Draw Media

كێبڕكێی چین و ئەمریکا لەسەر نەوتی عێراق

كێبڕكێی چین و ئەمریکا لەسەر نەوتی عێراق

2025-06-10 11:13:50


درەو:
نەبیل مەرسومی، پسپۆڕی ئابوری عێراق، لە نوسینێكدا بە ناونیشانی "كێبڕكێی چین و ئەمریکا لەسەر نەوتی عێراق" دەڵێت: ئەمەریکا و چین لە ئێستادا کێبڕکێ لەسەر هەژمونكردن بەسەر سەرچاوە بێشومارەكانی وزەی عێراق دەکەن ، كە چین پێشەنگایەتی دەکات لە رێگەی بەرهەمهێنانی نەوت و ژێرخانی ئابورییەوە، ئەمریکاو هاوپەیمانەکانی سەرمایەگوزارییەکانیان لە کوردستان و باشور زیاد دەکەن بۆ بەرپەرچدانەوەی پەیوەندییەکانی چین و روسیا.
لە ئێستادا چین خاوەنی تایبەتمەندییە لە ڕووی خاک و سەرچاوەکانەوە، كە بەپێی ئامارە پیشەسازییەکان زیاتر لە یەک لەسەر سێی یەدەگی سەلمێنراوی نەوت و غازی عێراق و دوو لەسەر سێی بەرهەمی ئێستای لەلایەن کۆمپانیا چینییەکانەوە بەڕێوەدەبرێت. 
کۆمپانیا چینییەکان پێكەوە پشکی راستەوخۆیان لە نزیکەی (٢٤) ملیار بەرمیل یەدەگدا هەیەو، بەرپرسیارن لە بەرهەمهێنانی نزیکەی (٣) ملیۆن بەرمیل لە رۆژێکدا، وێڕای ئەوەش تۆڕێکی ئاڵۆزی کاریگەرییان لە هەژمونیان پەرەپێداوە لە رێگەی چەندین پڕۆژەی ژێرخان، كە هاوتەریب کاردەکەن لەگەڵ گەشەپێدانەكانی نەوت و غاز.
هەر لەو چوارچێوەیەدا، کۆمپانیای جیۆ-جەید پترۆلیۆمی چین زنجیرەیەک گرێبەستی گەورەی واژۆکرد، کە کۆنترۆڵی یەکەمین پڕۆژەی وزەی تەواوكاری عێراق دەداتە پەکین، كە بریتیە لە پڕۆژەی گەشەپێدان بۆ زیادکردنی بەرهەمهێنانی کێڵگەی نەوتی توبا لە بەسرە لە (20)هەزار بەرمیل لە رۆژێکدا بۆ (100)هەزار بەرمیلی رۆژانەو، دروستکردنی پاڵاوگەیەک بە تایبەتمەندی بەرز بە توانای (200) هەزار بەرمیل لە رۆژێکدا، هەروەها دروستکردنی کارگەیەکی پترۆکیمیایی بە توانای بەرهەمهێنانی ساڵانەی  (620) هەزار تۆن، بەگوێرەی وەزارەتی نەوتی عێراق. 
هەروەك پڕۆژەکە، دروستکردنی كارگەیەكی پەین لە خۆدەگرێت، کە توانای بەرهەمهێنانی ساڵانە (520)هەزار تۆنە و، پەرەپێدانی وێستگەیەکی کارەبای گەرمی بە توانای (650) مێگاوات و، دروستکردنی وێستگەیەکی کارەبای خۆر بە توانای (400)مێگاوات، هەموو ئەمانەش لە دڵی پیشەسازی نەوت و غازی عێراقدا جێبەجێ دەکرێن، کە لە پارێزگای بەسرەیە. 
بەپێچەوانەی ئەوەوە، ئەمریکا و هاوپەیمانە سەرەکییەکانی دەیانەوێت حکومەتی هەرێمی کوردستان کۆتایی بە هەموو پەیوەندییە درێژخایەنەکانی لەگەڵ کۆمپانیا چینی و روسییەکان بهێنێت، بۆیە پشتگیریان لە دیارترین گرێبەست تا ئێستا لە باشوری عێراق کردووە.
گرێبەستی تۆتال بە بڕی (27) ملیار دۆلار، کە خۆی لە سود وەرگرتن لە غازی هاوەڵ دەبینێتەوە لە پێنج کێڵگەی سەرەكی نەوت، وێڕای پڕۆژەی هاوبەشی دابینکردنی ئاوی دەریایی و، پەرەپێدانی بەرهەمهێنانی نەوت لە کێڵگەی ئەرتاوی و دروستکردنی وێستگەیەکی وزەی خۆر. 
بەگوێرەی زانیارییەکان، کارەکانی دەرهێنانی غاز لە کێڵگەی کۆرمۆرەوە کە کۆمپانیای "وێسترن زاگرۆس"ی ئەمریکی گرێبەستەکەی بەدەستهێناوە، دوای چەند رۆژێک لە گەیشتن بە رێککەوتنەکە، دەستی بەكارە سەرەتاییەكانی كردووە.
مانگی ئایاری رابردوو، هەرێم دوو گرێبەستی بە بەهای (110) ملیار دۆلار لەگەڵ دوو کۆمپانیای ئەمریکی واژۆکرد: یەکەمیان لەگەڵ کۆمپانیای "میران ئینێرجی" کە لە دوو كۆمپانیا پێكدێن؛ کۆمپانیای هێکنی ئەمریكی و گروپی ئۆنیکس. 
گرێبەستی دووەم لەگەڵ "وێسترن زاگرۆس" بوو بۆ کێڵگەکانی کوردە میر و تۆپخانە بۆ قۆناغی یەکەم و کێڵگەی میران بۆ قۆناغی دووەم، گرنگی ئەو دوو گرێبەستە نەوتییە: سەبارەت بە کێڵگەی تۆپخانە، لەگەڵ وێسترن زاگرۆس، پێنج ترلیۆن پێی سێجا غاز و نۆ ملیۆن بەرمیل نەوتی تێدایە. 
کێڵگەی میران هەشت ترلیۆن پێ سێجا غازی تێدایە، پێشبینی دەکرێت لە ماوەی (١٨) بۆ (٢٠) مانگدا لە نێوان (٥٠) بۆ (٧٠) ملیۆن پێ سێجا غاز دەربهێنێت، دوای ئەوە کێڵگەکە غازی زیاتر بۆ تۆڕەکانی هەرێمی کوردستان و عێراق دابین دەکات. 
جگە لەوەش کێڵگەکانی کوردە میرو تۆپخانە بڕێکی بەرچاو نەوت و غازیان تێدایە، بەرپرسانی وەزارەتی وزەی ئەمەریکا لە ئێستادا لە هەولێر تاوتوێی پەرەپێدانی کێڵگەی غازی شیواشۆک لە ناحیەی تەقتەق-ی سەر بە پارێزگای سلێمانی دەکەن، کە یەدەگەکەی بە (8) ترلیۆن پێی سێجا خەمڵێندراوە، بەم زووانە کارکردن لەسەری دەست پێدەکات، بۆ ئەوەی لەگەڵ کێڵگەی کۆرمۆردا ببێتە دووانە بۆ ئەوەی غاز بۆ ئەوروپا رەوانە بكات.

بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار
مافی به‌رهه‌مه‌كان پارێزراوه‌ بۆ دره‌و
Developed by Smarthand