دانپێدانانی نوێی عەجای نوگرەسەلمان

2025-08-21 09:42:00
درەو:
عەجاج ئەحمەد حەردان عوبەیدی، ناسراو بە "حەجاج" بەرێوەبەری پێشوی زیندانی نوگرە سەلمان، لە دانپێدانە نوێكانیدا، دانی بە ئەنجامدانی ئەو تاوانەدا ناوە كە دراونەتە پاڵی.
عوبەیدی لە دانپێدانانەکانیدا کە لەلایەن رۆژنامەی فەرمییەوە بە دۆكۆمێنت كراوە، وتویەتی: سەركردایەتی پلانێكی سیستماتیکی كردووە لە برسێتیكردن و دەستدرێژیكردنی رۆژانە بۆ سەر دەستگیرکراوەکان، وەک ئامرازێکی کوشتنی بە کۆمەڵ.
ئاشکراشی کردووە: کاتێک لە ساڵی 1989 ئیدارەی نوگرە سەلمانی گرتووەتە دەست، زیندانەکە لە نزیکەی (400) دەستگیرکراوی عەرەب خاڵی کراو، لە شوێنی ئەوان نزیکەی (3) هەزار دەستگیرکراوی کوردیان لە سلێمانی و هەولێرەوە هێناوە.
عەجاج، لە دانپێدانانەکەیدا رایگەیاندووە: برسێتیمان وەک چەکێکی جەنگ بەکارهێناوە، كە كاریگەری کەمتر نەبووە لە بۆردومانی سەربازی، دوو لەسەر سێی دەستگیرکراوەکانیش تەنها لە ماوەی دە مانگدا گیانیان لەدەستداوە.
رۆژنامەکە دەڵێت: تۆمەتبار ناوی عەجاج ئەحمەد حەردان عوبەیدیەو لەدایکبوی پارێزگای سەڵاحەدینەو دەرچووی خولی حەوتەمی کۆلێژی ئاسایشی نەتەوەییە، پۆستی جۆراوجۆری لە بەڕێوبەرایەتییە ئەمنییەکانی (هەولێر، رومیسە ، نەجمی، بسیە و موسەننا) هەبووە، تاوەکو بووەتە سەرپەرشتیاری گشتی زیندانی نوگرە سەلمان.
ناوبراو بە دڕندەیی لە نێو دەستیگراوەكان ناسرابوو، نازناوی "حەجاج"یان لێناوە، وەك ئاماژەیەك بۆ دڕندەییەكەی.
رۆژنامەکە، لە زاری رزگاربویەك بەناوی فەزیلە حسێن، لە کەسوکاری شەهیدانی زیندانەکە دەڵێت: "من کچێکی بچوک بووم کاتێک باوک و دایک و برا کۆرپەکەم لە زیندانی نوگرە سەلمان لەدەستدا، پاشماوەمان دەخوارد، منداڵەکانمان بە دەستی خۆمان بەخاك دەسپارد لە نزیک دیواری زیندانەكە، رۆژانە روبەڕوی دەستدرێژی و سوكایەتی دەبوینەوە.
