ئێران و ئەمریكا كارتەكانیان بۆ پێكهێنانی حكومەتی نوێی عێراق دەجوڵێنن
2018-08-12 19:11:51
■ راپۆرتی شیكاری: ئارام مەحمود
پێدەچێت توندبوونەوەی ململانێكانی نێوان ئەمریكا و ئێران، لە قازانجی حەیدەر عەبادی بشكێتەو بۆ چوار ساڵی تر لەسەر كورسی دەسەڵاتی جێبەجێكردن دانیشێتەوە، بەتایبەتی دوای یەكلابوونەوەی هەڵوێستی خۆی و ڕكابەرەكانی لەسەر ئەوسزا نوێیانەی واشنتن بەسەر تاراندا سەپاندوێتی، نوری مالیكی سەرۆكی ئیئتیلافی دەوڵەتی یاسا و هادی عامری سەرۆكی هاوپەیمانی فەتح كە دوو ڕكابەری دیاری (عەبادی)ین، بۆ وەرگرتنی پۆستی سەرۆك وەزیران، بەتوندی دژی سزاكانی سەر ئێران وەستانەوە و هەر كامێك لەم دوانە دەسەڵاتی جیبەجێكردن وەربگرێت نەك هەر پابەند نابێت بە جێبەجێبەجێكردنی، بگرە عامری لەوەش دوورتر دەڕواو بە پێویستی دەزانێت بەغداد هاوشانی تاران ڕووبەڕووی سزاكان بێتەوە.
ئەمە لە كاتێكدایە عەبادی هەڵوێستێكی تەواو پێچەوانەی ئەو دوانەی هەیە و ڕاشكاوانە دەڵێت لەپێناوی پاراستنی بەرژوەندییەكانی خەڵكی عێراق پابەند دەبێت بە جێبەجێكردنی ئەو سزایانە.
عەبادی لە پێكهێنانی گەورەترین كوتلە نزیكبوەتەوە
وێڕایی ئەم پشتیوانیە نوێیە ئەمركییە بۆ عەبادی، هەندێك زانیاری باس لەوەدەكەن، ناوبراو لەگەڵ ژمارەیەك كوتلەی سیاسی گەیشتوەتە لێكتێگەیشتنی نوێ بۆ پێكهێنانی گەورەترین كوتلە، هاوكات نزیكبونەوەشی لە هاوپەیمانی سائیرون و هەردوو هاوپەیمانی (نیشتمانی و بڕیار) و چەند كوتلەیەكی سوننیش، بەتایبەت دوای دووركەوتنەوەی لە ئێران.
دوای سەردانەكەی ئەمدواییەی (نێچیرڤان بارزانی)یش، بۆ بەغداد و كۆبوونەوەی لەگەڵ عەبادی، سارد و سڕی پەیوەندییەكانی نێوان پارتی و عەبادی چووە قۆناغێكی پێشتر، بەم مانایە عەبادی و سائیرون و كورد و سوننە لە ئایندەیەكی نزیكدا پێكهێنانی گەورەترین كوتلەی پەرلەمانیی ڕادەگەیەنن.
هاوپەیمانی نەسر كە عەبادی سەرۆكایەتی دەكات، ئاشكرایكردوە، لیژنەیەكی دانوستانی پێكهێناوە بۆ ئەنجامدانی گفتوگۆ لەگەڵ كوتلە سیاسییەكان بۆ پێكهێنانی گەورەترین كوتلە، بەپێی زانیارییە دزەپێكراوەكان لیژنەكە بەنیازە بەمزوانە سەردانی هەرێمی كوردستانیش بكات.
خالید عوبەیدی وەزیری پێشووی بەرگری عێراق كە بەهۆی تۆمەتباركردنی بەتێوەگلان لەگەندەڵی، پەرلەمانی عێراق لە كارەكەی دووریخستەوە و ئێستا یەكێكە لە سەركردەكانی هاوپەیمانی نەسر، لە بەیاننامەیەكدا ئاماژەی بەوەكردوە، گفتوگۆ سەرەتاییەكانیان لەگەڵ هەردوو وەفدی ڕەوتی حیكمە و ئیئتیلافی نیشتمانی ئەنجامی ئیجابی و تێگەیشتنی هاوبەشی لێكەوتوەتەوە و ڕێككەوتون لەسەر داڕشتنی هێڵە گشتییەكانی بەرنامەی حكومەتی داهاتوو و لەچوارچێوەی مودەی زەمنی دیاریكراودا، لەگەڵ جەختكردنەوە لەسەر ڕەتكردنەوەی بنەمای پشكێنە لە پێكهێنانی حكومەت، لەو چوارچێوەیەشدا لەگەڵ حیكمە و ئیئتیلافی نیشتمانی ڕێكەوتوون وەك ئامادەكارییەك بۆ واژۆكردنی پێش ڕاگەیاندنی پێكهێنانی گەورەترین كوتلەی بەشێوەیەكی ڕەسمی.
عوبەیدی ئەوەشی ئاشكراكردوە، هاوپەیمانی سائرون و ڕەوتی حیكمە و ئیئتیلافی نیشتمانی نزیكترن لەوانەوە و لێكتێگەیشتنیشیان هەیە لەگەڵ پارتی دیموكراتی كوردستان، بەردەوامیشن لە پەیوەندییەكانیان لەگەڵ هاوپەیمانی فەتح.
مالكی و عامری بەئاسانی وازناهێنن
ئەم ململانێ توندە لەسەر پۆستی سەرۆكی حكومەتی عێراق، هاوكاتە لەگەڵ تێپەڕبونی 4 ساڵ بەسەر دەستبەكاربونی حەیدەر عەبادی وەك سەرۆك وەزیرانی عێراق لە ڕۆژی 11 ئابی ساڵی 2014دا.
بەڵام پێناچێت ڕێگای دانانەوەی عەبادی بەگوڵ رازێنرابێتەوە و بەو شێوەیە ئاسانبێت كە سەركردەكانی لیستی نەسر باسی دەكەن، زۆرێك لە چاودێران وای بۆ دەچن، ئێران هەر وا بەئاسانی دەستبەرداری خاوەن بڕیاری یەكەمی عێراق نابێت بەتایبەتی لەم دۆخە ناهەموارەی تێیكەتوە، ئەمەش بەومانایەی هەوڵەكانی بۆ گەیشتنی یەكێك لە كاندیدەكانی (مالیكی یان عامری) بۆ وەرگرتنی پۆستی سەرۆكی حكومەت، عێراق كێشدەكات بەرە و قەیرانێكی نوێ كە ڕەنگە ئاستەنگی جدی بۆ پرسی دەستاودەستی ئاشتییانەی دەسەڵات دروستبكات و كێشە و ئاستەنگی جدیش لە ڕێگای عەبادی و هاوپەیمانێتییەكەی دروستبێت.
وەك دەوترێت، هێشتا مالیكی و عامری كارتی زۆریان لەدەستدا ماوە و بەوشێوەیە لاواز نەبوون عەبادی بتوانێت كێكی دەسەڵات لەبەرچاویان لەت بكات و ئەوانیش لەدوورەوە تەماشای بكەن، وێڕای تواناكانی خۆیان هێزی ئەوەشیان هەیە كوتلە شیعییەكانی نزیك لە ئێران دژبە عەبادی بجوڵێنن و جۆشدانەوەی خۆپیشاندانەكانیش بەشێوەیەكی گەرموگوڕترە یەكێكی ترە لە ئەگەرەكان.
بە هەموو پێوەرەكان بەمزوانە هەوڵەكانی دروستكردنی گەورەترین كوتلەی پەرلەمانیی بەرهەمی دەبێت، بەتایبەت دوای ڕاگەیاندنی ئەنجامی كۆتایی هەڵبژاردنەكان و فشارە بەردەوامەكانی مەرجەعیەت بۆ پەلەكردن لەپێكهێنانی حكومەت، بەڵام وەك دەوترێت نەتیجە حسابە، ئایا ململانێكانی ئێران و ئەمریكا تاچەند كاریگەری دەبێت لەسەرخستنی هەوڵەكانی پێكهێنانی كابینەی نوێ ؟ ئایا حكومەتی نوێی عێراق دڵخوازی مەكگۆرك دەبێت یان ژەنەراڵ سولەیمانی؟ ئایا كابینەی نوێ هاوشێوەی پرۆسەی هەڵبژاردن دووبەرەكی و كێشە سیاسیەكان قوڵتر دەكاتەوە یان كێشەكان دەكاتە بەشێك لە مێژوو و مژدەی قۆناغێكی نوێ ڕادەگەیەنێت؟.