هەرێم دوو ژنە داعشی رادەستی ئەڵمانیا كردوەتەوە
2018-08-12 13:14:54
(درەو میدیا):
سەرۆكی پێشووی لیژنەی ئاسایش و بەرگری لە ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق، هەرێمی كوردستان تۆمەتبار دەكات بەڕادەستكردنەوەی دوو ژنەی داعشیی بە ئەڵمانیا.
حاكم زاملی سەرۆكی پێشووی لیژنەی ئاسایش و بەرگری پەرلەمانی عێراق، داوای لە حكومەتی عێراق كرد، لەڕێی گرتنەبەری سەرجەم كەناڵە نێودەوڵەتییەكانەوە داوا لە حكومەتی ئەڵمانیا بكات ئەو دوو ژنە داعیشییەی ڕادەستبكاتەوە كە لەڕێی هەرێمی كوردستانەوە بەنایاسایی ڕەوانەی وڵاتەكەیان كراونەتەوە.
داواش لە حكومەتی هەرێم دەكات، دەستەبەجێ تەواوی زیندانییەكانی "داعش" ڕادەستی بەغداد بكاتەوە.
زاملی لە بەشێكی تری قسەكانیدا بە "سۆمەرییە نیوز"ی وتووە" بەندینخانەكانی عێراق بەتەواوی لەژێر كۆنتڕۆڵی حكومەتی عێراقدان و ڕێگە بەهیچ لایەنێك نادرێت دەستوەردان لە كاروباریان بكات".
ئاشكرایكردووە" زیاتر لە پێنج هەزار بەندكراوی "داعش" لە زیندانەكانی ئاسایشی هەرێمی كوردستانن و زیاتر لەجارێكیش داوایانكردووە پرۆسە هاوبەشەكان ئاگاداری دۆخی زیندانەكانی هەرێم بن، بەڵام تائێستا ئەنجامی نەبووە.
بەگوێرەی قسەی زاملی، ئەو دوو ژنە داعشییەی بەقاچاغ ڕەوانەی ئەڵمانیا كراونەتەوە لەگەڵ منداڵەكانیان، یەكێكیان خاوەنی ڕەگەز ئەڵمانییە و ئەوی تریان خاوەنی رەگەزنامەی توركییەو هەڵگری ڕەگەزنامەی ئەڵمانییە، لەساڵی 2017 وە، دەستگیركراون.