ئەگەری لێبڕینی موچە هەیە بەرێژەی (30%)

2025-06-24 12:06:16
درەو:
ئەگەری دابەشكردنی موچە هەیە بە لێبڕینەوە بەڕێژەی (30%) حكومەتی هەرێم هیچ ئومێدێكی بەبەغداد نەماوەو بڕیار دەدات پشت بە داهاتی ناوخۆ ببەستێت بۆ موچە.
سبەینێ ئەنجومەنی وەزیرانی هەرێمی كوردستان كۆدەبێتەوە، پرسی موچەی موچەخۆران یەكێك دەبێت لە تەوەرەكانی كۆبوونەوەكە، بەپێی بەدواداچوونەكانی (درەو) مەسرور بارزانی سەرۆكی حكومەتی هەرێمی كوردستان پلانی خۆی بۆ موچەی موچەخۆرانی هەرێمی كوردستان دەخاتەڕوو، بەپێی ئەو داهاتەی لەبەردەستدایە موچە دابەش دەكات، لە ئێستادا بڕیاری وەستاندنی سەرجەم خەرجییەكانی داوەو هەموو داهاتەكان بۆ موچە تەرخان دەكرێت.
بەپێی بەدواداچوونەكان موچە بە لێبڕینەوە دابەش دەكرێت و رێژەكەی بە نزیكەی (30%) دەبێت و (70%) موچەكە خەرجدەكرێت، ئەمە نابێتە پاشەكەوت و تەنیا لێبڕینەو وەك ئەوەی پێشتر دەیان وت خۆگونجاندنە لەگەڵ بارودۆخەكە.
مەسرور بارزانی دوای ئەوەی نامەیەكی ئاراستەی لایەنە پەیوەندیدارەكانی عێراق كرد بۆ چارەسەری كێشەی موچەو لە كۆبوونەوەی چوار سەرۆكایەتییەكەی عێراقدا خوێندرایەوەو لە بەیاننامەی كۆبوونەوەكەدا داوا لە حكومەتی هەرێم كرا پابەندی بڕیارەكان بێت و هیچ هەنگاوێك نەبوو بۆ چارەسەری كێشەی موچە، پرسی ئەمری وەلائی دادگای فیدراڵیش بەهۆی دەستلەكاركێشانەوەی ئەندامانی دداگاكەوە چارەنووسی دیار نیە، بۆیە ئێستا حكومەتی هەرێمی كوردستان بیر لە رێگای تر دەكاتەوە بۆ دابەشكردنی موچە.
سبەی چوار شەممە ئەنجومەنی وەزیرانی هەرێمی كوردستان كۆدەبێتەوە و لەسەر دووتەوەر گفتوگۆ دەكەن:
تەوەری یەكەم/ تاوتوێكردن و هەڵسەنگاندنی بارودۆخی دارایی ئێستای هەرێم بە تایبەتی موچەی موچەخۆران و دوا هەوڵەكان بۆ چارەسەركردنی ئەم بابەتە.
تەوەری دووەم/ راپۆرتی وەزارەتی كارو كاروباری كۆمەڵایەتی سەبارەت بە خانەنشینی و دەستەبەری كۆمەڵایەتی كرێكاران لە هەرێمی كوردستان و پێشكەشكردنی ئامار و زانیاری.
سەرچاوەی داهاتەكانی هەرێمی كوردستان بەپێی راپۆرتی وەزارەتی دارایی عێراق هەرێمی كوردستان مانگانە :
- داهاتی چوار مانگی یەكەمی 2025ی نانەوتی هەرێم (ترلیۆنێك و 166 ملیار) دینار بووەو مانگانە دەكاتە (300) ملیار دینار.
- داهاتی چوار مانگی یەكەمی 2025ی نەوتی هەرێم (ترلیۆنێك و 568 ملیار) دینار بووەو مانگانە دەكاتە (390) ملیار دینار.
- پارەی بەغداد: نەهاتووە
- پارەی هاوپەیمانان: 20 ملیار دینار
