توركیا: عێراق ئاگاداریان كردین نزیكە لە رێككەوتن لەگەڵ هەرێم
.png)
2025-09-07 12:58:42
(درەو):
بەرپرسانی حكومەتی فیدراڵی عێراق بەفەرمی توركیایان ئاگاداركردووە لەوەی نزیكن لە رێككەوتن لەگەڵ حكومەتی هەرێمی كوردستان بۆ دەستپێكردنەوەی هەناردەی نەوت، توركیا چاوی لە بەگەڕخستنەوەی بۆری نەوتی كەركوك- جەیهانە.
ئەحمەد بەرات چۆنکار جێگری وەزیری وزەی تورکیا رایگەیاند، بۆری نەوتی کەرکوک- جەیهان لە 1970ەوە چالاکە. بەمدوایانەدا جارێکی دیکە هەناردەکردن لەم ڕێگەیەوە بووەتە ڕۆژەڤ. لە نزیکەوە چاودێری ئەم پرسە دەکەین.
جێگری وەزیری وزەی توركیا لە بەغداد بەشداری لە (کۆڕبەندی نێودەوڵەتی وزە)دا کردو لە پەراوێزی ئەم گۆڕبەندەدا قسەی بۆ ئاژانسی (ئەنادۆڵی)ی وڵاتەكەی كردو وتی:" عێراقییەکان پێیان راگەیاندووین کە دانوستانەکانی نێوان هەرێم و حکومەتی ناوەندی نزیکبووەتەوە لە ئەنجام. پەنا بە خوا ئەگەر ئەم کێشانە چارەسەر بن چاوەڕوانی ئێمە ئەوەیە بۆرییەکە بە هەموو توانایەکەوە بکەوێتە کار".
بەهۆی سكاڵای وەزارەتی نەوتی عێراق دژ بە توركیا لە دادگای ناوبژیوانی نێودەوڵەتی پاریس، توركیا لە 25ی ئازاری 2023وە هەناردەی نەوتی هەرێمی كوردستانی راگرتووەو لەوكاتەوە تائێستا هەناردە دەستی پێنەكردوەتەوە، سكاڵاكەی بەغداد بەهۆی ئەوە بوو ئەنكەرە بەبێ رەزامەندی حكومەتی عێراق نەوتی هەرێمی بە بۆری نەوتی عێراق- توركیا هەناردەی بەندەری جەیهان كردبوو.
ئێستا كە ئیتر هەولێرو بەغداد لە رێككەوتن نزیكبوونەتەوە بۆ رادەستكردنی نەوتی كوردستان بە كۆمپانیای بەباواڕخستنی نەوتی عێراق "سۆمۆ"، توركیاش داواكاریی هەیەو دەیەوێت بۆرییەكەی عێراق بەوپەڕی توانای خۆیەوە نەوت هەناردە بكات.
جێگری وەزیری وزەی تورکیا ئاماژەی بەوەداوە، هێڵی بۆری نەوتی عێراق و تورکیا دەتوانێت زیاتر پەرەی پێبدرێت و دەڵێ: هاریکارییەکان لە بوارەکانی گازی سروشتی و کارەباو پرۆژەی رێگەی گەشەپێدانیش بۆ گەشەپێکردنی ئەو پەیوەندییانە بەکاردەهێندرێت.
بەپێی دیزاینەكەی، پرۆژەی رێگای گەشەپێدان كە بەسرە بە توركیاوە دەبەستێتەوە، جگە لە هێڵی شەمەندەفەر، بۆری نەوت و غازیش لەخۆدەگرێت.
"لەگەڵ عێراق لە دانوستانداین بۆ ئەوەی زیاتر لە بواری وزەدا هاریکاریی یەکتر بین، بەراورد بە رابردوو، ئاستی هاوکاریی لەگەڵ عێراق زۆر زیاتر بووەو بۆ ئەم مەبەستە سەرقاڵی داڕشتنی ژێرخانی ئەو پەیوەندییانەین" جێگری وەزیری وزەی توركیا بەمشێوە گوزارشتی لە دۆخی ئێستای پەیوەندییەكان كرد.
باسی لەوەكرد، ئامانجی توركیا ئەوەیە هاوکارییەکانی لە بواری وزەدا، دەرگای ئاسایش و خۆشگوزەرانی لە ناوچەکە بکاتەوەو ڕێگەیان بدات بە متمانەیەکی زیاترەوە سەیری داهاتوو بکەن. "بە واتایەکی دیکە ئێمە لە هەوڵداین بۆ ئەوەی هەم وەچەرخانێک لە بواری وزەو هەم پەیوەندییەکان لەگەڵ عێراق بگەیەنینە قۆناغێکی نوێ".
