یاسایی خۆی هەستێت.
• بەهەدەردانی سامانی گشتی: لەو کاتەوەی سوێند خواردنی پەرلەمانتارانی خولی شەشەم لە(مانگی 12)ی ساڵی رابردوودا، مووچەیان بۆ بڕاوەتەوە، بەڵام بە هیچ کارێک هەڵنەستاون. ئەمەش دەچێتە خانەی بەهەدەردانی سامانی گشتی، چونکە مووچە پێویستە لەبەرامبەر ئەنجامدانی ئەرک بدرێت.
• لاوزبوونی متمانەی نیوخۆیی و نێودەوڵەتی: ئەزموونی پەکخستنی پەرلەمان و درێژەکیشانی حکومەتی کاربەڕێکەر کاریگەری نەرێنی لەسەر پێگەی دامەزراوە شەرعیەکانی هەرێمی کوردستان لەسەر ئاستی ناوخۆیی و ناوچەیی و نێودەوڵەتی داناوه.
پیشنیارەکان
• کۆتاییهێنان بەدانیشتنی کراوە: پێویستە بەزووترین کات سەرۆکی بەتەمەنی پەرلەمانی کوردستان، لەڕێگای رێوشوێنی پەیرەوییەوە بانگەواز بۆ پەرلەمانتاران ڕابگەیەنێت بۆ کوتاییهێنان بەدانیشتنی کراوەی یەکەمی خولی (6)ەمی پەرلەمانی کوردستان. هەر پەرلەمانتارێکیش ئامادە نەبێت ڕێوشوێنی پەیرەویی بەسەردا جێبەجێ بکرێت.
• پێکهێنانی حکومەت لەکاتی یاساییدا: پێویستە دوای هەڵبژاردنی سەرۆکایەتی پەرلەمان بەپێی یاسا پەیوەندیدارەکان لەماوەی یاسایی خۆیدا سەرۆکی هەرێم هەڵبژێردرێت، دواتر گەورەترین فراکسیۆن بو پێکهێنانی حکومەت راسپێردرێت و لەماوەی مانگێکدا کابینەی دەیەم پێک بهێندرێت.
• چالاککردنەوەی پەرلەمان: پەرلەمانی کوردستان لیژنەهەمیشەییەکانی خۆی هەڵبژێرێت و دەست بکات بەکاری یاسادانان و چاودێری.
• کارنامەی حکومەت: پێشنیار دەکەین کارنامەی کابینەی دەیەمی حکومەت، وردەکاریی زیاتر و بەڵێنی ڕوونتری تێدابێت کە قابیلی پێوانەکردن بێت، بۆ ئەوەی بتوانرێت هەڵسەنگاندنێکی بابەتییانەی بۆ بکرێت.
