سوید: بەرزبوونەوەی پلەی گەرما مانگاكان دەباتە سەر كەناری دەریا
2018-08-12 13:09:28
(درەو میدیا):
شەپۆلێكی گەرما رووی لە ئەوروپا كردووە و وشكەساڵی سەرتاسەری وڵاتی سویدی گرتوەتەوە، ئەوەش بوەتە مایەتی هەڕەشە لەسەر باڵندە و ئاژەڵە خۆماڵی و كێوییەكانی ئەو وڵاتە.
بەربوونەوەی پلەكانی گەرما دەسەڵاتدارانی سویدی ناچاركردووە، رێگە بە مانگا و رەشەوڵاخەكان بدەن بچنە ئەو كەنارانەی كە هاوڵاتیان بە رووتی و نیمچە رووتی مەلەی تێدادەكەن.
سایتی " زالوكال" هەواڵی لۆكاڵی سوید دەڵێت ئەو كەسانەی كە بۆ مەلەكردن روو لە كەنارەكان دەكەن، لە هەرێمی سمالاند سكاڵایان لەسەر رێگەدان بە بوونی ئاژەڵ لە كەناراوەكان بەرزكردوەتەوە جەختدەكەتەوە كە ئەوە ناتەندروستە و مەترسی بۆسەر تەندروستی دروستدەكات.
بەرزبوونەوەی پلەكانی گەرما لە سوید كێشەی بۆ جوتیارەكانی ئەو وڵاتەش دروستكردووە و ئێستا ناتوانن ئالیك بۆ ئاژەڵەكانیان دابین بكەن و بەشێك لە جوتیارەكان بڕیاریانداوە پێش وادەی خۆی ئاژەڵەكانیان سەرببڕن و هەندێكیشان بڕیاریانداوە بۆ فێنككردنەوەیان بیانبەنە سەر كەناری دەریاكان، ئەوەش بەوتەی كەناڵی سی ڤی تی گشتی.
پیتەر بنگتسۆنن بەرپرس لە شارەوانیەكی سوید دەڵێت:" كاتێك وشكەساڵی دەبێت و ناتەوێت بە ناچاری مانگاكانت سەرببڕیت بەهۆی ئەوەوە، بەڵكو پێویستە بتوانیت فێنكیان بكەیتەوە و ئالیك و ئاویان بۆ دابینبكەیت".
سكاڵاكان لەسەر بردنی ئاژەڵان بۆسەر كەناراوەكان، ئیدارەی خۆشگوزرەانی و رۆشنبیری شارەوانی فاكسۆی ناچاركرد ئەو پرسە بخاتە دەنگدانەوە و لەسەر ئەوەش بڕیاردرا كە مانگا و ئاژەڵەكانیش مافیان هەیە وەك مرۆڤ سەردانی ئەو شوێنانە بكەن.
لەو بارەیەوە بنگستۆن دەڵێت، نابێت مەلەوانەكان و گەشتیارەكانی كەناراوەكان رووبەڕووی مەترسی تووشبوون بە نەخۆشیەكانی وەك ئیكۆلا بكرێنەوە، پێویستە لەسەر جوتیارەكان مانگا و ئاژەڵەكانیان نەبەنە ئەو شوێنانەی كە خەڵك دەیانەوێت مەلەی تێدا بكەن.
لەناوچوونی بڕێكی زۆر ماسی
لەگەڵ بەردەوامی ئەو شەپۆلە گەرمایەی رووی لە ئەوروپا كردووە، هەزاران ماسی لە بەشی سویسرای رووباری راین لەناوچوون.
دەسەڵاتدارانی سویسرا دەڵێن تائێستا نزیكەی یەك تۆن ماسی لەناوچوویان لە رووبارەكە دەرهێناوە، رێوشوێنی بەپەلەشیان گرتوەتە دەست بۆ رزگاركردنی ماسییەكانی ناو ئاوەكە.
بەهۆی بەرزبوونەوەی پلەی گەرماوە، رێژەی ئۆكسجین لە رووبارەكەدا كەمبوەتەوە و ئەوەش قورسە ماسیەكان بتوانن بژین لە رووبارەكەدا.
بەناوبانگترین جۆری ماسی كە زیانی زۆری بەركەوتووە ماسی " ئەڵتیمالۆس"ە كە تەنها لە ئاوی ساردا دەژی و نەهامەتی ئەم جۆرە ماسیە كاتێك دەستپێدەكات, كە پلەی گەرما دەگاتە 23 پلەی سەدی و لە بەشی سویسرای رووبای راین پلەی گەرما بۆ زیاتر لە 25 پلەی سەدی بەرزبووتەوە و لەگەڵ ئەوەشدا ئاستی ئاوەكەی دابەزیوە و بووتە هۆی لەناچوونی هەزاران ماسی.
دەسەڵاتدارانی سویسرا لە سێ كانتۆنی ئەو وڵاتە حەوزی ئاوی ساردیان بونیادناوە بۆ ئەوەی ماسیەكان كەمێك پشوو وەربگرن تێیاندا و سەرەڕای ئەو هەوڵەشیان نزیكەی یەك تۆن ماسی لەناوچوویان كۆكردووەتەوە كە یەكسانە بە سێیەكی كۆی بەرهەمی راوی ساڵانە.
لە شاری هامبۆرگی باكوری ئەڵمانیاش بەهۆی بەرزبوونەوەی پلەی گەرما لە رووباری ئەلیستەر بۆ 27 پلەی سەدی ژمارەیەكی زۆر ماسی لە ناوچوون و لە بەریتانیاش بەوتەی دەستەی ژینگەی ئەو وڵاتە نزیكەی شەش هزار ماسی لە ئیسكس و نۆرفۆرك و سۆڤۆك بەهۆی ئەو شەپۆلە گەرمایەوە لەناوچوون.