Draw Media

شیکارییەک بۆ جەنگی دوانزە ڕۆژەی ئێران - ئیسرائیل

شیکارییەک بۆ جەنگی دوانزە ڕۆژەی ئێران - ئیسرائیل

2025-06-27 09:13:29


 

بڵند دلێر شاوەیس 

لە پەراوێزی بەشداریکردنی لە لوتکەی ناتۆ لە لاهای، ڕۆژی ٢٠٢٥/٦/٢٥ لە کۆنفرانسێکی ڕۆژنامەوانیدا لەگەڵ سکرتێری گشتی ناتۆ، سەرۆکی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا (ترامپ) ڕایگەیاند "ئیسرائیل و ئێران وەک دوو منداڵی قۆناغی ناوەندی جەنگیان لەگەڵ یەکتریدا کرد"، پێشتریش لە چەندین لێدواندا باسی لەوەکرد کە ئەم جەنگە بۆ ناچارکردنی ئێرانە تا بێتە سەر مێزی دانوستان، هەروەها بە ئاشکرا باسیشی لەوە کرد کە مەبەست لەم جەنگە ڕوخاندنی ڕژێمی ئێران نییە، جگە لەوەی سوپاسی ئێرانی کرد کە پێشتر لە کات و شوێنی بۆردومانکردنی بنکەکانی ئەمریکا ئاگادارکراونەتەوە...
ئەم لێدوانانە ئەوە دەسەلمێنێت کە پەیوەندییەکانی نێوان (ئەمریکا و ئیسرائیل و ئێران) پەیوەندی قوڵ و فرە ڕەهەندن،  کێشەکانی نێوانیان سروشتێکی ئاڵۆز و تایبەتی هەیە، چەند ناکۆک بن هێندە هەماهەنگی و بەرژەوەندی هاوبەشیان هەیە...

هەرچەندە زۆر پرسی نهێنی و خاڵی شاراوە هەیە لەم جەنگە دوانزە ڕۆژەی نێوان ئێران و ئیسرائیلدا، بەڵام ئەنجامەکان کۆمەڵە ڕاستیەکیان دەرخست شایەنی ئەوەن باسیان لێوە بکرێت:

یەکەم- جەنگەکە دەرخەری ڕاستی پێشکەوتنی تەکنەلۆجیا و توانای هەواڵگری و دەزگای "مۆساد" و هێزی ئاسمانی ئیسرائیل بوو. بەتایبەتی دزەکردنی مۆساد بۆ ناو خاک و دامەزراوە هەستیارەکانی ئێران و وردی لە پێکانی ئامانجەکاندا.

دووەم- لەناو جیهانی ئیسلامیدا تەنها "صدام حسين" بەوە ناسرابوو کە توانیویەتی (٣٩) موشەکی (Scud) بدات لە ئیسرائیل ئەوەش لە ساڵی ١٩٩١، بەڵام لە ئێستادا ئێران ئەو سەروەرییەی تۆمار کرد کە توانی سەدان موشەک و درۆن بنێت بە ئیسرائیل و چەندین ئامانجی گرنگ بپێکێت، لە نێویاندا نزیکەی بیست ئامانجی هەستیار هەیە کە ئیسرائیل ڕێگری کردووە لە باسکردنیان.

سێیەم- ئیسرائیل سەرکەوتوو بوو لە پەکخستنی بەرنامە ئەتۆمییەکەی ئێران، بەڵام ئەوەی شایانی باسە بەرنامە ئەتۆمییەکەی ئێران ئەوەندە بەهێز و پێشکەوتوو بوو بە بێ هەماهەنگی ڕوسیا و بەشداری کردنی فڕۆکە جەنگیەکانی ئەمریکا لە بۆردومانکردنی بنکەی ئەتۆمی فۆردۆ و بردنەدەرەوەی یۆرانیۆمی پیتێندراوی ئێران بۆ ڕوسیا، هەروەها پاراستنی شارەزایانی ڕوس و زامنکردنی داواکارییەکانی ئێران یەکلا نەدەبووەوە.

چوارەم- ئەگەرچی لەسەرەتای جەنگەکەدا باڵادەستی ئیسرائیل بەدی دەکرا، لەگەڵ یەکەم گورز وەشاندنی ئیسرائیل دژ بە ئێران چەندین سەرکردە و فەرماندەی سەربازی و هەواڵگری ئێران کوژران، بەڵام بە خێرایی جێگرەوەکانیان دانران و لە دوای هەفتەی یەکەمی جەنگەکەوە تواناکانی ئێران لە کۆنترۆڵکردن و ئیدارەدانی جەنگەکە بە ڕوونی ڕەنگی دایەوە، ئەمەش دەرخەری ئەزموونی ئێرانە لە جەنگ و پشوو درێژی لە بەرگری و خۆڕاگری، شەڕی هەشت ساڵەی ئێران و عێراق شاهیدی پشوو درێژی ئێرانە لە جەنگدا...
هەروەها ئێران سەرکەوتوو بوو لە ڕاکێشانی هاوسۆزی ئیقلیمی و نێودەوڵەتی بەلای خۆیدا، ئەمەش دەرخەری ئاستی بەرزی دبلۆماسیەتی ئێران بوو.
لە هەموشی گرنگتر ئەم جەنگە هۆکارێک بوو بۆ یەکگرتوویی کۆمەڵگای ئێران و پتەوکردنی یەکڕیزی نیشتمانی و ڕەدکردنەوەی ئەجێندای دەرەکی. 
ئەم جەنگە سەلماندی پرسی نیشتمان سازی لە ئێراندا بەهێزە و ڕەگ و ڕیشەی بە قوڵی داکوتیوە.

پێنجەم- زیانەکانی ئێران و ئیسرائیل لەم جەنگەدا بە گوێرەی زانیاری میدیاکان و ڕاپۆرتی دامەزراوە فەرمییەکان بریتییە لە:

* زیانەکانی ئێران 

١- گیان لەدەستدانی زیاتر لە (٦٢٧) کەس و (٤٨٧٠) بریندار، لە نێویاندا دەیان سەرکردەی سەربازی و هەواڵگری و زانای ئەتۆمی کە زیاتر لە (٣٠) فەرماندەی باڵا و (١٧) زانا لەناویاندا (١٤) زانای ئەتۆمی.
٢- ئیسرائیل(٥) هێرشی ئاسمانی گەورەی ئەنجامداوە بۆ سەر ئێران، زیاتر لە (٥٠٠) موشەک و بۆمبی وەشاندووە، (٣٠٠) ئامانجی دیاریکراوی لە ناو خاکی ئێران پێکاوە، جگە لە هێرشی درۆنی.
٣- بۆردومانکردن و وێرانکردنی وێستگە و دامەزراوە ئەتۆمییەکانی ئێران (ئاراک، نەتەنز، فۆردۆ، ئەسفەهان). 
٤- لەناوبردنی(٧) ڕاداری ستراتیجی. هەروەها لەناوبردنی(٤٠%) سەکۆی هاویشتنی موشەکی.
٥- لەناوبردنی سیستەمی موشەکی (S 300) کە ئێران لە روسیا کریبووی، (١) لە ئیلام، (١) لە هەمەدان، (١) لە تاران، (٢) لە ئەسفەهان.
٦- تەنها لە تاران نزیکەی (١٢٠) باڵەخانە بەتەواوی وێرانکراوە، لەگەڵ زیان گەیاندن بە نزیکەی(٥٠٠) باڵەخانەی دیکە.
٧- بە گوێرەی (The Wall Street Journal) زیانە مادییەکانی ئێران بە هۆی لەناوبردنی بنکە و بەرنامە ئەتۆمییەکەی بە (٥٠٠) ملیار دۆلار مەزەندە دەکرێت کە ماوەی چل وپێنج ساڵە هەوڵی دروستکردنی دەدات.

 * زیانەکانی ئیسرائیل 

١- ئێران لەماوەی دوانزە ڕۆژی شەڕەکەدا نزیکەی(٥٥٠) موشەکی بالیستی و زیاتر لە (١٠٠٠) درۆنی ناوە بە ئیسرائیلەوە، لە نێوان(٥٠ - ٧٠) ئامانجی پێکاوە.
٢- نزیکەی(٣٠) کوژراو و (٣٢٣٨) بریندار لە هاووڵاتیانی ئیسرائیل هەیە.
٣- بۆردومانکردنی هەریەک لە چواردەوری وەزارەتی بەرگری ئیسرائیل و بارەگای مۆساد، پەیمانگای وایزمان کە یەکێکە لە کۆڵەکە زانستی و تەکنەلۆژیاکانی ئاسایشی ئیسرائیل، بەندەری حەیفا، پاڵاوگەی نەوتی بازان ....
٤- بە گوێرەی پێگەی (The Financial Express) تێچووی ڕۆژانەی جەنگەکە لەسەر ئیسرائیل(٧٢٥) ملیۆن دۆلار بووە.
٥- زیان بەر سیستەمی بەرگری کڵاوەی ئاسنینی ئیسرائیل کەوتووە لە ئەنجامی چڕی هێرشە مووشەکییەکانی ئێران، هەروەها تێچووی ڕۆژانەی موشەکە ڕێگرەکانی کڵاوەی ئاسنینی ئیسرائیل بە (٢٠٠ ملیۆن دۆلار) مەزەندە دەکرێت.
٦- نزیکەی(٦٥٨) باڵەخانە و دامەزراوە زیانی بەرکەوتووە. بە گوێرەی ڕاپۆرتە ئیسرائیلیەکان تێچووی دوبارە بونیادنانەوەی ژێرخانی ئابووری و ئەوەی وێرانکراوە بریتییە لە (١،٣ - ١،٦ ملیار دۆلار ) .
٧- کۆی تێچووی خەرجییەکان لەسەر خەزێنەی ئیسرائیل بە نزیکەی(٦،٨ ملیار دۆلار) مەزەندە دەکرێت.

* تێبینی: زیانە مادییەکانی هەردوو وڵات لە گۆڕاندایە.

بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار
مافی به‌رهه‌مه‌كان پارێزراوه‌ بۆ دره‌و
Developed by Smarthand