Draw Media

کاریگەری و پاشماوەکانی جەنگ لەسەر ژینگە

کاریگەری و پاشماوەکانی جەنگ لەسەر ژینگە

2025-06-21 20:19:05



  درەو:
(ئاییندەی ژینگە) گۆشەیەكی هەفتانەیە
مەعروف مەجید سەرۆكی رێكخراوی ئاییندە بۆ پاراستنی ژینگە رۆژانی شەممە بۆ (درەو) دەینوسێت

🔹 لە ساڵی 1990ەوە جیهان بەهۆی جەنگەوە (ملیۆنێک و 220 هەزار) کیلۆمەتر چوارگۆشە لە دارستانەکانی لەدەستداوە، ئەمەش قەبارەی گەورەی لەناوچوونی ژینگە دەخاتە ڕوو.
🔹 جیهان بەهۆی چالاکییەکانی مرۆڤەوە 83%ی شیردەرەکانی کێوی و 50%ی ڕووەکەکانی لەدەستداوە، شەڕەکان ڕێژەی لەناوچوونی جۆرەکان خێراتر دەکەن.
🔹 شەڕەکان هەڕەشەیەکی گەورەن بۆ سەر ژینگەی جیهانی، دەردانی گازی گەرمخانەیی زیاد دەکەن و ئیکۆسیستەمەکان لەناو دەبەن، سوپا و ململانێکان بەرپرسیارن لە (5.5%)ی دەردانی گازی گەرمخانەیی جیهانی.
🔹 سوپاکان بڕێکی زۆر لە سووتەمەنی بەردینی بەکاردەهێنن، کە دەردانی کاربۆنی زۆریان هەیە. ڕێژەی دەردانی کاربۆنی سەربازی لە جیهاندا لە پلەی چوارەمدایە.
🔹 سوپای جیهان 5.5%ی دەردانی گازی گەرمخانەیی جیهانی بەرپرسیارە، بەڵام زۆرێک لە حکومەتەکان داتای دەردانی گازی ژەهراوی لە چالاکییە سەربازییەکان ڕاپۆرت ناکەن، بۆیە ڕەنگە ئەو ڕێژەیە زۆر زیاتر بێت، 
🔹 کاتێک چالاکیی شەڕکردن وەستا، مەترسی بە بیابانبوونی بەرفراوان و لەدەستدانی زەوی بەهۆی کەمیی ئاوەوە هەیە.

کاریگەری جەنگ لەسەر ژینگەی هەرێمی کوردستان
لە ئێستا و لە ڕابردوو، هەمیشە جەنگەکان بە شێوەیەکی کاریگەر هەڕەشەبوونە لەسەر ژینگەی ئەو ناوچانەی جەنگەکان تێیدا ڕوودەدات بە تایبەتی ژینگەی جیهان بە گشتی، بەو مانایەی گرفتەکە لەوەدایە ئەو وێرانکارییە ژینگەییانەی لە جەنگ دەکەونەوە تەنها زیانیان بۆ ئەو وڵاتانە نیە کە جەنگی تێدایە بڵکو کاریگەری لەسەر وڵاتانی دراوسێش دروست دەکەن.
لە دوای هەر شۆڕش و بەرخودان و ڕاپەڕینێک ژینگەی هەرێمی کوردستان لەلایەن دەسەڵاتدارە یەک لەدوای یەکەکانی عێراقەوە ڕووبەڕووی وێران کردن و تێکدان بۆتەوە، نزیکترین نموونە، شاڵاوەکانی جینۆسایدکردن و قڕکردنی گەلی کوردە لە هەشت قۆناغەکەی پڕۆسەی بەناو ئەنفال لە ساڵی 1988، کە زۆرینەی ناوچەکانی هەرێمی کوردستانی گرتەوە. بۆ نمونە ئەو زیانە ژینگەییانەی لە پڕۆسەی بەناو ئەنفال کەوتەوە، وێرانکردنی زیاد لە (5 هەزار) گوند لە باشووری کوردستان، کە بەلایەنی کەمەوە ئەم گوندنشینانە سەرقاڵی کاری ئاژەڵداری و باخ و باخداری بوون، کە ئەمەش هۆکارێکە بۆ کەمبوونەوی ڕێژەی سەوزایی و لە دەستدانی دارستانەکان.
-    ئەگەر هەر گوندەی تەنها یەک کانی و سەرچاوەی ئاوی هەبوبێت، ئەوا لەو تاوانکارییەدا هەموویان وێرانکران و لەناوبران.
-    ئەگەر هەر خێزانێک باخێک یا چەند بنەدارێکی بەری یا سێبەریان هەبوبێت، ئەوا لەو تاوانکارییەدا لەناوبران، یا ووشک کران یا سوتێران یا بە شۆفڵ هەڵتەکێندران.
کاریگەری ئەم وێرانکردنە تەنها بۆ مرۆڤ و دانیشتوانی گوندەکان نەبوو، بگرە لە دوای خۆی کاریگەری درووست کرد لەسەر تەنانەت ئاژەڵ و باڵندە کێوییەکانیش، کە بەهۆی ئەو کانی و سەرچاوە ئاوییانەوە ژیانیان بەردەوام بوو، لایەنی کەم ئەوانەشی ڕزگاریان بوو، بونە پارووی هێزە سەربازییەکانی ئەو ناوچانە و لەناوبران.
یەکێکی تر لە کاریگەرییە خراپەکانی جەنگ لەسەر ژینگەی باشووری کوردستان تا ئێستا کاریگەری ماوە، بوونی پاشماوەی جەنگی و تەقەمەنییە، کە ئەوەی تەقێنرا بووە بووە هۆی پیسکردنی ژینگە، ئەوەی مایەوە تا ئێستا بۆتە هۆی شێواندنی ژینگەی هەرێمی کوردستان، بەجۆرێک کەم ناوچەی هەرێمی کوردستان هەیە پاشماوەی تەقەمەنی لێ نەبێت.

کاریگەری مین لەسەر ژینگەی هەرێم
هەرێمی کوردستان یەكێک لەو ناوچانەیە کە بە هۆی شەڕ و ململانێکان، ژینگەکەی بەردەوام لە ژێر هەڕەشەدا بووە، لەماوەی پەنجا ساڵی رابردووەوە کە کوردستان پێیدا تێپەڕیوە، وەکو بۆردوومانکردن، مینڕێژکردن، سووتاندن و تەنانەت کیمیابارانی ناوچە جیاجیاکانی هەرێم، هەموو ئەوانە بوون کە بەشێکی زۆری ژینگەکەی رووبەڕووی شێواندن و پیسبوون بووەتەوە.
"بەپێی ئامارەکان و ئەنجامی رووپێوییەکان، (776 هەزار) کیلۆمەتر دووجا لە ژینگەی هەرێمی کوردستان پیسبووە، هەم وەکو ژینگە هەم مەترسییەکی ترسناکە لەسەر تەندروستی مرۆڤ و ئاژەڵان، لەم ژمارەیەش نزیکەی (511 هەزار) کیلۆمەتر دووجا پاککراوەتەوە و (260 هەزار) کیلۆمەتر دووجا ماوەتەوە".
"لەماوەی 30 ساڵی ڕابردوودا زیاتر لە (3 هەزار) هاوڵاتی گیانیان لەدەستداوە و زیاتر لە (10 هەزار و 255) كەسی دیكەش بریندار و كەمئەندام بوون، هەر لە ساڵی 1992ـەوە كە كاری پاككردنەوە لە زەوییە مینڕێژكراوەكان دەستی پێكردووە، (39) كارمەندی سەر بە دەزگای مین و رێكخراوەكانی بواری مین گیانیان لەدەستداوە و (106) كەسیشیان كەمئەندام بوون.
لە ئێستاشدا چەندین تیمی گیانفیدا لە کوردستان کار دەکەن بۆ بنبڕکردنی پاشماوە جەنگییەکان کە بەیەکێک لە گەورەترین مەترسییەکانی سەدە هەژمار دەکرێ لەسەر ژینگە و ژیانی هاوڵاتیان.

ژینگەی عێراق و مەترسی مین
لە ئەنجامی ململانێیە بەردەوامەکان، مین بەڕێژەیەکی بەرچاو لە عێراقدا بڵاوبووتەوە، بەتایبەت لە سەرەتای شەڕی ئێران و عێراق لە ساڵی 1980 ەوە، دواتر ڕژێمی عێراقی بە سەرۆکایەتی سەدام حوسێن پەلاماری کوێتی دا  لە ساڵی 1991، پاشان لەشکرکێشی ئەمریکا بۆ سەر عێراق لە ساڵی 2003، دواتر ململانێی تائیفییەکان، کە بووە هۆی سەرهەڵدانی (داعش)، و کۆنترۆڵکردنی یەک لەسەر سێی ناوچەکانی عێراق لە ساڵی 2014، تا کۆتایی ساڵی 2019، عێراق ڕاپۆرتی پیسبوونی ڕووبەری (ملیۆنێک و 200 هەزار) کیلۆمەتر چوارگۆشەی بە مینی دژە مرۆیی ڕاگەیاند.
بەپێی خەمڵاندنەکان لە ساڵی 2019، زیاتر لە 110 ملیۆن مین لەسەر زەوی دانراون، تا مانگی تشرینی یەکەمی 2020، 60 وڵات و ناوچە بە مینی دژە مرۆیی پیس کراون، لە کۆی 60 وڵاتەکە 33 وڵاتیان لایەنی ڕێککەوتنامەی قەدەغەکردنی مینن.
 لابردنی هەموو مینەکان لە جیهاندا، 50 بۆ 100 ملیار دۆلاری تێدەچێت و بە لەبەرچاوگرتنی ئەوەی کە زۆربەی وڵاتانی زیانلێکەوتوو هەژارترینن، تێچووی پاککردنەوەی مین بارگرانییەکی زۆر دەبێت لەسەر ئابورییان.

گرفتە بەرچاوەکانی جەنگ لەسەر ژینگە
1.    گرفتێکی بەرچاوی شەڕ و ئاڵۆزییەکان، گۆڕینی دیموگرافیای دانیشتوانە، کە زۆر جار ئەمەیان دەبێتە هۆی شێواندن و تێکدانی ژینگەی سرووشتی و بەکارهێنانی زەوییە کشتوکاڵییەکان و ناوچە دارستانەکان و بەکارهێنانیان وەکو شوێنی خۆحەشاردان و نیشتەجێ بوونی کاتی و دوور مەودا لەلایەن هاوڵاتیانی نیشتەجێی شارەکان. ئەم زیانانە دوای کۆتایی هاتنی ململانێ و شەڕەکانیش بۆ دەیان ساڵ بەردەوام دەبن.
2.    کاریگەرییە ژینگەیی و کۆمەڵایەتییەکانی شەڕ قووڵ و درێژخایەنن، بەشێکی زۆریان وەکو پیسبوونی ژینگە زۆر دوای وەستانی شەڕەکە بەردەوام دەبێت و دەبێتە هۆی زیانی گەورەی ژینگەیی بۆ ناوچەکە.
3.    ژینگە لە کاتی شەڕە چەکدارییەکان تووشی کاریگەریی وێرانکەر دەبێت، لە سەرو هەموو کاریگەرییە ژینگەییەکان پیسبوونە کە لە ئەنجامی شەڕەکانەوە دروست دەبێت، لێکەوتەی کارەساتبار بەدوای خۆیدا دەهێنێت.
4.    لە ساڵی 1990ەوە جیهان بەهۆی شەڕەوە (ملیۆنێک و 220 هەزار) کیلۆمەتر چوارگۆشە لە دارستانەکانی لەدەستداوە، ئەمەش قەبارەی گەورەی لەناوچوونی ژینگە دەخاتە ڕوو.
5.    لەدەستدانی جۆراوجۆری زیندوو؛ جیهان بەهۆی چالاکییەکانی مرۆڤەوە 83%ی شیردەرەکانی کێوی و 50%ی ڕووەکەکانی لەدەستداوە، شەڕەکان ڕێژەی لەناوچوونی جۆرەکان خێراتر دەکەن، ئەمەش مەترسییەکی جددی لەسەر هاوسەنگی ئیکۆلۆژی جیهانی دروست دەکات.
6.    کاریگەری شەڕ لەسەر لەناوبردنی ژینگە؛ شەڕەکان هەڕەشەیەکی گەورەن بۆ سەر ژینگەی جیهانی، دەردانی گازی گەرمخانەیی زیاد دەکەن و ئیکۆسیستەمەکان لەناو دەبەن، سوپا و ململانێکان بەرپرسیارن لە (5.5%)ی دەردانی گازی گەرمخانەیی جیهانی.
7.    بۆمب و تەقەمەنی زیانێکی زۆر بە خاک و ئاو دەگەیەنێت، ئەم پیسبوونە بۆ ماوەیەکی زۆر بەردەوام دەبێت.
8.    دارستانبڕین و بیابانبوون؛ لەکاتی شەڕ و ئاڵۆزییەکان بە مەبەست دارستانەکان دەسوتێنرێن بۆ ئەوەی ڕێگری لە نەیاران بکەن، وەک لە جەنگی ڤێتنامدا کە ملیۆنان دۆنم دارستانی لەناوبرد.
9.    ململانێکان گیانلەبەرە کێوییەکان کەم دەکەنەوە: بەهۆی شەڕ و ئاڵۆزییەکانەوە ڕەنگە تا (٩٠%)ی گیانلەبەرە کێوییەکانی گەورە لە ناوچە زیانلێکەوتووەکاندا لەنابچن.
10.    پیسبوونی ئاو و خاک؛ بە ئامانجگرتنی بەنداو و ڕووبارەکان لە ململانێکاندا (بۆ نموونە ڕووباری فورات لە سوریا) دەبێتە هۆی قەیرانی ئاو و پیسبوونی ژینگە.
11.    پاشماوەی جەنگ و تەقەمەنی پیسبوو، وەکو یۆرانیۆمی کەمبووەوە، دەبنە هۆی پیسبوونی درێژخایەنی خاک و ئاوی ژێر زەوی.
12.     پیسبوونی کیمیایی و تیشکدەر تەقەمەنی تیشکدەر و کیمیایی دەبێتە هۆی نەخۆشی درێژخایەن و شێرپەنجە و شێواوی.
13.    بەکارهێنانی چەکی سووتێنەر (فسفۆڕی سپی) لە لوبنان و غەززە زەوی کشتوکاڵی لەناو دەبات و شوێنەواری نەسڕاوە بەجێدەهێڵێت.
14.    دەردانی کاربۆن و گۆڕانی کەشوهەوا. بۆ نموونە شەڕی ئۆکرانیا لە ساڵی یەکەمیدا 120 ملیۆن تۆن هاوتای CO2 بەرهەم هێنا، کە زیاترە لە خودی کۆماری چیک.
15.    چالاکییەکانی ئاوەدانکردنەوە، وەک پیشەسازی چیمەنتۆ و لەناوبردنی ژێرخانی ئابووری بڕێکی زۆر کاربۆن زیاد دەکەن.

 تێچووی ژینگە دوای جەنگ
بۆ نمونە خەمڵاندنەکان بۆ تێچووی زیانەکانی ژینگە لە ئۆکرانیا تەنها تا مانگی نۆڤەمبەری ٢٠٢٣ دەگاتە (٥٦ ملیار) دۆلار. درووستکردنی دارستان و پاککردنەوەی خاک و ئاو پڕۆژەیەکی درێژخایەن و گرانبەهایە کە پێویستی بە دەیان ساڵە هەیە بۆ چاکبوونەوە.
شەڕەکان نەک تەنها زیان بە مرۆڤەکان دەگەیەنن؛ هەروەها زیانێکی قووڵ و درێژخایەنی ژینگەیی دەگەیەنن: لە ناوبردنی دارستان و ئاژەڵەکانەوە، تا پیسکردنی ئاو و خاک، بەرزکردنەوەی دەردانی کاربۆن و شێواندنی کەشوهەوا، تێچووی ژینگەییمان لە زیانێکی زۆری تەندروستی و جوگرافی و ئابوورییەوە دەست پێدەکات و پێویستی بە دەیان ساڵ و سەرچاوەیەکی زۆر هەیە بۆ چاککردنەوە.

جەنگەکان بەرپرسیارن لە 5.5%ی دەردانی گازی گەرمخانەیی جیهانی
شەڕ و ململانێکان نەک هەر کاریگەریی وێرانکەریان لەسەر ژیانی خەڵک هەیە، بەڵکو کاریگەری نەرێنیشیان لەسەر ژینگە هەیە و بەشدارییەکی بەرچاویان هەیە لە گۆڕانی کەشوهەوادا.
لە کاتی شەڕ و ململانێ چەکدارییەکاندا زۆرجار پاراستنی ژینگە لەبەرچاو ناگیرێت، لەو ململانێیانەی کە ڕۆژانە خەڵکی مەدەنی بێتاوان دەمرن، بە شێوەیەکی تێگەیشتوو گرنگی بە ڕزگارکردنی ژیان و پێشکەشکردنی هاوکاری مرۆیی دەدرێت، بەڵام نابێت کاریگەرییە کارەساتبارەکانی ململانێ سەربازییەکان لەسەر ئیکۆسیستەمەکان لەبیر بکەین.

کەرتی سەربازی چۆن بەشداری لە گۆڕانی کەشوهەوادا دەکات؟ 
سوپاکان بڕێکی زۆر لە سووتەمەنی بەردینی بەکاردەهێنن، کە دەردانی کاربۆنی زۆریان هەیە. ڕێژەی دەردانی کاربۆنی سەربازی لە جیهاندا لە پلەی چوارەمدایە، دوای ئەمریکا، چین و هیندستان. ئەگەر سوپای ئەمریکا بەتەنها وەک نەتەوەیەکی جیا لە قەڵەم بدەین، ئەوا لەنێو گەورەترین پیسکەرەکانی هەسارەکەدا دەبێت.
مەرج نییە هەندێک لە دەردانی گازی ژەهراوی سەربازی تەنها لە کاتی جەنگدا سنووردار بێت، بەڵکو لە کاتی شەڕدا بە شێوەیەکی سەرنجڕاکێش زیاد دەکات، لە گەورەترین سەرچاوەکاندا سووتەمەنی بۆ تانک و کەشتییە دەریاییەکان گەورەترین هەڕەشەن بۆ سەر ژینگە.
 سەرچاوەکانی تر بریتین لە بەرهەمهێنانی چەک و تەقەمەنی، یان جێگیرکردنی سەرباز، بێگومان ئەو وێرانکارییەی کە بەهۆی بۆردومانەکانەوە دروست دەبێت، وەک ئاگر و دوکەڵ، هەروەها زیادبوونی بەرچاو لە کەرەستەی ڕووخاندن و داروپەردوودا هەیە کە لە ئەنجامی داڕمانی بیناکان لە کاتی ململانێکاندا دروست دەبێت، بینا وێرانبووەکان پێکهێنەری بڕێکی زۆر پاشماوەی بیناسازی دەکەن کە ڕیسایکلکردنی ئەستەمە.

جەنگ و لەناوچوونی ئاژەڵ و باڵندەکان
شەڕەکان گیانلەبەرە کێوییەکان و جۆراوجۆری زیندوو لەناو دەبەن، زیانەکان بەهۆی ململانێکانەوە دەتوانن تا لەسەدا ٩٠ی ئاژەڵە گەورەکان لە ناوچەیەکدا بکوژن، لە زۆر شوێن جۆرە ڕەسەنەکانی مەترسی لەناوچوونیان لەسەرە، جگە لەوەش شەڕەکان ئاو و خاک و هەوا پیس دەکەن و ژیان بۆ مرۆڤەکان ناپارێزراو دەکات.
سوپای جیهان 5.5%ی دەردانی گازی گەرمخانەیی جیهانی بەرپرسیارە، بەڵام زۆرێک لە حکومەتەکان داتای دەردانی گازی ژەهراوی لە چالاکییە سەربازییەکان ڕاپۆرت ناکەن، بۆیە ڕەنگە ئەو ڕێژەیە زۆر زیاتر بێت، لەڕاستیدا ململانێ سەربازییەکان ساڵانە زیاتر دەردانی گازی گەرمخانەیی بەرهەم دەهێنن لە چاو پیشەسازییەکانی فڕۆکەوانی و کەشتیوانی بەیەکەوە، بەڵام بەڵگەنامەکردنی دەردانی گازی ژەهراوی سەربازی لە مێژە چاوپۆشی لێ کراوە. تەنها لەگەڵ دەستپێکردنی لەشکرکێشی ڕووسیا بۆ ئۆکرانیا یەکەم هەوڵی گشتگیر بۆ بەڵگەنامەکردن و هەڵسەنگاندنی دەردانی گازی گەرمخانەیی لە کاتی شەڕەکانی سەردەمی جەنگدا ڕوویدا.
بەپێی دوایین خەمڵاندنەکان، دەردانی گازی گەرمخانەیی لە ماوەی ساڵی یەکەمی دوای لەشکرکێشی ڕووسیا بۆ سەر ئۆکرانیا، یەکسان بووە بە 120 ملیۆن تۆن دووەم ئۆکسیدی کاربۆن، ئەمەش زیاترە لەوەی کە تەواوی کۆماری چیک لە هەمان قۆناغدا بەرهەمی هێناوە و چوار ئەوەندەی وڵاتی سلۆڤاکیایە.

لە غەززە کوشتن
نەک تەنها شەڕی ئۆکرانیا، بەڵکو شەڕی بەردەوامی غەززە کاریگەریی وێرانکەری لەسەر ژینگە هەیە، مانگەکانی یەکەمی ململانێکان گازی گەرمخانەیی زیاتری بەرهەمهێنا لە چاو دەردانی کۆی گشتی 20 وڵاتی پیسکەری کەشوهەوا لە یەک ساڵدا.
 بەپێی لێکۆڵینەوەکان، زۆرینەی ڕەها (زیاتر لە 99%)ی ئەم دەردانی گازە گەرمخانەییانە دەتوانرێت بگەڕێنرێتەوە بۆ هێرشە ئاسمانییەکانی ئیسرائیل و لەشکرکێشی زەمینی بۆ سەر غەززە، لە ناوچەیەکدا کە بارودۆخی ژیان لە ئێستاوە کارەساتبارە بۆ دانیشتوانی ناوچەکە، هێرشکردنە سەر ئیکۆسیستەمەکان دۆخەکە چەندین هێندە خراپتر دەکات.
هێشتا تەواوی زیانە ژینگەییەکانی غەززە تۆمار نەکراون، بەڵام شیکاری وێنەی مانگی دەستکرد دەریدەخات کە نیوەی دار و زەوییە کشتوکاڵییەکان لەناوچوون.
 شەڕی بەردەوام کاریگەرییەکی بەرچاوی دەبێت لەسەر ئیکۆسیستەمەکانی غەززە و جۆراوجۆری زیندوو. بانگەوازەکان لە زیادبووندان بۆ ئەوەی زیانەکانی غەززە وەک ئیکۆکوژی بناسێنرێت و لێکۆڵینەوەی لەسەر بکرێت وەک تاوانێکی جەنگی ئەگەری. بەشدارێکی سەرەکی لە گەرمبوونی جیهان.

ئاوەدانکردنەوە و سەردەمی دوای جەنگ
کاتێک ململانێ سەربازییەکان کۆتایی هات، پێویستیان بە ئاوەدانکردنەوەی ناوچەکان دەبێت. دروستکردن و نۆژەنکردنەوەی ژێرخانی گازی ژەهراوی بەرچاو لەگەڵ خۆیدا دەهێنێت، ئەمەش پیشەسازی چیمەنتۆ دەگرێتەوە کە بەرهەمهێنانی پێویستی بە دەردانی دووەم ئۆکسیدی کاربۆنی بەرچاو هەیە، هەروەها دەردانی بێکۆنتڕۆڵی تەقەمەنی بەکارنەهێنراو، ئەمەش دەبێتە هۆی پیسبوونی زیاتر. تەنها لە ئۆکرانیا ئاوەدانکردنەوەی ژێرخانی جەنگی تێکچوو بە واتای دەردانی نێوان 200 بۆ 400 ملیۆن تۆن دووەم ئۆکسیدی کاربۆن دێت.
نەک تەنها بیناکان ئاوەدان دەکرێنەوە، بەڵکو ژینگەکە بەتایبەتی ساڵانێکی زۆری دەوێت تا نۆژەن بکرێتەوە، ئەمەش بەپێی جۆری دیاریکراو و ماوەی شەڕەکە دەبێت، کاتێک چالاکیی شەڕکردن وەستا، مەترسی بە بیابانبوونی بەرفراوان و لەدەستدانی زەوی بەهۆی کەمیی ئاوەوە هەیە.
کاریگەری شەڕ لەسەر ژینگە زۆر گەورەیە. دەردانی گازی ژەهراوی لە شەڕدا کاریگەری نەرێنی بەرچاوی لەسەر گۆڕانی کەشوهەوا هەیە و هەڕەشە لە ئاسایشی کەشوهەوامان دەکات. بۆیە گرنگە وەک دەرئەنجامەکانی تری ململانێ سەربازییەکان، وەک قەیرانی مرۆیی یان زیانەکانی ئابووری، بە جددی وەریانبگرین.

 چارەسەر چییە؟
ڕێککەوتنە نێودەوڵەتییەکان: سەرەڕای ڕێککەوتننامەکانی ساڵی ١٩٧٧ بۆ پاراستنی ژینگە لە شەڕی چەکداریدا، بەڵام هێشتا بە کردەوە پابەندکەر نین بۆ هەموو لایەنێک.
سزای ژینگەیی: داوای سزا دەکرێت بەسەر ئەو لایەنانەی کە لەکاتی شەڕەکاندا زیانێکی بەرچاو بە ژینگە

 

بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار
مافی به‌رهه‌مه‌كان پارێزراوه‌ بۆ دره‌و
Developed by Smarthand