"ئەنجامی ژماردنەوەی دەنگەكان توشی سەرسوڕمانی نەكردین"
2018-08-12 12:27:31
(درەو میدیا):
"ئەو ئەنجامانەی ئەنجومەنی كۆمیسیاران ڕایگەیاندوە، ئەنجامێكی ئاساییە بۆ خاڵێكردنەوەی هەمواری سێیەمی یاسای هەڵبژاردن و بڕیارەكانی ئەنجومەنی وەزیران لە ناوەڕۆكەكەی" ئەمە قسەی ئەیاد عەلاوی سەرۆكی ئیئتیلافی نیشتیمانی عێراقە.
عەلاوی لە بەیاننامەیەكدا، راگەیاندنی ئەنجامی كۆتایی ژماردنەوەی دەستی دەنگەكانی هەڵبژاردنی پەرلەمانی عێراق بە "نائومێدبونێكی نوێ لە پرۆسەی سیاسی" وەسفدەكات.
عەلاوی ئاماژە بەوەدەكات، راگەیاندنی ئەنجامی هەڵبژاردن لەلایەن دادوەرە دانراوەكان لە ئەنجومەنی كۆمیسیاران، توشی سەرسوڕمانی نەكردون، چونكە ئەوە ئەنجامێكی ئاساییە بۆ بەتاڵكردنەوەی هەمواری سێیەمی یاسای هەڵبژاردنەكان كە پەرلەمانی پەسەندی كرد، لەگەڵ ئەو بڕیاڕانەی ئەنجومەنی وەزیرانی عێراق تایبەت بەو پرسە دەریكرد.
سەرۆكی ئیتیتلافی نیشتمانی ڕاگەیاندنی ئەنجامی ژماردنەوەی دەستی دەنگەكانی هەڵبژاردنی پەرلەمانی عێراق كە 12 ئایاری ئەمساڵ بەڕێوەچوو، بە "چەسپاندنی ساختەكاری و ناشەفافی و قۆرخكردنی ئیرادەی خەڵكی عێراق" ناودەبات.
دەڵێت" راگەیاندنی ئەنجامەكان بەوشێوەیە، پرسیارگەلێكی وروژاندووە كە دیارترینیان بریتییە لە چارەنوسی ئەو ڕاپۆڕتەی كە لیژنە وزراییەكە بەڕاشكاوی تێیدا باسی ئەنجامدانی ساختەكارییەكی بەربڵاوی كردبوو لە هەڵبژاردنەكە و چۆنیەتی تەفسیركردنی دورخستنەوەی بەڕێوەبەری نوسینگەكانی كۆمیسیۆن و گرتنەبەری ڕێكاری یاسایی بەرامبەریان بەتۆمەتی ئەنجامدانی پێشێكاری و یاریكردن بە ئەنجامەكان و گەندەڵی دارایی و دواتریش وای بڵاوبكەنەوە كە ئەنجامەكان هاوشێوەن یان نزیكن لەیەكەوە".
عەلاوی باسلەوە دەكات، ئەوان یەكەم كەس بوون داوای ڕەتكردنەوەی ئەنجامەكانی هەڵبژاردنیان كردووە، بەهۆی زۆری ڕێژەی بایكۆت و ئەو پێشێلكارییە ئاشكرایانەی لە پرۆسەكەدا كران، بەجۆرێك بووە مایەی گاڵتەجاری لای زۆرینەی خەڵكی عێراق.
عەلاوی هۆشداری ددەدات لە پەنابردن بۆ بژاردەی زۆرینەی سیاسی و تەئكیدكردن لە بنەمای شەراكەت و سازان و تێپەڕاندنی بنەمای پشكێنە لە دیایكردنی سێ سەرۆكایەتییەكەی عێراق.