ترەمپ وەزیرێكی تری دوورخستەوە

2018-03-29 09:49:56
دۆناڵد ترەمپ سەرۆكی ئەمریكا دەیڤد شۆڵكن وەزیری جەنگاوەرە دێرینەكانی لە پۆستەكەی دوورخستەوە و رۆنی جاكسۆن پزیشكی سەربازی كۆشكی سپی لە شوێنەكەی دانا.
ترەمپ لە تویتێكیدا لە تۆڕی كۆمەڵایەتی تویتەر دەڵێت" خۆشحاڵم كە رایدەگەیەنم ئەدمیراڵ رۆنی ئیل جاكسۆن كە رێزێكی زۆری هەیە بە وەزیری نوێی كاروباری جەنگاوەرە دێرینەكانی دادەمەزرێنم."
ترەمپ دەشڵێت" زۆر مەمنونی ئەو خزمەتەم كە شۆڵكن پێشكەشی وڵاتەكەمان و جەنگاوەرە گەورەكانمانی كردووە."
ترەمپ رونیشیكردەوە تا یەكلاكردنەوەی دانانی جاكسۆن ، رۆبەرت ویلكی بەرپرس لە وەزارەتی بەرگری ئەمریكا ئەو پۆستە بەڕێوەدەبات.
وەزارەتی كاروباری جەنگاوەر دێرینەكان گەورەترین وەزارەتە دوای وەزارەتی بەرگری ئەمریكا و 310 هەزار كەس كاری تێدا دەكەن و رۆبی جاكسۆن كە ترەمپ وەك وەزیری نوێی ئەو وەزارەتە دەستنیشانیكردووە تەمەنی 58 ساڵە و لە ویلایەتی تەكساس لە دایكبووە و ساڵی 2005 لە عێراق كاری كردووە لەسەردەمی جۆرج بوشی كوڕ و باراك ئۆباما و دۆناڵد ترەمپدا پزیشكی سەربازی كۆشكی سپی بووە.
لە ماوەی رابردوودا دۆناڵد ترەمپ چەند وەزیر و بەرپرسێكی ئیدارەكەی دوورخستوەتەوە كە دواهەمینیان ریكس تیلەرسۆن وەزیری دەرەوە و ژەنەراڵی هێربەرت ماكمستەر راوێژكاری ئاسایشی نەتەوەیی ئەمریكا بوون.
