ئەفسەرێكی هەڵاتووی توركیا دۆخی زیندانەكانی توركیا دەگەیەنێتە جیهان
2018-08-13 14:28:02
وەرگێڕانی: نامیق رەسوڵ
دوای كودەتا شكستخواردووەكەی 15ی تەمموزی 2016ی توركیا، جەعفەر تۆپكایا ئەفسەری دەریایی توركیا كە لە ناتۆ كاردەكات، رووبەڕووی زیندانیكردن دەبێتەوە و دەسەڵاتداران بە " تیرۆریست" دایدەنێن، بەڵام دوای ئەوەی دەتوانێت لە زیندان هەڵبێت، بڕیاردەدات بێدەنگی بشكێنێت و نهێنییەكان و دۆخی ناو زیندانەكانی توركیا بۆ خۆرئاوا و جیهان ئاشكرابكات، بەبێ ئەوەی لە دەستی درێژی ئەردۆغان بترسێت.
جەعفەر تۆپكایا دەیەوێت لەجیاتی هەمووان قسەبكات" لەبری ئەوانەی كە ناتوانن بگەنە رۆژنامەكان و هەتا ناشتوانن لە زینداندا بە دیداری پارێزەركانیان بگەن و ناتوانن بێ تاوانی خۆیان بسلەمێنن" وەك چۆن ئەو ئەفسەرەی هێزی دەریای باسی لێوەدەكات، ئەوەش رادەگەیەنێت " لە ئەردۆغان و هەواڵگری توركیا ناترسێت" و دەخوازێت رۆژئاوا بزانێت چی لە توركیا روودەدات؟.
تۆپكایا یەكێكە لەو هەزاران ئەفسەرەی توركیا كە ئەردۆغان بە پشتیوانیكردن لە " فەتحوڵا گولەن" رێبەری ئاینی تۆمەتباریان دەكات، سەرۆكی توركیا گولەن - لە ئەمریكا دەژی- بەوە تۆمەتباردەكات كە لە پشتی هەوڵی كودەتاكەی هاوینی 2016ەوەیە. ئەو ئەفسەر و سەربازانەی كە بە تایبەتی لە دەرەوەی وڵات مەشقیان كردووە و نیشەجێن و لە ئەركدان، بوونەتە ئامانجی ئەو شەپۆلە دەستگیركردنەی كە رۆژانە لە توركیا روودەدات و ئەردۆغان فەرمانیداوە كە هەموو ئەفسەرانی سوپا لە دەرەوەی وڵات بگەڕێنەوە بۆ ئەنكەرە بۆئەوەی لێپرسینەوەیان لەگەڵدا بكرێت و لە زۆربەی حاڵەتەكانیشدا ئەوە پاساوێكە بۆئەوەی دەستگیربكرێن و بە پیلانگێڕی تۆمەتباربكرێن.
لە لێپرسینەوەوە بۆ دەستگیركردن و زیندانیكردن
هەندێك لەو ئەفسەرانەی دەرەوە ئامادەنەبوون گوێڕایەڵی فەرمانەكەی ئەردۆغان بن و لە دەرەوە مانەوە بەبێ ئەوەی هیچ كارێكیان هەبێت و بژێویانی پێ دابینبكەن و حكومەتی توركیا وەك كەسێكی داماڵراو لە رەگەزناكەی لێكردوون لە رێگەی پوچەڵكردنەوەی پاسپۆرتەكانییانەوە.
بەڵام جەعفەر تۆپكایا بەدەم بانگهێشتێكی ئەردۆغانەوە دەچێت بۆ كۆبوونەوەیەكی بەپەلە لە ئەنكەرە لە تشرینی یەكەم/ ئۆكتۆبەری ساڵی 2016دا، ئەوەش لە هەستی قوڵی بەرپرسیارێتییەوە بۆ ئەركەكانی وەك خۆی دەڵێت.
تۆپكایا وایدانابوو كە بەخێرایی ئاشكرادەبێت كە هیچ پەیوەندییەكی بە هەوڵی كودەتاكە و بزوتنەوەكەی گولەنەوە نییە و ئەو ئەفسەرەی پێشوووی ناتۆ دەڵێت:" هەرگیز لە بزوتنەوەكەی گولەنەوە نزیك نەبووم و من كەسێكی عەلمانیم و پەروەردەی خۆرئاواییم هەیە و رێز لە هەموو ئاین و بیروباوەڕەكان دەگرم، بەڵام سەر بە هیچیان نیم".
بەو سیفەتەی ماوەیەكی دوورودرێژە تۆپكایا ئەفسەری هێزی دەریاوانیی بووە و رێگەپێدراوێكی ئەمنی گەورەشە لە ناتۆدا هەستی بە دڵنیایی و سەلامەتی كردووە، بەڵام هاوسەركەی " میسكور" زۆر دوودڵ و نیگەران بوو. كاتێك تۆپكایا ماڵئاوایی لێكردوون و باوەڕی وابووە كە گەشتەكەی زۆر كورت دەبێت.
" كۆبوونەوە" فڕوفێڵە
دوای ئەوە بۆماوەی 16 مانگ تۆپكایا و هاوسەرەكەی یەكتریان نەبینییەوە و ئەو " كۆبوونەوە"یە بە تەنها فێڵ و تەڵەیەك بوو بۆئەوەی ئەو پیاوە بگەڕێنرێتەوە بۆ وەزارەتی بەرگری و پاش پوچەڵكردنەوەی پاسپۆرتەكەی لەلایەن پۆلیسەوە دەستگیربكرێت و هەر لەو ساتەوە لەلایەن هاوڕێكانی پێشووییەوە بە " تیرۆریست" وەسفكرا و تۆمەتی ئەوەشیان خستەپاڵ كە لە تویتێكدا لە تۆڕی كۆمەڵایەتی تویتەر سوكایەتی بە ئەردۆغان كردووە و سەرەڕای ئەوەی كە روونكردنەوەی داو جەختیكردەوە كە هەتا ئەوە كاتە هەرگیز ئەكاونتی لە تۆڕی كۆمەڵایەتی تویتەر نەبووە، بەڵام ئەوەش هاوكاری تۆپكایای نەكرد.
سەرەتا تۆپكایا لە هۆڵێكی وەرزشی دەستبەسەركرا كە كرابووە زیندان، پاشان گوازرایەوە بۆ زیندانیی ناوبانگ خراپی سنجان ، تۆپكایا دەڵێت بەجلەكانی خۆیەوە بۆماوەی 12 رۆژ لەسەر زەوییەكی كۆنكرێتی خەوتووە و زۆر بە زەحمەت خواردنی دەستكەتووە و هاوڕێكانی زیندانیشی بریتی بوون لە گەورە ئەفسەرانی سوپای و ئەكادیمییەكان و دادوەران و چالاكانی كۆمەڵی مەدەنی و هەتا كارمەندانی تەندروستی، بەڵام لانی كەم تۆپكایا رووبەڕووی ئەشكەنجەدانی جەستەیی و دەرونیی نەبوەتەوە وەك زیندانییەكانی تر كە لە كاتی لێپرسرینەوەدا ئەشكەنجەدراون.
تۆپكایا دەڵێت هاوسەری یەكێك لە ئەفسەرە دەستگیركراوەكانی هاوڕێی هەمیشە كە بانگدەكرا بۆ لێكۆڵینەوە بە منداڵەكانی هەڕەشەی لێدەكرا، هەروەها زیندانییەكی تریش ناچاركرابوو لە ژێر گوشاری ئەشكەنجەدان بە لێدانی تەزووی كارەبا دانپێدانێك ئیمزابكات.
سەرەتا تۆپكایا خشتەیەكی زەمەنی لە دەفتەری بیرەوەرییەكانی رۆژانەیدا داناوە و لە كۆتاییدا وشەی " برۆكسل" نوسراوە، هەموو رۆژێك كە بەسەریدا تێدەپەڕی خەتێكی بەسەر ئەو رۆژەدا دەهێنا و باوەڕی وابوو كە كارەكە چەند رۆژێك دەخایەتێ و دەگەڕێتەوە بۆ برۆكسل، بەڵام تێپەڕینی 39 رۆژ ئەو ئەفسەرە لە خەتهێنان بەسەر رۆژەكاندا وەستا.
بیروەرییەكانی جەعفەر تۆپكایا لە زیندانی توركیا
پاڵپشتیكردن لە ناتۆ بە ژیان باجەكەی دەدەیت
لە یەكەمین دانیشتنی لێكۆڵینەوە لەگەڵیدا، بۆ تۆپكایا قورس دەبێت لەبەر برسێتی بەپێوە بوەستێت یان بیربكاتەوە و پاڵپشتیكردنی لە ناتۆ كە باوەڕی وابوو بەردی بناغەی لە بەرگریكردنە لە خۆی، گۆڕا بۆ بەشێك لە " تاوانەكانی" و دادوەرە ژنەكەی دادگا پێی وت :" تۆ بۆ بەرژەوەندی ناتۆ كاردەكەیت، ئەوە راستە؟" تۆپكایا بە " بەڵێ" وەڵامدەداتەوە و وتم:" من لەوێ كار بۆ بەرژەوەندی سوپای توركیا دەكەم لە بارەگای سەرەكی و فەرماندەی سوپای توركیا فەرمانی ئەوەی پێداوم"، بەڵام نەمتوانی بە ئازادكردنم قایلیان بكەم، پاڵپشتیكرددن لە خۆرئاوا و ناتۆ ئەمڕۆ لە توركیا بە تاوانێكی گەورە دادەنرێت، بەوتەی تۆپكایا.
لە ماوەی زیاتر لە 16 مانگ مانەوە لە زینداندا جگە لە پەیوەندییە تەلەفۆنیی و نامەكانی هاوسەرەكەی و منداڵەكانی هیچ شتێك ئارامی و توانای پارێزگاریكردن لە سەلامەتی عەقڵییان بە تۆپكایا نەبەخشی.
لە كۆتاییدا پێی راگەیەندرا كە خۆئامادەكردن بۆ دادگاییكردنی كاتێكی دوورودرێژتر دەخایەنێت، لەوانەیە لەبەرئەوە بووبێت كە هیچ بەڵگەیەك لەدژی نەبووبێت، وەك تۆپكایا باسی لێوەدەكات، دوای ئەوە ئازاد دەكرێت بەو مەرجەی لەگەڵ دایك و باوكیدا بژی و هەفتانە سەردانی بنكەی پۆلیس بكات.
پاشان پارێزەرەكەی هۆشداریدا لە بوونی چەند بەڵگەیەك و ئەگەری دووربارە دەستگیركردنەوەی و لە هەمان كاتیشدا پاسپۆرتە كۆنەكەی بۆ دەدۆزێتەوە كە هێشتا بۆ چەند مانگێكی تر كارایە و پێدەچێت پۆلیس لە كاتی پرۆسەی پشكنیندا سەرنجی ئەوەیان نەدابێت، لەبەرئەوە تۆپكایا بڕیاریدا رابكات، بەڵام نایەوێت بە دیاریكراوی چۆنیەتی جێبەجێكردنی هەڵاتنەكەی ئاشكرابكات، بۆئەوەی تەگەرە نەخاتەبەردەم ئەوانەی دەیانەوێت لە داهاتوودا رابكەن.
تۆپكایا دوای هەفتەیەك بەهۆی هاوكارییەكی زۆر و چانسی خۆی گەڕایەوە شوقەكەی خۆی لە برۆكسل و پەیوەندی بە خێزانەكەیەوە كرد و بۆ چەند مانگێك پشوویدا، بەڵام نەیتوانی ئەو خراپەكارییانە لە بیربكات كە لە زینداندا بینی بەرامبەر بە زیندانییەكانی تر دەكرا و زیاتر كاریگەرییان لەسەر دانا وەك لەوەی بەسەر خۆیدا هاتبوو.
راستییەكان لە رێگەی تویتەرەوە
دوای گەڕانەوەی بۆ برۆكسل، تۆپكایا بڕیاریدا چیرۆكەكەی بۆ رای گشتی بڵاوبكاتەوە، ئەكاونتێكی لە تۆڕی كۆمەڵایەتی تویتەر كردەوە, بۆئەوەی بە دوورودرێژی ئەوەی پێدا تێپەڕیوە و ئەوەی كەسانی تر هەتا ئێستاش پێیدا تێدەپەڕن روون و ئاشكرابكات، خۆی لەو بارەیەوە دەڵێت ئەوەی بڵاویدەكاتەوە بە تویتەكانی لە تۆڕی كۆمەڵایەتی تویتەر هەڵایەكی گەورە و كاردانەوەی پۆزەتیڤی بە ڕێژەی لەسەدا 90 لێكەوتوەتەوە.
رۆژنامەكانی توركیا و ئەوانەی لەلایەن حكومەتەوە بەڕێوەدەبرێت تۆپكایا بە " ناپاك" وەسفدەكەن و چەند راپۆرتێكیان لەسەر بڵاوكردوەتەوە و باس لەوەدەكەن كە تۆپكایا و چەند ئەفسەرێكی تر كە دەستبەسەركرابوون لە ئەڵمانیا" كۆبوونەوەی پیلانگێڕی" رێكدەخەن، دەربارەی ئەوە تۆپكایا بە زەردەخنەوە وەڵامدەداتەوە و دەڵێت:" لەگەڵ هەر تویتێكدا هەست بە پشووی زیاتر دەكەم و دەزانم كە ئەوان لێی دەترسن" ئەوانە دەسەڵاتدارانی ئەنكەرە و حكومەتی توركیا و پارتی داد و گەشەپێدان و سوپای سەر بە ئەردۆغانن.
ئەو ئەفسەرانەی تری پەیمانی باكوری ئەتڵەسی " ناتۆ" كە " DW " قسەی لەگەڵدا كردوون سەرسامن بە تۆپكایا، بەڵام لە هەمان كاتدا نیگەرانن لە سەلامەتی و یەكێكیان دەڵێت:" من جورئەتی ئەوەم نییە وابكەم، دەستی درێژی ئەردۆغان دەگاتە هەموو شوێنێك و شوێنی ژیانمان و ئەوەی دەنوسین و دەیكەن دەدۆزنەوە، ئەوان كاتێك فەرمان وەردەگرن جێبەجێی دەكەن، لەبەرئەوە ئێمە لێرە لە بەلجیكا خۆمان لە رەوەندی توركیی بەدوور دەگرین".
هەروەها هاوسەرەكەش بە مەترسیی كارەكەی تۆپكایای زانیوە، بەڵام هەمیشە لە بڕیارەكانیدا پشتگیری دەكات، تۆپكایا دەڵێت ناترسێت و لە بڕیارەكەی پاشگەزنابێتەوە، نایەوێت لە ئەردۆغان رابكات، بەباشی دەزانێت چاوپێكەوتن لەگەڵ سەرۆكی توركیا و ئەوانەشدا بكات كە پرۆسەی دەستگیركردنەكان بەڕێوەدەبەن:" دەمەوێت رووبەڕوو بیانبینم، ئاگاداریان بكەمەوە كە ئەوەی دەیكەن هەڵەیە". لە كۆتاییشدا دەڵێت:" ئێمە لەسەر رێگەی راستین ، پێویست زیاتر ئازا بین.