ئەمڕۆ كۆبوونەوەی یەكلاكەرەوە دەبێت

2025-06-30 09:28:40
درەو:
هەرێم و بەغداد لەسەر موچەو بودجەو نەوت گەیشتوونەتە رێككەوتنی سەرەتایی و ئەمڕۆ ئەنجوومەنی وەزاریی عێراق بۆ کاروباری ئابووری دوایین راپۆرتی رێككەوتنەكە ئامادەدەكات. بەغداد داوای (280) هەزار بەرمیل رادەستی سۆمۆ بكرێت، مانگانە (150) ملیار دیناری داهاتی ناوخۆ، هەرێمیش دەیەوێت، موچەو خەرجی موچە، بەكاربردن، وەبەرهێنان، بۆ هەرێم خەرج بكرێت و 16 دۆلار بۆ خەرجی بەرمیلێك نەوت و 125 هەزار بەرمیل نەوت بۆ ناوخۆ بێت.
ئەنجوومەنی وەزاریی عێراق بۆ کاروباری ئابووری بەسەرۆكایەتی د. فوئاد حسێن و وەزیری دارایی و پلاندانان و نەوتی عێراق تیایدا بەشدارن و لەوێ گفتوگۆی كۆتایی لەسەر رێككەوتنی نێوان هەرێم و بەغداد دەكرێت، لە كۆبوونەوەی ئەنجومەنی وەزیران بڕیاری كۆتایی لەسەر دەدرێت.
بەپێی زانیارییەكان بەغداد مانگانە داوای نزیكەی (150) ملیار دینار داهاتی ناوخۆ و رادەستكردنی (280) هەزار بەرمیل نەوتی رۆژانە دەكات لەرێگای سۆمۆوە هەناردەبكرێت، لەبەرامبەردا بەغداد موچەی موچەخۆران و خەرجی بەكاربردن و خەرجی كۆمپانیاكانی نەوت دەدات.
لەبەرامبەر داواكانی بەغداد هەرێم داوای كردووە:
- بەغداد موچەی موچەخۆرانی هەرێم بنێرێت
- خەرجی بەكاربردن و وەبەرهێنان بنێردرێت
- موچە دەربكرێت لە خەرجی فیعلی
- قەرزی كۆمپانیاكانی نەوت بدرێتەوە
- هەرێم 280 هەزار بۆ سۆمۆ و 115 هەزار بەرمیل بۆ ناوخۆ
- خەرجكردنی 16 دۆلار بۆ هەر بەرمیبێك
كۆمپانیاكانی نەوتیش چەند داواكارییەكیان هەیە:
- دەستكاری گرێبەستەكانیان نەكرد
- دانەوەی قەرزی كۆمپانیاكان كە ملیارێك دۆلارە
- داهاتووی پرۆژەكانیان لە كێڵگەكانیاندا
بەپێی بەدواداچوونەكان:
- حكومەتی عێراق داوای (50%)ی كۆی داهاتی ناوخۆ دەكات، داهاتی ناوخۆ بە (300) ملیار دینار خەمڵێندراوە، واتا مانگانە (150) ملیار دینار رادەستی وەزارەتی دارایی عێراق بكرێت.
- رۆژانە هەرێمی كوردستان (280) هەزار بەرمیل نەوت لە رێگای سۆمۆوە هەناردە بكاتەوەو داهاتەكەی بۆ وەزارەتی دارایی عێراق دەگەڕێتەوە.
- لەبەرامبەردا لەماوەی ئەم هەفتەیەدا وەك نیەت باشی سەرەتا بەغداد موچەی مانگی ئایاری موچەخۆران دەدات و دوای رێككەوتنی تەواوەتیش موچەی مانگی حوزەیران خەرج دەكرێت.
- بۆ هەر بەمیلێك بەغداد (16) دۆلار بۆ كۆمپانیاكانی بەرهەمهێن خەرج دەكەن
- هەرێم رۆژانە (280) هەزار بەرمیل رادەستی سۆمۆ دەكات، نرخی بەرمیلێك لە بازأرەكانی جیهان نزیكەی (65) دۆلارە، واتا رۆژانە داهاتی ئەو (280) هەزار بەرمیلە دەكاتە ( 18 ملیۆن و 200 هەزار) دۆلار، مانگانەش كە (8 ملیۆن و 400 هەزار) بەرمیل دەكات داهاتەكەی دەكاتە (546) ملیۆن دۆلار.
- بۆ هەر بەرمیلێك (16) دۆلار بۆ كۆمپانیاكە خەرج دەكرێت واتا مانگانە (8 ملیۆن و 400 هەزار) بەرمیل دەكاتە ( 134 ملیۆن ) دۆلار، واتا حكومەتی عێراق لە (546) ملیۆن دۆلار (412 ملیۆن) دۆلاری مانگانەی بۆ دەمێنێتەوە.
- خۆ ئەگەر ئەو (280) هەزار بەرمیلەی رۆژانە بە نرخی هەرێم بفرۆشرێت كە لە ئێستادا (33) دۆلارە بۆ هەر بەرمیلێك، ئەوا داهاتی مانگە دەكاتە (277) ملیۆن دۆلار، لەبەرامبەر (546) ملیۆن دۆلار ئەگەر لە رێگای سۆمۆوە بیفرۆشێت، واتا (269) ملیۆن دۆلار كەمتر دەیفرۆشێت.
