Draw Media

زیانەکانی ئیسرائیل بە زیاتر لە 10 ملیار دۆلار دەخەمڵێندرێت

زیانەکانی ئیسرائیل بە زیاتر لە 10 ملیار دۆلار دەخەمڵێندرێت

2025-06-25 20:02:12



راپۆرتی: درەو 
🔻 ئیسرائیل لە جەنگی (12) ڕۆژەی لەگەڵ ئێران:
🔹 ئیسرائیل تەنها لە هەفتەی یەکەمی هێرشەکانی بۆ سەر ئێران نزیکەی (5 ملیار) دۆلاری خەرجکردووە، لەکاتێکدا خەرجییەکانی ڕۆژانەی شەڕەکە (725 ملیۆن) دۆلار بووە، لەو ژمارەیەش (593 ملیۆن) دۆلار بۆ هێرش و (132 ملیۆن) دۆلار بۆ ڕێوشوێنی بەرگری و کۆکردنەوەی سەربازی تەرخانکراوە.
🔹 بەپێی ئامارەکانی دەسەڵاتی باجی ئیسرائیل، ژمارەی ئەو ئیسرائیلیانەی لە هەفتەی یەکەمدا ماڵەکانیان چۆڵکردووە، (10 هەزار) کەسی تێپەڕاندووە و نزیکەی (36 هەزار و 465) کەس داوای قەرەبووکردنەوەیان تۆمارکردووە.
🔹 بەپێی ئامارەکانی دەسەڵاتی باج، لە سەرەتای شەڕەوە نزیکەی (53 هەزار) بیمەی نوێ کڕدراون. ئەمە لە کاتێکدایە قەرەبووی فەرمی ئیسرائیل سنووردارە بە زیانەکانی موڵک و ماڵ و ئۆتۆمبێل.
🔹 هێرشێک کە گەورەترین پاڵاوگەی نەوتی ئیسرائیلی داخست، کە پاڵاوگەی بازانە و بە پێی ڕاپۆرتی فاینانشیاڵ تایمز، بە مەزەندەکردنی (3 ملیۆن) دۆلار زیانی ڕۆژانەی لێکەوتەوە.
🔹 فڕۆکەخانەی بن گوریون کە بە شێوەیەکی ئاسایی ڕۆژانە نزیکەی (300 گەشت) و (35 هەزار) سەرنشینی تێدایە، لە کاردانەوە بە هێرشەکانی تۆڵەسەندنەوەی ئێران، کارەکانی ڕاگرت. 
🔹 بەپێی ئامارەکانی دامەزراوەی ئارۆن بۆ سیاسەتی ئابووری کە بنکەکەی لە ئیسرائیلە، ئەگەر هێرشەکان بۆ ماوەی مانگێک بەردەوام بوایە، دەکرا کۆی تێچووەکەی (12 ملیار) دۆلارى تێپەڕاندبا.
🔹 بە گوێرەی زانیارییەکانی کەناڵی (12)ی ئیسرائیل، (29) ئیسرائیلی کوژران و(872)کەسیش بریندار بوون.

خەرجییە ڕاستەخۆکانی جەنگ
لەگەڵ ئەوەی کۆی گشتی خەرجییە ڕاستەخۆ و ناڕاستەخۆکانی جەنگ ڕوون نەبووەتەوە، بەڵام ئیسرائیل خەرجی گەورەی لە ڕووبەڕووبوونەوەی لەگەڵ ئێراندا هەبووە.
بەپێی زانیارییەکانی ماڵپەڕی فاینانشیاڵ ئێکسپرێس، ئیسرائیل تەنها لە هەفتەی یەکەمی هێرشەکانی بۆ سەر ئێران نزیکەی (5 ملیار) دۆلاری خەرجکردووە، لەکاتێکدا خەرجییەکانی ڕۆژانەی شەڕەکە (725 ملیۆن) دۆلار بووە، لەو ژمارەیەش (593 ملیۆن) دۆلار بۆ هێرش و (132 ملیۆن) دۆلار بۆ ڕێوشوێنی بەرگری و کۆکردنەوەی سەربازی تەرخانکراوە.
ڕۆژنامەی وۆڵ ستریت جۆرناڵ بڵاویکردەوە، تێچووی ڕۆژانەی سیستەمی بەرگری دژە مووشەکی بۆ ئیسرائیل لە نێوان (10 بۆ 200 ملیۆن دۆلاردا) بووە.
بەپێی ئامارەکانی دامەزراوەی ئارۆن بۆ سیاسەتی ئابووری کە بنکەکەی لە ئیسرائیلە، ئەگەر هێرشەکان بۆ ماوەی مانگێک بەردەوام بوایە، دەکرا کۆی تێچووەکەی (12 ملیار) دۆلارى تێپەڕاندبا.
هەروەها ڕۆژنامەی "یەدیعوت ئەحرۆنۆت" لە دووەمین ڕۆژی جەنگەکەدا ڕایگەیاند، بە پشت بەستن بە ڕاوێژکاری پێشووی دارایی سەرۆکی ئەرکانی سوپای ئیسرائیل، فەریق جەنەراڵ  ڕیم ئەمیناخ، ڕاپۆرتی دا، ڕووبەڕووبوونەوەی ئیسرائیل لەگەڵ ئێران نزیکەی (2.75 ملیار) شیگڵ (733.12 ملیۆن) دۆلار لە ڕۆژێکدا تەنها لە خەرجییە سەربازییە ڕاستەوخۆکاندا تێدەچێت. ئەم خەمڵاندنە زیانەکانی موڵک و ماڵی مەدەنی و کاردانەوەی ئابووری فراوانتر لەخۆناگرێت.
بەشێک لە شارەزایانى کاروباری ئیسرائیل پێشبینی دەکەن ئیسرائیل لە بودجەی ساڵانی داهاتوودا تەرخانکردنی سەربازی زیاد بکات، لە ژێر ڕۆشنایی شکستی سیستمی بەرگری (قوبەى ئاسنین) لە ڕێگریکردن سیستەمەکانی تری ڕێگریکەر. چونکە پێویستی بە پێداچوونەوەی گشتگیری ئەم سیستمانە و هەوڵدان بۆ پەرەپێدانیان هەیە.
ئیسرائیل ناتوانێت پێویستی زیادکردنی تەرخانکردنی سەربازی پشتگوێ بخات، چونکە پێشبینی ڕووبەڕووبوونەوەی داهاتوو دەکات کە تێیدا بە ناچاری پێویستی بە سیستەمی مووشەکی ڕێگریکەر و تەقەمەنی و فڕۆکەی زیاتر دەبێت.
هاوکات تێچووی سەربازی ڕووبەڕووبوونەوەی ئێران لەوە زیاتر بووە کە چاوەڕوان دەکرا، ئەمەش بەهۆی بەکارهێنانی ژمارەیەکی زۆر لە مووشەکی ڕێگریکەر لە ماوەی دوانزە ڕۆژی جەنگدا.
پێشبینی ئەوەش دەکرێت کە کورتهێنانی بودجەی ئیسرائیل بەڕێژەی 6% زیاد بکات، هەروەها قەرەبووکردنەوەی هاووڵاتیانی زیانلێکەوتوو، خراپتربوونی دارایی گشتی وڵاتەکە زیاتر دەکات.
بەپێی ئامارەکانی دەسەڵاتی باجی ئیسرائیل، ژمارەی ئەو ئیسرائیلیانەی لە هەفتەی یەکەمدا ماڵەکانیان چۆڵکردووە، (10 هەزار) کەسی تێپەڕاندووە و نزیکەی (36 هەزار و 465) کەس داوای قەرەبووکردنەوەیان تۆمارکردووە.
بۆیە حکومەتی ئیسرائیل بیر لە یەکێک لەم ڕێوشوێنانە دەکاتەوە بۆ دابینکردنی کورتهێنانی بودجە کە لە هەڵکشاندایە:
-    کەمکردنەوەی خەرجییە گشتیەکان بۆ تەندروستی و پەروەردە.
-    زیادکردنی باج.
-    پەنابردن بۆ قەرزکردن، کە دەتوانێت ڕێژەی قەرزی گشتی بەرامبەر بە داهاتی نیشتمانی زیاتر لە ٧٥% بەرز بکاتەوە.
ئەمانەش پاڵپشت بەوەی وەزارەتی دارایی ئیسرائیل ئاشکرای دەکات کە سەرچاوە داراییەکانی ئێستای وڵاتەکە بە خێرایی کەمدەبێتەوە و داوای گواستنەوەی (857 ملیۆن) دۆلاری بۆ وەزارەتی بەرگری کردووە، هاوکات داوای بڕینی (200 ملیۆن) دۆلاری لە وەزارەتەکانی تەندروستی و پەروەردە و خزمەتگوزارییە کۆمەڵایەتییەکان کردووە.
ڕۆژنامەی دارایی ئیسرائیلی گڵۆبس بڵاویکردەوە، زۆربەی ئەو پارانە بۆ دابینکردنی خەرجییەکانی کارمەندانی سەربازی بەکاردەهێنرێن.
نزیکەی (450 هەزار) سەربازی یەدەگ بانگهێشت کران بۆ خزمەتکردن وەک بەشێک لە هەوڵە بەرفراوانەکانی کۆکردنەوە لە کاتی جەنگدا.

خشتە


قەرەبووکردنەوە
بەپێی ئامارەکانی دەسەڵاتی باج، لە سەرەتای شەڕەوە نزیکەی (53 هەزار) بیمەی نوێ کڕدراون. ئەمە لە کاتێکدایە قەرەبووی فەرمی ئیسرائیل سنووردارە بە زیانەکانی موڵک و ماڵ و ئۆتۆمبێل. ئەمەش وا لە خەڵک دەکات کە شتە بەنرخەکان وەک کارە هونەریەکان و مۆبیلیات و زێڕ لەگەڵ خودی دەسەڵاتی باج بیمە بکەن، بە پارەیەکی زیادە کە (0.3%)ی بەهای موڵکی بیمەکراو، تا زۆرترین یەک ملیۆن شیگڵ. یانیش دەتوانن ئەم شتانە لەگەڵ کۆمپانیا تایبەتەکانی بیمە بیمە بکەن بۆ دابینکردنی ئەو قەرەبووەی کە دەوڵەت بۆ زیانەکانی جەنگ دابینی نەکردووە.
بە گوێرەی ڕۆژنامەی "یەدیعوت ئەحرۆنۆت"، بەهۆی ئەوەی شەڕ لەگەڵ ئێران زیاتر لە چاوەڕوانی بەردەوام بووە، وەزارەتی دارایی پلانێکی بۆ قەرەبووکردنەوەی کەرتی بازرگانی و کۆمپانیاکانی داڕشتووە بۆ سەدان هەزار کرێکار کە بەهۆی شەڕ لەگەڵ ئێران لە کاردا ڕاوەستاون.
ڕۆژنامەکە بڵاویکردەوە، پلانەکە بریتی دەبێت لە قەرەبووکردنەوەی ئەو کۆمپانیایانە کە بەهۆی دابەزینی قەبارەی بازرگانییەوە کاریگەرییان لەسەرە بەلایەنی کەمەوە ٢٥%، قەرەبووکردنەوەی ٧٥%ی مووچەی فەرمانبەران، هەروەها گەڕاندنەوەی خەرجییەکان بەپێی پلەی دابەزینی قەبارەی بازرگانی. تا دابەزینەکە زیاتر بێت، قەرەبووکردنەوەکە زیاتر دەبێت. ئەمەش بە ملیارەها دۆلار لە گەنجینەی دەوڵەت دەخەمڵێندرێت.

ترس و دڵەڕاوکێی وەبەرهێنەران
شارەزایان هۆشداری دەدەن لەوەی کە ئەگەری هەیە ڕێژەی گەشەی ئیسرائیل خاو بێتەوە ڕووبەڕووبوونەوەکە بووەتە هۆی پێداچوونەوە بە پێشبینییە ئابوورییەکانی وڵات بەرەو دابەزین. وەزارەتی دارایی پێشبینی گەشەی ساڵی 2025ی لە 4.3% بۆ 3.6% دابەزاندووە، ئەمەش وا دەکات ڕێژەی بێکاری بەرزبێتەوە و ڕێژەی هەژاریش زیاد دەکات ئەگەر ململانێکان بەردەوام بێت.
ئێران ژێرخانی گرنگی لە تەلئەبیب و حەیفا کردۆتە ئامانج، لەوانە هێرشێک کە گەورەترین پاڵاوگەی نەوتی ئیسرائیلی داخست، کە پاڵاوگەی بازانە و بە پێی ڕاپۆرتی فاینانشیاڵ تایمز، بە مەزەندەکردنی (3 ملیۆن) دۆلار زیانی ڕۆژانەی لێکەوتەوە.
فڕۆکەخانەی بن گوریون کە بە شێوەیەکی ئاسایی ڕۆژانە نزیکەی (300 گەشت) و (35 هەزار) سەرنشینی تێدایە، لە کاردانەوە بە هێرشەکانی تۆڵەسەندنەوەی ئێران، کارەکانی ڕاگرت. یەکشەممەی ڕابردوو تەنیا بەشێکی کرایەوە بە مەبەستی گەڕاندنەوەی دانیشتووان بۆ ئیسرائیل و پێشبینی دەکرێت ئەم پەککەوتنە زیانێکی ئابووری زیاتری لێبکەوێتەوە.
ڕاگرتنی گەشتە ئاسمانییەکان لە گەورەترین فڕۆکەخانەی ئەو وڵاتە هاوکات بوو لەگەڵ ڕاگرتن و گۆڕینی ڕێڕەوی گەشتەکان لەلایەن کۆمپانیای هەڵگری نیشتمانی ئیسرائیل، ئێل ئال، بە پێشبینی هێرشێکی ئەگەری.
هەروەها بازاڕە داراییەکان بەهۆی مەترسی هێرشی مووشەکی ئێران بۆ ئاڵوگۆڕی ئەڵماسی ئیسرائیلی ڕاگرت، کەرتێک کە نزیکەی (8%)ی کۆی هەناردەکردنی ئیسرائیل پێکدەهێنێت. بەپێی ڕاپۆرتی دامەزراوەی ئەڵماسی ئیسرائیل، ئەو هێرشانە نیگەرانی بۆرسەی تەلئەبیبی لێکەوتەوە.
لێدانەکانی بازاڕی بۆرسە بووە هۆی ترس و دڵەڕاوکێی وەبەرهێنەران و فرۆشتنی زۆری لێکەوتەوە و دابەزینی بازاڕی خێراتر کرد، ئەمەش سەقامگیری ئابووری کورتخایەنی خستە مەترسییەوە.

زیانە گیانی مادییەکانی ئیسرائیل لە شەڕی (12) رۆژەی لەگەڵ ئێراندا
بە گوێرەی زانیارییەکانی کەناڵی (12)ی ئیسرائیل، لە شەڕی (12) رۆژەی ئیسرائیل لەگەڵ ئێران، (29) ئیسرائیلی کوژران و(872)کەسیش بریندار بوون.
هاوکات (31 هەزار) باڵەخانەو خانوو زیانیان بەرکەوتووە و چوار هەزار ئۆتۆمبێلیش تێكشكاون.
ئێران (591) موشەکی بالیستی بۆ ئیسرائیل هاویشتووە، کە (67) موشەکیان توانا بەرگرییەكانی ئیسرائیلی تێپەڕاندووەو لەناو شارەكان كەوتووەتە خوارەوە.
ئەوە لەكاتێكدایە، بەپێی ئامارێکی وەزارەتی تەندروستی ئێران كە دوێنێ‌  بڵاوکراوەیەوە، ئەو شەڕەی ئیسرائیل لە (13)ی حوزەیران دژی ئێران دەستیپێکرد، لانیکەم (610) کەس كوژراون و زیاتر لە (4) هەزار و (700) کەسیش برینداربوون.

 

بۆ وردەکاری زیاتر بڕوانە
-    الجزیرة، الفاتورة القاسية.. إسرائيل تنزف المليارات في مواجهة إيران، 24/6/2025:
https://shorturl.at/UPtuY
-    الجزیرة، يديعوت أحرونوت: 1.5 مليار دولار تكاليف إسرائيل في مواجهتها مع إيران، 15/6/2025:
https://short-link.me/15E6v
-    الجزیرة، كلفة حرب إسرائيل وإيران وخسائرها.. مبان قيد الهدم وتعويضات بالمليارات، 24/6/2025:
https://short-link.me/11u1y
-    العربي الجدید، نفقات إسرائيل اليومية في الحرب مع إيران تتعدى 700 مليون دولار، 18/6/2025:
https://short-link.me/11u1-
-    الأناضول، تكاليف باهظة للعدوان على إيران تضع اقتصاد إسرائيل أمام تحديات صعبة (تقرير إخباري(، 23/6/2024:
https://short-link.me/15E89
-    العربي الجدید، إسرائيل تنفق 5.7 مليارات دولار في حربها ضد إيران.. والعجز يتصاعد، 23/6/2025:
https://short-link.me/15E8S

 

بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار
مافی به‌رهه‌مه‌كان پارێزراوه‌ بۆ دره‌و
Developed by Smarthand