
2025-06-10 18:37:48
مەسرور بارزانی دەڵێت حكومەتی فیدراڵی بە ناڕەوا و نادەستوری موچەی خەڵكی كوردستانی بڕیوە، ئێمە بە زیادەوە پابەندییە دەستورییەكانی سەرشانمان جێبەجێكردووە.
مەسرور بارزانی سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان لە ڕێوڕەسمی ڕاگەیاندنی دامەزراوەی ڤیزت کوردستان لە شاری هەولێر رایگەیاند:
- بەرپرسانی حکوومەتی فیدراڵی، بەشێوەیەکی ناڕەوا و نا یاسایی و نا دەستووری، بڕیاری ڕاگرتنی مووچەی خەڵکی کوردستانیان داوە، ئەمەش بەشێکە لە سیاسەتی گوشار خستنە سەر هەرێمی کوردستان بۆ ئەوەی لە کاروانی ئاوەدانی و پێشکەوتنی خۆی بووەستێت کە بە دڵنیاییەوە لەو هەوڵانەیان سەرکەوتوو نابن.
- بە پشتیوانی خوای گەورە و خۆڕاگریی خەڵکی کوردستان، لە ساڵانی ڕابردوودا چەندین دۆخی سەختمان تێپەڕاندووە، بۆیە خەڵکی کوردستان دڵنیا دەکەینەوە کە هەرگیز و لەژێر هیچ فشارێکدا دەستبەرداری مافە دەستوورییەکانمان نابین.
- ئێمە هەموو پابەندییەکانی دەستووری کە لەسەرمان بووە، زۆر بە زیادەوە جێبەجێمان کردووە، چاوەڕێشمان دەکرد لە بەرانبەردا مافەکانی خەڵکی کوردستان بدرێت، بەڵام بەداخەوە ڕێز لە مافە دەستوورییەکانی خەڵکی کوردستان و تەنانەت لەو ڕێککەوتنانەش ناگیرێت کە ئیمزایان کردووە.
- ،بەرپرسانی بەغدا دەبێت بزانن، عێراق وڵاتێکی فیدراڵییە، هەرێمی کوردستانیش بەپێی دەستوور، اەوارەیەکی یاسایی و دەستوورییە، دەبێت لەو چوارچێوەیەدا مامەڵە و هەڵسوکەوت لەگەڵ هەرێمی کوردستان بکرێت، نەوەک بە عەقڵییەتی مەرکەزی و سزادانی بەکۆمەڵی خەڵکی کوردستان کە لەسەدەی ڕابردوودا ڕژێمە یەک لە دوای یەکەکانی دەسەڵاتدا لە بەغدا، بە ئاگر و ئاسن، لەگەڵ بەکارهێنانی هەموو چەکێک ڕووبەڕووی ماف و داخوازییەکانی خەڵکی کوردستان بوونەوە، بەڵام ئەم سیاسەت و ڕەفتارانە جگەلە ماڵوێرانی و وێرانکاریی، هیچ سوودێکی بۆ عێراق نەبووە، بۆیە هیوادارم بەرپرسانی بەغداش واز لەو سیاسەتە چەوتەی برسیی کردنی خەڵکی کوردستان و پێشێلکردنی مافە ڕەواکانی خەڵکی کوردستان بێنن، چونکە هیچ سوودێک و ئەنجامێکی نابێت.
- لە هەوڵەکانمان بۆ چارەسەریی ئەو قەیرانە بەردەوام دەبین، هیوادارین لە کاتێکی زوودا، بگەینە ئەنجامێک کە لە بەرژەوەندیی هەموو لایەکدا بێت.
