Draw Media

نەخشەی سیاسیی شیعی بۆ هەڵبژاردنی 2025: خوێندنەوەیەكی پێشوەختە

نەخشەی سیاسیی شیعی بۆ هەڵبژاردنی 2025: خوێندنەوەیەكی پێشوەختە

2025-06-11 12:10:10


د. یاسین تەها-  پسپۆڕ لە مێژووی ئایینزا ئیسلامییەکان و شارەزا لە کاروباری عێراق

بڕیارە رۆژی 11/ 11/ 2025 هەڵبژاردنی گشتی لە عێراق بەڕێوەبچێت. لەم وێستگە نوێیەدا نەخشەی سیاسی لە نێوماڵی شیعیدا جێگەی سەرنجە، بەوپێیەی زۆرینەی كورسییەكان و پۆستی سەرۆك وەزیران لەنێو هێزە براوەكانی ئەم پێكهاتەیەدا دیاری دەكرێت و ئەوان بنكەی حوكمڕانین. ئەم شرۆڤەیە لەبارەی ئامادەكارییەكانی ماڵی شیعی بۆ هەڵبژاردن و ئەنجامە گریمانكراوە چاوەڕوانكراوەكان هەڵوێستە دەكات.

 

ئامارو پێشهاتەكانی هەڵبژاردنی 2025

هەموو هەڵبژاردنەكان لە عێراقدا گرنگی و بایەخی تایبەتیان هەیە، چونكە لەڕووی تیۆرییەوە لە دەستوورەكەیدا رژێمی حوكمڕانی، كۆماری-پەرلەمانی-دیموكراسییە [1]؛ ئەمەش بە واتای ئەوە دێت كە حكومەت و دەسەڵاتی جێبەجێكردن، دەبێت لە هەناوی ئەو پەرلەمانەوە دەرچن كە دەنگدەران هەڵیدەبژێرن. جگە لەمە، كەشی هەڵبژاردنەكان دەكەوێته‌ ژێر كاریگەریی بارگۆڕانە هەرێمایەتییەكان و هەمیشە فاكتەری دەرەكی جۆرێك لە ئامادەیی تێدا هەیە. بۆ هەڵبژاردنی 2025، بۆ نموونە كەوتنی ئەسەد لە سوریا، پاشەكشەی نفوزی ئێرانی و، ململانێ نێوخۆییەكانی “چوارچێوەی شیعی”، باڵیان بەسەر كەشی هەڵبژاردنەكەدا كێشاوە.

 “عەممار حەكیم” كە یەكێكە لە سەركردەكانی چوارچێوەی شیعی، لە وتاری رۆژی جەژنی قورباندا بەشێوەزاری جڵفی عێراقی هاواری كرد: “ئەم هەڵبژاردنەی كە لەپێشە، لە مێژووی عێراقدا چارەنوسسازەو لەدەستی خۆتانی مەدەن، چونكە قۆناغێكی دامەزرێنەرە.”[2] بەڵام دەشێت ئەمە زیاتر بۆ هاندانی بەشداریكردنی شیعەكان و دروستكردنی جۆش و خرۆش بێت و جۆرێك لە زیادەڕۆیی بێت، چونكە ڕاستە هەڵبژاردنەكە هۆكارێكە بۆ دابەشكردنەوەی قەبارەو نفوز، بەڵام هیچ ئاماژەیەكی ئەوتۆ لەبەردەستدا نییە كە گۆڕانكاریی ریشەیی بەدوادا بێت یان پەیكەرە گشتییەكەی حوكمڕانی بگوڕێت.

بەپێی ئامارە راگەیەنراوەكانی كۆمیسیۆنی هەڵبژاردن[3]، ژمارەی ئەوانەی لە عێراقدا مافی دەنگدانیان هەیە بۆ هەڵبژاردنی نۆڤەمبەری 2025، زیاترن لە 29 ملیۆن كەس[4]؛ ئەمە دوو قات زیاتری دەنگدەرانی یەكەم هەڵبژاردنی پاش كەوتنی “سەددام”ە (2005) كە ژمارەی ئەوانەی مافیان هەبوو، 1.4 ملیۆن بوو. هەروەها لەم هەڵبژاردنەدا ژمارەی حزبەكان هەڵكشاون و دەگەنە 343 حزبی تۆماركراوی خاوەن مۆڵەت، لەوانە 118 حزب خواستی خۆیان بۆ بەشداریكردن لە هەڵبژاردنەكە ئاشكراكردووە؛ تائێستاش 60 حزب سەرقاڵی ڕێوشوێنەكانی دامەزراندن و راگەیاندنن. هەرچەندە بەپێی دەستوریش (ماددەی 49) هەر 100 هەزار كەس لە عێراقدا، دەبێت كورسییەك لە پەرلەمان نوێنەرایەتییان بكات، بەڵام بەپێی دوا هەمواری یاسای هەڵبژاردن (سێیەم)، ژمارەی كورسییەكان هەر 329 دانەن؛ 9 لەوانە بۆ كۆتاو (320)ی دیكە بۆ ركابەرین[5]، لەكاتێكدا بەپێی دوا ئاماری دانیشتووانی عێراق، دەبوو ژمارەی كورسییەكان هەڵكشێن بۆ 450 كورسی. ئەگەرچی زیادنەكردنەكە پاساودارە بە زۆریی تێچوون و ئاڵۆزتربوونی كارەكانی پەرلەمان كە خۆی لە بنەڕەتەوە كێشەی پەككەوتن و بێسەروبەریی هەیە، بەڵام هەر جۆرێكە لە كارنەكردن بە دەستور، وەك هەندێك ماددەی دیكە.

 

بارودۆخ و كەشی هەڵبژاردن

لە هەڵبژاردنی 2025، چەند پێشهات و بارودۆخێكی كاریگەر هەن كە ئەمانەی خوارەوە گرنگترینیانن:

لە ناوەندی شیعیدا “سەدر”، كە وەك رێبەرێكی عێراقی خۆی وێنا دەكات و براوەی یەكەمی هەڵبژاردنی پێشووە (73 كورسی)، بەشدار نابێت و بایكۆتی پرۆسەكە دەكات. بۆ ئەوەش بایكۆتەكە ئەژمار بكرێت، جارێكیان وەزیرەكەی هانی جەماوەری سەدری داوە تۆماری دەنگدەرانی خۆیان نوێ بكەنەوە بۆ ئەوەی دواتر كە بایكۆتیان كرد بە “بەشدارنەبوو” ئەژمار بكرێن؛ ئەمە زیاتر دەیكاتە هەڵوێستێكی یاسایی و، كێشە بۆ شەرعییەتی جەماوەریی پرۆسەكە دروستدەكات[6]. هەروەها لە هەندێك ناوچەی تێكەڵی شیعەو سوننە، دەشێت ئەم بایكۆتە لە بەرژەوەندیی لیستە سوننەكان بێت؛ تەنانەت ركابەرە شیعەكانی سەدریش كە لە كشانەوەكەی سودمەندن، ئەم نیگەرانییە ناشارنەوە[7].

هەڵبژاردنەكە بەدوای كەوتنی رژێمی سوریاو بچڕانی پشتێنی ئێرانیدا دێت لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاست؛ ئەمە هەندێك گه‌شبینیی لە نێوەندی سوننیدا دروستكردووە كە ببێتە هۆی پاشەكشەی نفوزو كاریگەریی ئێرانی لە عێراق[8]. ئەم بۆچوونە لەوەوە سەرچاوە دەگرێت، نەخشەی سیاسیی شیعەكان لە پەرلەمانی ئەم خولەدا (پێنجەم) راستەقینە نەبووەو كورسییەكانی سەدریان بەسەر خۆیاندا دابەشكردووە، هەروەها ئەو لیستە لایەنگرانەی ئێران كە براوە بوون، دەستكەوتی ئەوتۆیان بۆ بنكە جەماوەرییەكانیان نەبووە؛ ئەمە جگە لەوەی كەشی زاڵی ناوچەكە لە بەرژەوەندیی تەوژمە ئێرانییەكە نییەو سیحری جارانیان نەماوە.

هەرچەندە ئەم بۆچوونانە زۆر كۆنكرێتی نین سەبارەت بە دەنگدەری عێراقی كە زیاتر چاویان لەسەر ناوخۆو تۆڕی سودمەندییە لە هێزە بەشدارەكانی دەسەڵات، بەڵام بڕێك پێدراویشیان تێدایە كە جێگەی هەڵوێستەكردنن، بەتایبەت چۆنێتیی پڕكردنەوەی بۆشایی سەدرو لاوازبوونی گوتاری بەرە ئێرانییەكەو كێشەی دارایی و لۆجستیی میحوەرەكە لە سایەی ئیدارەی ترەمپ و گورزەكانی ئیسرائیل.

هێزە شیعەكان ترسیان هەیە وڵاتانی دەرەوە (مەبەستیان سوننییەكانە)، لەڕێگه‌ی هەڵڕشتنی پارەوە بیانەوێت نەخشەی سیاسیی پەرلەمانی ئاییندەی عێراق بگۆڕن؛ لەنێویشیاندا توركیاو قەتەر بەزەقی. یەكێك لەوانەشی ئەمەی دركاندووە، “نوری مالیكی”یە كە جەختی كردەوە، زانیاریی ئەوەی هەیە دەوڵەتێك خوازیاری كڕینی 100 كورسییە لە پەرلەمانی ئاییندە؛ بۆ سەرخستنی هەر پەرلەمانتارێكیش ملیۆنێك دۆلار دەدات[9]. هەرچەندە دەشێت ئەم قسانەی مالیكی بۆ ترساندنی بنكە شیعییەكە بێت، بەڵام قسەوباسی كڕین و فرۆشتنی دەنگ لە هەموو لایەكەوە گەرمەو هەندێك لە سەركردەكانی دیكەی شیعەی نیگەران كردووە. لەم نێوه‌دا چەند پەرلەمانتارێكی شیعە باس لەوە دەكەن لە بەغدا نرخی كارتی دەنگدان گەیشتووەتە 500 هەزار دینار؛ لە موسڵ، لە 75 هەزار دینارەوە تاوەکو 300 هەزار دینار کڕین و فرۆشتنی پێوە دەکرێت. دەنگۆی وا لە پارێزگاکانی دیكەش هەر هەیە، بەڵام كۆمیسیۆن نكۆڵی لە بوونی دیاردەی وەها دەكات و، گفتی بەدواداچوون دەدات[10].

سەدر كە خۆی بایكۆتی پرۆسەكە دەكات نرخی هەڵبژاردنی لەسەر شیعەكان گرانتر كرد، چونكە فەتوای داوە بۆ لایەنگرانی، پارەو خەڵاتی بەرپرسان و كاندیدەكان وەرگرن، بەڵام بە مەرجی ئەوەی دواتر دەنگیان پێ نەده‌ن و كارتە بایۆمەترییەكانیان رادەست نەكەن. پاساوی سەدر ئەوەیە پارەی بەربژێرو لیستەكان هی خەڵكە نەك هی خۆیان و، منەتی نییە[11]. ئەمە ئەگەری ئەوە دەهێنێتە پێش كە بەشێك لە خەرج و مەسرەفی هێزە شیعەكان بەفیڕۆ بچێت.

هەندێك لایەنی شیعی هۆشداری دەدەن كە نوێكردنەوەی تۆماری دەنگدەران لە پارێزگا سوننەكان گەرموگوڕەو لە باشورو ناوچە شیعەنشینەكان سست و خاوە. لەمەشدا داتاكانی كۆمیسیۆن دەكەنە بەڵگە، چونكە لە كۆی ملیۆنێك و 600 هەزار دەنگدەر كە تۆماری خۆیان نوێ كردووەتەوە (بایۆمەتری)، زۆرترینیان لە ئەنبارو رۆژاوای عێراق بوون؛ لەبەرامبەردا لە ناوچە شیعەنشینەكان پاشەكشەی زۆر هەبووە[12]. بە شێوەیەكی گشتییش رێژەی بایكۆتی پرۆسەكە زۆر بەرزە. هەندێك ئاماری نافەرمیی رێكخراوەكانی چاودێریی باس لەوە دەكەن، سەرباری بەكارهێنانی جۆرەها رێگه‌ بۆ هاندانیان، لەوانە تیمی گەڕۆكی مەیدانی و زیادكردنی لەدایكبووانی 2007، كەچی تا كۆتایییەكانی مانگی مایۆ/ئایاری 2025، هەشت ملیۆن دەنگدەر لە كۆی 29 ملیۆن دەنگدەر، تۆماری خۆیان نوێ نەكردووەتەوە [13].

سستیی نوێكردنەوەی تۆماری دەنگدەران لە باشور، دەشێت بە بێزاربوونی دەنگدەری شیعی لە دۆخی پارێزگاكانیان بخوێنرێتەوە؛ ئەمە جگە لە گوشاری زۆر لەسەر گوتاری شیعەی سیاسیی پەیوەست بە ئێران. لەبەرامبەردا گەرموگوڕیی ناوچە سوننەكان، دوور نییە لەو گه‌شبینی و هیوایانەی لە سایەی دۆخی هەرێمایەتیی نوێدا بۆ باشتربوونی پێگەیان، سەریهەڵداوە. هەر لەم ناوه‌شدا هەندێك لە سیاسەتوانە سوننەكان باسیان لەوە كردووە، دەرفەت هەیە پۆستی سەرۆك وەزیران وەربگرنەوە، بەتایبەت كە ناوچەكانیان ئارامەو روبەرەكەشی زۆرە[14]. ئەمە هەڵمەتێكی بەرپەرچدانەوەی گەورەی شیعیی بەدوای خۆیدا هێنا بۆ بەرگریكردن لەوەی، ئەو پۆستە تەنیا هی زۆرینەی شیعییە؛ نەك تەنیا لەبەر ئەوەی كە زۆرینەن “بەڵكو لەبەر ئەوەی كە خوێنیان داوە بۆ یەكپارچەیی و رزگاركردنی عێراق لە موسڵ و ئەنبارو ناوچەكانی دیكە.”[15]

هەندێك دەنگی بیستراوی ناو شیعەكان پێیوایە سوننەكان- زیاتر لە ناوچەكانی ناوەڕاستی عێراق- بەهیوای وەرگرتنەوەی حوكمڕانی، بەچڕی بایۆمەتریی خۆیان نوێ دەكەنەوە[16]. هەرچەندە ئەمە دەكرێت هۆكارێك بێت بۆ هاندانی شیعە بۆ ئه‌وه‌ی بچن بۆ نوێكردنەوەی تۆمارەكانیان، بەڵام لە ناوەڕۆكیشدا شڵۆقیی هاوكێشەی حوكم و ترس لە لێكەوتەكانی بایكۆتی سەدرو ئەگەری قڵپبوونەوەی هاوكێشەكە دەردەخات.

 

فرەیی و یەكڕیزیی لیستە شیعەكان

لە هەڵبژاردنی داهاتوودا “چوارچێوەی شیعی” بەشێوەیەكی كاتیی پەرتەوازە دەبن، جگە لە پارێزگا سوننەكان. شەڕی ناوخۆی شیعەكان لە هەڵبژاردنەكەدا دووبارە دابەشكردنەوەی پێگەو گرێی سەرۆكایەتیی وەزیرانە. بەو پێیەشی نەخشەی هێز لەناو شیعەكاندا بەهەمیشەیی جێگیر نییە، ئەگەری گۆڕانكاری و هەڵبەزو دابەزی نێوخۆیی لەو پشكانەدا هەیە كە بەر نوێنەرایەتیی شیعی دەكەون.

تائیستا ئاماژە سه‌ره‌تایییه‌كان بەرەو ئەوەن “چوارچێوەی شیعی”ی حوكمڕان، بەسەر كۆمەڵێك لیستی جیاجیادا دابەش ببن كە لە نێوان 10_16 لیستدان[17]. ئەوەی ململانێی نێوانیان گەرمتر دەكات، بەشداریكردنی فیگەرو كەسایەتییە شیعە باڵادەستەكانە وەك سەرۆكی لیست، بەتایبەت كە ئێستا بازنەكان لەسەر ئاستی پارێزگاكانن و وەك هەڵبژاردنی پێشوو 83 بازنە نین. لە پارێزگایەكی وەك بەغداش كە پایتەختی عێراقە (10 مليۆن دانیشتووان)، ژمارەی كورسییەكان 69 كورسین لەگەڵ 2 كورسیی كۆتا، كە ژمارەو رووبەرێكی زۆر بۆ كێبڕكێ و هەوڵی كۆكردنەوەی دەنگ دەڕەخسێنێت.

ئەم بەشبوونەی هێزە شیعەكان لە پارێزگا شیعەكان و یەكگرتنیشیان لە پارێزگا سوننەو كوردنشینەكان، زیاتر تەكتیكی هەڵبژاردنە، چونكە بڕیاری هێزە شیعەكان ئەوەیە پاش هەڵبژاردن جارێكی دیكە یەك بگرنەوە پاش دەركەوتنی سەنگ و قورسایی جەماوەرییان؛ چونكە بەبێ ئەو یەكگرتنە، دووچاری مەترسیی لەدەستدانی پێگەیان دەبنەوەو راگرەكانیشیان، بەتایبەت ئێران و شەقامی دەنگدەریان و بارودۆخی چواردەوریان هەر ئەو یەكگرتنە دەخوازن.

 

گرنگترین لیست و هاوپەیمانییە شیعە ڕكابەرەكان

بەپێی ئەو زانیارییانەی تائێستا بەردەستن، گرنگترین لیست و هاوپەیمانییە شیعەكانی بەشدار لە هەڵبژاردنی 2025، بەم شێوەیەی خوارەوە دەبن:

 – هاوپەیمانییەكەی سودانی “الاعمار و التنمیة”: ئەم لیستە هی سەرۆك وەزیرانی ئێستا، “محەمەد شیاع سوودانی”یە. لە ناوەكەشییەوە دیارە كە خوازیاری خولی دووەمە بە كەڵكوەرگرتن لەو خزمەتگوزارییانەی لە بەغداو شارەكانی دیكە كردوویەتی. دابەزینی سودانی وەك ژمارە یەكی ئەم لیستە لە پایتەخت، بووەتە هۆی بێزاركردنی ركابەرە شیعەكان.

بەشدارانی ئەم هاوپەیمانییە بەفەرمی بریتین لە: رەوتەكەی سودانی (الفراتین)، هاوپەیمانییەكەی فالح فەیازی سەرۆكی دەستەی حەشد (العقد الوطني)، ئیئتیلافەكەی ئەیاد عەلاوی، سەرۆك وەزیرانی پێشووتر (الوطنیة)و ژمارەیەك وردە هێزیكی دیكەی عەشایەری و مەدەنی. ئامانجی هاوپەیمانییەكە بە بەهێزكردنی ژێرخانی ئابوری و دابینكردنی ئۆقرەیی و باشتركردنی پەیوەندییەكانی عێراق لەگەڵ دەرەوە دیاریكراوە[18]، بەڵام هەوڵی سەرەكی بۆ مسۆگەركردنی خولێكی دیكەیە بۆ سودانی.

چەند وتەبێژێكی لیستەكە باسیان لەوە كردووه‌، دەوروبەری 100 كورسی دەبەنەوە. بەڵام هەندێك ئەمە بەدوور دەبینن، بەتایبەت ئه‌و پێكهاتانه‌ی كه‌ لە ئێستادا زۆر جەماوەری نین؛ بە لەبەرچاوگرتنی ئەوەی ئەمە لیستی حكومەتە، هەندێك دەوروبەری 60_70 كورسییان بۆ دادەنێن [19]. هەشن پێیانوایە زۆر كەمتر دەبەن چونكە پێكهاتەكانی بچوكن و بەهێز نین. لەمەدا ئەزموونی “عەبادی” هەیە كە سەرباری ئەوەی سەرۆك وەزیرانی سەردەمی جه‌نگی داعش بوو، كەچی لە هەڵبژاردنی 2018دا ئەنجامەكانی هیوابڕ بوون. سەرباری ئەمە ئەگەری پێچەوانەی ئەمەش هەیە چونكە سەردەمی سودانی هەندێك پرۆژەی بەرچاوی دیار لە بەغداو دەوروبەری كراون و، لیستی حكومەتیش دەشێت چانسی لەوانی دیكە باشتر بێت.

 

هاوپەیمانییەكەی مالیكی (دولة القانون):

لیستی نوری مالیكی، سەرۆك وزەیرانی پێشووتر، ركابەری ئێستای هەڵكشانی ئەستێرەی سودانییە. پێكهێنەرە سەرەكییەكانیشی نزیكەی 10 قەوارەی شیعین، دیارترینیان: “حزبی دەعوەی ئیسلامی”یە لەگەڵ كۆمەڵێكی هێزی دیكەی وەك “النهج الوطني” كە حزبی فەزیلەیە، “منتصرون”ی ئەبو ئالائی وەلائی، سەرۆكی “كەتیبەكانی سەییدولشوهەدا”ی پەیوەست بە ئێران، “بشائر”ی یاسر مالیكی، ئامۆزاو زاوای سەرۆكی هاوپەیمانییەكەیە، لەگەڵ ئیسلامییە توركمانەكان بە سەرۆكایەتیی “جاسم جەعفەر.[20]

ئامانجی ئەم هاوپەیمانییە، ڕێگەخۆشكردنە بۆ گەڕانەوەی مالیكی بۆ پۆستی سەرۆكایەتیی وەزیران؛ هەروەها بەهۆی ئەوەی سودانی لەبن باڵی دەعوە هاتووەتە دەرەوە، سەربەخۆبوون و دەركەوتنی وەك رێبەرێكی شیعی لە بەرژەوەندیی مالیكی نییەو مەترسییە. مالیكی بە تەكتیكی بەهێزی هەڵبژاردن و هەبوونی جەماوەرێكی جێگیر دەناسرێتەوە، كە تۆڕی سودمەندانی، دوو خولی سەرۆكایەتیی وەزیرانی ناوبراون؛ هەروەها وەهاش ناسراوە هاوپەیمانی بەهێز بۆ لیستەكەی هەڵدەبژێرێت، بەهۆی ئەزموونی هەشت ساڵەی لە سەرۆكایەتیی وەزیران.

 

- لیستی بزوتنەوەی عەسایب (صادقون):

لیستی تایبەتی بزوتنەوەی عەساییبە بە سەرۆكایەتیی ئەمینداركەی، كە “قەیس خەزعەلی”یە. ئەم بزوتنەوەیە لە بنەڕەتدا لە هەناوی سەدرەوە هاتوەتە دەرەوەو بەشێكە لە میحوەرە ئێرانییەكە، بەڵام لەم هەڵبژاردنەدا هەوڵدەدات زیاتر عێراقیبوونی خۆی بسەلمێنێت. ئەم هێزە لەم ساڵانەی دواییدا بە كەڵكوەرگرتن لە بەشداریكردنی حكومەت، چەك، بەشدارییەكانی لە جه‌نگی داعش، میدیاو هەندێك فیگەری ناسراوەوە بڕێك هەڵكشانی بەخۆیەوە دیوە. جگە لە پارێزگای بابل، پۆستی “وەزارەتی خوێندنی باڵا”شیان لەدەستەو لە حكومەتی سودانیدا پێگەو كاریگەرییشیان زۆرە. قسەكەرەكانی ئەم لیستە باس لەوە دەكەن جیابوونەوەیان لە لیستە شیعەكان و دابەزینیان بەتەنیا، بۆ فرەییە نەك پەرتەوازەیی؛ ئەگەرنا ئامانجیان هاوبەشە[21].

جگە لە حزبەكەش (بزوتنەوەی عەسایب)، وەك تەكتیكی هەڵبژاردن، چەند پێكهاتەیەكی عەشایەری لە پارێزگای سەڵاحەدین (تكریت) لەم لیستەدا بەشدارن؛ لەمەشدا سود لە ئەزموونی ئەم خولە وەرگیراوە كە عەسایب لەو پارێزگایە ژنێك (ناسك الزنكي)و پیاوێكی سوننە (محمد البلداوي)ی بۆ پەرلەمان سەرخست[22].

 

لیستی بەدری هادی عامری:

لیستی “رێكخراوی بەدر”ە كە پشت بە تۆڕی سودمەندانی ئەم رێكخراوە چەكدارییەو باكگراوەندی رێبەرەكەی، “هادی عامری” دەبەستێت وەك سەركردەیەكی دیاری حەشدی شەعبی و خەباتگێڕێكی دێرینی خاوەن پێگە. عامری سەرەتا بڕیار بوو لەگەڵ سودانی بەشدار بێت، بەڵام كشایەوە.[23] وەهاش باسكرا كە هۆكارەكەی، ناكۆكیی عامری و سودانی بێت لەسەر پشتیوانیكردنی خولێكی دیكەی سەرۆكایەتیی وەزیران بۆ سودانی.

بەدر باڵێكی سەربازیی بەرچاوە لەنێو حەشدی شەعبی، وابەسته‌یییەكی زۆری بە ئێرانەوە هەیەو، لەنێو وەزارەتی ناوخۆو جومگە ئەمنییەكانی دەوڵەتدا ئامادەیی زۆرە. بۆ هەڵبژاردنیش چاوی لەو بنكە وەزیفی و ئەمنییەیە، بەڵام كێشەی ئەم هێزە، هەڵكشانی باڵە سەربازییەكانی دیكەی شیعەی ركابەرییەتی، لە چەشنی عەسایب و هێزەكانی تری نەوەی دووەم و سێیەم، كە پاش جه‌نگی داعش دروستبوون.

 

هاوپەیمانیی حەكیم و عەبادی (قوی الدولة الوطنیة):

ئەم هاوپەیمانییە لەسەر جەمسەرەكانی حەكیم _ عەبادی بنەڕەتەو خۆیان بە رەوتی میانڕەوی لەنێو شیعە دەناسێنن. لە هەڵبژاردنی 2018 ئەنجامەكانیان زۆر لاواز بوو، بەڵام لە ئەنجومەنی پارێزگاكان (2023) بڕێك باڵانسیان راستكردەوەو هیوایان بۆ دروستبووەوە كە كورسییەكانیان زیاتر بكەن. بڕیارە جگە لەم دووانە هەندێك هێزو كەسایەتیی دیكە بەشداری لەم هاوپەیمانییەدا بكەن، بەتایبەت ئەوانەی لە تشرینی و مەدەنییەكانەوە نزیكن.[24]

ئەم هاوپەیمانییە پشت بە سەرمایەی رەمزیی ماڵی حەكیم و ئەزموونی حوكمڕانیی عەبادی و گوتاری میانڕەوانە- بەراورد بە راستڕەوەكانی “چوارچێوەی شیعی”- دەبەستێت. لەگەڵ ئەوەشدا چەند كاندیدو كەسایەتییەكی دیاری كۆكردووەتەوە.

 

هاوپەیمانیی مەندەلاوی (الأساس):

ئەم هاوپەیمانییە بنكەی سیاسیی جێگری سەرۆكی پەرلەمان، “موحسن مەندەلاوی”یەو كۆمەڵێك هێزی نوێی شیعە لەخۆ دەگرێت كە هاوتاو هاوئاستی هێزە مەدەنییە ناڕازیی و ئۆپۆزیسیۆنەكانن. بەپێی راگەیەنراوە فەرمییەكان، ژمارەی قەوارەو گردبوونەوە بەشدارەكانی ئەم هاوپەیمانییە 22 هێزە كە رەنگدانەوەی چەند ناوچەیەكی جیاجیای عێراقن و دروشمیان “راستكردنەوەی رێڕەوی پرۆسەی سیاسی”یە[25]. لە پێكهاتەكانی ئەم هاوپەیمانییەدا قەوارەیەكی سەر بە كەتیبەكانی “ئیمام عەلی” هەن بە ناوی “حركة العراق الوطنية” كە گروپێكی چەكداری سەر بە حەشدی شەعبییە[26]..

 

هاوپەیمانیی ئەلعیدانی و فایز (تصمیم):

هاوپەیمانییەكە بنكەی سیاسیی پارێزگاری بەسرە، “ئەسعەد عیدانی”یە كە كەسایەتییەكی دیارو كاریگەری باشوری عێراقە. لەم هاوپەیمانییەدا ژمارەیەك كەسایەتیی كۆمەڵایەتی و ئابوری هەن و پەرلەمانتار “عامر ئەلفایز” سەرۆكایەتیی لیستەكە دەكات. لەڕێگه‌ی ئەم هاوپەیمانییەەوە ئەلعیدانی دەیەوێت لەنێو فەزا شیعییەكەدا پارێزگاری لە سەربەخۆیی خۆی بكات و كەڵكیش لە پێگە ئیدارییەكەی وەربگرێت لە پۆستی پارێزگاری بەسرە. دەوترێت بەشداریكردنیشی بە سەربەخۆ، هەوڵی جێگرتنەوەی سودانی و خۆپاڵاوتنە بۆ پۆستی سەرۆكایەتیی وەزیران بە پشتیوانیی سەدرییەكان، بەوپێیەی پەیوەندیی لەگەڵیاندا باشە[27].

دروشمە سەرەكییەكانی هاوپەیمانییەكە “بچڕینی مافی بەسرە”یە لە حكومەتی فیدراڵی[28]. لەماوەكانی ڕابردوودا ناوبراو چووە هەندێك ڕكابەرییه‌وه‌ لەگەڵ حكومەتی ناوەندو سودانی.

 

هاوپەیمانیی ئەنجومەنی باڵای ئیسلامی (ابشر یا عراق):

ئەم هاوپەیمانییە بە سەرۆكایەتیی “هومام حەمودی”، سەرۆكی ئەنجومەنی باڵای ئیسلامییە. ئامانجە فەرمییە راگەیەنراوەكەی “راستكردنەوەیە بۆ باشكردنی داهاتوو”. باس لەوەش دەكات دژی “پشكپشكێنە”یە[29].

راگری سەرەكیی ئەم هاوپەیمانییە، ئەنجومەنی باڵای ئیسلامییە كە پاش جیابوونەوەی بەدرو رەوتی حیكمە لە نەخشەی سیاسیی شیعیدا پاشەكشەی زۆری كردووەو ئەنجامە وەدەستهاتووەكانی، كەمبووەتەوە بۆ بەشداریكردنی رەمزی لە پەرلەمان.

 

هاوپەیمانییە شیعییەكانی پارێزگا سوننەكان:

كۆمەڵێك لە لیستەكانی چوارچێوەی شیعی بۆ بەرەنگاربوونەوەی مەترسیی هەڵكشانی هێزە سوننییەكان، بە لیستی هاوبەش لە هەڵبژاردنی پارێزگاكانی دیالەو نەینەواو سەڵاحەددین بەشدار دەبن. ئەم هەنگاوە ئەگەرچی هیچ رێگرییەكی یاسایی و دەستوریی نییە، بەڵام وەك ریسك و شۆیەكی سیاسی تەماشا دەكرێت كە هێزە شیعەكان لە دەرەوەی بنكەی جەماوەریی خۆیان، خۆیان نمایش دەكەن و لیستیان هەیەو لەگەڵ سوننەكان ركابەری دەكەن؛ لەم رێگه‌یشەوە دەیانەوێت وەبەرهێنان لە جه‌نگی داعشدا بكەن و درز بخەنە نێو هۆزە سوننییەكان و هەوڵی كڕینی دەنگەكانیان بدەن. ئەو هاوپەیمانییانەش بریتین لە  “تحالف صلاح الدین”، “تحاف دیالی أولا”،  هاوپەیمانی “الحدباء” لە موسڵ. لە “كەركوك”یش باس لە دروستكردنی بەرەیەكی شیعی هەیە، بەڵام هێشتا قەبارەو شێوازەكەی ڕوون نییە.

 

كۆبەند

لە هەڵبژاردنی 2025دا شیعەكان بەگشتی و هێزەكانی “چوارچێوەی هاوئاهەنگیی” بەپەرتەوازەیی دادەبەزن، بەڵام بڕیاریان ئەوەیە لە دوای پرۆسەكە یەكبگرنەوەو دابەشبوونەكەیان زیاتر كاتیی و تەكتیكییە. ئاڵنگاریی گەورەی بەردەمیان، ترسە لە لێكەوتەی بایكۆتی سەدرو هەڵڕشتنی پارە لەلایەن وڵاتانی سوننە بۆ لیستە ركابەرەكانیان. هەروەها بارگۆڕانە هەرێمایەتییەكانی ناوچەكەو خواستی سوننەكان بۆ كەڵكوەرگرتن لە كەوتنی سوریا، گوشاری لەسەر دروستكردوون. لە كاتێكیشدا هەڵبژاردن هاتووەتە پێشەوە كە بەرە ئێرانییەكە لە لاوازیدایە. بۆ چارەسەركردنی بەشێك لەمانە هێزە شیعەكان بۆ بەشداریی چڕو چالاك، كار لەسەر ترساندنی بنكە جەماوەرییەكانیان دەكەن؛ هەروەها لە پارێزگا سوننەكانیشدا لیستی یەكگرتوویان پێكهێناوە بە هیوای درزخستنە نێو پێكهاتە سوننەكان و كڕینی دەنگ و كەڵكوەرگرتن لە بارگۆڕانەكانی پاش جه‌نگی داعش.

ململانێی ناوخۆی شیعە، لەسەر دابەشكردنەوەی پێگەو نفوزو پۆستی سەرۆكایەتیی وەزیرانە؛ گۆڕەپانی كێبڕكێی سەرەكییشیان بەغدای پایتەختە، بەتایبەت كە زۆر لە سەركردەكانیان بە ژمارە یەك لەم بازنەی هەڵبژاردن دادەبەزن كە نزیك لە 10 ملیۆن دانیشتووانی هەیەو دەوروبەری 70 كورسی لە پەرلەمانی داهاتوو. شەڕەكە لەسەر ژمارەی دەنگی سەرۆكی لیستی ژمارە (1) دەبێت، بەتایبەت لە نێوان مالیكی و ودانی كە هەردووكیان لە بنكەی حزبی دەعوەوە دەركەوتوون و مالیكی سەرۆك و، سودانی كادری پێشكەوتووی بووە.

سەرچاوەكان

[1]  https://2h.ae/GmSX

[2]  https://2h.ae/KILa

[3]  https://2h.ae/umBk

[4]  https://2h.ae/cvmJ

[5]  https://2h.ae/Gosa

[6]  https://2h.ae/cunm

[7]  https://2h.ae/jCUN

[8]  https://2h.ae/jkuz

[9]  https://2h.ae/MMbL

[10]  https://2h.ae/xbyP

[11]  https://2h.ae/ssVi

[12]  https://2h.ae/IbhM

[13]  https://2h.ae/Lxir

[14]  https://2h.ae/FIUx

[15]  https://2h.ae/YOPw

[16]  https://2h.ae/dFRJ

[17]  https://2h.ae/mEUE

[18]  https://2h.ae/ZjFw

[19]  https://2h.ae/VHMa

[20]  https://2h.ae/wMaV

[21]  https://2h.ae/PFUt

[22]  https://2u.pw/4FnJA

[23]  https://2h.ae/wKOs

[24]  https://2h.ae/wKOs

[25]  https://2h.ae/fsGY

[26]  https://2h.ae/RtBb

[27]  https://2h.ae/Skkl

[28]  https://2h.ae/Hjbq

[29]  https://2h.ae/fbcn

بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار
مافی به‌رهه‌مه‌كان پارێزراوه‌ بۆ دره‌و
Developed by Smarthand