Draw Media

هەوڵەكانی دوورخستنەوەی عەبادی دەستیانپێكرد 

هەوڵەكانی دوورخستنەوەی عەبادی دەستیانپێكرد 

2018-08-13 15:33:40


(درەو میدیا):
سەرچاوە سیاسییە عێراقییەكان ئاشكرایدەكەن، چەند ڕۆژێكە ئێرانییەكان هەوڵەكانیان بەئاڕاستەی پێكهێنانی هاوپەیمانێتیەكی شیعی چڕكردوەتەوە ، كە عەبادی و هاوپەیمانێتیەكەی (نەسر) پەراوێزبخەن و بیانكەنە دەرەوەی كابینەی حكومەتی ئایندەی عێراق، ئەوەش لە كاردانەوەی هەڵوێستی ناوبراو و جێبەجێكردنی  سزا ئەمریكییەكانی سەر ئێران .
ڕۆژنامەی (عەرەبی ئەلجەدید) ی قەتەری لەزاری سەرچاوەیەكی سیاسی نزیك لە هاوپەیمانی فەتح كە باڵی سیاسی گروپەكانی حەشدی شەعبیە، بڵایكردوەتەوە، هەڵوێستەكەی ئەم دواییەی عەبادی ئێرانیەكانی هانداوە بیر لە پێكهێنانی هاوپەیمانێتییەك بكەنەوە كە ملكەچی داواكانی ئەمریكا نەبێت. 
ئەوەشی ئاشكراكردوە، جموجۆڵی ئێرانییەكان بەشێوەیەكی سەرەكی هاوپەیمانی فەتح و دەوڵەتی یاسای گرتوەتەوە، وێڕای پەیوەندیكردن بە كۆمەڵێك ڕەوت و كەسایەتی سیاسی شیعە كە لە هەڵبژاردنی پەرلەماندا سەركەوتووبوون.

حزبوڵا هاوپەیمانەكانی ئێران یەكدەخات
 
سەركردەكانی حزبوڵای لوبنانیش هاتونەتە سەرخەت بۆ نێوەندگیری كردن لە نێوان هێزە شیعەكان، لەو چوارچێوەیەدا ژمارەیەك سەركردەی فەتح و دەوڵەتی یاسا سەردانی لوبنانیان كردوە بۆ ئەنجامدانی گفتوگۆ لەنێوان هاوپەیمانی سائرون كە موقتەدا سەدر سەرۆكایەتی دەكات و هاوپەیمانی فەتحی هادی عامری و نزیكردنەوەی هاوپەیمانەكانی ئێران لەیەكتر.  
عامر فایز، سەركردە لە هاوپەیمانی فەتح لە لێدوانێكی ڕۆژنامەوانیدا ڕایگەیاندوە، لەمدواییەدا، سەركردەكانی هاوپەیمانێتییەكەیان سەردانی (لوبنان) یان كردووە، بە مەبەستی تاتوێكردنی پرسی پێكهێنانی گەورەترین كوتلەی پەرلەمانیی، ڕونیشكردوەتەوە، ئەوەی كراوە تائێستا لە چوارچێوەی گفتوگۆ و ڕاگۆڕینەوەدایە و نەگەیشتوەتە ئاستی ڕێككەوتن.
هەر لەمباسەدا، ئەیمەن شەممەری سەركردە لە هاوپەیمانی سائیرون بەهەمان سەرچاوەی وتووە، هاوپەیمانێتیەكەیان شایستەترە بە پێكهێنانی حكومەتی داهاتوو، جەختیشیكردوتەوە، مەرجیان بۆ ئەو كوتلانەی دەیانەوێت هاوپەیمانێتیان لەگەڵ بكەن پێویستە پابەندی بەرنامەی نیشتمانی بن.
ئاماژەیبەوەشداوە هاوپەیمانی سائیرون دەست بە پۆستی سەرۆك وەزیرانەوە ناگرێت، بەڵام مەرجە لەلای ئەو كەسەی پۆستی سەرۆك وەزیران وەردەگرێت كەسایەتیەكی نیشتمانی بێت، لەگەڵ زەرورەتی دووركەوتنەوە لەبنەمای پشكێنە كە حكومەتەكانی ڕابردوو پیادەیان كردوە. 
سائیرون و نەسر سەرقاڵی هاوپەیمانێتین
لە گەرمەی هەوڵەكانی ئێران بۆ پەراوێزخستنی عەبادی و دوورخستنەوەی لە كابینەی داهاتوو، سەرچاوە سیاسییەكان ئاماژە بە نزیبكونەوەی هاوپەیمانی نەسر بەسەرۆكایەتی عەبادی و هاوپەیمانی سائیرون بە سەرۆكایەتی سەدر دەكەن، وەك هەوڵێك بۆ پێكهێنانی كوتلەیەكی پەرلەمانیی كە توانای ڕووبەڕووبوونەوەی ئەو هاوپەیمانێتییەی هەبێت  ئێران هەوڵی پێكهێنانی دەدا و كارەكانیشیان بەئاراستەی قەناعەتپێكردنی چەند هێزێكی تر بۆ گرێدانی هاوپەیمانی بەردەوامە.  
ئیحسان شەممەری  سەرۆكی ناوەندی هزری سیاسی و ڕاوێژكاری سەرۆك وەزیرانی عێراق، دەڵێت، ئەو هێزانەی كە ناوەڕاستیان گرتوە، نزیكبوونەتەوە لە ڕێككەوتن بۆ پێكهێنانی گەورەترین كوتلەی پەرلەمانیی لەسەر بنەما نیشتمانیەكان، وتوشەیەتی ئەو هێزانە پێكدێن لە (نەسر و سائیرون وحیكمە و وەتەنیە).

بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار
مافی به‌رهه‌مه‌كان پارێزراوه‌ بۆ دره‌و
Developed by Smarthand