Draw Media

شەڕی مەعسوم و عەبادی لەسەر یاسای بودجە كۆتایی هات

شەڕی مەعسوم و عەبادی لەسەر یاسای بودجە كۆتایی هات

2018-03-29 08:30:30


ئامادەكردنی: نامیق رەسوڵ 

دواجار سەرۆكایەتی كۆمار یاسای بودجەی 2018ی عێراقی رەوانەكرد بۆ وەزارەتی داد بۆئەوەی لە رۆژنامەی وەقائعی فەرمیدا بڵاوبكرێتەوە یاساكە بكەوێتە بواری جێبەجێكردنەوە، كەناڵی عێراقیە لە هەواڵێكی بەپەلەدا  رایگەیاند دیوانی سەرۆكایەتی كۆمار یاسای بودجەی رەوانەی وەزارەتی داد كردووە، بۆئەوەی لە رۆژنامەی وەقائعی رەسمیدا بڵاوبكرێتەوە.
سەرەتای ئەم مانگە ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق دوای مشتومڕێكی زۆر پرۆژە یاسای بودجەی گشتی عێراقی بۆ ساڵی 2018 پەسەندكرد  و یاساكەی رەوانەی سەرۆكایەتی كۆماركرد بۆئەوەی پەسەندی بكات.
رۆژی 13ی ئازار ئەمیر كینانی راوێژكاری یاسایی سەرۆكایەتی كۆماری عێراق رایگەیاند فوئاد مەعسوم یاسای بودجەی رەتكردەوە و رەوانەی ئەنجومەنی نوێنەرانی كردووە بەهۆی ئەوەی پێشێلكاری یاسایی و دەستوری تێدایە.
بە گوێرەی مادەی  73 ی دەستوری هەمیشەیی عێراق " سەرۆك كۆمار یاساكانی ئەنجومەنی نوێنەران پەسەند دەكات، دوای 15 ڕۆژ لە بەدەستگەیشتنی یاساكان دەچنە بواری جێبەجێكردنەوە"،  واتە سەرۆك كۆمار دەسەڵاتی ڤیتۆكردنی یاسا پەسەندكراوەكانی پەرلەمانی نییە و خودی حەیدەر عەبادیش لە كۆنگرەیەكی رۆژنامەوانیدا  رایگەیاند هیچ كەسێك مافی ئەوەی نییە بودجەی وڵات ڕابگرێت، دوای ئەوەی ئەنجومەنی نوێنەران دەنگی لەسەر دا، هیوادارین كۆپی یاساكە كە لە سەرۆكایەتی كۆمارە بگاتەدەستمان، بۆئەوەی بچێتە بواری جێبەجێكردنەوە.
یاسای بودجە گەڕێنرایەوە ئەنجومەنی نوێنەران، بەڵام ئەنجومەنەكە بەبێ‌ دەستكاریكردنی گەڕاندییەوە سەرۆكایەتی كۆمار.
بۆئەوەی یاسای بودجە بكەوێتە بواری جێبەجێكردنەوە پێویستە لە رۆژنامەی وەقایعی عێراقیدا بڵاوبكرێتەوە، ئێستاش وەزارەتی داد كە ئەو ئەركەی پێ سپێدراوە كەوتوەتە نێوان بەرداشی سەرۆك كۆمار و سەرۆك وەزیران.
رۆژی 25ی ئەم مانگە  ئەمیندارێتی گشتی ئەنجومەنی وەزیران نوسراوێكی فەرمی و دەقی یاسای بودجەی 2018ی  ئاراستەی نوسینگەی وەزیری داد كردووە و داوادەكات بە گوێرەی مادەی 73 بڕگەی سێیەمی دەستوری عێراق و بەرچاوكردنەوەی ئەوەی ماوەی یاسایی سەرۆك كۆمار بۆ پەسەندكردنی یاساكان، یاسای بودجە لە رۆژنامەی رەسمی بڵاوبكرێتەوە   و ژمارەی  رۆیشتوو" صادرە"ی دواهەمین یاسای پێ بدرێت كە لەلایەن سەرۆكایەتی كۆمارەوە رەوانەی وەزارەتی داد كراوە. 
لەكاردانەوەی ئەو نوسراوەی ئەنجومەنی وەزیراندا سەرۆكایەی كۆماری عێراق رۆژی 27ی مانگ نوسراوێكی ئاراستی وەزارەتی داد كردووە و دەڵێت " پەسەندكردنی پرۆژە یاساكان و دەركردنیان بە گوێرەی دەستور لە رێگەی سەرۆك كۆمارەوە دەكرێت، لەبەرئەوە فەرمانگەی وەقایعی سەر بە ئەمیندارێتی ئەنجومەنی وەزیران مافی ئەوەی نیە رێگە بە بڵاوكردنەوەی هیچ یاسایەك بدات."
سەرۆكایەتی كۆمار دەشڵێت" داواكاری ئەمیندارێتی ئەنجومەنی وەزیران بۆ بڵاوكردنەوەی یاسای بودجەی 2018  پێشێلكارییەكی رون و ئاشكرای مادەكانی دەستور و یاسای بڵاوكردنەوەیە لە رۆژنامەی رەسمیدا."
سەرۆكایەتی كۆمار هۆشداریشیداوە  لەوەی كە هەر لایەنكێك بەبێ‌ ئاگاداركردنەوەی سەرۆكایەتی كۆمار یاسای بودجە لە رۆژنامەی رەسمیدا بڵاوبكاتەوە رووبەڕووی لێپرسینەوەی یاسایی دەبێت.

بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار
مافی به‌رهه‌مه‌كان پارێزراوه‌ بۆ دره‌و
Developed by Smarthand